بابەتەکانژینگەگرنگ

لافاوەکەی دوبەی؛ پرسیار و لێدوانەکان دەربارەی ئەم لافاوە

وێنەی شارێکی گەورەی بیابانی ژێرئاوکەوتوو جیهانی تووشی شۆک کرد و قسەی لەسەر پیتاندنی هەور و گۆڕانی کەشوهەوا و دیزاینکردنی شارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گۆڕانەی لێکەوتەوە. دیمەنەکانی لافاوەکەی شاری دوبەی کە یەکێکە لە وشکترین ناوچەکانی سەر زەوی لەم هەفتەیەدا جیهانی تووشی شۆک کرد.

باران بارینی بەخوڕ لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عومان بووە هۆی ئاو بردنی ژومارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و ڕێگا سەرەکییەکانی داخست و لانیکەم ٢١ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دوبەی، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕاگیران یان هەڵوەشایەوە.

گەردەلوولەکە بۆ یەکەمجار یەکشەممەی ڕابردوو عومانی گرتەوە، پێش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ڕوو لە ئیمارات بکات. لافاوەکە ماڵەکانی ژێرئاو خست و قەڕەباڵغی هاتوچۆی لێکەوتووەتەوە و خەڵک لە ماڵەکانیان گیریان خوارد. بە گوتەی دەسەڵاتدارانی ئیمارات ئەم وڵاتە شایەتی زۆرترین بارانبارین بووە لە مێژوودا.

بارانبارینەکان ڕووداوێکی دەگمەن نەبوون. پێشبینیکەرانی کەشوهەوا چەند ڕۆژێک بوو پێشبینی زریانیان دەکرد و هۆشدارییان دەرکردبوو. بەڵام ئەوەی لە دوبەی ڕوویدا بە دڵنیاییەوە نائاسایی بوو. با بزانین زانایان چی دەڵێن لەسەر ئەم بابەتە:

لافاوەکەی دوبەی:

باران بارین لە دوبەی لە نێوان یەکشەممە تا سێشەممە هەفتەی ڕابردوو
ڕێژەی باران بارین لە دوبەی لە نێوان یەکشەممە تا سێشەممە هەفتەی ڕابردوو

بەرپرسانی ئیمارات ڕایانگەیاندووە، کۆی گشتی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری سێشەممەی ڕابردوو، زۆرترین ڕێژەی بارانبارین بووە لە وڵاتەکەدا لەو کاتەوەی لە ساڵی ١٩٤٩ تۆمارکردن دەستیپێکردووە. بەڵام بەشێک لە وڵاتەکە لە مانگی ڕابردوودا پێشتر خولێکی ڕەشەبایان بەخۆوە بینی.

عومان بەهۆی کەناراوەکانی لە کەنداوی عومان، بەرەوڕووی زریانە گەرمەکان دەبێتەوە. زریانەکانی ڕابردوو بارانێکی بەخوڕ و بای بەهێز و قوڕیان هێناوەتە ئەوێ و زیانێکی زۆریان گەیاندووە.

پێشبینی دەکرێت بەهۆی گەرمبوونی زەوی بارانبارینی لەم جۆرە زیاد بکات:

زریانی بەهێزتر دەرئەنجامی سەرەکی گەرمبوونی جیهانە کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. لەگەڵ گەرمبوونی بەرگەهەوا، دەتوانێت شێی زیاتر هەڵبگرێت، کە لە کۆتاییدا دەتوانێت وەک باران یان بەفر بکەوێتە سەر زەوی. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە شێوازی بارانبارین بە تەواوی بە هەمان شێوە لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا دەگۆڕێت.

دیمەنەکانی لافاوەکەی شاری دوبەی

لە نوێترین هەڵسەنگاندنیاندا بۆ توێژینەوەکانی کەشوهەوا، زانایان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆکراونەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە لافاوەکانی دوبەی، بۆیان دەرکەوتووە کە داتای پێویست نییە بۆ ئەوەی دەرەنجامێکی پتەو سەبارەت بە ڕەوتی بارانبارین لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و چۆنیەتی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان دەربکەوێت. بەڵام توێژەران دەڵێن، ئەگەر ڕێگە بدرێت گەرمبوونی جیهان لە دەیەکانی داهاتوودا خراپتر بێت، ئەوا ئەگەری زۆرە بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکەدا توندتر و زۆرتر دەبێت.

ڕۆڵی پیتاندنی هەورەکان لە لافاوەکەی دوبەی:

ئیمارات دەیان ساڵە کاردەکات بۆ زیادکردنی بارانبارین و زیادکردنی یەدەگی ئاو لەڕێگەی پیتاندنی هەورەکانەوە. لە بنەڕەتدا ئەمە بریتییە لە فڕێدانی تەنۆلکەکان بۆ ناو هەورەکان بۆ هاندانی شێ بۆ چڕبوونەوە بۆ دڵۆپی گەورەتر و قورستر، کە ئەگەری کەوتنە خوارەوەیان زیاترە وەک باران یان بەفر.

پیتاندنی هەور و شێوازەکانی تری بەرزکردنەوەی باران لە سەرانسەری جیهاندا تاقیکراونەتەوە، لەوانە لە ئوسترالیا، چین، هیندستان، باشووری ئەفریقا و ئەمریکا. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەتوانن لە باشترین حاڵەتدا کاریگەرییان لەسەر بارانبارین هەبێت ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی بارانێکی کەم بگۆڕێت بۆ بارانێکی بە خووڕ.

پیتاندنی هەورەکان

بەڵام شارەزایان دەڵێن، دیاریکردنی ئەوەی کە ڕەنگە چەندە پیتاندن ڕۆڵی هەبووبێت لە زریانەکانی ئەم هەفتەیەدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە. هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی پیتاندنی هەورەکان بەگشتی تەواو تەحەدایە، بەپێی هەندێک لە زاناکان.

بەرپرسێکی ناوەندی نیشتمانی کەشناسی ئیمارات، عومەر ئەلیزائیدی هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسەکانی ڕاگەیاندبوو، ئەم ناوەندە لە کاتی زریانەکانی ئەم دواییەدا هیچ پیتاندنیان ئەنجام نەداوە.

بە پێچەوانەی ئیدیعای عومەر ئەلیزائیدی، ئەو ڕاپۆرتانەی لە زاری پسپۆڕانی ناوەندی نیشتمانی کەشناسی ئیماراتەوە وەرگیراون، باس لەوە دەکەن کە دوبەی پێش دەستپێکردنی باران بارین ٦ یان ٧ گەشتی پیتاندنی هەوری ئەنجامداوە. هەروەها داتاکانی بەدواداچوونی فڕین کە لەلایەن ئەسۆشێتد پرێسەوە شیکراونەتەوە، دەریانخستووە کە فڕۆکەیەکی سەر بە هەوڵەکانی ئیمارات بۆ پیتاندنی هەورەکان ڕۆژی دووشەممە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا فڕیوە. پیتاندنی هەور کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە کە بەشێک بووە لە هەوڵەکانی وڵات بۆ چارەسەرکردنی کەم ئاوی.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button