
هەندێک کێشەی چاو و بینین زۆر جددییە و بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ چارەسەرکردن. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت سەبارەت بە کزانەوەی چاو و کەی پێویستە خۆت دەرمان بکەیت؟ پرسیاری دووەم ئەوەیە چۆن دەتوانیت ڕێگری لە کێشەکانی چاو و بینین بکەیت؟
پێش ئەوەی هەر کارێک بکەین یان هەر بڕیارێک بدەین، پێویستە سەرەتا وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە بدەینەوە کە بۆچی چاوەکانمان دەکزێنەوە و چارەسەری کزانەوەی چاوەکانمان چییە؟
هۆکارە سەرەکییەکانی کزانەوەی چاو
هەندێک جار هەندێک هۆکاری دەرەکی دەبێتە هۆی خورانی چاو. واتە چاوەکانی کەسەکە ساغ و تەندروستن؛ بەڵام هۆکارە دەرەکییەکان بوونەتە هۆی خوران و کزانەوەی چاو. هەندێک لەو هۆکارانە بریتین لە:
- پیسبوونی هەوا
- بەرکەوتن بە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر
- بەرکەوتنی دەستی پیس
- کارکردن لە ژینگە هەستیارەکاندا، وەک ئەوانەی دوکەڵ و جگەرە و گەردیلەی تۆز و هتدیان تێدایە.
- هەستیاری وەرزی
- هەستیاری بە هەندێک بۆن وەک سپیکەرەوە و بۆیەی قژ
- بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی
- کوالێتی خراپی بەرهەمە جوانکارییەکان
- حەساسیەت بە پەڕ یان تووکی هەندێک لە ئاژەڵە ماڵیەکان
کاتێک هۆکاری خوران و کزانەوەی چاو یەکێک بێت لەو حاڵەتانەی سەرەوە یان هاوشێوەی ئەو حاڵەتانە، دەتوانیت ڕێگری لێ بکەیت بە نەهێشتنی هۆکارەکانی. بۆ نمونە بەکارهێنانی چاویلکەی ڕەش لە بەر خۆردا و دەرنەچوون لە ماڵەوە لەو ڕۆژانەی کە کەشوهەوا پیسە.
هەندێک جار، کزانەوەی چاو بەهۆی نەخۆشییە جەستەییەکان یان حاڵەتەکانی چاوەوە ڕوودەدات کە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە:
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن: مرۆڤ تووشی خورانی چاو دەبێت کە هۆکارەکەی پەیوەندی بە پەستانی خوێنەوە هەیە.
- وشکبوونەوەی چاوی: هەندێک کەس بەدەست وشکبوونەوەی چاوەوە دەناڵێنن، هەروەها پزیشک دەتوانێت قەترەی گونجاوی بۆ بنوسێت بەپێی جۆری وشکبوونەوەی چاوەکان.
- خواردنی هەندێک دەرمانی پەیوەندیدار بە نەخۆشی شەکرە، هەوکردنی جومگەکان، یان نەخۆشیەکانی تر
- پێوەدانی مێروو
- پیربوون
- نەخۆشی جۆراوجۆری چاو کە تەنها بە سەردانی پزیشک دەستنیشان دەکرێت
لەم حاڵەتانەی سەرەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی بەپێی بارودۆخەکەت چارەسەری گونجاوت بۆ بکات.
چەند ڕێگایەک بۆ خۆپاراستن و چارەسەری کزانەوەی چاو
چارەسەری جۆراوجۆر هەیە بۆ خورانی چاو، بەڵام ئەوەت لەبەرچاو بێت ئەگەر خورانی چاوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بوو، بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. لێرەدا چەند ئامۆژگاریەک دەخەینەڕوو بۆ ڕێگریکردن لە کزانەوەی چاو کە دەتوانن کاریگەر بن:
تا دەتوانیت دوور بکەوەرەوە لە چوونە دەرەوە لە هەوای پیسدا
باشتر وایە دوور بکەویتەوە لە چوونە دەرەوە لە هەوای پیسدا. ئەگەر ناچار بوویت لە ماڵەوە دەربچیت، دوای گەڕانەوەت چاوەکانت بە گیراوەی چاو شۆردن بشۆ.
