بابەتەکانزانیاری گشتی

ئەشکەوتی کەرەفتوو ئەشکەوتێکی پڕ لە نهێنی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەشکەوتی کەرەفتوو:

ئەشکەوتی کەرەفتوو (Karaftu Cave) کە شوێنەوارێکی کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین، دەکەوێتە ٧٠ کم لە باکووری ڕۆژئاوای شاری دیواندەرە لە پارێزگای سنە و یەکێکە لە درێژترین و گرنگترین ئەشکەوتە مێژووییەکانی کوردستان. بەشێک لە بەشەکانی لە لایەن مرۆڤەوە گۆڕدراون و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بە گەورەترین ئەشکەوتی دەستکەندی کوردستان ناسراوە. خەمی دووری ئەشکەوتەکە مەخۆ، پێویستت بە ڕۆیشتنێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی بگەیتە ئەم ئەشکەوتە، بەڵام دەبێت بە ١٨٠ پلیکاندا بڕۆیتەسەرەوە و ئەم ئەشکەوتە پڕە لە پێچ و پەنا کە هێشتا هەموو ڕێگاکانی نەدۆزراونەتەوە. لە ئەشکەوتی کەرەفتوو دوو بەش هەیە، سروشتی و دەستی. بەشی دەستی پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا و بە یەکێک لە مۆدێلە تەلارسازییە ناوازەکان دادەنرێت. ئەم ئەشکەوتە لە ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی وەک یەکێک لە شوێنەوارە نەتەوەییەکانی ئێران تۆمار کراوە.

 ئەشکەوتی کەرەفتوو
ئەشکەوتی کەرەفتوو

مێژووی ئەشکەوتی کەرەفتوو:

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و ئەو نووسراوانەی لەم ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە شوێنی نیشتەجێبوون بووە. بەکارهێنانی فەزای ئەشکەوتەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی سەلیوسی و ئەشکان و ساسانی و ئیسلامی. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە شوێنەواری ژیان لەم ئەشکەوتەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو و کۆتایی هەزارەی پێنجەمی پێش زایین. ئەشکەوتی کەرەفتوو ٤ قۆناغی نیشتەجێبوونی هەیە، کە پێش مێژوو، پارتی، ساسانی، ئیسلامی. بێگومان له سه ڕدەمی پێش ئیسلام وەک ناوەندێک بۆ نزاکردن به کاردەهێنرا، بەڵام له سەڕدەمی ئیسلامیدا وەک شوێنی نیشته جێبوون یان شوێنێک بۆ بەڕگریکردن به کاردەهێنرا.

تەلارسازی ئەشکەوتی کەرەفتوو:

لە بەشی پێشەوەی ئەشکەوتەکەدا چوار نهۆمی تەلارسازی بەردین هەیە و هەر نهۆمێک چەند ژووری هەیە کە پەنجەرە تێدایە. پلیکانەکانی ئەم ئەشکەوتە لە بەرد دروستکراون. ژمارەی ژوور و کۆریدۆرەکانی ناو نهۆمەکانی ئەم ئەشکەوتە بە تەواوی نازانرێت. کۆمەڵەیەکی تەلارسازی زۆر بەرفراوانی هەیە کە بەدرێژایی ساڵان وێران بووە. جوانترین بەش لە تەلارسازی ئەشکەوتەکان نهۆمی سێیەمە کە بە تایبەتی لە نەخشاندنی ژوورەکاندا گرنگە و دیزاینی تایبەتی سەقفەکان لەگەڵ پەنجەرە و ڕوناکی ژوورەکان. هێشتا ئاو لەناو ئەشکەوتەکەدا هەیە و بۆ بینینی هەندێک شوێن دەبێت سواری بەلەمی بچووک ببیت. وێنە و شێوە لەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکە نەخشێنراون کە هەمووان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.

