بابەتەکانژینگە

مرۆڤ 1500 جۆری باڵندەی بەرەو لەناوچوون بردووە

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری (Nature) بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی 126 هەزار ساڵی ڕابردوودا، مرۆڤ 1500 جۆری باڵندەی بەرەو لەناوچوون بردووە. دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن کە ڕێژەی لەناوچوونی باڵندەکان زیاترە لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی پێشتر خەمڵێندراوە و نزیکەی نیوەی جۆرە باڵندە لەناوچووەکان هەرگیز تۆمار نەکراون.

جەیمی وود، زانای ئیکۆلۆژیستی زەوی لە زانکۆی ئەدلاید لە ئوسترالیا بە (Nature)ی وتووە، “پێدەچێت قەبارەی جیهانی لەناوچوونە تۆمارنەکراوەکان وەک شۆکێک بۆ زۆر کەس بێت”. “شتە نیگەرانکەرەکە ئەوەیە کە ژمارەی خەمڵێنراوەکە ڕەنگە لە ڕێژە ڕاستەقینەکە کەمتر بێت.”

بەدرێژایی سەدەکان مرۆڤەکان بە لە ناوبردنی دارستانەکان و ڕاوکردن و بردنی جۆرە غەیرە ڕەسەنەکان بۆ شوێنی دیکە، شەپۆلێکی لەناوچوونیان لەنێو باڵندە و ئاژەڵەکانی دیکەدا دروست کردووە. بە تایبەتی دوورگەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. بەجۆرێک کە ٩٠٪ لەناوچوونی باڵندە ناسراوەکان لەم ئیکۆسیستەمە دابڕاوانەدا ڕوویداوە.

بەڵام لەبەر ئەوەی ئێسکی باڵندەکان سووک و کونن کونن، پاشماوەی بەردبووەکانیان بە باشی پارێزراو نین. لە ئەنجامدا زۆربەی شیکارییەکانی لەناوچوونی باڵندەکان لە بەڵگەی چاودێری نووسراوەوە سەرچاوە دەگرن. بەڵگەنامەکردنی بەڵگەی نوێ ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەستەمە وێنەیەک لە زیانەکانی جۆرە جیاوازەکان لە ماوەی درێژتردا بکێشین.

ڕۆب کوک، مۆدێلسازی ژینگەیی لە سەنتەری ئیکۆلۆژی و ئاوزانیی بەریتانیا لە والینگفۆرد و تیمێکی هاوکارەکانی مۆدێلی لەناوچوونی باڵندەکانیان کرد بە یەکخستنی لەناوچوونی بەڵگەدار و تۆمارە بەردبووەکان و خەمڵاندنی لەناوچوونی نەدۆزراو لە 1488 دوورگە. بۆ خەمڵاندنی لەناوچوونە نەدۆزراوەکان، تیمەکە هۆکاری پێشبینی زۆری جۆرەکانیان لەبەرچاو گرت. لەوانە قەبارەی دوورگەکان، کەشوهەوا و دابڕانی جوگرافی.

مۆدێلەکە دەریدەخات کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی پلێستۆسین (نزیکەی ١٢٦ هەزار بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر) نزیکەی ١٣٠٠ بۆ ١٥٠٠ جۆری باڵندە (نزیکەی ١٢%ی جۆرەکانی جیهان) لەناوچوون. ڕەنگە چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکاری زۆرێک لەم لەناوچوونانە بن. هەروەها توێژەران مەزەندەیان کردووە کە لەسەدا ٥٥ی ئەم جۆرە لەناوچووانە هەرگیز لەلایەن مرۆڤەوە نەدۆزراونەتەوە یان هیچ شوێنەوارێکیان لە تۆماری بەردبووەکاندا نەماوە.

مرۆڤ 1500 جۆری باڵندەی بەرەو لەناوچوون بردووە
مرۆڤ 1500 جۆری باڵندەی بەرەو لەناوچوون بردووە

زەریای هێمن، زۆرترین ناوچەی زیانلێکەوتوو:

نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن نزیکەی دوو لەسەر سێی لەناوچوونی باڵندەکان لە ناوچەی زەریای هێمن ڕوویداوە. سێ شەپۆلی سەرەکی لەناوچوون لە دوای کۆتاییەکانی پلێستۆسینەوە ڕوویانداوە. توندترین شەپۆلەکان لە ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە ڕوویانداوە. کاتێک مرۆڤ بۆ یەکەمجار گەیشتووەتە دوورگەکانی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن (بەتایبەت هاوایی، دوورگەکانی مارکیزاس و نیوزلەندا). ئەگەر مرۆڤ نەچووبایە ناوچەکە، پێشبینی دەکرا ڕێژەی لەناوچوون ٨٠ هێندە کەمتر بێت.

کوک دەڵێت، ڕەنگە هێنانە ناوەوەی مێشوولە و ئاژەڵە ماڵییەکان بۆ ناوچەکانی دیکە بووەتە هۆی لەناوچوونی ئەو جۆرانەی کە لەم ماوەیەدا بە باشی بەڵگەدار بوون. وەکو قەلە ڕەشی دەندووک بەرز (Corvus impluviatus) کە سەردەمانێک باڵندەیەکی ڕەسەنی هاوایی بووە.

کوک دەڵێت دۆزینەوەکان وانەیەکی گرنگ بۆ بەدواداچوون و پاراستنی جۆرە باڵندەکان دەڕەخسێنن کە تا ئەمڕۆش لەسەر زەوی ماونەتەوە. دەشڵێت: لەناوچوونی جۆرەکانی باڵندەی زیاتر بە تەواوی پەیوەستە بە ئەدای ئێمەوە.

کۆچ مرۆڤ و هێنانە ناوەوەی ئاژەڵە ماڵییەکان بۆ ناوچەکانی دیکە بووەتە هۆی لەناوچوونی ١٥٠٠ جۆر باڵندە
کۆچ مرۆڤ و هێنانە ناوەوەی ئاژەڵە ماڵییەکان بۆ ناوچەکانی دیکە بووەتە هۆی لەناوچوونی ١٥٠٠ جۆر باڵندە

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button