
ئەمڕۆ نەوتی خاو یان (Petroleum) لە کێڵگە نەوتییە گەورەکاندا دەبینرێت کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر زەریای بەرفراوان بوون. دەرهێنانی نەوت لە وشکانی یان ژێر دەریاوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوپێش دەچێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ. نەوتی خاو بەزۆری ڕەش یان قاوەیی تۆخە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بە ڕەنگی زەرد، سوور، یان سەوزیش دەبینرێت. گۆڕانی ڕەنگی نەوت ئاماژەیە بۆ پێکهاتەکانی ئەم مادە بەنرخە. ئەو نەوتانەی کە ڕێژەی گۆگرد و کانزاکانیان کەمە ڕەنگی سووکتریان هەیە. ئەم مادەیە لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی گرنگ وەک گازۆیل و بەرهەمەکانی تری وەک تایەی ئۆتۆمبێل و چاکەتی ڕزگارکەر و تەنانەت دەرمانی بێهۆشکەر بەکاردێت.
سوتاندنی ئەو بەرهەمانەی کە لە نەوتی خاو وەرگیراون، وەکو گازۆیل، دەبێتە هۆی دەردانی گازی گەرمخانەیی، کە زیادبوونیان لە کۆتاییدا هاوسەنگی سروشتی تێکدەدات و کاریگەری تێکدەرانەی لەسەر ژینگە دەبێت. نەوت و سەرچاوە بەردبووەکانی تر، وەک خەڵوز، بە سەرچاوەی نوێنەبووەوە دادەنرێت؛ چونکە ملیۆنان ساڵ دەخایەنێ بۆ پێکهێنانی ئەم سەرچاوانە. ئەم سەرچاوانە ڕۆژێک تەواو دەبن و دەبێت بیر لە گۆڕینی بکەینەوە.
دروستبوونی نەوتی خاو
ئەو بارودۆخە جیۆلۆجییەی کە دواجار بووە هۆی دروستبوونی نەوت، ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر سەریهەڵداوە، لە ماوەی ژیانی پلانکتۆن و قەوزەکاندا. دوای مردنیان ئەم بوونەوەرانە لە بنی دەریادا لە ژێر ملیۆنان تۆن نیشتوودا نێژران. لەگەڵ وشکبوونەوەی دەریاکان، پاشماوەی نیشتووەکانیان حەوزی نیشتوویان دروست دەکرد و ئەم ماددە ئۆرگانییانە کەوتنە ژێر پەستان و پلەی گەرمی بەرزی چینەکانی سەرەوە لە قووڵایی زەویدا.
لە نەبوونی ئۆکسجین ئەم ماددە ئۆرگانییانە بوون بە ماددەیەکی مۆمی کە پێی دەوترێت کیرۆجین. ئەم مادەیە بە تێپەڕین بە سێ قۆناغی دیاجینێسیس و کاتاجینێسیس و میتاجینێسیس دەگۆڕدرێت بۆ هایدرۆکاربۆن لە ئەنجامی تێپەڕبوونی کات و هەبوونی پەستان و پلەی گەرمی بەرز.
پۆلێنکردنی نەوتی خاو
نەوت لە چەندین هایدرۆکاربۆن پێکهاتووە. جگە لە هایدرۆجین و کاربۆن توخمەکانی تری وەک نایترۆجین و گۆگرد و ئۆکسجین و کانزاکانی وەک ئاسن و نیکل و مس لە پێکهاتەکانی نەوتدا دەبینرێن. پێکهاتەی گەردیلەیی نەوتی خاو لە پێکهاتەی قەوزە و پلانکتۆن و ڕووەکەکانەوە وەرگیراوە کە لێی دروست بووە.
ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پێکهاتەی گەردیلەی نەوتی خاودا بەدی دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی پەستان و بارودۆخی پلەی گەرمی لە کاتی پرۆسەی دروستبوونیدا. بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانە لە پێکهاتەی گەردیلەییدا، ئەو نەوتە خاوەی کە دەگاتە ڕووی زەوی، سەدان پێکهاتەی تری تێدایە. نەوتی سووک و نەوتی قورس و قیر لە پێکهاتە سەرەکییەکانن کە لە دەرهێنانی نەوتی خاوەوە بەدەست دەهێنرێن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە نەوتی خاوەوە وەرگیراون پێویستیان بە پاڵاوتن هەیە بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی.
