ئەمریکا 12 هاککەری چینی تۆمەتبار دەکات بە دزەکردن بۆ ناو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا

وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە فەرمی 12 هاکەری چینی تۆمەتبار کردووە بەهۆی تێوەگلانیان لە زیاتر لە 100 هێرشی ئەلیکترۆنی دژی ڕێکخراوە ئەمریکییەکان، لەنێویاندا دزەکردن بۆ ناو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا. ئەم هێرشانە لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیان پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ یان لەسەر فەرمانی وەزارەتی ئاسایشی گشتی (MPS) و وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەت (MSS) ئەم هێرشانەیان ئەنجامداوە. لەنێو تۆمەتبارەکاندا دوو ئەفسەری وەزارەتی ئاسایشی گشتی چین و هەشت کارمەندی دیکەی کۆمپانیایەکی بەڕواڵەت تایبەت بە ناوی ئای سوون. کۆمپانیایەک کە توانای دزەکردنە ناو ئیمەیڵەکانی جیمەیڵ و مایکرۆسۆفت ئاوتلۆک و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس و ئەم پلاتفۆرمانەی بەکارهێنا بۆ چاودێریکردنی ڕای گشتی لە دەرەوەی چین.
دوو تۆمەتبارەکەی دیکە ئەندامی گروپی هاککردنی APT27 یان Silk Typhoonن. گروپێک کە پێشتر تۆمەتبارکرابوون بە دزەکردن لە سیستەمی چاودێری تەندروستی و ئەکادیمی. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییەی مایکرۆسۆفت، سەرنجی خۆیان گۆڕیوە بۆ دزەکردنە ناو نەرمەکاڵای بەڕێوەبردنی ئایتی. دەوترێت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هەمان شێوە ئەنجامدراوە.
پاڵنەرەکانی هاککەرەکان بۆ دزەکردن بۆ ناو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند کە پاڵنەری ئەم هێرشانە دارایی بووە. هەروەها ڕایگەیاند کە بەشی MPS و MSS بڕە پارەیەکی بەرچاویان داوە بۆ ئەو زانیارییە دزراوانە. لەم نێوەندەدا کۆمپانیای i-Soon و کارمەندەکانی دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ئیکۆسیستەمی “هاککەری بەکرێگیراو”ی حکومەتی چیندا بینیوە. بەیاننامەی DOJ سەبارەت بە i-Soon دەڵێت:
لە هەندێک حاڵەتدا کۆمپانیای i-Soon بە فەرمانی MSS یان MPS دەستدرێژی ئەلیکترۆنی ئەنجامداوە و لە حاڵەتەکانی دیکەشدا بە دەستپێشخەری خۆی داتای دزراوی بەلایەنی کەمەوە بە ٤٣ بەشی جیاوازی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە لە ٣١ پارێزگا و شاری چین فرۆشتووە. کۆمپانیاکە لە نێوان ١٠ هەزار بۆ ٧٥ هەزار دۆلاری لە MSS و MPS وەرگرتووە بۆ هەر ئەکاونتێکی ئیمەیڵی هاککراو. تەنانەت ئەو ڕاهێنانەی بۆ کارمەندانی MPS دابینکردووە کە پێویستیان بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ.
سەبارەت بە گروپی سیلک تایفون، باس لەوە کراوە کە ئەندامەکانی بە پاڵنەرەکانی دارایی، کۆمەڵێک ئامانجی بەرفراوانیان کردووەتە ئامانج. لەوانە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی، بەڵێندەری بەرگری، حکومەتە ناوخۆییەکان، ناوەندە پزیشکییەکان و زانکۆکان. بەمەش ملیۆنان دۆلار زیانیان پێگەیاندووە.
وەزارەتی داد ڕایگەیاند، هیچ کام لە تۆمەتبارەکان دەستبەسەر نین. حکومەتی ئەمریکا پاداشتی تا ١٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەش کردووە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی ناسینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئای سوون. هەروەها پاداشتێکی تا دوو ملیۆن دۆلار پێشکەش کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە ببنە هۆی دەستگیرکردن و سزادانی دوو ئەندامی گروپی تایفونی ئاوریشم بە ناوەکانی یین کیچێنگ و ژۆ شوای لە هەر وڵاتێکدا.