بابەتەکانزانستگرنگ

تەمەنی زەوی چەندە؟

تا ئێستا زانایان ڕێگایەکی ڕاستەوخۆیان نەدۆزیوەتەوە بۆ دیاریکردنی تەمەنی وردی زەوی لە بەردەکانی زەویەوە. چونکە کۆنترین بەردەکانی زەوی بە پرۆسەی تەکتۆنیکی پلێتەکان ڕیسایکل کراون و لەناوچوون. ئەگەر هەریەکێک لە بەردی سەرەتایی زەوی لە دۆخی سەرەتایی خۆیدا مابێتەوە، ئەوا هێشتا نەدۆزراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش زانایان توانیویانە تەمەنی ئەگەری کۆمەڵەی خۆر دیاری بکەن و تەمەنێک بۆ زەوی حیساب بکەن بە گریمانەکردنی ئەوەی کە زەوی و باقی تەنە ڕەقەکانی کۆمەڵەی خۆر لە هەمان کاتدا دروست بوون و هاو تەمەنن.

بە پشکنینی تەمەنی بەردەکانی ناو توێکڵی زەوی، هەروەها بەردەکانی سەر هەسارەکانی دراوسێ و لێکۆڵینەوە لە نەیزەکەکان، زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە زەوی تەمەنی نزیکەی ٤.٥٤ ملیار ساڵە.

تەمەنی زەوی چەندە؟

زانایان ئەم تەمەنەی زەویان لە ڕێگەی ڕادیۆمێترییەوە دیاری کردوە. لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە ئایزۆتۆپەکانی هەندێک لە توخمە تیشکدەرەکان بە ڕێژەیەکی پێشبینیکراو دەشێوێن و دەگۆڕێن بۆ توخمەکانی تر. بە پشکنینی ئەو توخمانەی کە ئێستا بوونیان هەیە، زانایان دەتوانن بڕی سەرەتایی توخمێکی تیشکدەر حیساب بکەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت کاتی شی بوونەوەی توخمەکانیش بخەمڵێندرێت. لە کۆتاییدا تەمەنی بەردەکان و زەوی بەم شێوازە دیاری دەکرێت.

دیاریکردنی تەمەن بە شێوەی ڕادیۆمێتری:

ڕادیۆمێتری، شێوازێکی زانستی بەهێزە کە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی تەمەنی زەوی و ماددە جیۆلۆجییە جیاوازەکان بە وردبینییەکی سەرنجڕاکێش. بنەمای بنەڕەتی پشت ڕادیۆمێتری لە خراپبوونی توخمە تیشکدەرەکاندایە کە لە بەرد و کانزاکاندا دەبینرێن. هەندێک توخمە تیشکدەرەکان کە بە ئایزۆتۆپی دایک ناسراون، بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی خۆبەخۆ شی دەبنەوە و دەبنە ئایزۆتۆپی جێگیر، کە بە ئایزۆتۆپی کچ ناودەبرێن. بە پێوانەکردنی ڕێژەی ئایزۆتۆپەکانی دایک بۆ کچ لە نمونەیەکدا، زانایان دەتوانن ئەو کاتەی کە لە سەرەتای دروستبوونی مادەکەوە تێپەڕیوە، دیاری بکەن.

ڕادیۆمێتری

پێشکەوتن لە ڕادیۆمێتریدا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوو کاتێک توێژەران وەک بێرترام بۆڵتوود پێشەنگ بوون لە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ خەمڵاندنی تەمەنی بەرد و کانزاکان. دواتر تەکنیکەکانی ڕادیۆمێتری زیاتر پاڵاوتران و بەکارهێنانیان لە دەرەوەی زەوی بۆ تەنە ئاسمانییەکانی دیکە، لەنێویاندا مانگ. لە ڕاستیدا تەمەنی مانگ بە شیکردنەوەی ئەو بەردانەی مانگ دیاریکرا کە لەلایەن ئەرکەکانی ئەپۆلۆوە لە کۆتاییەکانی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان هێنراونەتەوە. ئەمەش بەڵگەی گرنگ بۆ ڕەوایی و متمانەپێکراوی تەمەنە تیشکپێوانییەکان دەخاتە ڕوو. ئەمڕۆش ڕادیۆمێتری وەک ئامرازێکی سەرەکی ماوەتەوە بۆ دیاریکردنی بەرد و بەردبووەکان و هەر ئاسەوارێکی کۆنی تر.

