بابەتەکانزانستزانیاری گشتیگرنگ

ئاورۆرا یان ڕووناکی جەمسەری چییە و چۆن دروست دەبێت؟

ئاورۆرا یان ڕووناکی جەمسەری دیاردەیەکی بەرگەهەوایە کە بەهۆی پێکدادانی تەنۆلکە پڕ وزەکانی خۆر لەگەڵ بەرگەهەوای سەرەوەی زەوی ڕوودەدات. تەنۆلکە پڕ وزەکانی خۆر بە خێرایی نزیکەی ٢٧ ملیۆن کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ بەرگەهەوای سەرەوەی زەوی بەریەکدەکەون. بەڵام کێڵگەی موگناتیسی زەوی لەم تەنۆلکانە دەمانپارێزێت. کێڵگەی موگناتیسی زەوی تەنۆلکەکان بەرەو جەمسەرەکان ئاراستە دەکات و ئاورۆرا لە کاتی پرۆسەیەکدا دروست دەبێت. ئەم دیاردە سەرنجڕاکێشەی بەرگەهەوا ساڵانێکە زانایان و چاودێرانی ئاسمانی سەرسام کردووە.

ئاورۆرا یان ڕووناکی جەمسەری چییە؟

ڕووناکی جەمسەری یان ئاورۆرا نمایشی ڕەنگاوڕەنگ و سەرنجڕاکێشی ڕووناکییە لە ئاسمانی شەوانەی نیوەگۆی باکووردا. بێگومان ئاورۆراکانی نیوەگۆی باشوور بە ڕووناکی جەمسەری باشوور ناسراون. ڕووناکی باکوور و باشوور هەردووکیان ئاورۆران. چونکە لە نزیک جەمسەرە موگناتیسیەکانی زەوی دەردەکەون.

ئاورۆرا یان ڕووناکی جەمسەری؛ کەنداوی فینلەند
ئاورۆرا یان ڕووناکی جەمسەری؛ کەنداوی فینلەند

ڕووناکی جەمسەری چۆن دروست دەبێت؟

لە هەندێک ساتدا خۆر گەردیلە بارگاوییەکان لە بەرگەهەوای سەرەوەی خۆیەوە دەردەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی بای خۆر. بای خۆر لەگەڵ ئایۆنۆسفێر یان بەرگەهەوای سەرەوەی زەوی بەریەک دەکەوێت و ئەم پێکدادانانە پریشکی بچووک دروست دەکەن کە ئاسمان پڕ دەکەن لە ڕووناکی ڕەنگاوڕەنگ. ئاورۆراکان بەسەر ئاسماندا دەجوڵێن یان سەما دەکەن، کاتێک ملیارەها پریشک بە یەکەوە دروست دەبن. لە نیوەگۆی باکووردا ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت ڕووناکی باکوور (aurora borealis)، لە نیوەگۆی باشووردا بە ڕووناکی باشوور یان aurora australis ناسراوە.

کێڵگەی موگناتیسی زەوی و بای خۆر
کێڵگەی موگناتیسی زەوی و بای خۆر

تەنۆلکە بارگاوییەکانی خۆر بەهۆی کێڵگەی موگناتیسی زەویەوە بەرەو جەمسەرەکان ئاراستە دەکرێن و لەگەڵ بەرگەهەوای زەوی بەریەکدەکەون. شێوەی کێڵگەی موگناتیسی زەوی دوو شێوە هێلکەیی ئاورۆرا لە سەرووی جەمسەری موگناتیسی باکوور و باشوورەوە دروست دەکات.

بۆچی ئاورۆرا لە ڕەنگی جیاواز پێکدێت؟

هەر جۆرە ئەتۆمێک یان مۆلیکولێک کۆمەڵە ڕەنگێکی ناوازە هەڵدەمژێت و دەردەدات. ئەم تایبەتمەندییە دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە پەنجەمۆری ناوازەی مرۆڤ. بەگشتی ئەم ڕەنگانەی خوارەوە لە ڕووناکی ئاسمانی باکووردا دەبینرێن:

  • سەوز: سەوز باوترین ڕەنگە کە لە زەویەوە دەبینرێت و بەزۆری کاتێک دروست دەبێت کە تەنۆلکە بارگاوییەکان لەگەڵ مۆلیکولەکانی ئۆکسجین لە بەرزی ١٠٠ بۆ ٣٠٠ کم بەریەکدەکەون.
  • سووری تۆخ و پەمەیی: هەندێک جار، لێوارەکانی خوارەوەی ئاورۆرا پەمەیی یان سووری تۆخن. ئەم ڕەنگە لە ئەنجامی بەریەککەوتنی مۆلیکولەکانی نایترۆجین لەگەڵ تەنۆلکە بارگاوییەکان لە بەرزی نزیکەی ١٠٠ کم دروست دەبن.
  • سوور: لە بەرزایی بەرزتر لە بەرگەهەوای زەوی (300-400 کم)، پێکدادان لەگەڵ ئەتۆمەکانی ئۆکسجین دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئاورۆرای سوور.
  • شین و وەنەوشەیی: مۆلیکولەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم دەتوانن ئاورۆرای شین و وەنەوشەیی دروست بکەن. بەڵام بەزۆری بۆ چاوی مرۆڤ ئەستەمە ئەم ڕەنگانە لە ئاسمانی شەو جیا بکاتەوە.

کەی و لە کوێ ئاورۆرا دەتوانرێ ببینرێت؟

باشترین کاتی ساڵ بۆ بینینی ڕووناکی باکور بەهار و زستانە، چونکە لەم کاتانەدا ئاسمان ڕوونتر و کەمتر هەورە. باشترین وڵاتەکانیش وڵاتانی باکورن وەک کەنەدا، نەرویج، سوید و فینلاند. بەڵام لە کاتی بارودۆخی دەگمەندا، ڕووناکی جەمسەری لە پانیە نزمەکانیشدا دەبینرێت، وەک ئینگلتەرا. ڕووناکی باکور لە کوردستان ڕوونادات بەهۆی دووری زۆر لە جەمسەرەکانەوە.

ئاورۆرایەکی پەمەیی دەگمەن؛ نەرویج
ئاورۆرایەکی پەمەیی دەگمەن؛ نەرویج

ئاورۆرا لە هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆردا دەبینرێت، وەک هەسارەی موشتەری. ئەگەری ڕوودانی ئاورۆرا لەسەر ئەم هەسارانە زۆرە بەهۆی بوونی کێڵگەیەکی موگناتیسی بەهێزەوە. بەڵام ئاورۆرا لەسەر هەسارەکانی وەک مەریخ و ڤینۆسیش بینراوە کە کێڵگە موگناتیسیەکانیان لاوازە.

 

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button