بابەتەکانتەندروستیگرنگ

تای دێنگی چییە؟ هۆکاری، نیشانەکانی و چارەسەری ئەم نەخۆشیە چین؟

“مێشوولەی ئایدێس” یان “مێشوولەی خوێنبەربوون” کە بە “پڵنگی ئاسیا”ش ناسراوە، جۆرێکە لە مێروو کە دەتوانێت نەخۆشییە مەترسیدار و کوشندەکانی وەک “تای دێنگی” و “زیکا” بگوازێتەوە. ئەم مێشوولە زۆرجار لە ناوچە گەرمەکاندا دەبینرێت، بەتایبەتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. هەرچەندە لە ئێستادا لە زیاتر لە 100 وڵاتدا بینراوە. تا ئێستا تای دێنگی لە زۆر وڵاتدا بڵاوبووەتەوە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە. لەم بابەتەدا جگە لە ناسینی زیاتر لەسەر ئەم مێرووە، ئاگاداری نیشانەکانی پێوەدانی ئایدیس و ڕێگاکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی دەبین.

مێشوولەی ئایدس چییە و چ مەترسییەکی هەیە؟

مێشوولەی ئایدێس زیاتر لە ناوچە گەرمەکاندا دەبینرێت. ئەم مێرووە دەتوانێت هەڵگری ڤایرۆسی دێنگی بێت کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە تای دێنگی لە مرۆڤدا. نەخۆشی دێنگی، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولەی تووشبووی ئایدیسەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ئەگەر کەسێک تووشی ئەم نەخۆشییە بوو، نیشانەی جیاواز (ڕووکەش یان توند) دەردەکەون. ئەگەر نەخۆشییەکە نیشانەی توندی لەگەڵدا بێت، ئەوا دەبێتە هۆی کۆما و وردە وردە تێکچوونی ئەندامەکانی ناوەوە و تەنانەت مردنیش.

لە ئێستادا نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی دێنگی هەیە و بەپێی خەمڵاندنەکان ساڵانە ١٠٠ بۆ ٤٠٠ ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکە دەبن.

تای دێنگی چییە؟

تای دێنگی (Dengue fever) کە بە “تای ئێسک شکێن” و “ئەنفلۆنزای گەرم” ناسراوە، ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە بە هەمان ناوەوە دروست دەبێت. ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی مێشوولەی ئایدیسەوە دەگوازرێتەوە. تای دێنگی بە خێرایی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە و ئێستا بە نەخۆشییەک دادەنرێت کە سەرهەڵدەداتەوە.

تای دێنگی

مێشوولەی ئایدێس چۆن گواستراوەتەوە بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان؟

هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە بازرگانی تایەی دەستی دوو کە بڕێکی زۆر لە هێلکەی ئەم مێشوولەی تێدایە، بازرگانی ڕووەکی ئاوی و بامبۆ، گواستنەوەی کەلوپەل لە سەرانسەری جیهان و هتد بووە هۆی گواستنەوەی ئەم مێرووە و هێلکەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان؛ بەم شێوەیە ئەم مێشوولە توانیویەتی بە باشی خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێدا بگونجێنێت و زۆر بێت.

نیشانەکانی پێوەدانی مێشوولەی Aedes چین؟

زۆربەی ئەو کەسانەی کە مێشوولەی ئایدێس پێوەیان دەدا، تووشی تای دێنگی دەبن، بەڵام زۆربەیان نیشانەکانی سووکیان هەیە و لە ماوەی 1 بۆ 2 هەفتە چاک دەبنەوە. نیشانە سووکەکان بەزۆری ٤ بۆ ١٠ ڕۆژ دوای تووشبوون دەردەکەون و ٢ بۆ ٧ ڕۆژ دەخایەنێت. نیشانەکانی لەوانەیە بریتی بن لە:

  • بەرزی تای (40 پلەی سەدی)
  • سەرئێشەی توند
  • ئازاری پشت چاو
  • ئازاری ماسولکە و جومگەکان
  • هێڵنج
  • ڕشانەوە
  • هەڵئاوسانی ئەندامی رژێنی
  • دەرکەوتنی شانە و خوران و زیپکە لە بەشە جیاوازەکانی جەستەدا

لە هەندێک حاڵەتدا، بە هۆکارێک کە هێشتا ڕوون نییە، ڕەوتی کلینیکی ئەم نەخۆشییە ڕەنگە ببێتە هۆی تایەکی توند. بەزۆری ئەمە دوای کەمبوونەوەی تای سەرەتایی ڕوودەدات.

