بابەتەکانزانیاری گشتیگرنگ

چینی ئۆزۆن چییە؟ و گرنگی چیە بۆ ژیانی مرۆڤ

چینی ئۆزۆن یان ئۆزۆنۆسفێر ناوچەیەکی چینی ستراتۆسفێرییە لە بەرگەهەوادا کە لە بەرزی ١٩-٤٨ کم (١٢-٣٠ میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە هەڵکەوتووە.

ئاشنابوون بە چینی ئۆزۆن:

ئۆزۆن وشەیەکی یۆنانییە کە بە واتای بۆن دێت و بە تایبەتی ئاماژەیە بۆ بۆنێکی بەهێز.

ئۆزۆن چییە؟

ئۆزۆن کە کورتکراوەی O3 یە، ماددەیەکی کیمیاییە کە پێکهاتووە لە مۆلیکولی ئۆکسجین و ئەتۆمێکی ئۆکسجین، کە ناجێگیرە و کارلێککەرە. لە مۆلیکولی ئۆزۆندا، پەیوەندییەکی زۆر لاواز لە نێوان مۆلیکولی ئۆکسجین و ئەتۆمی ئۆکسجیندا هەیە و نزیکە لە جیابوونەوەیان بە بچووکترین پێکدادان یان بە وەرگرتنی بچووکترین وزە، دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆیان.

چینی ئۆزۆن چییە؟

سەرەتا پێویستە بزانین کە زاناکان چینەکانی بەرگەهەوا بەسەر پێنج بەشدا دابەش دەکەن:

  • ترۆپۆسفێر
  • ستراتۆسفێر
  • میزۆسفێر
  • ترۆمۆسفێر 
  • ئێگزۆسفێر (دەرەوەترین چینە لە زەوی)
چینەکانی بەرگەهەوا
چینەکانی بەرگەهەوا

ئۆزۆن کە گازێکە بە شێوەیەکی سروشتی لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوای زەوی و لە ستراتۆسفێردا هەڵکەوتووە.

هەرچەندە ئۆزۆن لە چینەکانی نزیک ڕووی زەویدا بوونی هەیە. بەڵام لە هەر یەک ملیۆن مۆلیکولی هەوادا تەنها یەک مۆلیکولی ئۆزۆن هەیە. لەکاتێکدا لە بەرزی ١٥ بۆ ٢٥ کم لە سەرووی زەویەوە چڕیی ئۆزۆن دەگاتە ٦ مۆلیکول لە هەر ملیۆنێک مۆلیکولی هەوا. ئەستووری ئەم چینە کە بە چینیەکانی ئۆزۆن ناسراوە، لە شەودا کەمترە لە ئەستوورییەکەی بە ڕۆژ بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە وزەی تیشکی خۆر لە شەودا.

گرنگی چینی ئۆزۆن بۆ ژیانی مرۆڤ:

خۆر تاکە ئەستێرەیە لە کۆمەڵەی خۆردا کە زەوی بەدەوریدا دەسوڕێتەوە و وزەی خۆر بەکاردەهێنێت.

تیشکی خۆر 8 خولەک و 21 چرکەی دەوێت تا دەگاتە زەوی. لە کۆی 100%ی تیشکی خۆر کە دەگاتە زەوی، 70%یان بە چینەکانی زەویدا تێدەپەڕن و دەگەنە زەوی. تیشکی خۆر لە ملیارەها ملیار ڕەنگ پێکدێت کە هەریەکەیان درێژی شەپۆل و وزەی تایبەت بەخۆیان هەیە. یەکێک لەو تیشکانە تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV)ە.

تیشکی سەروو بنەوشەیی درێژی شەپۆلێکی کورتی هەیە و وزەیەکی زۆری هەیە. ئەمەش مەترسیدارە بۆ هەموو زیندووەکان. یەکێک لە کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ شێرپەنجەی پێستە یان سووتانی خۆرە. خۆشبەختانە زەوی پارێزەرێکی هەیە لە بەرامبەر ئەم تیشکە مەترسیدارە کە پێی دەوترێت چینی ئۆزۆن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە هاتنی تیشکی مەترسیدار بۆ سەر ڕووی زەوی. بەڵام چۆن?

