بابەتەکانتەکنەلۆجیا

کۆمپانیای فینلەندی ڤارجۆ پەردەی لەسەر هێدسێتی VRی XR-4 لابرد کە نرخی ٣٩٩٠ دۆلارە

هێدسێتی VRی نوێی کۆمپانیای ڤارجۆی دەستپێشخەری فینلەندی بەناوی XR-4 بە نرخی بنەڕەتی ٣٩٩٠ دۆلار نمایشکرا. کە ڕکابەری هێدسێتی هاوشێوەی کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت و ئەپڵ دەکات. ئەم ئامێرە زۆر هەرزانترە لە هێدسێتی پێش خۆی یانی XR-3 کە نرخی ٦٤٩٥ دۆلار بوو.

کۆمپانیاکە هیوادارە بتوانێت بەرهەمە نوێیەکەی بە کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکان بفرۆشێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا جیاواز و گەورەکانی تەکنەلۆژیا کار لەسەر واقیعی سێ ڕەهەندی و واقیعی زیادکراو دەکەن و ئەم بوارە بە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە بواری تەکنەلۆژیادا دەزانن.

بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکانی وەک مێتا، هێدسێتی ستارتاپی فینلەندی بە لەبەرچاوگرتنی بەکارهێنانی کۆمپانیا پەرەی پێدراوە. بۆ نموونە فڕۆکەوانێک کە لە کۆمپانیایەکی گەورەدا کاردەکات دەتوانێت ئەو هێدسێتە بەکاربهێنێت بۆ ڕاهێنان لە ھاوشێوەکردنی فڕین لە واقیعی سێ ڕەهەندیدا. یان ئەندازیارێکی بیناسازی دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ کێشانی نەقشەی بینای گەورە.

تایبەتمەندیەکانی هێدسێتی VRی XR-4 کۆمپانیای ڤارجۆ

هێدسێتی VRی XR-4
هێدسێتی VRی XR-4

هێدسێتی XR-4 خاوەنی دوو شاشەی 4k و مەیدانی بینینی 50% فراوانترە بە بەراورد بە نەوەی پێشوو. هەروەها ئەم ئامێرە خاوەنی شاشەیەکی گەشاوەتر و تێکەڵەیەکی ڕەنگی جۆراوجۆرترە لەچاو بەرهەمەکانی پێشوو.

هەروەها هێدسێتی XR-4 دوو کامێرای ٢٠ مێگاپێکسڵی لە پێشەوە هەیە. بەم کامێرایانە بەکارهێنەر دەتوانێت جیهانی دەوروبەری ببینێت لە ڕێگەی عەدەسەی ڕاستەقینەوە کە لەناو هێدسێتەکەدا جێگیرکراون. ئەم تایبەتمەندییە هاوشێوەی ئەوەیە کە مێتا لە هێدسێتەکانیدا پێشکەشی دەکات و ئەوەی ئەپڵ بەنیازە بۆ هێدسێتی ڤیژن پرۆ زیادی بکات.

ئەم کۆمپانیایە دەستپێشخەرییە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هێدسێتی پێشووی ڤارجۆی بە ناوی XR-3 لە شاری هێلسنکی تاقیکردەوە. XR-3 وایکرد بۆ نموونە بتوانرێت بچیتە ناو چێشتخانەیەکی ڕاستەقینە و لەگەڵیدا بەکارهێنەر بتوانێت دەست لە ڕووکارەکان بدات.

هەروەها هێدسێتی VRی XR-4 ی کۆمپانیای ڤارجۆ تایبەتمەندی باشترکردنی ڕووناکی دەوروبەر و هەستەوەری لیداری هەیە. بەم تایبەتمەندیانە بەکارهێنەران دەتوانن لە کاتی بەکارهێنانی هێدسێتەکەدا هەردوو ژینگەی واقیعی سێ ڕەهەندی و واقیعی زیادکراو ئەزموون بکەن. هەروەها هێدسێتی XR-4 تایبەتمەندی مایکرۆفۆنی هەڵوەشاندنەوەی ژاوەژاو و بڵندگۆی یەکگرتووی هەیە. هەروەها ئامێرەکە تایبەتمەندی شوێنپێهەڵگرێکی ناوەکی و کۆنترۆڵکەری ڤارجۆی هەیە کە ڕێگە بە بەکارهێنەر دەدات بەناو ژینگە دیجیتاڵی و فیزیکیەکاندا بڕوات.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button