بابەتەکانزانستگرنگ

تەکنەلۆژیایەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر

تیمێکی توێژەرانی زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ لە چین توانیان تەکنەلۆجیایەک دابهێنن بۆ کۆکردنەوەی ئاو لە بەرگە هەوا، بە بەکارهێنانی ماددە شێدارکەرەوەکان (Hygroscopy Materials) کە کاردەکەن بۆ ڕاکێشان و هەڵمژینی مۆلیکولەکانی ئاو لە هەوادا.

ئەمەش لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە گۆڤاری Applied Physics Reviews لە ژمارەکەیدا کە لە ٥ی کانوونی دووەمدا بڵاوکراوەتەوە. بەگوێرەی بەیاننامەکەی پەیمانگای فیزیای ئەمریکی کە توێژینەوەکەی پەسەند کردووە، ئەو تەکنەلۆجیا داهێنەرە، سادە و هەرزانە. هەر بۆیەش گونجاو دەبێت بۆ بەکارهێنانی بەربڵاو.

زیاتر لە 2.2 ملیار کەس لە وڵاتانی جیهان بەدەست دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن
زیاتر لە 2.2 ملیار کەس لە وڵاتانی جیهان بەدەست دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن

ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە:

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پەیمانگای فیزیای ئەمریکی، زیاتر لە 2.2 ملیار کەس بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن. خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئاوەوە گیان لەدەست دەدەن.

بە سەرنجدان بەوەی کە ئەو ناوچانەی زۆرترین پێویستیان بە باشترکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە لە هەندێک لە خۆرگیرترین شوێنەکانی جیهاندا هەڵکەوتوون. هەوڵی زۆر هەیە بۆ بەکارهێنانی تیشکی خۆر بۆ یارمەتیدانی بەدەستهێنانی ئاوی پاک.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوەی پێویست بەتایبەت لە ناوچە وشکەکاندا، توێژەرانی زانکۆی شەنگهای جیاو تۆنگ کاریان کرد بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیایەک کە کار بۆ دابینکردنی ئاو دەکات بە بەکارهێنانی ووزەی خۆر. لەم تەکنەلۆجیایەدا مادەیەکی جیلاتینی و خوێی شێدار بەکاردێت بۆ ئەوەی ئاو هەڵبمژێت.

لەمبارەیەوە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم داهێنانە، ڕوژۆ وانگ لە زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ دەڵێت: بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانی کەمی ئاو، دەتوانرێت ئەم تەکنەلۆژیای کۆکردنەوەی ئاوی هەوا بەکاربهێنرێت بۆ زیادکردنی پێویستی ڕۆژانەی ئاو. وەک ئاوی خواردنەوەی ناوماڵ، ئاوی پیشەسازی، و ئاوی پاکوخاوێنی کەسی.

لەلایەکی دیکەوە بەیاننامەی پەیمانگای فیزیای ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو تەکنەلۆژیایە داهێنەرە پشت بە دروستکردنی مادەیەکی جێڵی سەروو شێدار دەبەستێت کە توانای هەڵمژینی و ڕاگرتنی بڕێکی زۆر ئاوی هەیە. بەو پێیەی یەک کیلۆ جێڵی وشک دەتوانێت 1.18 کیلۆ ئاو هەڵبمژێت لە ژینگەی کەشوهەوای وشکدا، و تا ٦.٤ کیلۆگرام لە ژینگەی کەشوهەوای شێداردا.

کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا
کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا

کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر:

هایگرۆسکۆپیتی (Hygroscopicity) بریتییە لە توانای مادەیەک بۆ ڕاکێشانی مۆلیکولەکانی ئاو لە ژینگەی دەوروبەری لە ڕێگەی هەڵمژینیەوە. ئەمەش بە هۆی گۆڕانکارییەکی فیزیایی لە ماددە مژەرەکەدا ڕوودەدات کاتێک مۆلیکولەکانی ئاو پێیەوە لکێنراون. یان بە زیادبوونی قەبارە، یان لکاندنی، یان تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی تر.

