نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و کاتێک ڕوودەدات کە پەنکریاس ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم نەهێنێت یان کاتێک جەستە ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو ئەنسۆلینە بەکاربهێنێت کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە کە گلوکۆزی خوێن ڕێکدەخات. بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن، کە پێی دەوترێت بەرزبوونەوەی گلوکۆزی خوێن، کاریگەرییەکی باوی نەخۆشی شەکرەیە کە کۆنترۆڵ نەکراوە و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بە زۆرێک لە سیستەمەکانی لەش بەتایبەت دەمارەکان و بۆرییەکانی خوێن.
لە ساڵی ٢٠١٤دا ٨.٥%ی گەورەساڵانی تەمەن ١٨ ساڵ و سەرووتر نەخۆشی شەکرەیان هەبووە. لە ساڵی ٢٠١٩دا شەکرە هۆکاری ڕاستەوخۆی مردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە و ٤٨٪ی هەموو مردنەکان بەهۆی نەخۆشی شەکرە پێش تەمەنی ٧٠ ساڵی ڕوویداوە. ٤٦٠٠٠٠ مردنی دیکە بە نەخۆشی گورچیلە بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە بووە.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشی شەکرە بە پێی تەمەنی ستاندارد بە ڕێژەی ٣% زیادی کردووە. لە وڵاتانی کەم داهاتی مامناوەند، ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشی شەکرە بە ڕێژەی ١٣% زیادی کردووە.
لەبەرامبەردا، ئەگەری مردن بەهۆی هەر یەکێک لە چوار نەخۆشییە سەرەکییە ناگوازراوەکان (نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، شێرپەنجە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هەناسەدان یان شەکرە) لە نێوان تەمەنی ٣٠ بۆ ٧٠ ساڵیدا بە ڕێژەی ٢٢% لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ کەمیکردووە.
نیشانەکان:
نیشانەکانی شەکرە لەوانەیە لەناکاو ڕوو بدەن. لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوودا، نیشانەکانی دەکرێت سووک بن و ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت تا هەستی پێبکرێت.
نیشانەکانی شەکرە بریتین لە:
- هەستکردن بە تینوێتی زۆر
- پێویستی بە میزکردن زیاتر لە ئاسایی
- بینینی کاڵ
- هەستکردن بە ماندوویی
- دابەزاندنی کێش بەبێ مەبەست
بە تێپەڕبوونی کات نەخۆشی شەکرە زیان بە خوێنبەرەکانی دڵ و چاو و گورچیلە و دەمارەکان دەگەیەنێت.
ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی تەندروستی زیاترە لەوانە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و لەکارکەوتنی گورچیلە.
نەخۆشی شەکرە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین بۆ هەمیشەیی لەڕێگەی زیانگەیاندن بە خوێنبەرەکانی چاو.
زۆرێک لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بەهۆی تێکچوونی دەمارەکان و خراپی ڕۆیشتنی خوێن کێشە لە پێیەکانیاندا دروست دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی پێ و لەوانەیە ببێتە هۆی بڕینی قاچ.
جۆری یەکەمی شەکرە:
جۆری یەکەمی شەکرە (پێشتر بە پەیوەندیدار بە ئەنسۆلین، هەرزەکاران یان دەستپێکردنی منداڵی ناسرابوو) بە کەمی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین دەناسرێتەوە و پێویستی بە بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ئەنسۆلین هەیە. لە ساڵی ٢٠١٧دا ٩ ملیۆن کەس تووشی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم بوون. زۆرینەیان لە وڵاتانی داهات بەرزدا دەژین. نە هۆکارەکەی و نە ئامرازەکانی ڕێگریکردن لێی نازانرێت.
شەکرەی جۆری دووەم:
نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی شەکر (گلوکۆز)ی جەستەت هەیە بۆ وزە. لەش لە بەکارهێنانی ئەنسۆلین بە شێوەیەکی دروست دەوەستێنێت، ئەمەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا.
بە تێپەڕبوونی کات نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بە جەستە بەتایبەت دەمارەکان و خوێنبەرەکان.
زۆرجار نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت. ئەو هۆکارانەی کە بەشدارن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بریتین لە زیادبوونی کێش و وەرزش نەکردنی پێویست.
دەستنیشانکردنی پێشوەختە گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە خراپترین کاریگەرییەکانی جۆری دووەمی شەکرە. باشترین ڕێگا بۆ زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە ئەوەیە کە پشکنینی بەردەوام و پشکنینی خوێن لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی ئەنجام بدرێت.
