بابەتەکانزانستژینگە

پاتری بەردی؛ شۆڕشێک لە هەڵگرتنی وزەی نوێبووەوە

سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە، هێشتا پێویستە ڕێگەیەکی نەرم و نیان بدۆزینەوە بۆ هەڵگرتنی، بەتایبەتی وزەی خۆر و با، کە بەپێی کەشوهەوا و بارودۆخی ڕۆژ زۆر جیاوازن. یەکێک لەو ڕێگەیانە بەکارهێنانی “پاتری بەردی”ە.

وزەی نوێبووەوە گرنگییەکی ناوەندی هەیە لە ستراتیژییەکانی داماڵینی کاربۆن لە زۆرێک لە وڵاتان. کە هەوڵدەدەن تا ساڵی ٢٠٥٠ بگەنە سفر دەردانی کاربۆن. لە هەمان کاتدا پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی پاک سێ هێندە دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانیان کە سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانییە و ڕاگرتنی کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی تەکنۆلۆژیای وزەی نوێبووەوە و کەمی نرخەکانیان، هێشتا بەدەست کێشەیەکی بنەڕەتییەوە دەناڵێنن. ئەویش دڵنیابوونە لە بەردەستبوونیان لە هەموو کاتەکانی ڕۆژدا و بە درێژایی ساڵ. واتە کاتێک با هەڵناکات یان کەش و هەوا هەوریە ، یان کاتێک ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی کارەبای ئاودا کەم دەبێتەوە.

هەڵگرتنی وزەی کارەبایی بەرهەم هێنراو لە سەرچاوە نوێبووەکان بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە پاکەتەکانی پاتری کیمیایی زەبەلاح. کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کانزای لیتیۆم دروستکراون. بەڵام بەرزی نرخی ئەم پاتریانە، کاریگەرییە ژینگەییەکانیان لە ماوەی سووڕی تەمەنیان لە بەرهەمهێنانەوە تا لەناوچوون و سەختی لە فڕێدانی ئەوان، ژمارەیەک کۆمپانیای بەڵێندەریان هانداوە بیر لە ڕێگەی بەدیلێکی داهێنەرانە بکەنەوە بۆ هەڵگرتنی وزە.

کاریگەری ژینگەیی پاتری لیتیۆم
پاتری لیتیۆم مادەی کیمیایی وەک مەنگەنیز و کۆبالت و نیکلی تێدایە کە زیان بە ژینگە دەگەیەنێت

کاریگەری ژینگەیی پاتری لیتیۆم:

هەڵگرتنی وزە لە پاتری لیتیۆمدا کۆمەڵێک سوود پێشکەش دەکات کە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەردەوامیی لە ڕووی کارایی وزە. پاتری لیتیۆم دەتوانێت وزە لە سەرچاوە نوێبووەکان وەک وزەی خۆر، سووتەمەنی بایۆلۆجی و کارەبای ئاویی بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵبگرێت.

بەڵام ئەو کانزایانەی کە بەشدارن لە دروستکردنی ئەم پاترییانە، وەک لیتیۆم و کۆبالت و نیکل، تەحەدای ژینگەیی نوێ دەخەنە ڕوو. ئەو پرۆسانەی کە بۆ دەرهێنانی ئەم کانزایانە بەکاردەهێنرێن دەتوانن زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە و کۆمەڵگا ناوخۆییەکان بگەیەنن. چونکە کانگاکردن و پاڵاوتنی کەرەستەی پاتری پێویستی بە بڕێکی زۆری وزە هەیە کە دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاتر دەکات.

هەروەها دەرهێنانی مادەی خاو دەبێتە هۆی تێکچوونی خاک و بەکارهێنانی بڕێکی زۆر ئاو و لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەیی بەهۆی لابردنی ڕووەک و دار لە شوێنی کانگاکان و زیانگەیاندن بە ئیکۆسیستەمەکان.

هەروەها دواتر پاتری لیتیۆم دەگۆڕێت بۆ پاشماوەی ئەلیکترۆنی و زۆرجار لە زبڵدانەکاندا فڕێدەدرێت یان لەوانەیە بسوتێنرێت. ئەمەش مەترسی زیاتر لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئیکۆسیستەم دروست دەکات.

پاتری بەردی
پاتری بەردی

بەدیلەکانی پاتری کیمیایی چین؟

هەڵگرتنی وزەی گەرمی بەدیلێکی هەرزانە کە وزە لە شێوەی گەرمیدا لە ماددە شلەکان یان بارستە ڕەقەکاندا کۆدەکاتەوە، وەک ئاو، ڕۆن، یان بەرد.

لەنێو ئەو ڕێگایانەی کە بە شێوەیەکی کاریگەر تاقی دەکرێنەوە بریتین لە: هەڵگرتنی گەرمی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بە گەرمکردنی بلۆکی بەرد، خشت یان خۆڵەمێشی گڕکانەکان لە کاتی بەردەست بوونی وزە، بۆ ئەوەی لە کاتی نەبوونی وزەدا بەکاربهێنرێت.

لە کاتێکدا وشەی “پاتری” بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاماژەیە بۆ جۆری ئەو ماددە کیمیاییەی کە لە ئۆتۆمبێل و ئەلیکترۆنیاتدا هەیە. بەڵام لە ئێستادا سیستەمی پاتری بەردی گەرم دە هێندە زیاتر وزە لە پاترییەکانی لیتیۆم ئایۆن لە سەرانسەری جیهاندا هەڵدەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە گۆڤاری ACS Omega بڵاوکراوەتەوە، تیمێکی زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک نمونەی بەردی سابون و گڕانیت کە لە تانزانیا دۆزراونەتەوە بە تەواوی گونجاون بۆ هەڵگرتنی گەرمی خۆر. هەروەها تایبەتمەندن بە چڕی وزەی بەرز و سەقامگیری لە پلەی گەرمی بەرزدا.

