بابەتەکانژینگەگرنگ

200 وڵات لە لوتکەی COP28 ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی

بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، یان لوتکەی COP28، لە دوبەی کۆتایی هات. و وڵاتان ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی. “سوڵتان ئەلجابر”، کە سەرۆکایەتی ئەم لووتکەیەی کردووە، دەڵێت: ڕێککەوتنەکەیان مێژوویی بووە. بەڵام گومان لە کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنە هەیە و هەندێک پێیان وایە ئەو ڕێکارانە بەس نین.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نوێنەرانی نزیکەی 200 وڵات لە لوتکەی کەشوهەوای COP28 ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی لەپێناو دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. هەندێک لە شارەزایان ئەم ڕێککەوتنەیان وەک سەرەتای کۆتایی سەردەمی نەوت باس کردووە.

ئەم ڕێککەوتنە لە دوبەی لە دۆخێکدا کرا کە سیاسەتمەدارانی وڵاتان بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە لە دانوستانێکی چڕدا بوون بە مەبەستی ئەوەی دواجار پەیامێکی بەهێز بە وەبەرهێنەران و یاسادانەرانی وڵاتان بگەیەنن. بەڵام وەک سوڵتان ئەلجابر جەختی لەسەر کردووەتەوە، سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە بەندە بە جێبەجێکردنی.

هەندێک وڵات خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم ڕێککەوتنە دەربڕی. ئیسپێنبارت ئاید، وەزیری دەرەوەی نەرویج وتی: ئەمە یەکەمجارە جیهان لە دەوری دەقێکی ڕوون یەکبگرێتەوە سەبارەت بە پێویستی دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردینی.

بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، یان COP28
بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، یان COP28

ڕۆیتەرز دەڵێت زیاتر لە 100 وڵات زۆر کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئامانجی بەکارنەهێنانی نەوت و گاز و خەڵوز لە لوتکەی COP28 بهێننەدی. بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی گروپی ئۆپێک بوونەتەوە. ئەو گرووپە پێیان وابوو کە جیهان دەتوانێت پیسبوون کەم بکاتەوە بەبێ ئەوەی بەکارهێنانی هەندێک سووتەمەنی نەهێڵێت.

ڕێککەوتنی لوتکەی COP28 چی دەڵێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی؟

بەپێی ئەم ڕێککەوتنه داوا له وڵاتان کراوه به شێوەیەکی دادپەروەر خۆیان لە بەکارهێنانی سوتەمەنی بەردینی لە سیستەمی ووزەیاندا دوور بخەنەوە. ئەم ڕێککەوتنە ئامانجی بەدەستهێنانی “کاربۆنی سفر” تا ساڵی ٢٠٥٠ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕێککەوتنی COP28 داوای لە حکومەتەکان کردووە یارمەتی پاراستنی ژینگە بدەن. بەتایبەتی بە سێ هێندەکردنی توانای وزەی نوێبووەوەی جیهان تا ساڵی 2030، خێراکردنی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵوز و خێراکردنی تەکنەلۆژیای گرتن و هەڵگرتنی کاربۆن.

بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە بەس نییە. ڕەچەڵ کلایتۆس، بەڕێوەبەری سیاسەتی یەکێتی زانایانی نیگەران، ستایشی پەیماننامەکەی کرد. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی دەوڵەمەند پابەند ناکات بە دابینکردنی بودجە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو بۆ دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردینی. لە ئەنجامدا زۆرێک لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند پێدەچێت کێشەیان بۆ دروست ببێت لە هەنگاونان بەرەو تەکنەلۆژیای نوێ.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button