یادەوەری یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی مێشک، ئەم توانایە ڕزگارکەری ژیانمانە بە سادەترین مانا چونکە بە بیرهێنانەوە، لە ئەنجامدانی هەندێک کاری زیانبەخش دەمانپارێزێت. ئەم کارکردەی مێشک ناسنامە و چیرۆکی ژیانی ئێمەی تێدایە و بەبێ یادەوەری چیتر ئەو کەسە نەدەبووین کە ئێستا هەین. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە مێشکی مرۆڤ چۆن یادەوەرییەکان هەڵدەگرێت و دووبارە وەبیرمان دەهێنێتەوە؟
سادەترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە مێشکی مرۆڤ لەگەڵ هەر یادەوەرییەکی نوێدا شێوەی خۆی دەگۆڕێت، ئەمەش بەهۆی چالاکی سیناپسەکان، یان بۆشاییەکانی نێوان خانەکانی مێشک ڕوودەدات. هەروەها ئەم خانانەی مێشک یان دەمارەکان لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی هەستیاری ئەلکترۆکیمیاییەوە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دەکەن.
لەم پێکهاتەی پەیوەندییەدا، هەر گۆڕانکارییەک لە بارگەی کارەبایی خانەیەکدا دەبێتە هۆی دەردانی ماددە کیمیاییەکان کە پێیان دەوترێت “گوازەرەوەی دەمار” لە سەرانسەری سیناپسەکاندا. پاشان گواستنەوەی دەمار لەلایەن دەمارەخانەکەی دیوەکەی تری سیناپسەوە وەردەگیرێت کە بەهۆی گۆڕانکارییە کارەباییەکانەوە چالاک دەبێت.
بە گوتەی دۆن ئارنۆڵد، زانای دەمار لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا، لە کۆتاییدا یادەوەرییەکان لەناو ئەم بازنە بایۆلۆژییانەدا کۆد دەکرێن و ڕۆڵی سیناپسەکان تەنیا بۆ هەڵکەندنی زانیارییەکانە لەم بازنانەدا. بەم شێوەیە مێشک دەگۆڕێت لەگەڵ دروستبوونی یادەوەرییەک.
شایەنی باسە کاتێک دەمارەکان بە بەردەوامی یەکتر هان دەدەن، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێزتر دەبن و بە تێپەڕبوونی کات ئاسانتر و ئاسانتر پەیوەندی نێوانیان دروست دەبێت. لە لایەکی ترەوە لەگەڵ کەمبوونەوەی فرێکوێنسیی پەیوەندییەکان، پەیوەندی نێوان دەمارەکان لاواز دەبێت و هەندێکجار لەوانەیە ئەم پەیوەندییە بە تەواوی بپچڕێت. بە سادەترین زاراوەی مومکین، مێشکی مرۆڤ توانای هەڵگرتنی یادەوەرییەکانی هەیە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ناو تۆڕی دەمارەکان.
لە کوێی مێشکی مرۆڤ یادەوەرییەکان هەڵدەگیرێن؟
بیرەوەرییەکانی مرۆڤ لە چەند ناوچەیەکی مێشکدا هەڵدەگیرێن، گرنگترینیان هیپۆکامپوسە. ناوچەیەکی دووانەیە کە لە قووڵایی مێشکدا هەڵکەوتووە. هیپۆکامپوس ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستبوونی بیرەوەری سەرەتایی و گواستنەوەی بیرەوەری کورتخایەن بۆ یادەوەری درێژخایەن.
بۆ ئەوەی باشتر لەم پێکهاتەیە تێبگەین، پێویستە بڵێین بیرەوەری کورتخایەنی مرۆڤ نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ چرکەیە. بۆ نموونە گریمان دەتەوێت ژمارەیەکی نوێت لەبیر بێت و پەیوەندی پێوە بکەیت. بیرهێنانەوەی ژمارەکە تەنها کاتێک دەکرێت کە ژمارەکەت لە مێشکتدا دووبارە و سێبارە کردۆتەوە تاوەکو بازنەی دەمارەکەی لە مێشکدا دروست دەبێت. ئەگینا ئەگەر ژمارەکە لە مێشکدا دووبارە نەبێتەوە، چالاکی بیرەوەری کورتخایەنیش دەوەستێت و لە ئەنجامدا یادەوەرییەکە لەبیر دەکرێت. بە واتایەکی تر مێشک ناتوانێت بیرگەیەکی نوێ دروست بکات کە پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنەوە هەبێت بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ناو تۆڕی دەمار.

