بابەتەکانزانستزانیاری گشتی

گڕکان چییە و چۆن دروست دەبێت؟

دیاردەی گڕکان هەمیشە بە درێژایی ساڵانی دوور و درێژی تەمەنی زەوی ڕوویداوە. گڕکانەکان بەهۆی گۆڕانکاری لە چینەکانی خوارەوەی نزیک لە توێکڵی زەوی و هۆکارە دەرەکییەکان ڕوودەدەن. زانایان سەرکەوتوو بوون لە دەستنیشانکردنی ناوەندە چالاکەکانی گڕکانەکان بە پشکنینی ئەو شوێنانەی کە تووشی تەقینەوەی گڕکانەکان دەبن لە جیهاندا، هەرچەندە ناتوانرێت پێشبینی ڕوودانی گڕکانێک بکرێت.

ئەگەر ئارەزووی زانینی دیاردەی گڕکان و هۆکارەکەی هەیە، لەگەڵمان بن. لەم بابەتەدا زانیاریی بەرچاو لەسەر گڕکانەکان دەخەینەڕوو و چالاکترین گڕکانەکانی کوردستان و جیهانتان پێدەناسێنین.

گڕکان چییە و چۆن دروست دەبێت؟

گڕکان دیاردەیەکە لە بواری زانستی جیۆلۆجیدا، کە بە زمانێکی سادە دەتوانرێت بە تەقینەوەی بارستەی تواوە لە کونەکانی سەر ڕووی زەویەوە هەژمار بکرێت. لەسەرەتادا زەوی گۆیەکی تواوە بووە و لەماوەی ساڵانی تەمەنیدا توێکڵی دەرەوە دەگۆڕێت بۆ چینێکی ڕەق و بەهۆی تێپەڕبوونی ماددە تواوەکان بەناو کونیلەکاندا بەشێکی ئەم توێکڵە کون دەبێت و ماددە تواوەکان لە ناوەوە دەگەنە سەر ڕووی زەوی. لە هەموو دیاردەیەکی گڕکاندا تێکەڵەیەک لە بەردی گڕکان و گازی ژێرزەوی و خۆڵەمێش دەتەقێتەوە سەر ڕووی زەوی. گڕکانەکان بەگشتی لەو ناوچانەی زەویدا ڕوودەدەن کە ئاستی توێکڵی زەوی دابەزیوە یان بەرز بووەتەوە.

گڕکان

لە پێناسەی زانستیدا گڕکان بینایەکی جیۆلۆجییە کە لە ڕێگەیەوە ماددە تواوەکانی ناو زەوی دەگەنە توێکڵی دەرەوە و ڕووی زەوی. کەڵەکەبوونی ماددە تواوەکانی ناوەکی زەوی کە بریتین لە گاز و هەڵمی ئاو و بەردی شل لە ناوچەیەکدا دەبێتە هۆی دروستبوونی شاخێکی گڕکان. شاخە گڕکانیەکان لە هەر بەشێکی زەوی دروست دەبن کە پێکهاتەی توێکڵەکەی گونجاوە بۆ تەقینەوەی گڕکان.

پێکهاتەی گڕکانێک بریتییە لە دووکەڵکێش و زالکی تەقینەوە و قووچەکی گڕکان. بەپێی توندی تەقینەوەی گڕکانەکە، تیرەی زالکەکە جیاوازە و ماددە شلەکان لە کاتی ساردبوونەوە شێوەی قووچکە گڕکانەکە دیاری دەکەن. تەقینەوەی گڕکانەکان بریتین لە ماگما و لاڤا و بەرد. ماگما گەرم و شلە و سیلیکاتە و بە کەرەستەی سەرەکی بنیاتنانی بەردەکان دادەنرێت. بەردی گڕکانەکان دوای کەوتنە سەر ڕووی زەوی زوو سارد دەبنەوە. بەردەکانی دەوروبەری گڕکانەکە پێکهاتەیەکی شووشەیییان هەیە و بەردی دانە وردن.

