
لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا چالاکییەکانی مرۆڤ کاریگەریی کارەساتباریان لەسەر ژینگە هەبووە و ئێستا دەبینین زۆرێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی هۆشداری ترسناک سەبارەت بە داهاتووی هەسارەکەمان دەردەکەن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم دەرئەنجامانە تەنها بۆ ژینگە نییە، بەڵکو ڕۆژانە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی و جەستەی مرۆڤ دەبینین.
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
دەبێت بگوترێ گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، مەترسییەکەی تەنانەت لە ڤایرۆسە نەناسراوەکان و نەخۆشییە نامۆکان گەورەترە. پەتای Covid-19 لە سەرانسەری جیهان وانەیەکی باش بوو بۆ ئێمەی مرۆڤ، و توانیمان بە باشی کۆنتڕۆڵی بکەین.
هەروەک Covid-19 پێویستمان بە کردەوەی بەپەلەیە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەی و ڕووداوە کوشندەکانی. ئەگینا پێویستە چاوەڕوانی دابەزینی کوالیتی تەندروستیمان بکەین لە ساڵانی داهاتوودا. لەم بابەتەدا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جەستەی مرۆڤ و تەندروستی دەکۆڵینەوە، کە بەڵگەکانیان تەنانەت لەمڕۆشدا دەبینرێن.
فشاری گەرمی لەسەر دڵ
ڕۆژانە مانشێتەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بێ وێنە لە سەرانسەری جیهانەوە دەبینین و لە ساڵانی داهاتوودا زیاتریش دەبینرێن. ئەگەر تێکڕای پلەی گەرمی جیهان لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ١.٥ پلەی سەدی یان زیاتر بەرزبێتەوە، ئەوا دۆخی کەشوهەوا خراپتر دەبێت.
ڕۆژانە زیاتر و زیاتر گوێبیستی شەپۆلی گەرمای کوشندە دەبین، بەڵام دەبێت بگوترێ کە ئەم جۆرە کارەساتانە ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی ٥ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ئەوانەی لەم دیاردانانە ڕزگاریان دەبێت، ناچار دەبن لەگەڵ بارودۆخی سەختی کەشوهەوادا ڕوبەڕو ببنەوە، جەستەشیان ناچار دەبێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بگونجێت.
تا کەش و هەوا گەرمتر بێت دڵ چالاکتر دەبێت. لەم حاڵەتانەدا دڵ دەبێت خێراتر خوێن پەمپ بکات بۆ ئەوەی خوێنی تازە بهێنێتە سەر ڕووی پێست و لەش سارد بکاتەوە. بەڵام ئەوانەی لەگەڵ کێشەکانی دڵ و خوێنبەرەکاندا دەجەنگن، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاترە، جگە لەوەش فشاری زیاتر لەسەر بەشەکانی تری جەستەیان دروست دەبێت.
تێکچوونی خەو
توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی زانکۆی کۆپنهاگن لەسەر ٤٧ هەزار خۆبەخش لە ٦٨ وڵاتەوە دەریدەخات بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خەوی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا. میکانیزمی جەستەمان بەجۆرێک کاردەکات کە کاتێک دەخەوین، هەوڵدەدات پشوو بدات و جەستە ڕێکبخاتەوە. بۆیە زۆر گرنگە خەوی پێویست بخەوین بۆ ئەوەی تەندروستی جەستەیی و دەروونیمان بپارێزین.
توێژینەوەکە دەرکەوتووە کە مرۆڤەکان لە شەوانی گەرمتردا کەمتر دەخەون، کەمبوونەوەی ماوەی خەوتنیش بە تێپەڕبوونی کات کێشەی تەندروستی لێدەکەوێتەوە. هەرچەندە هەموومان بەدەست ئەو جۆرە دەرئەنجامانەوە دەناڵێنین، بەڵام ئەو کەسانەی جەستەیان هەستیارە بە گەرما مەترسی زیاتریان لەسەرە.
کێشەی هەناسەدان
ئۆزۆن گازێکە کە بەزۆری لە بەرگەهەوای سەرەوەی زەویدا هەیە و لە تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر دەمانپارێزێت. بەڵام ئۆزۆن کە لە نزیک ڕووی زەویدا زۆر مەترسیدارە و بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت وەک سووتەمەنی ئۆتۆمبێل یان وێستگەی کارەبای کیمیایی.
ئۆزۆنی سەر ڕووی زەوی و تەنۆلکەکانی هەوا دەبێتە هۆی کێشەی هەناسەدان و منداڵان زۆرترین مەترسییان لەسەرە. ئەم پیسکەرانە دەبنە هۆی کێشەی گەورەی هەناسەدان وەکو تەنگەنەفەسی و هەوکردنی جیوبی لووت و گیرانی سییەکان. لەو ڕۆژانەی کە کەش و هەوا بە شێوەیەکی نائاسایی گەرمە، ئاستی ئۆزۆن لە ئاستی زەویدا بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستێکی ناتەندروست و مەترسیدار.
