بابەتەکانزانست

دروستکردنی جۆرێک لە پلاستیک کە لە ماوەی کەمتر لە ٧ مانگدا شی دەبێتەوە

توێژەران بە سەرکەوتوویی دەریانخستووە کە ٩٧%ی گەردیلەکانی مایکرۆپلاستیک کە لە پلاستیکێکی بە بنەمای قەوزە دروستکراون لە کەمتر لە حەوت مانگدا بە زیندەیی تێکدەچن. ئەوان هیوادارن کە ئەم پلاستیکە لە کۆتاییدا بتوانێت جێگەی ئەو پلاستیکە بگرێتەوە کە بە بنەمای نەوت دروستکراون و نیگەرانییان لەبارەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دروستکردووە.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە پیسبوونی مایکرۆپلاستیک پاڵنەر بووە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەریان لەم ساڵانەی دواییدا. بەڵام زۆرێک لەم لێکۆڵینەوەیانە لەسەر ڕێگاکانی کۆکردنەوە و لابردنی مایکرۆپلاستیکەکان بووە.

توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا و سان دیێگۆ و کۆمپانیای ئەلجینێسیسی زانستی ماددە لە گۆشەیەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەیان لەم بابەتە کردووە. ئەوان پۆلیمرێکی زیندەیییان لەسەر بنەمای ڕووەک پەرەپێداوە کە لە کەمتر لە حەوت مانگدا دەشکێت، تەنانەت کاتێک دەکرێتە مایکرۆپلاستیک.

تێکچوونی زیندەیی ئەو پرۆسەیە کە میکرۆبەکان پۆلیمرەکان دەشکێنن بۆ مۆلیکولی سادەتر. ماددەیەکی زیندوو دەبێت پەیوەندی کیمیایی هەبێت کە ئەنزیمەکانی بەرهەم هێنراو لەلایەن میکرۆبەکانەوە بتوانن بە شێوەیەکی فیزیکی دەستیان پێ بگات و ئەو میکرۆبانەش دەتوانن لە مۆلیکولە شکاوەکان بخۆن.

زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیای سان دیێگۆ بۆ یەکەمجار شەش ساڵ لەمەوبەر ئەم پلاستیکەیان پەرەپێداوە. ئەوان ئیلهامیان بۆ دروستکردنی ئەم پلاستیکە لەوە وەرگرتووە کە پلاستیکەکان لە نەوت و نەوتیش لە زیندەوەرە بەردبووەکانەوە دێت. بۆیە پلاستیکێکیان دروست کرد بە ناوی TPU-FC1 کە ڕاستەوخۆ لە قەوزە دروست دەکرێت.

ئەم پلاستیکە لە چەندین بەرهەمدا بەکارهاتووە، وەک پێڵاو و جەندین شتی کە. زاناکان داتای زۆریان هەبوو کە دەریدەخست پلاستیکەکەیان لەناو خاکدا تێکدەچێت. بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە تێکچوونی لە ئاستی مایکرۆپلاستیکدا نیشان دەدەن.

دروستکردنی جۆرێک لە پلاستیک کە لە ماوەی ٧ مانگدا شی دەبێتەوە:

توێژەران ئامێری ساندەری پشتێنیان بەکارهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی مایکرۆپلاستیک لە TPU-FC1 و ئیتیلێن-ڤینێل ئەسیتات (EVA). ئەوان ئەم مایکرۆپلاستیکانەیان خستە ناو کۆمپۆستەوە بۆ تاقیکردنەوەی توانای تێکچوونیان.

دوای ٩٠ ڕۆژ، ٦٨%ی گەردیلەکانی مایکرۆپلاستیکی TPU-FC1 نەمابوون، بەڵام مایکرۆپلاستیکەکانی EVA شی نەبوونەوە. ڕێژەی تێکچوونی مایکرۆپلاستیکەکانی TPU-FC1 دوای 200 ڕۆژ گەیشتە 97%، لە کاتێکدا گەردیلەکانی EVA وەک خۆیان لە کۆمپۆستەکەدا مابوونەوە.

بەراوردکردنی ڕێژەی شیبوونەوەی مایکرۆپلاستیکەکانی ڕووەک(TPU-FC1) و نەوت (EVA) لە کۆمپۆستدا
بەراوردکردنی ڕێژەی شیبوونەوەی مایکرۆپلاستیکەکانی ڕووەک(TPU-FC1) و نەوت (EVA) لە کۆمپۆستدا

زاناکان ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان بەکارهێناوە بۆ پشکنینی چالاکیی میکرۆبی کۆمپۆستەکە. ئاستی گازی نمونەیەکی کۆمپۆستیان بەکارهێنا کە مادەی سێلولۆزی تێدابوو وەک پێوەرێک. ئەنجامی شیکارییەکانیان دەریخست کە ڕێژەی “پەرەسەندنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن”، وەک پێوەرێک بۆ چالاکیی میکرۆبەکان، لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا لە نمونەی سێلولۆزدا گەیشتە ٧٥%. ئەم پەرەسەندنە 0% بوو بۆ ئەو نمونەیەی کە EVAی تێدابوو و 76% بوو بۆ ئەو نمونەیەی کە پلاستیکی سەوزەی تێدابوو دوای 200 ڕۆژ. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە میکرۆبەکان سەرقاڵی تێکچوونی پلاستیکی TPU-FC1 بوون و کاربۆنی ناو پۆلیمرەکانیان گۆڕیوە بۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.

هەروەها زاناکان لێکۆڵینەوەیان لە تێکچوونی مایکرۆپلاستیکەکان لە ئاودا کردووە. مایکرۆپلاستیکەکان لە ئاودا دەسوڕێنەوە و دەتوانرێت بە ئاسانی کۆبکرێنەوە. دوای ٢٠٠ ڕۆژ، نزیکەی ١٠٠%ی مایکرۆپلاستیکەکانی EVA کۆکرانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هیچیان تێک نەچوون. بەڵام ڕێژەی کۆکردنەوەی مایکرۆپلاستیکەکانی ڕووەک 32% بووە دوای 90 ڕۆژ، و 3% بووە دوای 200 ڕۆژ. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مایکرۆپلاستیکەکان لە ئاودا بە هەمان ڕێژەی کۆمپۆست تێکچوون.

ئەنجامی شیکاری کیمیایی دەریخست کە میکرۆبەکان توانیویانە پۆلیمرە مایکرۆپلاستیکییە ڕووەکییەکان بشکێنن بۆ ماددە ڕووەکییە سەرەتاییەکانیان. هەروەها توێژەران ئەو بەکتریایان دەستنیشان کردووە کە ئەم مایکرۆپلاستیکانە وەک سەرچاوەیەکی خۆراک بەکاردەهێنن.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button