بەردی تواوە

یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی تەقینەوەی گڕکانەکان دروستبوونی کانیاوی گەرمە. دوای لێدانی بەردە گەرمەکان ئاوی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی گەرم دەکرێت و دەچێتە ناو سووڕی ئاوەوە. ئەم پرۆسەیە کانیاوی گەرم لە دەوروبەری شاخە گڕکانیەکان دروست دەکات. کاریگەرییەکانی تری تەقینەوەی گڕکانەکان بریتین لە گۆڕانی کورتخایەنی کەشوهەوا لە جیهاندا. دوای هەر گڕکانێک هەسارەکە دابەزینێکی بەرچاوی پلەی گەرمی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام مردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و وێرانبوونی باڵەخانە و پێکهاتەکان لە کاریگەرییە تێکدەرەکانی تەقینەوەی گڕکانەکانە.

چۆن گڕکانێک دەتەقێتەوە؟

تەقینەوەی گڕکان کاتێک ڕوودەدات کە پەستانی گاز و لاڤا لە ناوەکی زەویدا بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ دەردانی گازی ژەهراوی و خۆڵەمێش و بەرددا دەبێت. تەقینەوە دەتوانێت گەورە یان سووک بێت. هەندێک جار تسونامی، بوومەلەرزە یان لافاوێکی توند بەهۆی توندی تەقینەوەکە ڕوودەدات کە لە ئەنجامی توانەوەی بەفری دەوروبەری شاخەکەوە دروست دەبێت. هەروەها باران بارینی ترش یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی تەقینەوەی گڕکانەکان.

چڕی تەقینەوەی گڕکانەکان پەیوەندی بە پێکهاتەی توخمەکانی ناو ماگما و گازەکانیەوە هەیە. هەروەها بەردی گڕکانەکان جۆری جیاوازیان هەیە. ئەو توخمانەی کە بەردەکان پێکدەهێنن دەبنە هۆی دروستبوونی زالکی گڕکانەکان.

بەگشتی دوای تەقینەوەی گڕکان، بڕێکی زۆر گاز لە زالکەکەیەوە دەردەچێت. تێکەڵبوونی گازە جیاوازەکان و دروستبوونی گازە گڕکانەکان لە قووڵایی زەویدا ڕوودەدات. گازە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە بریتین لە هەڵمی ئاو، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد. هەڵمی ئاو ژەهراوی نییە و دەردانی لە کاریگەری ئەرێنی لەسەر خولی کەشوهەوا هەیە.

تەقینەوەی گڕکان

هەرچەندە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە گازی گەرمخانەیی دادەنرێت و ڕۆڵی هەیە لە گەرمبوونی جیهاندا؛ بەڵام بەپێی ژمارەی تەقینەوەی گڕکانەکان لە ساڵێکدا کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر ئەم پرۆسەیە هەیە. بۆیە هیچ زیانێکی بەرچاو نابێت. لە نێوان گازە دەرچووەکاندا زۆرترین کاریگەری پەیوەندی بە دووەم ئۆکسیدی گۆگردەوە هەیە. هەروەها بارانبارینی ترش بەهۆی بەرهەمهێنانی ترشی سولفوریک لە دووەم ئۆکسیدی گۆگرد لە هەوادا دوای گڕکانەکە ڕوودەدات.