ماددە هایگرۆسکۆپیەکان بریتین لە ڕیشاڵی سێلولۆز، شەکر، کارامێل، هەنگوین، گلیسیرۆل، ئیتانۆل، میتانۆل، ترشی سولفوریک، چەندین خوێ و چەندین مادەی تر.

جیاوازی شێداری بەزۆری لە بەرگی کتێبە کاغەزییەکاندا دەبینرێت کە بە چینێکی پلاستیکی داپۆشراون. کاتێک شێداری لەناکاو لە بەرگەهەوادا ڕوودەدات، بەرگی کتێبەکە دەپێچێتەوە. چونکە لایەکەی داپۆشراو نییە لەگەڵ چینە پلاستیکیەکەدا شێی زیاتر هەڵدەمژێت و ڕووبەرەکەی زیاد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی فشارێک کە بەرگەکە بەرەو ئەو لایەی کە بە پلاستیکەکە داپۆشراوە دەپێچێتەوە.

بەپێی پرەنسیپی شێداری جێڵ و خوێ، ئەم تەکنەلۆجیایە کار لەسەر کۆکردنەوەی ئاو لە بەرگەهەوا دەکات. ئەمەش لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکەدا بەدەست هاتووە کە توێژەران لەسەر ئامێرە داهێنەرەکەیان ئەنجامیانداوە.

لەمبارەیەوە بەیاننامەی پەیمانگای فیزیای ئەمریکی دەڵێت: لە مێژوودا توێژەران لە کاتی دەرزی لێدانی خوێ بۆ ناو هایدرۆجیلەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە. بەو پێیەی ڕێژەی زۆری خوێ توانای ئاوسانی هایدرۆجیلەکان کەمدەکاتەوە بەهۆی کاریگەری خوێکردنەوە و ئەمەش بووە هۆی دزەکردنی خوێ و کەمبوونەوەی توانای هەڵمژینی ئاو.

وانگ، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: “ئێمە سەرسام بووین کە تەنانەت کاتێک تا 5 گرام خوێ دەدرایە ناو یەک گرام پۆلیمرەوە، جێڵی دەرهاویشتوو تایبەتمەندی ئاوسانی باش و ڕاگرتنی خوێی پاراستووە”.

هەربۆیە توێژەران جێڵێکی سەروو شێداریان دروستکرد بە بەکارهێنانی وەرگیراوەکانی ڕووەکی و خوێیە شێدارەکان کە توانای هەڵمژینی و ڕاگرتنی ڕێژەیەکی بێ هاوتای ئاوی هەیە. ئێستا یەک کیلۆ جێڵی وشک دەتوانێت 1.18 کیلۆ ئاو لە ژینگە وشکەکاندا هەڵبمژێت. هەروەها تا 6.4 کیلۆ ئاو لە ژینگەی شێدار هەڵبمژێت.

جگە لەوەش تیمەکە نموونەیەکی سەرەتایی ئەم تەکنەلۆژیایەیان وەرگرتووە کە دوو ژووری مژینی و چڕبوونەوەیان تێدایە کە بە شێوەیەکی هاوتەریب ڕێکخراون. توێژەران تۆرباینێکیان لە ژووری چڕبوونەوەدا بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی دەرهێنانی ئاوی هەڵمژراو بۆ زیاتر لە ٩٠٪.

کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر
کۆکردنەوەی ئاو لە هەوا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر

کارکردنی ئامێرەکە لە دەرەوەی تاقیگە:

لە نمایشێکی دەرەوەدا تیمەکە بۆیان دەرکەوت کە تەکنەلۆژیاکەیان ئاوی هەڵمژراو (واتە ئاوێک کە لە بەرگەهەواوە ڕاکێشراوە و هەڵمژراوە) ئازاد دەکات تەنانەت لە بەیانیان یان پاشنیوەڕۆشدا کاتێک خۆر لاوازە.

تیمەکە کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی پرۆسەی ڕاکێشان و هەڵمژینی ئاو لە بەرگەهەواوە، بە بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمهێنانی بەرزی ئاو.

لە لایەکی ترەوە توێژەران پێیان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەکارهێنانەکانی داهاتوودا وەکو شێدارکردنەوە و ئاودێری کشتوکاڵی و بەڕێوەبردنی گەرمی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button