زیان گەیاندن بە گورچیلە
کەم ئاوی لەش و گەرما زیان بە گورچیلە دەگەیەنێت. گورچیلە یارمەتی لەش دەدات ماددە زیانبەخشەکان لە خوێندا بە شێوەی میز لاببات. کاتێک جەستە زۆر وشک دەبێتەوە، چڕیی کانزا و ماددە زیانبەخشەکان لە میزدا زیاد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کریستاڵ کە لە کۆتاییدا دەتوانێت لە گورچیلەدا کۆببێتەوە و ببێتە بەردی گورچیلە.
ئەم مەترسییە لە کەسانی پێگەیشتوودا زیاترە کە گورچیلەیان هەستیارە و تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی مردن.
نەزۆکی
یەکێک لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کەمتر ناسراوە، نەزۆکییە. توێژینەوەیەک لەسەر ١٨ هەزار هاوسەر لە چین دەرکەوتووە ئەوانەی ئاستی گەردیلەکانیان لە خوێنیاندا زیاترە، ئەگەری نەزۆکییان تا ٢٠% زیاترە. لێکۆڵینەوەیەکی تر لە ئەمریکا دەریدەخات پیسبوونی هەوا کاریگەری لەسەر منداڵبوون هەیە.
کەمیی خۆراک
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بڕی ئەو خۆراکانەی کە ساڵانە بەرهەم دەهێنرێن کەم دەبێتەوە. ئەمەش لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریقا و ئوسترالیا بە ڕوونی بینراوە و زیاتر لەو وڵاتانەدا دیارە کە بژێوی ژیانیان لە کشتوکاڵ و ماسیگرتنەوە دابین دەکەن.
لەگەڵ گۆڕانی شێوازی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەریاکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا، دیاردە گەلێک ڕوودەدەن کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمیی خۆراکی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. کەمی خۆراک کێشەی وەک نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە و شەکرە دروست دەکات، هەروەها ڕێگری لە گەشەی منداڵ دەکات.
کەمیی خۆراک لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و ئەم کێشانە لە ئێستاوە ڕوودەدەن. لە کۆتاییدا ناچار دەبین بەو خۆراکانە ڕازی بین کە ڤیتامینیان کەمە و ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و بەدخۆراکی.
کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی
پێویستە بگوترێ تەندروستی جەستەیی تاکە کێشە نییە کە ئێمە خەمی لێ دەخۆین و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی دەروونیش دەبینرێت. بیستنی هەواڵەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لافاو و زریانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونمان دەبێت و جگە لە کێشە کەسییەکانی خۆمان دڵەڕاوکێی زیاتر دروست دەکات. بێگومان ئەوانەی تووشی ئەم کارەساتە سروشتیانە بوون، بە دڵنیاییەوە زیاتر زیانیان پێدەگات.
توێژینەوەیەک دوای زریانی کاترینا لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥ دەریدەخات کە ٩٠%ی ٨ هەزار کەسی ڕزگاربووی ئەم ڕووداوە دوای زریانەکە تووشی دڵەڕاوکێ یان نەخۆشی دڵەڕاوکێی درێژخایەن بوون. جگە لەوەش، دڵەڕاوکێی ژینگەیی لە نێو گەنجاندا زیاتر دەبێت. مافی خۆیانە خەمی داهاتوویان بخۆن و لە داهاتووی نادیاریان بترسن.
چیمان پێدەکرێت؟
تا زیاتر زانیاریمان لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت، زیاتر هیوامان بۆ داهاتوو دەبێت. لە ئێستادا هەندێک وڵات هەوڵدەدەن لە ساڵانی داهاتوودا بە پێی ڕێککەوتنی پاریس و COP29 بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ژێر دوو پلەی سەدیدا بمێنێتەوە. هەروەها توێژەران و ڕاوێژکاران چارەسەری کێشەکانی کەشوهەوا دەدەنە حکومەتەکان بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری ئەرێنییان هەبێت.
بەڵام کارەساتێکی لەو شێوەیە بەبێ کردەوەی بەپەلە لەلایەن هەموو حکومەتەکانەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. دەبێت هیوامان ئەوە بێت کە هەموو جیهان یەک بگرن و بەم ئاراستەیە هەنگاو بنێن. بێگومان لەم نێوەندەدا لە کاتێکدا حکومەتەکان هەوڵی چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی کەشوهەوا دەدەن، تۆش دەتوانیت بە چەند گۆڕانکارییەکی بچووک لە شێوازی ژیانتدا بەشدارییەکی گەورە لە ژینگەدا بکەیت.