ڕەنگە لە یەکەم نیگادا تەقینەوەی گڕکانێک وەک دیاردەیەکی وێرانکەر دەرکەوێت؛ بەڵام باشە بزانین گڕکانەکان هۆکاری بەپیتی زەوییە بێ بەرهەمەکانن. خۆڵەمێشی گڕکان بە خێرایی شی دەبێتەوە و لەگەڵ خاکەکەدا تێکەڵ دەبێت. هەروەها ئەو گازانەی لە گڕکانەکانەوە دەردەچن بە تێپەڕبوونی کات دەبنە سەرچاوەیەکی بەرچاو. بەهۆی ئەوەی کە بناری شاخەکانی گڕکان بە شوێنێکی سەلامەت و دوور لە مرۆڤ دادەنرێت بۆ گەشەکردنی ڕووەک و ئاژەڵە دەگمەنەکان زۆر گونجاوە. لە لایەکی ترەوە تەقینەوەی گڕکانەکان زەوی سارد دەکەنەوە و بە تێپەڕبوونی کات چەندین دوورگەیان دروست کردووە. هەروەها ئەو نیشتووانەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە دروست دەبن بۆ ئامادەکردنی زۆرێک لە ئامێرە پیشەسازی و تەندروستییەکان بەکاردەهێنرێن.

گڕکانەکان چۆن چالاک دەبن؟

دوای ئاشنابوون بە چەمکی دیاردەی گڕکان و شێوەی تەقینەوەکەی، لەوانەیە ئەو پرسیارە لە مێشکتدا سەرهەڵبدات: بۆچی گڕکان ڕوودەدات یان چۆن گڕکانێک چالاک دەبێت؟

تەقینەوەی گڕکان زۆر زیاترە لەوەی کە لەسەر ڕووی گڕکان دەیبینین. لە ڕاستیدا کارلێکەکانی ناو زەوی لەگەڵ هۆکارە دەرەکییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی دیاردەی گڕکانەکە. جوڵەی پلێتەکانی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا و جوڵەی ماگما لە نزیک ناوەکی زەوی هۆکاری سەرەکی تەقینەوەی گڕکانەکانن.

بەردی چینەکانی خوارەوەی زەوی بەهۆی گەرمی ناوەکی زەویەوە دەتوێتەوە و شلەیەکی تواوە بەرهەم دەهێنن کە پێی دەوترێت ماگما کە پلەی گەرمی بەرزە. ئەم لاڤایانە لە ژێر توێکڵێکی ڕەقدا بە شاراوەیی دەمێننەوە تاوەکو دەست دەکەن بە جووڵە بەرەو سەرەوە بەهۆی کەمبوونەوەی چڕییانەوە. لەم قۆناغەدا گازەکانی ناو لاڤا تا ١٠٠٠ هێندەی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان گەشە دەکەن، کە ئامادەیە وەک بۆمبێک بتەقێتەوە. لەگەڵ گەیشتن بە درزی توێکڵی زەوی، لاڤای ماگما دەردەچێت و تەقینەوەیەک ڕوودەدات بە پلەی گەرمی زیاتر لە ١٠٠٠ پلەی سەدی بە خێرایی ٧٠٠ کم/کاتژمێر.

ماگما

لە هەندێک تەقینەوەی گڕکانەکاندا بەهۆی زیادبوونی وزەی گازە فراوانبووەکانەوە تەقینەوەی یەک لە دوای یەک ڕوودەدات. کەمی هێزی بەردەکانی ژێرزەوی زەوی و گۆڕانی توندی کەشوهەوا وەک توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانی سروشتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەگەری چالاکبوونی گڕکانە خەوتووەکان هەیە. هەروەها بوومەلەرزە ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە دروستبوونی تەقینەوەی گڕکانەکان بەهۆی ڕەهابوونی پلاکی ژێرزەوی زەوی.

سەرەڕای پێشکەوتنی ڕۆژانەی تەکنەلۆژیا لە بواری لێکۆڵینەوە لە گازەکانی دەوروبەری گڕکانەکان و هەروەها لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییە گەرمییەکانی قووڵایی زەوی، بەڵام هێشتا ناتوانرێت مرۆڤ پێشبینی ڕوودانی دیاردەی گڕکانەکان بکات. هەرچەندە زاناکان توانیویانە گڕکانە چالاکەکان یان شاخەکان دەستنیشان بکەن کە ئەگەری چالاکیی گڕکانەکانیان هەیە، بەڵام کەس نازانێت کەی گڕکانەکان تەقینەوە.

