بابەتەکانژینگە

زیانەکانی ئۆتۆمبێل بۆ ژینگە

پیسکەرەکانی ئۆتۆمبێل کاریگەری دەستبەجێ و درێژخایەن لەسەر ژینگە دروست دەکەن. ئۆتۆمبێلەکان کۆمەڵێک گازی بەرفراوان و ماددە دەردەکەن کە دەبێتە هۆی گەرمبوونی بەرگەهەوا و بارینی بارانی ترش و زیان بە ژینگە و تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت. هەروەها ژاوەژاوی بزوێنەر و ڕژانی سووتەمەنی دەبێتە هۆی پیسبوون. ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و جۆرەکانی تری گواستنەوە گەورەترین بەشدارن لە پیسبوونی هەوا لە جیهاندا. بەڵام خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن بە گرتنەبەری کۆمەڵە رێکارێک کاریگەرییەکانی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر ژینگە کەمبکەنەوە. باوترین زیانەکانی ئۆتۆمبێل بۆ ژینگە ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:

گەرمکردنی بەرگەهەوا:

پیسبوونی ئۆتۆمبێل یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەرمبوونی جیهان. ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە گەرمخانەییەکانی دیکە دەردەکەن. گازە گەرمخانەییەکان گەرمی لە بەرگەهەوادا دەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان.

کاریگەریە نەرێنیەکانی ئۆتۆمبێل لەسەر بەرگەهەوا

ئەگەر گازە گەرمخانەییەکان نەبوایە، زەوی بە سەهۆڵ دادەپۆشرا. بەڵام سووتاندنی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی بەردینی، وەک بەنزین و گازۆیل، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی جیهان بە ڕێژەی 0.6 پلەی سەدی، لە سەردەمی پێش پیشەسازییەوە. ئەمەش لە دەیەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە. گەرمبوونی پلەی گەرمی جیهان کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و گیانلەبەرە کێوییەکان و ئاستی دەریا و دیمەنە سروشتییەکان هەیە.

پیسکردنی هەوا، ئاو و خاک:

کاریگەریەکانی پیسبوونی ئۆتۆمبێل بەربڵاوە، کاریگەری لەسەر هەوا و خاک و کوالێتی ئاو هەیە. ئۆکسیدی نایترۆجین بەشدارە لە کەمبوونەوەی چینی ئۆزۆن کە زەوی لە تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخش لە خۆرەوە دەپارێزێت. دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین تێکەڵ بە ئاوی باران دەبن و بارانێکی ترش دروست دەکەن، ئەمەش زیان بە بەروبووم و دارستان و ڕووەک و باڵەخانەکان دەگەیەنێت. ڕژانی نەوت و سووتەمەنی لە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانەوە دەچێتە ناو خاک و ئاوەوە و دەریاچە و ڕووبار و تاڵاوەکان پیس دەکەن.

زیان بۆ تەندروستی مرۆڤ:

 گەردیلە، هایدرۆکاربۆن، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و پیسکەرەکانی تری ئۆتۆمبێل زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن. بزوێنەری دیزڵ ئاستێکی بەرزی گەردیلە دەردەدەن، کە بریتین لە سووتەمەنی نەسووتاو و کانزا. ئەمانە دەبنە هۆی خورانی پێست و چاو و هەستیاری، هەروەها گەردیلە زۆر وردەکان لە قووڵایی سییەکان جێگیر دەبن و کێشەی هەناسەدان دروست دەکەن. هایدرۆکاربۆنەکان لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و تیشکی خۆر کارلێک دەکەن و ئۆزۆن دروست دەکەن، کە لە بەرگەهەوای سەرەوەدا سوودی هەیە بەڵام لە سەر ڕووی زەویدا زیانبەخشە. ئۆزۆن سییەکان دووچاری هەوکردن دەکات و دەبێتە هۆی ئازاری سنگ و کۆکە و هەناسەدان قورس دەکات.

زیان بۆ تەندروستی مرۆڤ

یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە یەکێکی دیکەیە لە گازەکانی ئۆتۆمبێل، بە تایبەتی مەترسیدارە بۆ کۆرپە و ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی دڵەوە دەناڵێنن. چونکە ڕێگری دەکات لە توانای خوێن بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین. پیسکەرەکانی تری ئۆتۆمبێل کە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن بریتین لە دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، بەنزین و فۆرماڵدەهید. هەروەها ژاوەژاوی ئۆتۆمبێل زیانبەخشە و زیان بە بیستن دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی نەخۆشی دەروونی.

کەمکردنەوەی زیانەکانی ئۆتۆمبێل بۆ سەر ژینگە:

چەندین ڕێگە هەیە کە خاوەن ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان دەتوانن کاریگەریە نەرێنیەکانی ئۆتۆمبێل لەسەر ژینگە کەم بکەنەوە. ئۆتۆمبێلە کۆن و خراپەکان دەبێتە هۆی زۆربەی پیسبوونە ژینگەیەکان، بەڵام ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید و ئۆتۆمبێلە پاک و خاوێن و کەم سووتەمەنییەکانی دیکە کاریگەرییان کەم دەبێتەوە. لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێدا، پشکنینی ئابووری سووتەمەنی و لیبێڵی ژینگە بکە. ڕیزبەندی بەرز بە واتای ئاستی کەمی پیسبوون دێت. هەروەها هەرکاتێک دەتوانیت ئۆتۆمبێلەکەت لە ماڵەوە بەجێبهێڵە. لەکاتی گونجاودا بە پێ، پاسکیل یان بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی هات و چۆ بکە.

وەرگێڕان: کیژان خالید

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button