بەرهەمی جوانکاری بێ کواڵێتی بەکارمەهێنە
لەکاتی کڕینی بەرهەمی جوانکاریدا، لەوانە ئایلاینەر و ماسکارا و سێبەری چاو، دڵنیابە لە کڕینی بەرهەمی کەم هەستیاری لە براندە بەناوبانگەکان. هەندێک لە خانمان بە هەڵە لە کاتی کڕینی بەرهەمی جوانکاریدا زیاتر گرنگی بە نرخی جوانکاری دەدەن نەک تەندروستی خۆیان، لە کۆتاییدا تووشی چەندین کێشە دەبن، لەوانە زیانگەیاندن بە شانەکانی پێست، پیربوونی پێشوەختە، شێرپەنجە و کێشەی چاو. چاوەکانت بەنرخترن لەو نرخەی کە دەیدەیت بۆ کڕینی بەرهەمی جوانکاری.
بەکارهێنانی چاویلکەی خۆری کوالیتی بەرز
هەوڵبدە هەمیشە چاویلکەی خۆر وەک خوویەک لەبەر بکەیت کاتێک لە دەرەوە دەبیت لە ڕۆژدا. لە هیچ بارودۆخێکدا چاویلکەی خۆری ناستاندارد بە عەدەسەی جیاواز مەکڕن. لەم ڕۆژانەدا هەموو فرۆشگایەکی چاویلکە ئامێری پشکنینی عەدەسەی چاویلکەی هەیە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی چاویلکەکان.
چاویلکەی خۆر نەک وەک ئیکسسواراتێکی جوانکاری، بەڵکو وەک ئامێرێک بکڕە کە یارمەتی تەندروستی چاوەکانت بدات. لەبری ئەوەی دەیان چاویلکەی خۆر بە کوالێتی نزم بکڕیت کە زیان بە چاوەکانت دەگەیەنێت، چاویلکەیەک بکڕە کە عەدەسەی کوالێتی بەرزی هەبێت و بیر لە تەندروستی خۆت بکەرەوە. هەمان شت بۆ چاویلکەی ڕەچەتەش دەگونجێت. عەدەسەی کوالیتی نزم بۆ چاویلکەی ڕەچەتە هەڵمەبژێرە.
گرنگی بە خۆراکی خۆت بدە
هەروەها خۆراکی تەندروست دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کزانەوەی چاو. وەرگرتنی ڤیتامین ئەی بە کەم مەزانە، ئەگەر دەتەوێت چاوت گەشاوە و پێستت ساف بێت، بەلایەنی کەمەوە هەفتەی دووجار ئاوی گێزەر بخۆرەوە.
هەندێک ئەو خۆراکانەی ئۆمیگا ٣یان تێدایە یارمەتیت دەدات لە وشکبوونەوەی چاوەکان ڕزگارت بێت. ئەو خۆراکانە بخەرە ناو ژەمەکانتەوە کە ڤیتامین C و ڤیتامین E و زینکیان تێدایە.
لەبیرت بێت کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی خۆراک زیانی هەیە، بۆیە ئاگاداربە لە بڕی ڤیتامینەکان بەتایبەتی E و A. دڵنیابە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی زینکیان تێدایە کە یارمەتی هەڵمژینی ڤیتامین A دەدات.
ڕووناکی دەوروبەرت ڕێكبخە
هەروەها ڕووناکی گونجاوی دەوروبەر یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری چاو دەدات. لە کاتی خوێندنەوە یان کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر گرنگی بە ڕووناکی دەوروبەر بدە. هەندێک کەس هەمیشە یان کار لەسەر مۆبایلەکانیان دەکەن یان چاویان لە مۆنیتەرەکە دەبێت یان سەیری تەلەفزیۆن دەکەن، ئەمەش زیانێکی زۆری بۆ چاوەکان هەیە؛ بۆیە پشوویەک بە چاوەکانت بدە.
بەبێ ڕەچەتەی پزیشک قەترەی چاو بەکارمەهێنە
چاو ئەندامێکی هەستیاری جەستەیە. بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشک قەترەی چاو بەکارمەهێنە. هەندێک کەس بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک فرمێسکی دەستکرد لە دەرمانخانە دەکڕن یان تەنانەت مەڵهەمی ڤیتامین A لە چاو دەدەن، ئەمەش هەڵەیە و تەنانەت دەتوانێت زیان بە تەندروستی چاویش بگەیەنێت.