نیشانەکانی جۆری دووەمی شەکرە دەتوانن سووک بن. لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت تا سەرنجیان بدرێت. ڕەنگە نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەکانی جۆری یەکەمی شەکرە بن بەڵام زۆرجار کەمتر دیار دەبن. لە ئەنجامدا ڕەنگە نەخۆشییەکە چەند ساڵێک دوای دەستپێکردنی دەستنیشان بکرێت، دوای ئەوەی پێشتر ئاڵۆزییەکان سەریان هەڵداوە.
زیاتر لە 95%ی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمیان هەیە. شەکرەی جۆری دووەم پێشتر پێی دەگوترا وابەستە نەبوو بە ئەنسۆلین، یان سەرەتای گەورەساڵان. تا ئەم دواییانە ئەم جۆرە نەخۆشییە شەکرە تەنها لە گەورەکاندا دەبینرا بەڵام ئێستا زیاتر لە منداڵانیشدا ڕوودەدات.
شەکرەی دووگیانی:
شەکرەی دووگیانی بریتییە لە بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن کە بەهاکانی گلوکۆزی خوێن لە سەرووی ئاساییەوەیە بەڵام لە خوار ئەوانەی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە. نەخۆشی شەکرەی دووگیانی لە کاتی دووگیانیدا ڕوودەدات.
ئەو ژنانەی کە نەخۆشی شەکرەی دووگیانییان هەیە لە کاتی دووگیانی و لە کاتی منداڵبووندا مەترسی تووشبوونیان بە ئاڵۆزییەکان زیاترە. هەروەها ئەم ژنانە و منداڵەکانیان لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زیاترە.
نەخۆشی شەکرەی دووگیانی لە ڕێگەی سکرینکردنی پێش لەدایکبوونەوە دەستنیشان دەکرێت، نەک لە ڕێگەی نیشانە ڕاپۆرتکراوەکانەوە.
تێکچوونی بەرگەگرتنی گلوکۆز و تێکچوونی شەکری خوێنی بەڕۆژووبوون:
تێکچوونی بەرگەگرتنی گلوکۆز (IGT) و تێکچوونی شەکری خوێنی بەڕۆژووبوون (IFG) بارودۆخی نێوانیانن لە گواستنەوەی نێوان ئاساییبوون و شەکرە. ئەو کەسانەی کە تووشی IGT یان IFG بوون مەترسی زۆریان لەسەرە بۆ پێشکەوتن بۆ جۆری دووەمی شەکرە، هەرچەندە ئەمە حەتمی نییە.
خۆپاراستن:
گۆڕینی شێوازی ژیان باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن یان دواخستنی سەرهەڵدانی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.
بۆ یارمەتیدانی خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و ئاڵۆزییەکانی، ئەم ڕێکارانەی خوارەوە پێویستە:
- گەیشتن و هێشتنەوەی کێشێکی تەندروست
- چالاکی جەستەییت هەبێت و ڕۆژانە لانیکەم ٣٠ خولەک وەرزشی مامناوەند بکە
- خۆراکی تەندروست بخۆ و دوور بکەوەرەوە لە شەکر و چەوری
- جگەرە مەکێشە
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن:
دەتوانرێت دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە ڕێگەی پشکنینی تاڕادەیەک هەرزان بۆ گلوکۆزی خوێنەوە ئەنجام بدرێت. ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمیان هەیە بۆ مانەوەیان پێویستیان بە دەرزی ئەنسۆلین هەیە.
یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی چارەسەری نەخۆشی شەکرە، پاراستنی شێوازی ژیانێکی تەندروستە.
هەندێک کەس کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەمیان هەیە پێویستیان بە خواردنی دەرمان دەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی بەڕێوەبردنی ئاستی شەکری خوێنیان بدات. ئەمانە دەتوانن بریتی بن لە دەرزی ئەنسۆلین یان دەرمانی تر. هەندێک نموونە بریتین لە:
- مەتفۆرمین
- سولفۆنیلوریاس
- هاوگواستنەوەی سۆدیۆم-گلوکۆز جۆری 2 (SGLT-2) ڕێگریکەر.
هاوکات لەگەڵ دەرمانی دابەزاندنی شەکری خوێن، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە زۆرجار پێویستیان بە دەرمان هەیە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و دەرمانی ستاتین بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ئاڵۆزییەکان.
وەرگێڕان و ئامادە کردن: کەنار محەممەد