بابەتەکانزانستزانیاری گشتی

هەموو شتێک دەربارەی هەڵۆی سەر ڕووت

هەڵۆی سەر ڕووت

هەڵۆی سەر ڕووت (Bald Eagle) (ناوی زانستی: Haliaeetus leucocephalus) باڵندەیەکی ڕاوچیە لە کۆمەڵە هەڵۆی دەریایی کە لە ئەمریکای باکوور دەژی. مەودای ژیانی ئەم باڵندە ڕاوکەرە ئەلاسکا، کەنەدا، تەواوی وشکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باکووری مەکسیک دەگرێتەوە. ئەم هەڵۆیانە لە نزیک ڕووبارە گەورەکان دەژین کە یەدەگی خۆراکی باشیان هەیە و دارە کۆنەکان بۆ هێلانەکردنیان هەیە.

هەڵۆی سەر ڕووت ڕاوچییەکی هەلپەرستە، واتە هەرچەندە خۆراکی سەرەکییەکەی ماسییە، بەڵام بەپێی بارودۆخەکە سەرچاوەی خۆراکی دیکەی بەردەست بەکاردەهێنێت. هەڵۆی دەریایی کلک سپی نزیکترین خزمی هەڵۆی سەر ڕووتە کە لە ئۆراسیا دەژی و ڕۆڵێکی ئیکۆلۆژی هاوشێوەی ئەم ناوچەیە دەگێڕێت.

جوجکە تازە لەدایکبوەکانی ئەم هەڵۆیانە ڕەنگیان خۆڵەمێشی سووکە و لە تەمەنی دوانزە هەفتەییدا قاوەیی تۆخ دەبن. لەم کاتەدا هێلانەکە بەجێدەهێڵن. لە دەوروبەری سێ چوار ساڵان، ڕەنگیان قاوەییە و لە ژێر باڵەکانیان و لەسەر سەریان هێڵێکی پەڕی سپییان هەیە. هەروەها پەڕی سپی لەسەر سنگ و کلکیان دەبینرێت و نووکیان ڕەشە. لەم تەمەنەدا زۆر لە هەڵۆی زێڕین دەچن و بە ئاسانی. ئەم هەڵۆیانە لە تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا پێگەیشتوو دەبن و لەم تەمەنەدا پەڕە سپییە تایبەتمەندەکانیان لەسەر سەر و کلک دەردەکەون و ڕەنگی چاوەکانیان لە قاوەیی کاڵەوە بۆ زەرد دەگۆڕێت.

هەڵۆی سەر ڕووت

هەڵۆی سەر ڕووت چەندین ژمارەی پێوانەیی لە جیهانی باڵندەکاندا تۆمارکردووە. تا ئێستا قورسترین نێچیر و بار کە باڵندەیەک توانیویەتی لە زەوی دابەزێنێت، ئاسکێک بووە کە کێشی ٦ کیلۆ و ٨٠٠ گرام بووە، کە هەڵۆیەکی سەر ڕووت هەڵیگرتووە. هەروەها جووتێک هەڵۆی سەرڕووت گەورەترین هێلانەی باڵندەیان لە فلۆریدای ئەمریکا دروستکرد. هێلانەکەیان قووڵی ٦.١ مەتر و پانییەکەی ٢.٩ مەتر و کێشی سەرسوڕهێنەریان بە وردی ٢٧٢٢ کیلۆگرامە (نزیکەی ٣ تەن).

ناوی هەڵۆی سەر ڕووت

ناوی ئەم باڵندەیە لە وشەی ئینگلیزی Bald وەرگیراوە کە بە واتای سپی دێت. لە ڕابردوودا ئەم وشەیە بە مانای سپی دەهات، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ماناکەی گۆڕاوە بۆ کەچەڵ.

