بابەتەکانزانستزانیاری گشتیگرنگ

ئاوی ژێر زەوی چییە و چۆن دروست دەبێت؟+جۆرەکانی ئاوی ژێر زەوی

ئەگەر بە وردی سەیری وێنەی زەوی بکەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە بەشێکی گەورەی ڕووی زەوی ئاوە. ئەم ئاوە پێی دەوترێت ئاوی سەر ڕووی زەوی. ئاوی سەر هەسارەکە تەنها لە ئاوی سەرزەویدا سنووردار نییە. بە چوون بۆ چینەکانی خوارەوەی زەوی، دەگەینە ئاویش. ئەم ئاوە بە ئاوی ژێر زەوی ناسراوە. ئاوی ژێر زەوی لە ژیانی مرۆڤدا زۆر گرنگە و ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ دەستگەیشتن پێی. لێدانی بیر باوترین ڕێگایە بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و هتد. لەم بابەتەدا پێناسەی ئاوی ژێرزەوی و چۆنیەتی دروستبوونی دەکەین. جگە لەوەش لە گرنگی و بەکارهێنان و جۆرەکانی ئاوی ژێر زەویش دەکۆڵینەوە.

سەرچاوە ئاوییەکانی زەوی چین؟

سەرچاوە ئاوییەکانی زەوی بەسەر سێ گرووپدا دابەش دەبن: ئاوی سەرزەوی، ئاوی ژێر زەوی و ئاوی باران. زەریاکان، کەنداوەکان، بەستەڵەکەکان، ئاوی ژێر زەوی، شێی خاک، سەهۆڵی سەر ڕووی زەوی، خاکی بەستوو، دەریاچە، بەرگەهەوا (هەور)، تاڵاو، ڕووبار، ئاوە بایۆلۆژییەکان (ئاوی ناو زیندەوەرەکان)، هتد.. ئەوان یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاو لەسەر هەسارەکە. ڕێژەیەکی زۆر لەم ئاوانە هیچ سوودێکی بەرچاویان لە ژیانماندا نییە. بەڵام بوونی ئەوان لە سووڕی ئاودا زۆر گرنگە.

سەرچاوە ئاوییەکانی زەوی

ئاوەکانی سەر ڕووی زەوی زیاتر لە ٩٧%ی ئاوی زەوی پێکدەهێنن. ئەم ئاوانە، بەهۆی ئاسانتر دەستگەیشتنیان، بەکارهێنانی زیاتریان هەیە لەچاو سەرچاوە ئاوییەکانی تر. بۆ نموونە مرۆڤ ئەم ئاوە سەرزەوییانە بە دروستکردنی بەنداو بەدرێژایی ڕووبارەکان کۆدەکاتەوە و بۆ مەبەستەکانی وەک دابینکردنی کارەبا، دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، خۆپاراستن لە لافاو، نۆژەنکردنەوەی زەوی، لادان و گواستنەوەی ئاو بەکاریان دەهێنێت. سەرەڕای بەکارهێنانی بەربڵاو و گرنگی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، مرۆڤ لە زۆر حاڵەتدا پشت بە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت.

ئاوی ژێر زەوی چییە؟

ئەو ئاوەی لە ژێر ڕووی زەویدا هەیە پێی دەوترێت “ئاوی ژێر زەوی” (Groundwater). ئەم ئاوانە بەشێکن لە سووڕی ئاوی سروشتی. بە زمانێکی سادە بڕێک ئاوی باران و بەفر نوقم دەبێت لە زەویدا. کاتێک ئەم ئاوە دەگاتە بەرد یان گڵی سوور (Clay soil)، لەسەری کۆدەبێتەوە. ئەم ئاوە پێی دەوترێت ئاوی ژێرزەوی.

ئاوی ژێر زەوی

ئاوی باران و بەفر چارەنووسی جیاوازی هەیە. بەشێک لەم ئاوە دەچێتە ناو ئاوەکانی سەر ڕووی زەوی وەک ڕووبار و دەریاچە. هەندێکی تر، ڕووی زەوی شێدار دەکات. هەندێکیان لەلایەن ڕووەکەکانەوە بەکاردەهێنرێن. بەشێکی بەهەڵم دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەرگەهەوا.

گرنگی ئاوی ژێر زەوی چییە؟

ئاوی ژێر زەوی نزیکەی 30%ی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لەخۆدەگرێت. نزیکەی ٦٩%ی سەرچاوە ئاوییەکانی گۆی زەوی لە بەستەڵەکەکانی جەمسەرەکان و بەفری شاخەکاندا هەڵکەوتووە. هەروەها کەمتر لە 1%ی ئەم سەرچاوانە لە ڕووبار و دەریاچەکاندا دەبینرێن. دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە بەستەڵەک و ڕندوەکان کارێکی ئاسان نییە. بۆیە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبارەکان لە ئەولەویەت دایە. بە تێکڕا نزیکەی یەک لەسەر سێی ئاوی خواردنەوە کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت لە ڕێگەی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەویەوە دابین دەکرێت. لە هەندێک ناوچەی جیهان ئەم ڕێژەیە دەگاتە سەدا سەد.

ئەم ئاوە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوە سروشتییەکان. ئەم سەرچاوانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئابووری وڵاتان هەیە. ئاوی ژێرزەوی وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاو لە کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا بەکاردەهێنرێت. نزیکەی 70%ی بەکارهێنانی ئاو لە جیهاندا بۆ ئاودێری و کشتوکاڵ تەرخان دەکرێت. نزیکەی ٤٣%ی ئەم ٧٠%یە لە ڕێگەی ئاوی ژێر زەویەوە دابین دەکرێت.