گڕکانەکانی کوردستان

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کوردستان بەشێکە لە پشتێنەی ئۆرۆجینیکی ئەلب- هیمالایا کە پشتێنەیەکی تەکتۆنیکە، چەندین چیای گڕکانی وەکوو چیای ئاگرین، چیای قەرجەداغ و چیای تەندورەک لە باکوری کوردستان هەلکەوتوە.

ئەشکەوتێک لە ناو قەرجەداغ، گڕکانێکی جۆری قەڵغان لە نزیک دیاربەکر.
ئەشکەوتێک لە ناو قەرجەداغ، گڕکانێکی جۆری قەڵغان لە نزیک دیاربەکر.

کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە چالاکیی پچڕپچڕی گڕکانەکان؛ لەگەڵ دوایین تەقینەوە لە ١٢ی پووشپەڕی ١٨٤٠، کاتێک ماگما ئاوی ناو چیاکەی گەرم کرد و بووە هۆی تەقینەوە لەسەر چیای ئارارات. کاریگەرییەکە بووە هۆی لەرزینێکی زەوی کە گوندەکانی دەوروبەری و هەزار و ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەم تەقینەوەیە ماوەیەکی زۆرە زانایانی تووشی سەرسووڕمان کردووە، چونکە چیای ئارارات چەند سەد کیلۆمەترێک لە سنووری تەکتۆنیکی ئەلب- هیمالایا دوورە. زۆربەی گڕکانەکان لە دەوری خاڵە فۆکەسییەکان لە لێوارەکانی پلاکی تەکتۆنیکیدا کۆدەبنەوە.

چیای ئاگری
چیای ئاگری

گڕکانە چالاکەکانی جیهان

لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان چیای گڕکانی چالاک هەن کە تەقینەوەی گڕکانەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا لە شارەکانی دەوروبەری شاخەکەدا زیانی زۆریان لێکەوتووەتەوە؛ بەڵام کاتێک گڕکانێک لە شوێنێکی جیهان دەتەقێتەوە، هەموو جیهان کاریگەری ئەم ڕووداوەیان لەسەرە.

بڕی دوکەڵ و خۆڵەمێش کە لە گڕکانەکانەوە دەچێتە هەوا، ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە تیشکی خۆر بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ماوەیەکی بەرچاو. بەپێچەوانەی پێشبینی گشتی گەرمبوونی زەوی بەهۆی دیاردەی گڕکانەکەوە، تەنها لە مەودایەکی کورتدا دوای ئەم دیاردەیە بەهۆی ئەو بڕە دوکەڵەی لە ئاسماندا دەمێنێتەوە و تیشکی خۆر نەگاتە سەر زەوی، ناوچەکانی دەوروبەری گڕکانەکە ئەزموونێکی بەرچاو دەکەن لە دابەزینی پلەی گەرمی. لە هەندێک حاڵەتدا تەقینەوەی دوکەڵ تا ماوەیەکی زۆر دواتر بەردەوام دەبێت؛ هاوشێوەی گڕکانی ئاگونگ، تا دوای ١١ مانگ، خەڵکی دوورگەی بالی نەیانتوانی تیشکی خۆر ببینن و لە ئەنجامدا ساڵێکیان بەبێ هاوین ئەزموون کرد لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما. هەروەها ئەم دیاردەیە کاریگەری لەسەر تێکڕای پلەی گەرمی هەوای هەموو جیهان هەبوو و لە ئەنجامدا دابەزینێکی بەرچاو لە تێکڕای پلەی گەرمی هەوای جیهانی هەسارەکە لەو ساڵەدا بەدیکرا.

