
کۆمپانیای فینلەندی Wärtsilä ڕایگەیاند کە گیراوەی پێشکەوتووی گرتنی کاربۆن (CCS) ئێستا بە شێوەیەکی بازرگانی بەردەستە بۆ پیشەسازی دەریایی جیهانی و هەنگاوێک بەرەو خێراکردنی بێکاربۆنی کەشتیوانی دەنێت. بەپێی تاقیکردنەوەکانی وارتسیلا، گیراوە نوێیەکەی کۆمپانیاکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی Co2 لە کەشتییەکان بە ڕێژەی ٧٠%.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نیو ئەتڵەس، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بەهۆی نیگەرانییە ژینگەییەکان ڕەزامەندی خۆیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن نیشانداوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەشتییە بارهەڵگرەکان ٨٥٨ ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان دەرکردووە. کەرتی کەشتیوانی تا 3%ی هەموو دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت. ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2050 ئەم ڕێژەیە بۆ سفر کەم بکاتەوە. لێرەدایە کە تەکنەلۆژیای Wärtsilä دەتوانێت یارمەتی هەم ژینگە و هەم کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بدات.
کەمکردنەوەی دەردانی Co2 لە کەشتییەکان
لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کۆمپانیای Wärtsilä سیستەمی CCS ی تایبەتی خۆی پەرەپێدەدات بۆ وەرگرتنەوەی CO2 لە گازی کەشتییە بارهەڵگرەکان. بێگومان ئەم تەکنەلۆژیایە شتێکی نوێ نییە. ئەو پارچە و پێکهاتە جۆراوجۆرانەی کە پێکی دەهێنن، دەیان ساڵە لەلایەن پیشەسازییەکانی گاز و نەوت و پترۆکیمیاییەوە بەکاردەهێنرێن، بەڵام سیستەمی مۆدیۆلاری ئەم تەکنەلۆژیایە کە دەتوانرێت لەسەر کەشتی دابنرێت، وایکردووە سەرنجڕاکێش بێت. سەرەڕای ئەوەش، دیزاینی مۆدیۆلار دەستکاریکردن و گۆڕینی زۆر ئاسانە.

CCS پرۆسەیەکی 5 قۆناغییە: یەکەم: گازە دەرچووەکانی بزوێنەری کەشتییەکە پاک دەکرێنەوە لە گەردیلەی وەک ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆکسیدی گۆگرد. دوای پاککردنەوە و فێنککردنەوەی، گازەکە بە تانکییەکی مژەردا تێدەپەڕێت، کە تێیدا گیراوەیەک CO2 هەڵدەمژێت. لەدوای ئەم قۆناغە گیراوەکە دەخرێتە تانکییەکی ترەوە و گەرم دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی Co2 لە گیراوەکە. ئەمەش بە دەردانی CO2 لە شێوەی گازدا ئەنجام دەدرێت. دواتر بە فێنک کردنەوە و پەستان، گازی Co2 دەگۆڕن بۆ دۆخی شل. دواتر ئەم شلەیە لە شوێنی ناوەوەی کەشتییەکەدا هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی لە بەندەرەکەدا دواتر دابگیرێت.
بەپێی وتەی کۆمپانیاکە، ئەم پرۆسەیە دەتوانێت تا ٧٠%ی CO2 دەردراو کەم بکاتەوە. تێچووی وردی ئەم کارە نازانرێت، بەڵام مەزەندە دەکرێت لە نێوان 54 بۆ 76 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر تۆنێک بێت، کە زۆر هەرزانترە لە غەرامەکردنی پیسکردنی ژینگە. ئەگەر ئەم تەکنەلۆژیایە لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکرێت و پەسەند بکرێت، دەتوانێت ڕێژەی دەردانی گازی گەرمخانەیی تا ٧٠٠ ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا کەم بکاتەوە.