هەڵۆی سەرڕووت
هەڵۆی سەر ڕووت

تایبەتمەندی ئەم باڵندە

درێژی جەستەی باڵندەی پێگەیشتوو لە نوکی دەندوکەوە تا کۆتایی کلک دەگاتە ١٠٢ سانتیمەتر و کێشیان لە ٣.٥ بۆ ١٢.٥ کیلۆگرام دەگۆڕێت. مەودای نێوان دوو باڵی باڵندەی نێر لە 1.5 بۆ 2.5 مەتر دەگۆڕێت. مێینە لە قەبارەدا گەورەترە و لە کاتی فڕیندا دەگاتە ٢.٧مەتر. هەرچەندە نێرەکان بچووکترن، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بچووکی قەبارەیانەوە دەتوانن تیژتر و خێراتر مامەڵە بکەن. لە لایەکی ترەوە قەبارەی گەورەی مێینەکە ئامادەی دەکات بۆ گەرمکردنی هێلکەکان.

هەڵۆی سەر ڕووتی گەورەساڵ بە ئاسانی دەتوانرێت بە سەر و کلکی سپییان بناسرێتەوە؛ بەڵام لە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەندا ناناسرێنەوە. سەرەڕای ئەمەش هەندێک تایبەتمەندییان تێدایە کە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێن. لە ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا جەستەیان قاوەیی تۆخ دەبێت، دەندوک و چاویان زیاتر ڕەش دەبن. چەناگەیان سپییە و چەندین پەڕ سپی لە جەستە و باڵەکانیاندا دەبینرێت. لە بەشی سەرەوەی کلکدا پەڕی سپی دەبینرێت.بەشی خوارەوەی کلکیان بە گشتی سپییە و سێگۆشەیەکی سپی لە پشتەوە هەیە و لە سەرووی چاوەکانیانەوە شوێنێکی سپی هەیە. لەم تەمەنەدا ڕێژەکەیان خۆڵەمێشییە. لە ساڵی سێیەمی تەمەنیان بەشی سەرەوەی سەر و قوڕگیان سپی دەبێتەوە و چاویان سپی یان زەرد دەبێت. لە ساڵی چوارەمی تەمەنیدا، هەندێک هەڵۆی سەرڕووت لە گەورە دەچن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان سەریان سپییە و هێڵێکی ڕەشیان لە چاوەکاندا هەیە. هەندێکی تر پەڵەی سپی لەسەر جەستە و باڵیان هەیە. لە ساڵی یەکەمی تەمەنی باڵغبووندا، هەندێک جۆریان هێشتا هێڵ لە چاویاندا هەیە، هەندێکی تریش پەڕەکانی کلکیان هەیە و نووکیان ڕەشە.

باڵەکانی ئەم باڵندەیە

باڵەکانی ئەم باڵندانە یارمەتیان دەدەن بە بەکارهێنانی ڕەوتی هەوا بەبێ ئەوەی باڵەکانیان لێبدەن، بەرزببنەوە. نوکی پەڕەکانی کۆتایی باڵەکانیان وردە وردە تەسکتر دەبنەوە. ئەمەش یارمەتی تێپەڕبوونی هەوا دەدات بە ئاسانی بەسەر باڵەکانیاندا. لە ئەنجامدا وزەی کەمتر بەکاردەهێنن بۆ فڕین. جگە لە فڕین، باڵەکانیان لە کاتی ڕاوکردنی ماسییشدا یارمەتیان دەدەن، ئەگەر ماسییەکان گەورە بن، لەبری فڕین دەتوانن بە یارمەتی باڵە بەهێزەکانیان مەلە بکەن بۆ کەناری ڕووبارەکە. خێرایی فڕینیان لە 100 بۆ 320 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەگۆڕێت. بەپێی خێرایی ڕەوتی هەوا و ئایا بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەفڕن یان نوقم دەبن. بەرزی فڕینیان دەتوانێت بگاتە ٣٠٠٠ مەتر.

