مانگی دەستکرد چییە؟ زیاتر دەربارەی مانگە دەستکردەکان بزانە
مانگ تەنێکە بەدەوری بارستەیەکی گەورەتر لە خۆیدا دەسوڕێتەوە. بە گشتی دوو جۆر مانگمان هەیە. مانگی سروشتی وەک مانگ کە بەدەوری هەسارەی زەویدا دەسوڕێتەوە و مانگی دەستکرد وەک وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ISS) کە وەک مانگ بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە.
لە کۆمەڵەی خۆردا سەدان مانگی سروشتی هەیە. لانی کەم هەموو هەسارەیەک لە سیستەمەکەماندا یەک مانگی هەیە. بۆ نموونە هەسارەی زوحەل لانیکەم ٥٣ مانگی سروشتی هەیە. کە بێگومان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٧ یەک مانگی دەستکردیشان هەبووە؛ پشکنەری کاسینی بە ناسینەوەی ئەڵقە و مانگەکانی ئەم هەسارەیە خزمەتگوزارییەکی بەنرخی پێشکەش کرد.
تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم شتێک بە ناوی مانگی دەستکرد نەبوو. پشکنەری بۆشایی ئاسمانی سپۆتنیک یەکەم مانگی دەستکرد بوو کە بەرگەهەوای زەوی شکاند لە ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧. ئەم پێکهاتە ڕووسییە کە قەبارەی تۆپێکی کەنار دەریا بوو، لە سەردەمی خۆیدا شۆکێکی گەورەی بۆ کۆمەڵگەی زانستی دروست کرد. چونکە وا بیر دەکرایەوە کە یەکێتی سۆڤیەت بەم زووانە ناتوانێت مانگە دەستکردەکەی بخاتە بۆشایی ئاسمانەوە.
کورتەیەک لە مێژووی مانگە دەستکردەکان:
دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت مانگێکی دەستکردی بە ناوی سپۆتنیک ٢ لەگەڵ سەگێک بە ناوی لیکا لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٩٥٧ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، ئەمریکا یەکەم مانگی دەستکردی خۆی بە ناوی ئێکسپلۆرەر ١ لە ٣١ی ١ی ١٩٥٨ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.
هەڵدانی ئەم سێ مانگە دەستکردە سەرەتای سەردەمی کێبڕکێی بۆشایی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بوو. پێشبڕکێیەک کە لانیکەم تا کۆتاییەکانی شەستەکان بەردەوام بوو. گرنگیدان بە مانگە دەستکردەکان وەک ئامرازێکی سیاسی و چڕبوونەوەی ئەم کێبڕکێیە دواجار گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەردوو وڵات توانیان لە ساڵی ١٩٦١دا مرۆڤ بنێرن بۆ دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی.
لەم کاتەوە ئامانجی ئەو دوو وڵاتە وەک یەک نەما؛ لەکاتێکدا ئەمریکا هەوڵی نیشتنەوەی مرۆڤی لەسەر مانگ و دروستکردنی شاتل بۆشایی ئاسمانی دەدا، یەکێتی سۆڤیەت سەرقاڵی دیزاینکردنی یەکەم وێستگەی بۆشایی ئاسمانی جیهان بوو کە سالیوت 1 بوو و توانی لە ساڵی ١٩٧١دا بە سەرکەوتوویی لە بۆشایی ئاسمان جێگیری بکات.
وڵاتانی دیکەش نەوەستان و دەستیان کرد بە ناردنی مانگە دەستکردەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمان بۆ ئەوەی لە کاراییەکەی لە دواوە نەبن. مانگە دەستکردەکانی کەشناسی وردە وردە پێشبینی وردتریان پێشکەش دەکرد، بەتایبەتی بۆ ناوچە دوورەکان. هەروەها مانگە دەستکردەکانی وەک لاندسات بە تێپەڕبوونی کات بەتواناتر بوون لە چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی قەبارەی دارستانەکان و ئاوی زەریاکان و تایبەتمەندییەکانی تری ڕووی زەوی.
هەروەها مانگە دەستکردەکانی پەیوەندیکردن وردە وردە پەیوەندی تەلەفۆنی و پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی لە سەرانسەری جیهاندا کردە بەشێکی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی. نەوەکانی داهاتووی مانگە دەستکردەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئینتەرنێتدا هەبوو.
هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی قەبارەی کۆمپیوتەر و ڕەقەکاڵاکانی تر، قەبارەی ئەو مانگە دەستکردانەی کە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زانستی نێردراون و لەگەڵ فراوانبوون و باشترکردنی پەیوەندییەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتر و بچووکتر بوون. ئەمڕۆ باو و ئاساییە کە زانکۆ و کۆمپانیاکان CubeSats دروست بکەن. ئەو مانگە دەستکردانەی شێوە کوبیان هەیە کە بەشێکی زۆری مانگە دەستکردەکانی خولگەی نزیک زەوی پێکدەهێنن.
چی ڕێگری دەکات لە کەوتنە خوارەوەی مانگە دەستکردەکان بۆ سەر زەوی؟
مانگە دەستکردەکان باشترین نموونەی پرۆژێکتایلن، ئەو تەنانەی کە تەنها بە یەک هێز کاریان لەسەر دەکات؛ ئەویش هێزی کێشکردنە.
لە ڕووی تەکنیکییەوە: هەموو شتێک کە لە سەرووی هێڵی کارمێنەوە بێت (100 کم لە ڕووی زەویەوە دوورە) لە بۆشایی ئاسماندایە. بەڵام مانگی دەستکرد دەبێت بتوانێت بە کەمترین خێرایی 8 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بجوڵێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە سەر زەوی.