ئەشکەوتی کەرەفتوو
ئەشکەوتی کەرەفتوو

هۆکاری ناونانی ئەشکەوتەکە:

مشتومڕی جۆراوجۆر لەسەر هۆکاری ناونانی ئەم ئەشکەوتە هەیە. ئەم ئەشکەوتە لەناو خەڵکی ناوچەکەدا بە قەڵای کەرەفتوو ناسراوە. هەروەها هەندێک دەڵێن کە کەرەفتوو لە بنەڕەتدا لە زمانی کوردیدا بە واتای بردراو و داگیرکراو دێت؛ لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە کەرەفتوو تێکەڵەیەک لە دوو بەشە، کەرف یان کێرفت کە بە واتای ستایش و توو بە واتای خۆر و گەرما کە بە واتای شوێنی پەرستنی خۆر دێت.

بەشە جیاوازەکانی ئەشکەوتەکە:

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەشکەوتی کەرەفتو دوو بەشی سروشتی و بە دەست دروست کراوی هەیە، کە هەریەکەیان لە خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:

بەشی سروشتی:

نزیکەی ٦٥ بۆ ٢٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و لە هەمان کاتدا لەگەڵ سەردەمی مێزۆزۆیکدا، ئەشکەوتی کەرەفتوو کە لە ژێر ئاودا شاردرابووەوە، لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. ئەشکەوتی کەرەفتوو ئەشکەوتێکی بەردی ئاهەکە و بەرزی دەروازەی چوونە ژوورەوەی دەگاتە ٢٠ بۆ ٢٥ مەتر لە بناری شاخەوە و دەتوانرێت بە بەکارهێنانی پلیکانەی کانزایی بچێتە ژوورەوە. لەناو ئەشکەوتەکەدا، چەندین لق و ڕێگای لاوەکی هەیە. بۆ ئەوەی بچیتە ناو هەندێک بەشی سروشتی ئەشکەوتەکە، دەبێت بە ڕێڕەوی تەسک و بەرزی نزمدا تێپەڕیت، هەروەها بەهۆی بوونی دیوار و سەقفی ڕەنگاوڕەنگەوە، کێش و کەوانە جوانەکانی هەیە.

بەشی دەستکرد:

ئەم بەشەی ئەشکەوتەکە لە شێوەی شوقەیەکی ٤ نهۆمییە، کە چەندین ژوور و کۆریدۆر بە نەخشاندنی جیاوازی هەیە. ناتوانرێت بە وردی ژمارەی کۆریدۆر و ژوورەکان بزانرێت. بەڵام دەتوانرێت بڵێین لە بەشی چوونە ژوورەوەی ئەم ئەشکەوتەدا نزیکەی ١٨ ژوور هەیە.

بەشی دەستکرد لە ئەشکەوتی کەرەفتوو بە تەلارسازی ناوازەی جیهانی بەناوبانگە. و بە یەکێک لە باشترین مۆدێلەکانی تەلارسازی بەرد لە کوردستان ناسراوە. لە تایبەتمەندییە نائاساییەکانی تەلارسازی ئەم بەشەدا ئەو ڕەنگینیی و وردبینییەی بەکارهاتووە. لە نەخشاندنی ژوورەکان لە دڵی ئەشکەوتەوە، لەگەڵ شێوەی سەقفەکانی نەخشێنراو لە شێوەی کەوانە. دروستکردنی پەنجەرە و ڕوناکی بۆ ژوورەکان هەموویان وردبینی نیشان دەدەن کە لە دروستکردنی ئەم کۆمەڵەیەدا بەکارهاتووە. شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش کە دەبێ لە تەلارسازیی دەستکردی ئەشکەوتەدا ئاماژەی پێبدەین، ژوور و کۆریدۆرەکانە کە بە یەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەمەش واتە لە ڕێگەی ژوور و کۆریدۆرەکانەوە بە ئاسانی دەتوانیت بچیتە نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکە بۆ نهۆمە بەرزەکان. سەبارەت بە تابلۆی ئاژەڵ و مرۆڤ و ڕووەک دەکرێ بڵێین کە بە شێوەیەکی ئەبستراکت پەیکەرسازی کراون. بەناوبانگترین تابلۆکان وێنەی ئاسک و مارال و سوارێک بە ئەسپێکەوەیە و وێنەی ٤ ئاسک لە نهۆمی دووەم کۆنترە.

ئەشکەوتی کەرەفتوو
ئەشکەوتی کەرەفتوو

 

 

Ismail nadimi

خوێندکاری زانستی ئەندازیاری دارستان لە زانکۆی سنە

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button