سووڕی ئاو چییە؟

سووڕی ئاو بریتییە لە جوڵەی بەردەوامی ئاو لە نێوان زەوی و بەرگەهەوا. ئەم وێنەیەی خوارەوە شوێنی ئاو و چۆنیەتی جوڵەی لە شوێنەکاندا نیشان دەدات. ئاو لە بەرگەهەوا و لەسەر ڕووی زەوی و ژێر زەویدا هەیە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی سەر زەوی بەهەڵم بێت و دۆخی خۆی لە شلەوە بۆ گاز بگۆڕێت. ئاوی بەهەڵم، دوای ماوەیەک چڕ و سارد دەبێتەوە و هەور دروست دەکات. لە کۆتاییدا لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمی هەورەکان، ئاوە هەڵمبووەکە بە شێوەی باران و بەفر دەگەڕێتەوە سەر زەوی.

سووڕی ئاو لەسەر زەوی
سووڕی ئاو لەسەر زەوی

ئاوی باران یان لەسەر ڕووی ئاوی زەریا و ڕووبارەکان دەڕژێت و دەچێتە پاڵ سەرچاوە ئاوییەکانی سەر ڕووی زەوی یان دەچێتە ناو خاکەوە و ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز دەکاتەوە. ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی ڕێڕەوی جیاوازەوە دەڕژێتە ناو ڕووبار و زەریاکانەوە (کون لە خاکدا، شکانی بەرد و هتد). جگە لەوەش ئەم ئاوانە بە شێوەی کانیاو دەگەڕێنەوە سەر ڕووی زەوی. پاشان لە کاتی پرۆسەی هەڵمبووندا، لەگەڵ ئاوی سەر ڕووی ئاودا جارێکی دیکە دەچنە ناو سووڕی ئاوەوە.

ئاوی ژێر زەوی چۆن دروست دەبێت؟

خاک بریتییە لە چینی سەرەوەی توێکڵی زەوی و ماددەیەکە کە لە گەردیلەی ڕەقی ئۆرگانی و نائۆرگانیک پێکهاتووە. ڕێکخستنی تەنۆلکە ڕەقەکان کە خاکەکە پێکدەهێنن دەبێتە هۆی تۆڕێک لە کون لە پێکهاتەکەیدا. ئەم تایبەتمەندییەی خاک پێی دەوترێت کونیلەیی. وێنەی خوارەوە پێکهاتەی کونیلەیی خاکەکە نیشان دەدات.

پێکهاتەی کونیلەیی خاک
پێکهاتەی کونیلەیی خاک

ئەگەر کونیلەکانی خاک یان بەرد بەیەکەوە گرێدرابن و توانای هەڵمژینی و گواستنەوەی ئاویان هەبێت، کونیلەیی خاک یان بەردەکە بەسوودە، و بە پێچەوانەوە، خاک یان بەرد کونیلەیەکی بێکاریگەر یان بێ کەڵکی هەیە. لە کاتی باران بارین یان لە ناوچەکانی نزیک لە چەمەکانی سەر ڕووی زەوی، ئاو دەچێتە ناو بۆشایی خاکەوە. ئەگەر کونیلەیی کاریگەر بێت، ئاوەکە لە ڕێگەی کونەکانەوە دەڕوات بۆ چینەکانی خوارەوە.

ئاوی ژێر زەوی چۆن دروست دەبێت؟

زەوی لە چینە جیاوازەکانی خاک و بەرد پێکهاتووە. بە پێچەوانەی خاکەوە، پێکهاتەی بەرد کونیلەدار نییە یان کونیلەیی بەسوودی کەمە. بێگومان درزەکانی هەندێک بەرد ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی تر دەڕەخسێنن. بەڵام ئاوی ناو بۆشاییەکانی خاک یان درزەکانی بەردەکان کاتێک دەگاتە چینە ڕەق و نەڕژاوەکان دەوستێت. ئەم چینە دەتوانێت بەرد، گڵ یان هەر ماددەیەکی تری نەڕژاو بێت. بەم شێوەیە ئاستی ئاو بە تێپەڕبوونی کات بەرز دەبێتەوە. ئێمە ئەو ئاوەی کە لە سەرووی چینە ڕەقەکانی قووڵایی زەویەوە کۆدەبێتەوە پێی دەڵێین، ئاستی ئاوی ژێر زەوی یان (Aquifer).

Aquifer

جۆرەکانی ئاوی ژێر زەوی چین؟

لە زۆر ناوچەدا، بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە لە بەردی لایمێستۆن پێکهاتوون، زەویەکە لە چەند چینێک پێکدێت. کونیلەیی و ڕژانی ئەم چینانە جیاوازن لە یەکتر. بۆیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دروستبوونی چینە جیاوازەکان، ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

جۆرەکانی ئاوی ژێر زەوی

بە پشتبەستن بە بارودۆخی چینەکانی دەوروبەر، ئاوی ژێر زەوی دابەش دەکرێت بەسەر دوو جۆردا: ئاوی ژێرزەوی ئازاد یان “ئاوی قەتیس نەکراو” (Unconfined Aquifer) و ئاوی ژێرزەوی پەستاندار یان “ئاوی قەتیس کراو” (Confined Aquifer). وێنەی خوارەوە ئەم دوو جۆرە ئاوەی ژێر زەوی نیشان دەدات.

 

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button