زۆرێک لە وڵاتان لە کیشوەرە جیاوازەکاندا چیای گڕکانی چالاکیان هەیە، کە تەقینەوەی گڕکانەکانیان بەداخەوە یەکێک بووە لە کوشندەترین کارەساتەکانی سروشتی لە مێژوودا. لەم بەشەی بابەتەکەدا چالاکترین گڕکانەکانی جیهان بە پێی وڵات دەناسێنین.

ئەندەنوسیا

یەکێک لە کوشندەترین تەقینەوەی گڕکانەکان لە ساڵی ١٨١٥ لە ئەندەنوسیا ڕوویدا. ئەم تەقینەوەیە لە چیای تەمبۆرا لە دوورگەی سومباوا زالکێکی بە تیرەکەی نزیکەی ٦٥٠٠ مەتر کردەوە و تەقینەوەی گڕکانەکەش نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر فڕێدرایە هەوا. لە کاتی تەقینەوەکەدا نزیکەی ١٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی گیانی دوای ئەم تەقینەوەیە بە نزیکەی ٨٢ هەزار کەس خەمڵێندراوە. ڕوودانی ئەم گڕکانە بووە هۆی ساردی کەش و هەوا و ساڵێک بێ هاوین، ئەمەش بەهۆی داپۆشینی ئاسمانەوە بوو بە دوکەڵ و خۆڵەمێش دوای تەقینەوەکە و نەگەیشتنی تیشکی خۆر بۆ سەر زەوی. ئەم شاخە بۆ دواجار لە ساڵی ١٩٦٧ تەقیەوە.

چیای ئاگونگ، دوورگەی بالی
چیای ئاگونگ، دوورگەی بالی

یەکێکی دیکە لە چیا گڕکانیەکان لە ئەندەنوسیا چیای ئاگونگە لە ڕۆژهەڵاتی دوورگەی بالی. ئەم چیایە بە بەرزی زیاتر لە ٣٠٠٠ مەتر لە ساڵی ١٩٦٣ تەقیوەتەوە. دوایین تەقینەوەی چیای ئاگونگ دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠ ساڵ لەمەوبەر. تەقینەوەی گڕکانی ئاگونگ لەمساڵەدا نزیکەی ١١ مانگی خایاند و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٦ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون. دوایین جار لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕۆیشتنی غاز و لاڤا لە زالکی ئەم گڕکانەوە بینرا و تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی سووک بەردەوامە. ئەم چیایە بە یەکێک لە مەترسیدارترین گڕکانە چالاکەکانی جیهان دادەنرێت.

فلیپین

لە نێوان ئەو وڵاتانەی تر کە لەم ساڵانەی دواییدا تەقینەوەی گڕکانێکی کوشندەیان بەخۆیەوە بینیوە، دەتوانرێت ئاماژە بە فلیپین بکرێت. لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی چیای پیناتوبۆ نزیکەی ٨٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا. خۆڵەمێش و دوکەڵی ئەم تەقینەوەیە فڕینەکانی پەکخست و لە ساڵی دواتردا پلەی گەرمی پێنج پلە دابەزاند. لە ماوەی ساڵی دواتردا بارانێکی ترش ئەم ناوچەیەی گرتەوە و زیانی زۆری هەبوو. شتێکی سەرنجڕاکێشی گڕکانی پیناتوبۆ ئەوەیە کە پێش ڕووداوەکەی ساڵی ١٩٩١ ئەم شاخە هەرگیز چالاک نەبووە و نە تەقیوەتەوە؛ بەڵام یەکەم تەقینەوەی ئەم شاخە بوو بە یەکێک لە بەهێزترین تەقینەوەی گڕکانەکانی جیهان.

