بابەتەکانژینگە

مەترسی وشک بوونی زیاتر لە نیوەی دەریاچە گەورەکانی جیهان

توێژینەوەیەکی نوێی توێژەران دەریخستووە کە زیاتر لە نیوەی دەریاچە و کۆگا ئاویە گەورەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە تووشی مەترسی وشک بوونی جدی بوونەتەوە. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چڕبوونەوەی بەکارهێنانی کشتوکاڵ و کارەبای ئاویەوە بووە.

دەریاچەکان پشتگیری لە ئیکۆسیستەمی جۆراوجۆر دەکەن و ئاو بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ دابین دەکەن. دەریاچەکان کە زۆرجار بە “چاودێریکەری گۆڕانی کەشوهەوا” ناودەبرێن، چەندین پرۆسەی کەشوهەوا لە یەک جێدا یەکدەخەن. لەوانە بارانبارین، ئاوی ڕژاو و هەڵمبوون. بۆیە بڕی ئاوی هەڵگیراو لە دەریاچەکاندا ڕەنگدانەوەی هەڵاوسانی کورتخایەن و درێژخایەنی کەشوهەوایە. بەڵام گەڕاندنەوەی گۆڕانکارییەکانی هەڵگرتنی ئاوی دەریاچەکان بۆ کەشوهەوا ئاڵۆزە، چونکە چالاکییە ڕاستەوخۆکانی مرۆڤ وەک بەڕێوەبردنی کۆگاکان، کۆکردنەوەی ئاو و گۆڕانی بەکارهێنانی زەوی کاریگەرییان لەسەر هەڵگرتنی ئاوی دەریاچەکان هەیە.

وشک بوونی دەریاچە گەورەکانی جیهان (گۆلی ورمێ)
گۆلی ورمێ

تیمێکی توێژەرانی نێودەوڵەتی لە گۆڤاری سایێنس بڵاویانکردەوە، هەندێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاوی شیرین لە جیهاندا، لە گۆلی ورمێ لە کوردستان تا دەریاچەی تیتیکاکا لە ئەمریکای باشوور نزیکەی سێ دەیە ساڵانە نزیکەی ٢٢ گیگاتۆن ئاو لەدەست دەدەن.

فانگ فانگ یاو، پسپۆڕی ئاو لە زانکۆی ڤێرجینیا کە سەرکردایەتی توێژینەوەکە دەکات، ڕایگەیاندووە، لەسەدا ٥٦ی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچە سروشتییەکان بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و بەکارهێنانی مرۆڤەوەیە. گەرمبوون “پشکی زیاتری هەیە”.

زانایانی کەشوهەوا بەگشتی پێیان وایە کە ناوچە وشکەکانی جیهان لە ژێر گۆڕانی کەشوهەوادا وشکتر دەبن. و ناوچە تەڕەکان تەڕتر دەبن. بەڵام ئەم توێژینەوەیە لەدەستدانی ئاوی بەرچاوی تەنانەت لە ناوچە تەڕەکانیشدا دەرخستوە. یاو دەڵێت: “نابێت ئەم خاڵە پشتگوێ بخرێت”.

مەترسی وشک بوونی زیاتر لە نیوەی دەریاچە گەورەکانی جیهان:

دیمەنێکی دەریاچەی ئەلیزابێس لە ئەمریکا کە چەند ساڵێکە وشک بووە
دیمەنێکی دەریاچەی ئەلیزابێس لە ئەمریکا کە چەند ساڵێکە وشک بووە

زانایان بە بەکارهێنانی پێوانەکردنی مانگی دەستکرد کە لەگەڵ مۆدێلی کەشوهەوا و هایدرۆلۆجی تێکەڵکرابوون، نزیکەی ٢٠٠٠ دەریاچەی گەورەیان هەڵسەنگاند.

بۆیان دەرکەوت کە بەکارهێنانی نالەباری مرۆڤ، گۆڕانکاری لە بارانبارین، گۆڕانکاری پلەی گەرما ئاستی ئاوی دەریاچەکانی لەسەر ئاستی جیهان دابەزاندووە. و لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٢٠ لەسەدا ٥٣ی ئاستی ئاوی دەریاچەکان دابەزیوە.

نزیکەی ٢ ملیار کەس لە دەوری دەریاچە وشکبوونەوەکاندا دەژین و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە. لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە ناوچەکان تووشی کەمی ئاو بوون.

زانایان و چالاکوانانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە دەمێکە دەڵێن بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتبارترین دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دەبێت ڕێگری لە گەرمبوونی جیهان بکەین. لە ئێستادا جیهان بە ڕێژەی نزیکەی 1.1 پلەی سەدی لە چاو پێش شۆڕشی پیشەسازی گەرمتر بووە.

لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییە دەریخستووە کە بەکارهێنانی نادروستی مرۆڤ دەریاچەکانی وەک گۆلی ئارال لە ئاسیای ناوەڕاست و دەریای مردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشک دەکاتەوە. هاوکات دەریاچەکانی ئەفغانستان و میسر و مەنگۆلیا کاریگەرییان لەسەر بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی شێی هەوا.

بەڵام ئاستی ئاو لە چارەکێکی دەریاچەکاندا بەرزبووەتەوە، کە لە ئەنجامی دروستکردنی بەنداو لە ناوچە دوورەدەستەکان ڕوویداوە وەک فەلاتی ناوەوەی تبت .

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button