زۆرجار نیشانەکانی تای دێنگی توند بریتین لە:

  • ئازاری توندی سک
  • ڕشانەوەیەکی بەردەوام
  • هەناسەدانی خێرا و بەردەوام
  • خوێنبەربوونی پووک یان لووت
  • ماندوێتی
  • نائارامی
  • خوێن لە ڕشانەوە یان پیساییدا
  • تینوێتی زۆر
  • لاوازی

ئەو کەسانەی ئەم نیشانانەیان هەیە پێویستە دەستبەجێ چاودێری بکرێن. ئەو کەسانەی کە بۆ جاری دووەم تووشی نەخۆشییەکە دەبن، زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی خوێنبەربوونی توند هەیە.

دوای پێوەدانی مێشوولەی ئایدێس چی بکەین؟

دەستنیشانکردنی تای دێنگی لە نیشانەکانییەوە کەمێک قورسە؛ لە ڕاستیدا نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم نەخۆشییە هاوشێوەی ئەنفلۆنزایە و لەوانەیە ببێتە هۆی نیشانەکانی هاوشێوەی مەلاریا یان تایفۆید. بەڵام بە بەکارهێنانی پشکنینی خوێن و دۆزینەوەی ڤایرۆسی تای دێنگی یان دژەتەنەکەی لە جەستەدا، ئەم نەخۆشییە دەستنیشان دەکرێت.

ئەگەر مێشوولەی ئایدیس پێوەی دایت یان نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە جەستەتدا دەرکەوت، پێویستە بۆ چارەسەرکردن ئەمانەی خوارەوە ڕەچاو بکەیت:

  • لە هەنگاوی یەکەمدا بچۆ بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و دڵنیابە کە ئەم نەخۆشیەت هەیە.
  • پاشان پێویستە پشوویەکی تەواوت هەبێت.
  • شلەمەنی زۆر بخۆرەوە.
  • بۆ کۆنترۆڵکردنی ئازار، ئەسیتامینۆفین بەکاربهێنە ئەگەر پزیشکەکەت بۆتی نووسیوە.
  • دوور بکەوەرەوە لە دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید، وەک ئیبوپڕۆفین و ئەسپرین، کە ئەگەری خوێنبەربوون زیاد دەکەن.
  • ئاگاداری نیشانە توندەکان بە و ئەگەر هەستت بە هەر نیشانەیەک کرد بە زووترین کات پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە.
مێشوولەی ئایدیس
مێشوولەی ئایدێس

ڕێگاکانی پاراستن لە پێوەدانی مێشوولەی ئایدێس:

خۆشبەختانە ئەم مێشوولانە زۆرجار لە ڕۆژدا چالاکن، وە دەتوانیت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەربوون کەم بکەیتەوە بە خۆپاراستن لە پێوەدانی مێشوولە بەم شێوەیە:

  • ئەو جلوبەرگانەی کە تا دەتوانیت جەستەت داپۆشێت بە کاربهێنە.
  • لەبەرکردنی جل و بەرگی ڕەنگی گەشاوە؛ بەهۆی حەزکردنی ئایدیس بۆ ڕەنگی تۆخ، باشترە جل و بەرگی سووک و شل لەبەر بکرێت بۆ ئەوەی گازگرتن نەبێت.
  • بەکارهێنانی تۆڕی مێشوولە لە کاتی خەوتن لە ڕۆژدا.
  • بەکارهێنانی سپرا یان قەڵەمی مێروو دوورخەر.
  • بەکارهێنانی مێروکوژی گونجاو لە دەفری هەڵگرتنی ئاوی دەرەوە.
  • فڕێدانی پاشماوەی ڕەق و لابردنی ئەو دەفرانەی کە دەتوانن ئاو هەڵبگرن و ببنە شوێنی نیشتەجێبوونی مێشوولە.
  • داپۆشینی ئاوەڕۆ و پاککردنەوەی دەفری هەڵگرتنی ئاوی ماڵان بە شێوەیەکی هەفتانە.

مێشوولەی ئایدێس هەڵگری نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک تای دێنگی، چیکۆنگونیا و زیکایە. ئەم نەخۆشیانە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک تا، سەرئێشە، ئازاری ماسولکە و جومگەکان، هەروەها پەڵەی پێست و لە حاڵەتە توندەکاندا، دەتوانن ببنە هۆی مردن.

ئەم مێرووە لە ناوچە گەرمەکاندا زاوزێ دەکات، لە ئاوی وەستاودا وەک ئاوی کۆکراوە لە ناو گۆزە، ڕووەکی بامبۆ، ئەو شوێنانەی کە ئاوی فێنکتر کۆدەبێتەوە، دەفری ئاژەڵ، تایەی کۆن و هتد دەژیت.

مێشوولەی ئایدێس لە جیهاندا لە زیادبوون و فراوانبووندایە و لە ئێستادا زۆرێک لە وڵاتان تووشی تای دێنگی بوون. بەهۆی سەختی ئەم نەخۆشییە باشترە ڕێوشوێنی سەلامەتی جێبەجێ بکەیت و سەردانی پزیشکی گشتی بکەیت ئەگەر مێشوولەی ئایدێس پێوەی دایت.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button