بەردی گڕانایت و بەردی سابون لە هەموو جیهاندا بەردەستن. ئەمەش ڕەنگە ببێتە مادەی پەسەندکراو بۆ هەڵگرتنی وزەی گەرمی.

ئەزموونە سەرکەوتووەکانی پاتری بەردی:

لە ئێستادا چەند کۆمپانیایەک سیستەمی پاتری بەردی بەرهەم دەهێنن بە بەکارهێنانی بەردی باو. کە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە سیستەمی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە وەک با و خۆردا یەکبخرێن.

بۆ نموونە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پاتری گەرمی ڕۆندۆ توخمەکانی گەرمکەرەوەی کارەبایی بەکاردەهێنێت (وەک ئەوانەی لە فڕنی چێشتلێناندا دەبینرێن) بۆ گۆڕینی وزەی بەردەست لە سەرچاوە پاکەکانەوە بۆ گەرمییەکی بەرز.

کاتێک کارەبا بەردەست دەبێت، گەرمکەرەوەی کارەبایی کارپێدەکرێت و هەزاران تۆن خشت ڕاستەوخۆ بەهۆی ئەم گەرمیەوە گەرم دەکرێت لە پلەی گەرمی تا ١٥٠٠ پلەی سەدی. وزەکە بۆ چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک هەڵدەگرێت بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی لەدەستدان (کەمتر لە ١٪ لە ڕۆژێکدا).

دواتر هەوای گەرمی دەرهاویشتوو بەکاردەهێنرێت بۆ کوڵاندنی شلەمەنیەکان و گۆڕینی بۆ هەڵم بۆ کارپێکردنی تۆرباینەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژە تاقیکارییەکەی و لە دامەزراوەیەکی کالیفۆرنیا، کۆمپانیای ئەنتورا ئینێرجی کە لەلایەن بیل گەیتسەوە پشتگیری دەکرێت، بەنیازە ئەم تەکنەلۆژیایە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ یەکەم کڕیاران بنێرێت.

سیستەمی پاتری بەردی گەرمی ئەنتورا وزەی کارەبایی وەک گەرمی لەناو سندوقێکی عەزلیدا دەهێڵێتەوە، پڕکراوە لە کۆمەڵێک گرافیت، ئەو ماددە ڕەشەی کە لە قەڵەمدا بەکاردێت. ئەم پاتریە لە کاتی بەردەست بوونی کارەبا گەرم دەکرێت. دواتر گرافیت دەتوانێت ئەو گەرمییە هەڵبگرێت و بە بەردەوامی بۆ ماوەی ٥٠ کاتژمێر ئازادی بکات .

تاقیگەی نیشتمانی ساندیای ئەمریکی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای CSolPower دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی بەکارهێنانی مەوادی سروشتی وەک ئامرازێک بۆ هەڵگرتنی وزەی گەرمی بۆ سەرچاوە پچڕپچڕەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەک وزەی خۆر و با.

ساندیا پرۆژەیەکی بچووکی تاقیکاریی 100 کیلۆوات کاتژمێری دیزاین کرد و تەختەیەکی بەردی تاقیکردەوە بە شەحنکردنەوەی بە هەوای گەرم لە پلەی گەرمی زیاتر لە 500 پلەی سەدی. ئەو بەردە بۆ ماوەی 20 کاتژمێر ئەو پلەیەی پاراست. لەو کاتەدا سیستەمەکە بە سەرکەوتوویی دەرچوو و ئاستێکی باشی پێشکەش کرد.

پاتری بەردی گەرمی
پاتری بەردی گەرمی

پاتری خۆڵی و پاتری بازاڵتی:

لە شارۆچکەیەکی دوورەدەست لە باشووری ڕۆژئاوای فینلاند، کۆمپانیای پۆلار نایت ئینێرجی یەکەم “پاتری خۆڵ”ی جیهانی تاقیکردەوە. کە دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی وزەی گەرمییە و دەتوانێت وزەی پاک بۆ چەند مانگێک لە یەک کاتدا هەڵبگرێت.

تانکی هەڵگرتنی وزە لە بنەڕەتدا کارەبای هەرزان لە وزەی خۆر و با بەکاردەهێنێت بۆ گەرمکردنی خۆڵەکە. کە دواتر گەرمی لە دەوروبەری 500 پلەی سەدیدا هەڵدەگرێت. کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گەرمکردنی بینا ناوخۆییەکان لە مانگەکانی زستاندا.

هەروەها کۆمپانیایەکی هۆڵەندی پەرەی بە پاترییەکی بازاڵت داوە کە دەتوانێت بڕێکی زۆر کارەبای بەرهەم هێنراو لە پانێڵی خۆر و تۆرباینەکانی با هەڵبگرێت. بازاڵت جۆرێکی زۆر باوی بەردی گڕکانە و بە ئاسانی گەرمی هەڵدەمژێت. سیستەمەکە بە بەکارهێنانی کارەبای بەرهەم هێنراو بە شێوەیەکی پاک پاتریە بازاڵتیەکە گەرم دەکات. دەتوانرێت ئەم گەرمیە بۆ چەند مانگێک، تەنانەت ساڵانێک هەڵبگیرێت و بۆ گەرمکردنی ماڵەکان بەکاربهێنرێت.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button