ڕۆڵی کلک لە هەڵۆدا زۆر گرنگە و زۆر یارمەتیان دەدات لە فڕین و مانۆڕی ئاسمانی و مەلەکردندا. کێشی ئێسکی ئەم هەڵۆیە نزیکەی ٢٥٠ گرامە کە دەکاتە نزیکەی ٥-٦٪ کێشی هەڵۆیەک. لە لایەکی ترەوە کێشی پەڕەکانیان نزیکەی دوو ئەوەندەی کێشی ئێسکەکانیان دەبێت، کەمی کێشی ئێسکیان دەگەڕێتەوە بۆ کون و پێکهاتە ئیسفەنجییەکانیان. دەندوک و چنگیان لە کیراتین دروستکراوە و لە شێوەی توێکڵدا گەشە دەکات، بۆیە دەبێت ساڵانە دەندوک و چنگەکانی هەڵۆکان هەڵبوەرێت. دەندوکی کێشراوی هەڵۆ یارمەتیدەرێکی زۆرە لە دڕاندنی گۆشت و پێستی ئاژەڵەکان بە ئاسانی. پلەی گەرمی لەشی هەڵۆکان نزیکەی ٣٥ پلەی سەدییە. پێستی جەستەیان بە نزیکەی ٧ هەزار پەڕی زۆر نەرم و سووک و نەرم و نیان داپۆشراوە کە لە با و باران و خۆر و سەرما دەیانپارێزێت.

هەڵۆی سەرڕووت
هەڵۆی سەر ڕووت

خواردنی ئەم باڵندەیە

وەک هەندێک باڵندەی ڕاوکەری دیکە، هەڵۆی سەر ڕووت لە لوتکەی هەرەمی خۆراکدان. بەگشتی لە ماسی و ئاژەڵە بچووکەکانی وەک کۆتر و کەروێشک و مار و کیسەڵ دەخۆن.

ماسی نزیکەی لەسەدا نەوەدی خۆراکی ئەوان پێکدەهێنێت. نزیکەی چوار خولەکیان پێدەچێت تا ماسییەک بخۆن کە کێشی نزیکەی ٥٠٠ گرامە. هەندێک جار ماسی لە هەڵۆی دەریایی بچووکتر دەدزن. لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆریان بە دەستی جووتیاران دەکوژران؛ چونکە هەڵۆی سەر سپی هێرشیان دەکردە سەر مریشک و بەرخ و ئاژەڵە ماڵیەکانی تر و ڕاویان دەکرد. ئەم باڵندەیە پێویستی بە ڕووبەرێکی زۆر گەورەیە بۆ ڕاوکردن و بە ئاسانی دەتوانێت دوو کیلۆ نێچیر بگرێت و لەگەڵ خۆی بیبات. دەتوانن لە سەرەوە هێواش هێواش لە نێچیرەکەیان نزیک ببنەوە و لەناکاو بە چنگەکانیان بیانگرن. تاڵە بەهێزەکانی میکانیزمێکی تایبەتی قفڵکردنی هەیە کە هەر کە تاڵۆنەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ نێچیرەکەدا چالاک دەبێت و ناکرێتەوە تاوەکو باڵندەکە تاڵنەکانی لەسەر ڕوویەکی ڕەق فشار بخاتە سەر. هەڵۆی سەرڕووت مەلەوانێکی لێهاتووە؛ وە دەتوانن بچنە ناو ئاو و مەلە بکەن بۆ گرتنی ماسی گەورە.

ئەم باڵندەیە کاتێکی زۆر بە پشوودان بەسەر دەبات؛ چونکە دەبێت لە کاتی ڕاوکردندا وزەیەکی زۆر خەرج بکات. نزیکەی 1 لە 18 هێرش سەرکەوتوو دەبێت. بۆ پاراستنی نێچیرەکەیان، باڵەکانیان وەک چەترێک بەسەریدا دەکەنەوە؛ وە لە کاتی خواردندا نێچیرەکە بە چنگاڵێک دەیگرن و بە چنگاڵەکەی تر دەیدڕێنن و دەیخۆن. دوای ماوەیەک بەشە هەرس نەکراوەکانی خواردنەکەیان دەگەڕێننەوە بۆ ناو دەم و فڕێی دەدەنە دەرەوە.