کاتێک زانیاری لە مێشکتدا دووبارە دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لەبیری نەکەیت، هیپۆکامپوس بازنەکانی مێشک بەهێز دەکات کە پرسیاری لەسەرە. بە تێپەڕبوونی کات بیرەوەرییە درێژخایەنەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی “نیۆکۆرتێکس” کە لە چینەکانی دەرەوەدا هەڵکەوتووە.
نیوکۆرتێکس بەرپرسە لە دروستکردنی بەشێکی زۆر لە ئەزموونی هۆشیاری مرۆڤ، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە بەشێک لەو یادەوەرییە درێژخایەنانەی کە دەگوازرێنەوە بۆ نیوکۆرتێکس ڕەنگە هێشتا لە هیپۆکامپوسدا بمێننەوە، کە زاناکان هێشتا لە هۆکارەکەی تێنەگەیشتوون و تەنها ئەوە نیشان دەدات کە هیچ کارێک لە ‘مێشکی مرۆڤ”دا نییە کە پێکهاتەیەکی سادەی هەبێت.
کاریگەری هەستەکانی مرۆڤ لەسەر دروستبوونی یادەوەرییەکان
لە درێژەدان بە بابەتی یادەوەریدا، دەگەینە ئەو ناوچەیەی کە شێوەی بادەمە لە مێشکدا کە پێی دەوترێت ئامیگدالا. کە ئەم ناوچەیە نەک تەنها یارمەتی پرۆسێسکردنی هەستەکانی وەک ترس دەدات، بەڵکو لە بواری بیرەوەریشدا کاردەکات، وەک هیپۆکامپوس و نیوکۆرتێکس. بەپێی توێژینەوەیەک کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەنجامدراوە، کاتێک ماسی فێردەبێت ڕووناکی بە هەستێکی ئازاربەخشەوە ببەستێتەوە، لەڕاستیدا سیناپسی نوێ لە ناوچەیەکی مێشکدا دروستدەبێت کە پێی دەوترێت پالیۆم.
پالیۆم ناوچەیەکی مێشکە کە لە نزیکەوە لە ئامێگدالا دەچێت. تاقیکردنەوەکەش ئەوە دەردەخات کە هەستەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دروستبوونی یادەوەرییەکان. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەردوو هەستی نەرێنی و ئەرێنی لە “مێشکی مرۆڤ”دا باشتر پارێزراون لە ڕووداوە بێلایەنەکان.
پێدەچێت هۆکاری ئەمەش غەریزەی مانەوە بێت لە مرۆڤدا. بەو پێیەی بۆ مێشک ئاسانترە ئەو شتانە بیربهێنێتەوە کە زۆر باشن یان زۆر خراپن. لە لایەکی ترەوە لە سیناریۆی زۆر سۆزداریدا، مێشک جۆرێکی تایبەت و چڕ لە گواستنەوەی دەماری دەردەدات، کە توانای ئەوەی هەیە بە قووڵی ئەم جۆرە یادەوەرییە سۆزداریانە لە هیپۆکامپوسدا بچەسپێنێت.
نهێنییەکانی یادەوەری مێشک
جگە لە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی مێشک و ناوچەکانی کە باسمان کرد، دروستبوونی دەمارە نوێیەکانیش دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە هەڵگرتنی یادەوەرییەکان و ئەمەش تایبەت نییە بە منداڵان و لە بەتەمەنەکانیشدا بەدی کراوە.
زانایان لە مێژە پێیانوابوو دروستبوونی دەمارە نوێیەکان لە مێشکدا لە کاتی باڵغبوون و هەرزەکاریدا دەوەستێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەنجامدراون دەریانخستووە کە نەک تەنها مێشکی بەتەمەنەکان دەمارە نوێیەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو ئەم دەمارە نوێیانە کلیلی فێربوون و یادەوەریشن.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، زۆر ئەستەمە لە ڕووی فیزیکییەوە چاودێری دروستبوونی یادەوەرییەکان بکرێت لە مێشکدا. چونکە یەکەم، سیناپسەکان زۆر بچووکن و زۆرن؛ مەزەندە دەکرێت کە مێشکی مرۆڤ میوانداری نزیکەی یەک ملیار سیناپس بکات.
دووەم: چاودێریکردنی ئەم پرۆسەیە و وێنەگرتنی لە دەرەوەی مێشکیشەوە لە ڕادەبەدەر قورسە چونکە ئەمە پێویستی بە شێوازێکی وێنەگرتن هەیە کە کارکردنی ئاسایی مێشک تێک نەدات.