کۆنترین بەردەکانی سەر زەوی:

کۆنترین بەرد کە تا ئێستا لەسەر زەوی دۆزراوەتەوە بریتییە لە ئاکاستا گنیس کە تەمەنی نزیکەی ٤.٠٣ ملیار ساڵە و لە نزیک دەریاچەی Great Slave لە باکووری کەنەدا دۆزرایەوە. بەڵام بەردەکانی کۆنتر لە ٣.٥ ملیار ساڵ دەتوانرێت لە هەموو کیشوەرەکاندا بدۆزرێتەوە. گرینلاند بەردی سوپەرکریستاڵی Isuaی هەیە کە تەمەنیان نزیکەی ٣.٧ بۆ ٣.٨ ملیار ساڵە. هەروەها بەردەکانی سوازیلاند تەمەنیان بە نزیکەیی ٣.٥ ملیار ساڵە. تەمەنی ئەم نمونانە لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا دەگاتە ٣.٤ بۆ ٣.٦ ملیار ساڵ.

ئاکاستا گنیس، باکووری کەنەدا
ئاکاستا گنیس، باکووری کەنەدا

دوای ئەمەش گروپە توێژینەوەکان لە ئوسترالیا توانیان کۆنترین کانزای لەسەر زەوی بدۆزنەوە. تەمەنی ئەم کریستاڵانەی زیرکۆنیۆم سیلیکات دەگاتە ٤.٣ ملیار ساڵ. بەم شێوەیە دەتوانرێت وەک کۆنترین مادەی زەوی بناسرێتەوە کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە. بەڵام تا ئێستا ئەو بەردانەی کە سەرچاوەی ئەم دانە کانزایانەن نەدۆزراونەتەوە.

ئەو بەرد و زیرکۆنیۆمانەی تەمەنیان ٤.٣ ملیار ساڵە تەنها دەتوانن کەمترین تەمەنی زەوی دیاری بکەن. چونکە لە هەر حاڵەتێکدا تەمەنی زەوی دەبێت کۆنتر بێت لە تەمەنی ئەو بەردانەی لەسەری دۆزراونەتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٣ جیۆکیمیایەکی بەناوبانگی پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا بەناوی “کلێر کامیرۆن پاتەرسۆن” دەستیکرد بە پێوانەکردنی ڕێژەی ئایزۆتۆپەکانی قوڕقوشم لە نمونەی نەیزەکیدا. ئەم پێوانەیە سنوورێکی پتەو بۆ تەمەنی زەوی دادەنێت. ئەو نەیزەکیانەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر کرد تەمەنیان لە نێوان ٤.٥٣ بۆ ٤.٥٨ ملیار ساڵ بوو. زانایان ئەم قۆناغە بە کاتی پەرەسەندنی کۆمەڵەی خۆر دەناسن. پەرەسەندنی کۆمەڵەی خۆر ڕووداوێکی وردە وردە و لە ماوەی نزیکەی ٥٠ ملیۆن ساڵدا ڕوویداوە.

لە کۆتاییدا زانایان توانیویانە تەمەنی زەوی دیاری بکەن کە نزیکەی ٤.٥٤ ملیار ساڵ دەبێت، نەک تەنها بە بەکارهێنانی بەردەکانی سەر هەسارەکە، بەڵکو بە هاوکاری ئەو زانیاریانەی کە لەو سیستەمە کۆکراونەتەوە کە هەسارەکەمان تێیدا هەڵکەوتووە.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button