بابەتەکانتەندروستی

نەخۆشی ئاسپێرگەر چییە؟ هۆکارەکانی و نیشانەکانی ئاسپێرگەر چین؟

نەخۆشی ئاسپێرگەر (Asperger) ناوی پێشووی کەمئەندامییەکی گەشەکردنە کە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان و بینین و تێگەیشتن لە جیهان و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە.

ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئاسپێرگەریان هەیە کە ئێستا وەک جۆرێکی کارایی بەرزی نەخۆشی ئۆتیزم دەستنیشانکراوە، بە توانای مەعریفی و زمانی باش دادەنرێت. بەڵام هێشتا تووشی کێشە و گرفت دەبن لە پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتیدا، و ڕەفتاری دووبارەبووەوە نیشان دەدەن.

نیشانەکانی نەخۆشی ئاسپێرگەر چین؟

لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئاسپێرگەریان هەیە زۆرجار زیرەکییان مامناوەند یان سەرووی مامناوەندە، توانای زمانیان باشە و دەتوانن تەواو داهێنەر بن، بەڵام زۆرجار ژیانیان سەختە. بە تایبەتی دەتوانن پەیوەندی و کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دیکە بەزەحمەت دروست بکەن.

بۆ نموونە زۆرجار:

  • لە یاسا و ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان تێناگەن
  • بە شێوەیەکی نائاسایی قسە دەکەن؛ وەک بە بەکارهێنانی زمانی فەرمی
  • بەزەحمەت هاوڕێیەتی دروست دەکەن
  • بەزەحمەت کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ڕەنگە کەسانی تر بیر لە چی بکەنەوە

ئەم گرفتانە دەتوانن ببنە هۆکار کە کەسێک کە نەخۆشی ئاسپێرگەری هەیە هەست بە دڵەڕاوکێ و سەرلێشێواوی و بێزاری بکات. هەندێک جار خێزان و هاوڕێکانیان دەتوانن ئەم هەستانەش ئەزموون بکەن.

نەخۆشی ئاسپێرگەر چییە

سەرەڕای ئەوەش، ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئاسپێرگەریان هەیە زۆرجار:

  • ڕۆتینێکی ڕەقیان هەیە یان هەندێک ڕەفتار دووبارە دەکەنەوە
  • گرنگیدانێکی چڕ لەسەر بابەتگەلی تایبەتیان هەیە و بێزار دەبیت کاتێک بابەتەکانی تر باس دەکرێن
  • هەستیارن بە ڕووناکییەکی زۆر یان دەنگی بەرز

بەڵام ناتوانیت بزانیت کەسێک دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی هەیە یان نا، تەنها لە چۆنیەتی دەرکەوتنیەوە.

هۆکارەکانی نەخۆشی ئاسپێرگەر چین؟

تا ئێستا ڕوون نییە هۆکاری نەخۆشی ئاسپێرگەر چییە. پێدەچێت پەیوەندی بە هۆکارە جینەکان و ژینگەیەکانەوە بێت. هۆکاری پەروەردەکردن و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڤاکسینەکان نابنە هۆی تێکچوونی سپێکتری ئۆتیزم، لەوانەش نەخۆشی ئاسپێرگەر.

چۆن نەخۆشی ئاسپێرگەر دەستنیشان دەکرێت؟

نەخۆشی ئاسپێرگەر بەزۆری لە منداڵیدا دەستنیشان دەکرێت. بەڵام هەندێک کەس تا گەورە نەبن ئەو حاڵەتانەیان دەرناکەوێت.

ئەگەر پێت وایە منداڵەکەت نەخۆشی ئاسپێرگەری هەبێت، لەوانەیە بتەوێت لەگەڵ پزیشکەکەت یان پەرستاری تەندروستی منداڵەکەت قسە بکەیت. لەبەر ئەوەی ئێستا نەخۆشی ئاسپێرگەر وەک جۆرێک لە نەخۆشی ئۆتیزم دەستنیشان دەکرێت. لەوانەیە تۆ ڕەوانەی پسپۆڕێکی پزیشکی بکەن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئۆتیزم، یان بۆ تیمێکی پسپۆڕی تەندروستی کە پێکەوە کاردەکەن لە هەڵسەنگاندنی منداڵان.