ڕێگری چینی ۆزۆن لە هاتنی تیشکە زیان بەخشەکان
ڕێگری چینی ۆزۆن لە هاتنی تیشکە زیان بەخشەکان

کاتێک تیشکی سەروو بنەوشەیی بەریەککەوتن لەگەڵ مۆلیکولی ئۆزۆن، تیشکی سەروو بنەوشەیی بڕێکی زۆر لە وزەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ تیشکی ژێر سوور. لە لایەکی دیکەوە لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا مۆلیکولی ئۆزۆن دەگۆڕێت بۆ مۆلیکولی ئۆکسجین و ئەتۆمی ئۆکسجین. بە بەریەککەوتنی تیشکی خۆر لەگەڵ مۆلیکولی ئۆکسجین و ئەتۆمی ئۆکسجین، مۆلیکولی ئۆزۆن دووبارە دروست دەبێتەوە.

هەرچەندە مۆلیکولەکانی ئۆزۆن بۆ ئێمە بەسوودن، بەڵام بوونیان لە چینی ترۆپۆسفێر (ئەو چینەی کە تێیدا دەژین) زۆر مەترسیدارە. پەرۆکسایدی نایترۆجین کە لە غازی بزوێنەری گازۆیلەوە دەردەچێت، بەهۆی تیشکی خۆرەوە کارلێک لەگەڵ مۆلیکولی ئۆکسجین دەکات (کردەوەی فۆتۆکیمیایی) و مۆلیکولی ئۆزۆن دروست دەکات. لەبەر ئەوەی ئەتۆمی ئۆکسجینی چالاک (رادیکاڵ) لە مۆلیکولی ئۆزۆندا هەیە، هەناسەدانی دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەناسەدان.

پرۆسەی لەناوچوونی چینەکانی ئۆزۆن:

لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ یەکەمجار، لە سەرووی جەمسەری باشوور (جەمسەری باشوور)، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە چینی ئۆزۆن لەناو دەچێت. سەرەتا وا بیر دەکرایەوە کە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونەکە ئۆکسیدی نایترۆجین لە فڕینی فڕۆکە سەروو دەنگییەکانی ناو ستراتۆسفێرەوەیە، تا ساڵی ١٩٧٤ ڕاگەیەندرا کە هەندێک ماددە کیمیاییە دروستکراوەکانی مرۆڤ کە پێیان دەوترێت کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن (CFCs) زیان بە چینی ئۆزۆن دەگەیەنن.

گازی CFC وەک گازی ساردکەرەوە لە ساردکەرەوە و هەروەها لە ماددە پلاستیکیەکاندا بەکاردەهێنرێت. لە cfcs دا ئەتۆمەکانی کلۆر ناجێگیر و کارلێککەرن و کاتێک گازەکانی cfc دەچنە چینەکانی سەرەوە، لە چینەکانی سەرەوە بەهۆی تیشکی خۆرەوە گازی کلۆر دەردەچن و ئەتۆمی کلۆر کارلێک لەگەڵ مۆلیکولەکانی ئۆزۆن لە چینە ستراتۆسفێرەکەدا دەکەن.

ئەو ئەتۆمی کلۆرەی کە بە دروستکردنی کارلێکی زنجیرەیی دەردەچێت، توانای لەناوبردنی خێرای مۆلیکولەکانی ئۆزۆنی هەیە. بەجۆرێک کە لەگەڵ دەردانی هەر ئەتۆمێکی کلۆر 100 هەزار مۆلیکولی ئۆزۆن پێش ئەوەی بگاتە سەر زەوی لەناو دەچن. جگە لەوەش سەقامگیری گازەکانی CFC ڕێگەیان پێدەدات لە بەرگەهەوادا بمێننەوە و دوای ماوەیەکی زۆر لە دەردانی چینی ئۆزۆن بەردەوام بن لە لەناوبردنی چینی ئۆزۆن.

کون بوونی چینی ئۆزۆن:

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان بۆ یەکەمجار کونەکەی چینی ئۆزۆن لە ساڵی 1985 لە ئەنتارکتیکا بینراوە، بەڵام گەورەترین و چڕترین کون لە ساڵی 2006 ڕوویداوە.

لەناوچوونی چینی ئۆزۆن لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوودا
لەناوچوونی چینی ئۆزۆن لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوودا

بەڵام لە هەموویان کارەساتبارتر ڕاپۆرتی ئیدارەی نیشتمانیی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا)ە، کە تێیدا هاتووە دوو لەسەر سێی چینە ئۆزۆنەکە تا ساڵی ٢٠٦٥ لەناو دەچێت، نەک تەنها لەسەر ئەنتارکتیکا، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی زەویدا.