چیای پیناتوبۆ
چیای پیناتوبۆ

چیای کانلاڤن یەکێکی دیکەیە لە گڕکانە چالاکەکانی فلیپین، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بەهۆی تەقینەوەی دوکەڵ و خۆڵەمێشەوە کێشەی بۆ هێڵە ئاسمانییەکان دروستکرد کە لە زەریای هێمن دەپەڕنەوە. ئەم شاخە دەکەوێتە دورگەی “نیگرۆس” و بەرزییەکەی نزیکەی ٢٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. شاخێکی تری گڕکانی ئەم وڵاتە ناوی “تال”ە و دەکەوێتە دووری ٥٠ کم لە مانیلا. گڕکانی تاڵ یەکێکە لە گڕکانە مەترسیدارەکانی جیهان، کە لە ساڵی ١٥٧٢ەوە تا ئێستا ٣٣ جار تەقیوەتەوە و بە یەکێک لە گڕکانە چالاکەکانی جیهان دادەنرێت. ئەم شاخە دەکەوێتە ناوەڕاستی دوورگەیەک و دیمەنێکی جوانی هەیە. ئەو گڕکانانەی باسکراون لە فلیپین لە چالاکترین گڕکانەکانی جیهانن.

ئەمریکا

بەهۆی فراوانی و هەمەجۆریی جوگرافییەوە، ئەمریکا خاوەنی چەندین چیای گڕکانی چالاکە. زانایانی جیۆلۆجی و زانایانی ئەمریکی پێنج شاخی ئەم وڵاتە بە مەترسیدارترین گڕکانە چالاکەکانی جیهان دەزانن کە ئەگەری تەقینەوەی توندیان هەیە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی زانایانی ڕێکخراوی جیۆلۆجی ئەمریکی، 10%ی گڕکانە چالاکەکانی جیهان لەم وڵاتەدا هەڵکەوتوون. لە نێوان ١٦١ گڕکانی چالاک و گەنج لە ئەمریکا، ١٨ گڕکانیان دەتوانرێت بە مەترسییەکی جددی بۆ ئەم وڵاتە و جیهان هەژمار بکرێت.

گڕکانی چیای کیلاویا لە دوورگەکانی هاوایی یەکێکە لە پێنج گڕکانە چالاکەکانی ئەم دوورگەیە. هەروەها گڕکانی ماونا لۆا دەکەوێتە دوورگەکانی هاوایی و گەورەترین گڕکانە لە جیهاندا، بەرزییەکەی دەگاتە ١٠ کم لە لوتکەوە تا بنی زەریاکە. هەروەها ویلایەتی واشنتۆن خاوەنی چەندین گڕکانی چالاکە. چیای ڕینێر کە بەرزترین شاخی ئەمریکایە، بە یەکێک لە مەترسیدارترین گڕکانە چالاکەکانی جیهان دادەنرێت و تەنها ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سیاتڵەوە دوورە. چیای سانت هێلێنس لەم ویلایەتەدا لە ساڵی ١٩٨٠ بە تەقینەوەیەکی توندوتیژ تەقیەوە و چەندین کیلۆمەتر دارستانەکانی دەوروبەری لەگەڵ ئاژەڵەکاندا وێران کرد. لەم کارەساتە سروشتییەدا ٥٧ کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم تەقینەوەیە بە کوشندەترین گڕکان دادەنرێت لە ئەمریکا. شاخەکانی “گلاسیێر” و “بەیکەر” لە گڕکانە چالاکەکانی دیکەی ویلایەتی واشنتۆنی ئەمریکان.

چیای سانت هێلێنس
چیای سانت هێلێنس

ویلایەتی ئەلاسکا لە ئەمریکا زۆرترین پشکی لە شاخەکانی گڕکانی چالاک لەم وڵاتەدا هەیە. چیای ڕێدابت کە بەرزییەکەی زیاتر لە ٣٠٠٠ مەتر بووە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٩ تەقیوەتەوە. چیای “ئاکوتان” دەکەوێتە دوورگەیەک کە هەمان ناوە و دوایین تەقینەوەی گڕکانەکانی لە ساڵی ١٩٧٩ بووە. لە چیای “ماکوشین” دوایین تەقینەوەی گڕکان لە ساڵی ١٩٩٥ ڕوویدا. شاخی “سپێر” کە بەرزییەکەی ٣٣٠٠ مەتر بووە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٤ تەقیوەتەوە. گڕکانی ئۆگستین کۆمەڵێک قوبە و لێشاوی لاڤایە کە دەکەوێتە دوورگەیەک لە کەنارەکانی باشووری ئەلاسکا و دوایین تەقینەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ ڕوویداوە.

