بابەتەکانتەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێ: گیرخواردن لە ترافیکدا کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی دەبێت

لە توێژینەوەیەکی گەورەدا توێژەرانی کۆری باس لە پەیوەندی نێوان گیرخواردن لە ترافیکدا و درێژبوونەوەی کاتەکانی گەشتکردن و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی لەوانەش خەمۆکی دەکەن.

توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر زیاتر لە 23 هەزار کەس دەریدەخات ئەو هاووڵاتیانەی کۆریای باشوور کە ڕۆژانە زیاتر لە کاتژمێرێک هاتووچۆ دەکەن. بە ڕێژەی لەسەدا ١٦ زیاتر نیشانەکانی خەمۆکییان هەیە لە چاو ئەوانەی کەمتر لە ٣٠ خولەک هاتووچۆ دەکەن.

لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکان دەریدەخەن کە هاتوچۆ دەتوانێت زیان بە تەندروستیمان بگەیەنێت. هەروەها هاتووچۆی درێژخایەنی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی جەستەیی هەبێت بەهۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی چالاکیی جەستەیی.

لێکۆڵینەوەکەی ئێستا دەریدەخات دانیشتن لە ترافیکدا تەنانەت دەتوانێت پەستانی خوێنیش زیاد بکات. بێگومان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەهۆی دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو پیسبوونی هەوایە کە شۆفێران هەڵیدەمژن. ئەمەش کاریگەری لەسەر پەستانی خوێنیان دەبێت.

ترافیک
ترافیک

کاریگەری نەرێنی گیرخواردن لە ترافیکدا لەسەر تەندروستی دەروونی

وادیارە کۆریای باشوور درێژترین قەرەباڵغی هاتووچۆی هەیە و زۆرترین ڕێژەی خەمۆکی لەنێو وڵاتانی ڕێکخراوی OECDدا هەیە. بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی کەم لە نێوان وڵاتانی ئاسیادا ئەنجامدراوە لەسەر کاریگەریی گەشتە درێژخایەنەکان لەسەر تەندروستی دەروونی.

دۆنگ ووک لی، لێکۆڵەری تەندروستی گشتی لە زانکۆی ئینها لە کۆریای باشوور، لەگەڵ هاوکارەکانی، داتای زیاتر لە ٢٣ هەزار کەسیان شیکردەوە. بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە لە ڕاپرسییەکدا وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە دەریخستووە کە تێکڕای کاتی هاتووچۆی ڕۆژانە ٤٧ خولەکە. کەواتە ئەگەر کەسێک هەفتەی ٥ ڕۆژ کار بکات، ئەوە مانای وایە نزیکەی ٤ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا لە هاتووچۆ دایە. هاوکات چارەکێک لە کۆی ٢٣ هەزار و ٤١٥ بەشداربوو ڕایانگەیاندووە کە نیشانەکانی خەمۆکییان هەبووە.

هەرچەندە توێژینەوەکە هۆکار و کاریگەری نیشان نادات، بەڵام ئاماژەیە بۆ پەیوەندی نێوان هاتووچۆی درێژ و خراپی تەندروستی دەروونی لەنێو ئەو پیاوە سینگڵانەی کە هەفتانە زیاتر لە 52 کاتژمێر کاردەکەن و منداڵیان نییە. لە نێو ژناندا، پەیوەندی نێوان ماوەی درێژخایەنی هاتووچۆ و ڕوودانی نیشانەکانی خەمۆکی زیاتر لە نێو ئەو گرووپە کەمداهاتانە و ئەوانەی کە منداڵیان هەبووە، دەرکەوتووە.

تەمەن، کاتی کارکردنی هەفتانە، داهات، کار و جۆری کار لەو هۆکارانەن کە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی مرۆڤ هەیە. داتاکانی ئەم ڕاپرسییە نیشتمانییە لە کۆریای باشوور ئەو شێوازانەی گواستنەوەیان دیاری نەکردووە کە لەلایەن گەشتیارانەوە بەکاردەهێنرێن. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ توێژینەوەیەک لەسەر نزیکەی ٤٥٠٠ بەشداربوو لە بەریتانیا دەرکەوتووە گۆڕینی شێوازی گواستنەوەت، وەک پاسکیلسواری یان ڕۆیشتن بە پێ، دەتوانێت تەندروستی دەروونی بەرز بکاتەوە.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button