کاریگەری نەرێنی لەناوچوونی چینەکانی ئۆزۆن:

ئەم چینە وەک قەڵغانێکی پارێزەر کاردەکات بۆ ڕووەک و ئاژەڵ و مرۆڤ لە بەرامبەر تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر. و ڕێگری دەکات لە بەرکەوتنی شەپۆلە کوشندەکانی بۆ سەر زەوی. ئەگەر ئەم تیشکە لەلایەن ئۆزۆنەوە هەڵنەمژرێت یان بە کونە دروستکراوەکاندا تێپەڕێت، دەبێتە هۆی سووتانی خۆر، شێرپەنجەی پێست، و ئاوی سپی چاو. وە دەتوانێت سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ لاواز بکات. بەرگری لە بەرامبەر نەخۆشی کەم بکاتەوە، یان ببێتە هۆی شێرپەنجەی پێست بە گۆڕینی DNA.

جگە لەوەش تیشکی سەروو بنەوشەیی دەتوانێت گەشەی ڕووەکەکان خاو بکاتەوە و زیان بە پێکهاتەی بۆماوەیی زیندووەکان بگەیەنێت. و لە کێڵگەی برنجیشدا دەتوانێت بەرهەمەکەی کەم بکاتەوە بە کوشتنی بەکتریا جێگیرکەرەکانی نایترۆجین.

تیشکی سەروو بنەوشەیی جۆری A لەلایەن چینی ئۆزۆنەوە کارلەیەک ناکا. و لە ئەنجامدا بە قووڵی دەچێتە ناو پێستی لەشەوە و دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختە.

تیشکی جۆری سەروو بنەوشەیی B مەترسیدارترین جۆری تیشکەکانە کە دەچێتە قووڵایی ئاوەوە و دەتوانێت فینۆپلانکتۆن و قەوزەکان لەناوببات کە لەسەر ڕووی دەریادا دەژین. ئەم زیندەوەرانە پێکهاتە سەرەکییەکانی زنجیرە خۆراکی دەریایی پێکدەهێنن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاوەکانی جەمسەری باشووردا دەژین. لەگەڵ لەناوچوونی ئەم زیندەوەرانە کە خۆراکی سەرەکی ماسییە گەورەکانن، نەک تەنها زنجیرە خۆراکی دەریاکان دەشکێت، بەڵکو مرۆڤیش وەک بەکاربەری کۆتایی ڕووبەڕووی کەمی خواردنی دەریایی دەبێتەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کەمبوونەوە و لەناوچوونی چینی ئۆزۆن بەڕێژەی 25% دەبێتە هۆی لەناوچوونی 10%ی ژیانی ئاوی چینی سەرەوەی دەریا و 25%ی ژیانی ئاوی سەر ڕووی دەریا. زیادکردنی مژینی تیشکی سەروو بنەوشەیی لە ڕێگەی زیادبوونی خانە ڕەنگاوڕەنگەکان لە ڕووەک و ئاژەڵدا ناتوانێت ڕێگری لەم لەناوچوونە بکات.

هەوڵی وڵاتان بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن

سەرەتا لە ساڵی 1985 ڕێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پاراستنی چینی ئۆزۆن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەوە پەرەی پێدرا. و دواتر لە ساڵی 1987 پرۆتۆکۆڵی مۆنتریال لەلایەن 46 وڵاتەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکرا.

بەپێی پرۆتۆکۆڵی مۆنتریال، وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵێنیان داوە لە ساڵی ٢٠٠٠دا کۆتایی بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ماددە کەمکەرەوەکانی ئۆزۆن (CFCs، halons، و carbon tetrachloride) بهێنن. و لە ڕووی دارایی و تەکنیکییەوە پاڵپشتی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بکەن. هەروەها بەپێی ئەم پرۆتۆکۆڵە، وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بە دواکەوتنی ١٠ ساڵ، واتە لە ساڵی ٢٠١٠دا، بەکارهێنانی ئەو ماددانە باسکراوانە بوەستێنن.

ئایا دەتوانرێت کونەکانی چینی ئۆزۆن چاک بکرێتەوە؟

ئەگەر وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا و پرۆتۆکۆڵی مۆنتریال ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. و بە پێی خشتەی دیاریکراو بەکارهێنانی ئەو ماددانە نەهێڵن کە چینی ئۆزۆن لەناو دەبەن. ئەوا سووڕی سروشتی دروستبوونی ئۆزۆن دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆی. و کونەکانی چینی ئۆزۆن بێگومان لە ژێر بارودۆخێکی گونجاو و لەباردا چاک دەکرێتەوە. لانیکەم ٥٠ ساڵ دەخایەنێت بۆ چاککردنەوەی ئەم کونانە.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button