هیچ پشکنینێکی تایبەت نییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئاسپێرگەر. پسپۆڕێکی پزیشکی یان تیمێک لەگەڵ تۆ و منداڵەکەت و کەسانی دیکە لە خێزانەکەت قسە دەکەن، و چاودێری منداڵەکەت دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا هەندێک پێوەر بۆ نەخۆشی ئاسپێرگەر بەدی دەکەن یان نا.

هەڵسەنگاندنەکە بەزۆری پرسیارەکان لەبارەی توانا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان، تواناکانی پەیوەندیکردن، تواناکانی فێربوون، تواناکانی جوڵە و بەرژەوەندییە تایبەتەکان لەخۆدەگرێت.

لەوانەیە خەڵک بۆیان دەرکەوێت کە دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئاسپێرگەر (Asperger) لە تەمەنی گەورەییدا یارمەتیان دەدات بزانن کە کێشەکانی ڕەفتار پەیوەندییەکانیان لە ئەنجامی ئەم حاڵەتەوەیە. دەستنیشانکردنێک دەتوانێت یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی تێبگەن کە هەست بە چی دەکەن یان ئەو سەختییانەی کە تووشی دەبن، هۆکارەکەی چییە. هەروەها دەتوانێت یارمەتیان بدات بۆ هەڵبژاردنی خوێندن یان پیشەی گونجاو.

چۆن دەتوانم یارمەتی منداڵەکەم بدەم بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشی ئاسپێرگەر؟

بە پشتیوانی و هاندان، منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی ئاسپێرگەر زۆرجار دەتوانن ژیانێکی تەواو و سەربەخۆ بەڕێوەببەن.

لەوانەیە بۆت دەرکەوێت کە منداڵەکەت باشتر ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر هەندێک کات بە تەنیا بەسەر ببات یان وەرزش بکات.

بەڕێوەبردنی نەخۆشی ئاسپێرگەر

دەرمان و چارەسەرەکان بۆ نەخۆشی ئاسپێرگەر و ئۆتیزم بریتین لە:

  • چارەسەرەکانی وەک چارەسەری پیشەیی، چارەسەری فیزیۆتێراپی و نەخۆشیەکانی قسەکردن
  • چارەسەرە دەروونییەکان وەک چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT)، کە ڕەنگە دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە
  • بەرنامەی چیرۆکە کۆمەڵایەتییەکان، کە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون دەکاتەوە
  • ئەو بەرنامانەی کە کارامەیی بۆ دایک و باوک و منداڵان دابین دەکەن
  • دەرمان بۆ نیشانە تایبەتەکان، وەک چالاکیی زۆر، دڵەڕاوکێ، شەڕانگێزی

ئەم چارەسەرانە دەتوانن بە شێوەیەکی زۆر پراکتیکی یارمەتیدەر بن. بۆ نموونە چارەسەری پیشەیی دەتوانێت یارمەتی منداڵەکەت بدات فێری چۆنیەتی پۆشینی جل و بەرگ و قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانی و تەواوکردنی ئەرکەکانی کار یان قوتابخانە.

لەوانەیە منداڵەکەت پێویستی بە پشتیوانی هەبێت لە قوتابخانە، بە تایبەت لە قۆناغی ناوەندی کاتێک جوڵەی زیاتر لە نێوان پۆلەکان و مامۆستایاندا هەیە. گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ مامۆستا یان بەڕێوەبەری منداڵەکەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی پشتگیری و میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی دروست.

وەرگێڕان و ئامادەکردن: میوان ڕێبوار قادر

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button