بابەتەکانزانیاری گشتی

ژیانی کارل بێنز؛ دروستکەری یەکەم ئۆتۆمبێل بە بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی

لە ساڵی ١٨٨٥ ئەندازیارێکی میکانیکی ئەڵمانی بە ناوی کارل بێنز یەکەم ئۆتۆمبێلی کرداری لە جیهاندا دیزاین کرد و دروستی کرد. کە بە بزوێنەرێکی سووتانی ناوخۆیی کاری دەکرد. دوای ساڵێک کۆمپانیای بێنز یەکەم مۆڵەتی بۆ (37435 .No DRP)ی بۆ ئۆتۆمبێلێکی سووتەمەنی گاز وەرگرت لە ٢٩ی مانگی یەکمی ١٨٨٦ کە ئۆتۆمبێلێکی سێ تایە بوو بە ناوی مۆتۆرواگن. بێنز یەکەم ئۆتۆمبێلی چوار تایەی خۆی لە ساڵی ١٨٩١ دروستکرد. ئەو کۆمپانیای بێنزی دامەزراند و تا ساڵی ١٩٠٠ بوو بە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە جیهاندا. هەروەها بووە یەکەم شۆفێری هەڵگری مۆڵەتی یاسایی لە جیهاندا، کاتێک (گراند دوکێی بادن) ئەو هەلەی پێبەخشی.

ژیانی سەرەتایی و خوێندن:

کارل بێنز لە ساڵی ١٨٤٤ لە شاری بادن موهلبورگ لە ئەڵمانیا (ئێستا بەشێکە لە شاری کارلسروه) لەدایکبووە. کوڕی شۆفێرێکی بزوێنەری شەمەدەفێر بوو. کاتێک بێنز تەمەنی تەنها دوو ساڵ بوو، باوکی کۆچی دوایی کرد. سەرەڕای کەمی داهاتیان، دایکی دڵنیای پێدا کە دەتوانێت خوێندنێکی باشی بۆ دەستەبەربکات. بێنز لە قوتابخانەی ڕێزمانی کارلسروه و دواتر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی کارلسروه خوێندوویەتی. لە زانکۆی کارلسروی ئەندازیاری میکانیکی خوێندووە و لە ساڵی ١٨٦٤ دەرچووە کاتێک تەمەنی تەنها ١٩ ساڵ بووە. لە ساڵی ١٨٧١ یەکەم کۆمپانیای خۆی لەگەڵ هاوبەشەکەی ئاگۆست ڕیتەر دامەزراند و ناوی لێنا “دوکانی ئاسن و ئامێرەکان”، کە دابینکەری کەرەستەی بیناسازیی بوو. لە ساڵی ١٨٧٢ لەگەڵ بێرتا ڕینگەر هاوسەرگیری کرد و هاوسەرەکەی ڕۆڵی چالکانەی لە کارەکەیدا دەگێڕا، بۆ نموونە کاتێک بەشی پشکەکەی هاوپیشەکەی کڕی بوو، کە بووبووە کەسێکی باوەڕ پێنەکراو.

پەرەپێدانی بە بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی:

کارل بێنز بە هیوای دامەزراندنی سەرچاوەیەکی نوێی داهات دەستی بە کارەکانی کرد لەسەر بزوێنەری دوو تەڵقە. ناچار بوو لەگەڵ ڕۆشتنیدا چەندین بەش لە سیستەمەکە دابهێنێت، لەوانە گێڕ، سویچی ئۆتۆمبێل، پالکی ئۆتۆمبێل، کابرێتەر، کالچ، ڕادێتەر و گێڕ گۆڕین. یەکەم داهێنان نامەی لە ساڵی ١٨٧٩ وەرگرتووە.

لە ساڵی ١٨٨٣ کۆمپانیای بێنزی دامەزراند بۆ بەرهەمهێنانی بزوێنەری پیشەسازی لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا. پاشان دەستی کرد بە دیزاینکردنی گالیسکەیەکی ماتۆڕ بە بزوێنەرێکی چوار تەڵقە لەسەر بنەمای داهێنانەکەی نیکۆلاس ئۆتۆ. بێنز بزوێنەر و لاشەی تایبەتی بۆ ئۆتۆمبێلە سێ تایەییەکەی دیزاین کردووە بە سویچی کارەبایی و گێڕی جیاواز و ساردکردنەوەی ئاو.

ئۆتۆمبێلە سێ تایەکەی کارل بێنز
ئۆتۆمبێلە سێ تایەکەی کارل بێنز

لە ساڵی ١٨٨٥ بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلەکەی لە شاری مانهایم لێخوڕی. لە کاتی لێخوڕین و تاقیکردنەوەیدا خێراییەکەی گەشتە هەشت میل لە کاتژمێرێکدا. دوای ئەوەی مۆڵەتی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی وەرگرت کە بە سووتەمەنی گاز کاری دەکرد بەناوی (37435 DRP)، لە تەمموزی ساڵی 1886 دەستی بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکەی کرد بە خەڵک. ئیمیل ڕۆجەر دروستکەری پاسکیلسازی پاریسی ئەو ئۆتۆمبێالنەی زیادکرد بۆ هێڵی ئۆتۆمبێلەکانی و وەک یەکەم بازرگانی ئۆتۆمبێل دەستی کرد بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل.

هاوسەرەکەی یارمەتی ناساندنی ئۆتۆمبێلی مۆتۆڕواگنی (Motorwagen) دا بە بردنی بۆ گەشتێکی مێژوویی، کە 66 میل بوو لە مانهایمەوە بۆ پفۆرژایم، بۆ ئەوەی بە کرداری بە خێزانەکانی نیشان بدات. لەو کاتەدا دەبوو لە دەرمانخانەکان بەنزین بکڕێت، و خۆی چەندین تێکچوونی ئۆتۆمبێلەکەی بە دەست چاک بکاتەوە. لە ئێستادا ساڵانە کۆبوونەوەیەکی ئۆتۆمبێلی کۆن بە ناوی ڕێگای بیرەوەری بێرتا بێنز بەڕێوە دەچێت. ئەزموونی هاوسەرەکەی بووە هۆی ئەوەی کە بێنز گێڕ بۆ سەرکەوتن بەسەر گردەکان زیاد بکات بۆ داهێنانەکەی.

ساڵانی دواتر و خانەنشینی:

لە ساڵی ١٨٩٣، ١٢٠٠ ئۆتۆمبێلی بێنز ڤێلۆس بەرهەمهێنرا، کە بووە یەکەم ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنی هەرزان لە جیهاندا. لە ساڵی ١٨٩٤ لە یەکەم پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا بەشداری کرد و لە پلەی چواردەهەمدا بوو. هەروەها بێنز دیزانی یەکەم لۆری و پاسی کردووە لە ساڵی ١٨٩٥. لە ساڵی ١٨٩٦ یەکەم بزوێنەری تەختی دیزاین کرد. لە ساڵی ١٩٠٣ بێنز لە کۆمپانیای بێنز خانەنشین بوو. لە ساڵی ١٩٢٦ تا مردنی وەک ئەندامی دەستەی چاودێری دایملەر- بێنز ئەی جی کاری کردووە. بێرتا و کارل پێکەوە پێنج منداڵیان هەبووە. کارل بێنز لە ساڵی ١٩٢٩ کۆچی دوایی کردووە.

 

وەرگێڕان و ئامادە کردن: مەزدە مستەفا

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button