هەڵۆی سەرڕووت
هەڵۆی سەر ڕووت

وەچەخستنەوە

هەڵۆی سەر ڕووت بە شێوەیەکی ئاسایی تەمەنی نزیکەی سی بۆ چل ساڵ دەبێت. تێکڕای تەمەنیان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە. زۆرێکیان ڕاو دەکرێن. هەندێکیان بەهۆی تەزووی کارەباوە گیان لەدەست دەدەن کە بەهۆی دانیشتن لەسەر وایەر و کێبڵی کارەباوە دروست دەبێت. لە هەندێک شوێن گۆشتی ژەهراوی بۆ کوشتنی ڕێوی بەکاردێت. هەروەها هەڵۆی سەر ڕووت ئەم ڕێویانە ڕاو دەکەن و دەیخۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنیان.

بەگشتی جووتێک نێر و مێ بۆ هەتا هەتایە پێکەوە دەژین. هێلانەی ئەم هەڵۆیە پڕە لە لقی بچووک و موس و چیمەن، قووڵیەکەی نزیکەی ٦٠ سانتیمەتر و تیرەکەی نزیکەی ١.٥ مەتر دەبێت. هێلانەکەیان لەسەر درەخت دروست دەکەن و ساڵانە چاکی دەکەنەوە. شێوەی هێلانەکە بەپێی جۆری دارە بەکارهێنراوەکان دەگۆڕێت. ئەگەر لقە درێژەکان بەکاربهێنرێت، شێوەی هێلانەکە مەخرەجییە. ئەگەر لقە چەماووەکان بەکاربهێنرێت شێوەی هێلانەکە تەخت دەبێت و ئەگەر لقە بچووکەکان بەکاربهێنرێت هێلانەکە شێوەی کوپ دەبێت. بەگشتی لە نزیکەی شوێنی لەدایک بوونیان هێلانە دەکەن و نزیکەی ٢٠ هەفتەی دەوێت تا هێلانە دروست دەکەن.

هەڵۆی سەر ڕووت لە دەوروبەری تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵیدا پێدەگات، لەو کاتەدا بەدوای هاوسەردا دەگەڕێن. وەرزی جووتبوون بەندە بەو ناوچەیەی کە هەڵۆکان تێیدا دەژین.

مێینە هەڵۆ یەک تا سێ هێلکە دەکات. ڕەنگی هێلکەکان سپی پەڵە یان زەردی نۆکە؛ کە شێوە و قەبارەی وەک هێلکەی قاز وایە. لەو ماوەیەی کە مێینەکە لەسەر هێلکەکان دەخەوێت، باڵندەی نێر لقە تازە ڕواوەکان دەهێنێتە هێلانەکە. لەوانەیە ئەمەش بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی هێلانەکە یان بۆ دروستکردنی سێبەر ئەنجام بدرێت. دایک و باوک هاوبەشن لە هەموو شتێکدا. ڕاوکردن و دانانی هێلکە و بەخێوکردنی جوجکە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت. بەڵام باڵندەی مێینە زۆربەی کاری هێلانەکردن ئەنجام دەدات. یەکێک لە دایک و باوکەکان هەمیشە لە هێلانەکەدا ئامادەیە. زۆرجار باڵندەی نێر سەری ماسیەکە دەخوات و ئەوەی دیکەی دەهێنێتە هێلانەکە. لە لایەکی ترەوە باڵندەی نێر بۆ ماوەیەک لەسەر هێلکەکان دەخەوێت. لەم ماوەیەدا باڵندەی مێینە ڕاو دەکات و پاکی دەکاتەوە.

 هەڵۆی سەر ڕووت
هەڵۆی سەر ڕووت

 

سەرچاوە:https://books.google.com/books?id=HTX6BatQFDgC&pg=PA72

Ismail nadimi

خوێندکاری زانستی ئەندازیاری دارستان لە زانکۆی سنە

پۆستی هاوشێوە

یەک بۆچوون

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button