ئەگەر مانگی دەستکردێک بە خێرایی پێویست بجوڵێت، ئەوا بەردەوام بەرەو زەوی ڕادەکێشرێت. بەڵام کێشانی زەوی هۆکارێکە بۆ ئەوەی مانگی دەستکردەکە بەدەوری زەویدا دابنرێت لەبری ئەوەی بکەوێتە سەر ڕووی زەوی و تێکبشکێت. ئەو مانگە دەستکردانەی لە زەوی نزیک دەبنەوە ڕووبەڕووی کەوتنەخوارەوە دەبنەوە بەهۆی پێکدادان لەگەڵ مۆلیکولەکانی بەرگەهەوا و خاوکردنەوەی خێراییەکانیان. لە لایەکی ترەوە ئەو مانگە دەستکردانەی کە لە خولگە سەرەوەکانی زەویدا دەجوڵێن لەگەڵ مۆلیکولی کەمتر کارلێک دەکەن.
چەند ناوچەیەک لە دەوروبەری زەویدا هەیە کە بە خولگە ناسراون. خولگەی زەوی نزم (LEO) یەکێکە لەوانە، کە لە نێوان ١٦٠ بۆ ٢٠٠٠ کم لە سەرووی ڕووی زەویەوەیە. ئەمە ئەو ناوچەیەیە کە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی و شاتلەکانی بۆشایی ئاسمان و چەندین مانگی دەستکرد تێیدا کاردەکەن.
خولگەی زەوی ناوەڕاست (MEO) باشترین شوێنە بۆ جێگیرکردنی مانگە دەستکردەکانی پەیوەندی، کە لە دوو هەزار کم بۆ ٣٠ هەزار و ٧٨٦ کم لە سەرووی هێڵی ئیستوایی زەویەوە دوورە. لەم بەرزییەدا ڕێژەی “کەوتن”ی مانگە دەستکردەکان بە دەوری زەویدا نزیکەی هەمان خولانەوەی زەوییە. بۆیە مانگە دەستکردەکە دەتوانێت بۆ هەمیشە پەیوەندی بە ئەنتێنەیەکی جێگیرەوە بکات لەسەر زەوی، ئەمەش متمانەپێکراوی پەیوەندییەکانی مانگی دەستکرد زیاد دەکات.
کاتێک مانگە دەستکردەکانی ئەم خولگەیە دەگەنە کۆتایی کارەکانیان، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانیان، ڕێگاکەیان ڕادەستی مانگی دەستکردێکی نوێ دەکەن.
هەندێک لە مانگە دەستکردەکان لە خولگەی ئیستواییدا باشترین ئەنجام پێشکەش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێکی تر لە بازنەکاندا باشتر کاردەکەن کە لە جەمسەرێکەوە بۆ جەمسەرێکی تر درێژ دەبنەوە. مانگە دەستکردەکانی کەشناسی و مانگە دەستکردەکانی لێکۆڵینەوەی گەڕان لەم جۆرەن.
چۆن مانگە دەستکردەکان بەریەک ناکەون؟!
خەمڵاندنەکان سەبارەت بە بوونی نیو ملیۆن مانگی دەستکرد بە قەبارەی جیاواز لە خولگەی زەویدا کراوە. تەنها بەشێکی کەم لەم ژمارەیە مانگە دەستکردەکان کاراییان هەیە. واتە ژمارەیەکی زۆریان وەک “پاشماوەی بۆشایی ئاسمان” بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە. بەم لێکدانەوەیانە ئەگەری پێکدادانی مانگە دەستکردەکان زۆرە.
لە کاتی هەڵدانی مانگە دەستکردەکاندا، ڕێکخراوەکانی بۆشایی ئاسمان دەبێت بە وردی ڕێڕەوی خولگەکان بپشکنن. ڕێکخراوەکانی وەک تۆڕی چاودێری بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (SSN) لە نزیکەوە چاودێری خولگەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە ئەگەر پێکهاتەیەکی گرینگی سەر بە ڕێکخراوەکانی وەک ناسا مەترسی لێدانی تەنێکی دیکەی لەسەر بێت. لەم ڕووەوە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ISS) لە ماوەی جیاوازدا مانۆڕ ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی مەشقی جێهێشتنی خولگەی ئێستای خۆی بکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش بوونی پێکدادان حەتمییە. تاقیکردنەوەیەکی دژە مانگی دەستکرد لەلایەن چینییەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٧دا پاشماوەی بەجێهێشت کە بووە هۆی لەناوچوونی مانگی دەستکردێکی ڕووسی لە ساڵی ٢٠١٣. هەروەها لە هەمان ساڵدا پێکدادانی دوو مانگی دەستکردی ئیریدیۆم ٣٣ کۆسمۆس ٢٢٥١ بووە هۆی دروستبوونی هەورێک لە پاشماوەی بۆشایی ئاسمان.
ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی دیکە هەوڵدەدەن ڕێژەی پاشماوەی بۆشایی ئاسمان کەمبکەنەوە. یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەیە کە مانگە دەستکردە لەکارکەوتووەکان بخرێنە خوارەوە. بەم پێیە بە بەکارهێنانی تەڵە و ڕەنگە تەنانەت تەقینەوەش، دەتوانرێت مانگە دەستکردەکە لە خولگەی خۆیەوە لاببرێت و لە زەوی نزیک بکرێتەوە. هەروەها هەندێک پێیان وایە کە پڕکردنەوەی سووتەمەنی مانگە دەستکردەکان دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەیان.