بابەتەکانزانست

پێشکەوتنێکی گەورە لە بەرهەمهێنانی پاتری لیتیۆم-گۆگرد

کۆمەڵێک توێژەر سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی جۆرێک پاتری لیتیۆم-گۆگرد کە لەسەدا ٨٠ی توانای بارگاویکردنەوەی خۆی دوای ٢٥ هەزار خولی بارگاویکردنەوە و خاڵیکردنەوە دەهێڵێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم پێشهاتە بەرچاوە دەتوانێت شۆڕشێکی گەورە بێت لە پیشەسازی پاتریدا.

ئەندازیاران هەمیشە هەوڵیان داوە پاترییەکان سووکتر و بچووکتر بکەنەوە و لە هەمان کاتدا توانایان بەرزتر بکەن. زیاتر گرنگی بە ئەلکترۆدەکانی پاتری دەدەن؛ چونکە ئەم بەشانە بەرپرسن لە هەڵگرتن و پاراستنی ئایۆنەکانی لیتیۆم. بەکارهێنانی مادەی نوێ و کاراتر لە ئەلکترۆدەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی پاتری کە سووکتر و بچووکتر و تەمەنی درێژتر بێت.

یەکێک لە بژاردە بەڵێندەرەکان بۆ بەکارهێنان لە پاترییەکاندا گۆگردە. جگە لە زۆری لە سروشت و کەم تێچووی، ئەم مادەیە تایبەتمەندی کیمیایی گونجاوی هەیە کە دەتوانێت سوودی هەبێت لە زیادکردنی توانای هەڵگرتنی وزە. بەڵام بەکارهێنانی گۆگرد ڕووبەڕووی دوو تەحەدای سەرەکی دەبێتەوە: هەندێک کارلێکی کیمیایی گۆگرد لەگەڵ لیتیۆم دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئایۆنەکانی لیتیۆم و کەمکردنەوەی کارایی پاتری. سەرەڕای ئەوەش، گۆگرد لە کاتی کارلێکەکانی شەحنکردنەوە و دەرچووندا فراوان دەبێت، ئەمەش وردە وردە پێکهاتەی پاترییەکە تێکدەدات و تەمەنی کەمدەکاتەوە.

ئەو تیمە توێژینەوەیەی کە ئەم پاترییە نوێیەیان پەرەپێداوە هەوڵیان داوە ئەم سنووردارکردنانەی گۆگرد تێپەڕێنن. سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی ئەلکترۆدێکی ڕەق لە گۆگردەوە کە پێکهاتەیەکی کونیلەدارە. ئەم پێکهاتەیە ڕێگە بە ئایۆنەکانی لیتیۆم دەدات بە ئاسانی بجوڵێن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ناوبژیوانی تر هەبێت. بۆ دروستکردنی ئەم ئەلکترۆدە پێشکەوتووە، توێژەران تێکەڵەیەکیان لە گۆگرد، بۆرۆن، لیتیۆم، فسفۆر و یۆد دروستکرد کە لە شووشە دەچێت. لەم نێوەندەدا یۆد ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو؛ چونکە توانیویەتی جوڵەی ئەلکترۆنەکان لە پرۆسەی ئۆکساندن-کەمکردنەوە (رێدۆکس) خێراتر بکات. ئەمەش ڕێگەی دا کارلێکی کیمیایی خێراتر ڕووبدات و کارایی پاتری باشتر کرد.

ئەنجامی تاقیکردنەوەی پاتری لیتیۆم-گۆگرد

چەمکی بنەڕەتی و تایبەتمەندییەکانی ئەلکترۆلایتە ڕەقەکانی قۆناغی شووشەیی یۆدایدی لیتیۆم تیۆبۆرۆفۆسفات
چەمکی بنەڕەتی و تایبەتمەندییەکانی ئەلکترۆلایتە ڕەقەکانی قۆناغی شووشەیی یۆدایدی لیتیۆم تیۆبۆرۆفۆسفات

ئەنجامی ئەم داهێنانە پاترییەکی بەهێز بوو کە دەتوانرا لە پلەی گەرمی بەرزدا بارگاوی بکرێتەوە بەبێ ئەوەی کارایی کەم بکاتەوە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر پاترییەکە لەسەدا ٨٠ی توانای خۆی پاراستووە دوای ٢٥ هەزار خولی بارگاویکردنەوە و خاڵیکردنەوە، ئەمەش پێشکەوتنێکی بەرچاوە بە بەراورد بە پاترییە ئاساییەکانی لیتیۆم ئایۆن. چونکە ئەم پاترییە باوانە بەزۆری دوای نزیکەی هەزار خول کارایی لەدەست دەدەن.

سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە سەرنجڕاکێشە، توێژەران پێیان وایە لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ باشترکردنی چڕی وزەی ئەم پاترییانە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە بە گۆڕینی پێکهاتەی ماددە ئەلکترۆدەکان بتوانن کێشی پاتریەکە کەم بکەنەوە و کاراییەکەی زیاد بکەن. ئەم دەستکەوتە دەتوانێت شۆڕشێک لە پیشەسازی پاتریدا بکات و ڕێگە خۆش بکات بۆ دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی بەهێزتر و ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئامێری هەڵگرتنی وزە لە داهاتوودا.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button