ئیتاڵیا

چیای ڤیزۆڤیۆس، یەکێکە لە گڕکانە چالاکەکانی ئەوروپا، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناپۆلی لە ئیتاڵیا. لە تەقینەوەی گڕکانی ئەم شاخەدا لە ساڵی ١٩٤٤ شارەکانی پۆمپیۆ، هێرکۆلینیۆم، نۆکرانیۆم، ئۆپلۆنتیس و ستابیا لە ژێر لاڤای گڕکانەکاندا نێژراون و تا ئەمڕۆش بە هەمان شێوە پارێزراون. تیرەی دەمی ئەم گڕکانە نزیکەی ٤٠٠ مەتر دەبێت و ماوەیەکە بێدەنگ بووە، بەڵام چالاکیی گڕکانی ئەم شاخە تا ئێستاش چاودێری دەکرێت.

لە نێو گڕکانە چالاکەکانی دیکەی ئیتاڵیا، دەتوانرێت باسی چیای ئیتنا بکرێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەی سیسیلیا. بەرزی ئەم شاخە گڕکانە نزیکەی ٣٣٥٠ مەتر دەبێت و یەکەم تەقینەوەی بۆ زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە تەقینەوەی ئەم شاخە گڕکانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس. دوایین تەقینەوەی ئەم شاخە لە ساڵی ٢٠١١ ڕوویدا. چیای ئیتنا یەکێکە لە گڕکانە چالاکەکانی جیهان.

ژاپۆن

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای تایبەتی ژاپۆن یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆرترین بوومەلەرزە لە جیهاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. شاخەکانی گڕکانی ئەم وڵاتە ئەگەری چالاکبوونیان زۆرە بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزەی سەختەوە. چیای ئاسۆ یەکێکە لە گڕکانە گەورەکانی ژاپۆن کە دەکەوێتە دوورگەی کیۆشۆ، بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٦٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە. لە دوورگەی میاکۆجیما کە بەشێکە لە پارێزگای تۆکیۆ، شاخێکی گڕکانی چالاک هەیە.

چیای فوجی
چیای فوجی

چیای فوجی کە بەرزترین چیای ژاپۆنە، بە یەکێک لە گڕکانە گرنگەکانی ئەم وڵاتە دادەنرێت، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بێدەنگ بووە. ئەم شاخە دەکەوێتە ڕۆژئاوای تۆکیۆ و دوایین تەقینەوەی گڕکانەکەی لە ساڵی ١٧٠٧ ڕوویداوە. بەڵام جێی سەرنجی ئەوەیە کە ئەم چیایە نزیکە لە شاری تۆکیۆ و ڕوودانی بوومەلەرزەی سەختە لە دەوروبەری چیای فوجی کە سەرنجی زانایانی جیۆلۆجی بۆ کاراکردنەوەی ئەو شاخە ڕادەکێشێت؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەردەوام چاودێری چالاکییەکانی چیای فوجی دەکەن.

لەم نووسینەدا هەوڵمان دا زانیاری بەسوود سەبارەت بە دیاردەی گڕکانەکان بدەین و هەروەها ناوی گڕکانە چالاکەکانی کوردستان و جیهانمان هێنا. دەتوانن لە خوارەوە بۆچوونی خۆتان لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕن بۆ ئەوەی ئێمە و بەکارهێنەرانی تر سوودیان لێ وەربگرین.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button