نەوتی خاو سێ پۆلێنبەندی گشتی لەخۆدەگرێت:
- پۆلێنکردن بە پشتبەستن بە شوێنی جوگرافی
- پۆلێنکردن بە پشتبەستن بە ئەو بڕە گۆگردەی تێدایە
- پۆلێنکردن بەپێی پلەی API
پۆلێنکردن بە پشتبەستن بە شوێنی جوگرافی
بەگشتی سێ جۆر نەوتی خاوی ئاماژەپێکراو هەیە بۆ دیاریکردنی نرخ: نەوتی برێنت و نەوتی تەکساس و نەوتی عومان. نەوتی برێنت تێکەڵەیەک لە ١٥ جۆر نەوتی دەریای باکوورە، لە کێڵگەکانی سکۆتلەندا تا نەرویج. نەوتی تەکساس نەوتێکی کوالیتی بەرز و سووکە و زیاتر لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا بەرهەم دەهێنرێت کە نەوتی ئەمریکای باکوور دابین دەکات. نەوتی عومان کە هەندێک جار بە نەوتی دوبەی ناودەبرێت، بە پێوەرێک بۆ دانانی نرخی نەوت لە کەنداو ناسراوە.

نەوتی ئۆپێک ئاماژەیەکی ترە بۆ سەرچاوە نەوتییەکان. ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) بریتین لە: جەزائیر، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر، ئێران، عێراق، گینیا ئیکواتۆریال، گابۆن، کوێت، لیبیا، نەیجیریا، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، ئەندەنوسیا، کۆنگۆ و ڤەنزوێلا.
پۆلێنکردن لەسەر بنەمای ڕێژەی گۆگرد
گۆگرد وەک پیسییەک لە نەوتی خاودا هەیە. گۆگرد لە نەوتی خاودا دەبێتە هۆی ژەنگاویبوونی کانزاکانی پاڵاوگەکان و پیسبوونی هەوا. نەوتی خاو کە زیاتر لە 0.5% گۆگردی تێدایە بە “نەوتی ترش” ناسراوە و کەمتر لەوە بە “نەوتی شیرین” ناسراوە. نەوتی شیرین نرخی زیاترە، بەهۆی کەمتر کاریگەری لەسەر ژینگە و ڕێژەی پاکی بەرزترە.
پۆلێنکردن بەپێی پلەی API
ستانداردی API نیشاندەرێکی پەسەندکراوە لە نێوان بەرهەمە نەوتی و گازییەکان. پلەی APIی نەوت یەکێکە بۆ بەراوردکردنی چڕی نەوتی خاو بە ئاو. پۆلێنکردنی جیاواز بۆ نەوتی خاو پێشنیار دەکرێت بە پشتبەستن بە پلەی API؛ بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی، نەوتە خاوەکانی خوار ١٥ پلەی API بە نەوتی قورس دادەنرێت و ئەوانەی سەرووی ئەو پلەیە بە نەوتی سووک دادەنرێت. نەوتی قورس بەهۆی گۆگرد و کانزاکانیەوە پێویستی بە هەنگاوی پاڵاوتنی زیاتر هەیە، هەربۆیە نەوتی سووک زیاتر بەناوبانگە. حیسابکردنی نمرەی API لە خوارەوە هاتووە:

کۆگای نەوت (Petroleum reservoir):
نەوتی خاو لە کۆگاکانی ژێر زەویدا هەیە. لە ژێر زەویدا، لە پەستان و پلەی گەرمی بەرزدا، ئەم نەوتە دەست دەکات بە جوڵە بەرەو چینە بەرزەکان تا دەگاتە چینێکی نەدەڵێن بە ناوی کەڤری سەرپۆش و گیر دەخوات لە تەڵەی نەوتیدا. ئەم تەڵە نەوتیانە لەوانەیە بەهۆی لێکترازاو(fault) یان فشاری چینەکانی ژێر زەویەوە بێت. هەروەها لە “تەڵە چینایەتییەکان”دا، نەوت لە ژێر کەڤری سەرپۆش گیر دەخوات بەهۆی کونیلەیی جیاوازی نێوان چینەکان و گۆڕانکاری لە ڕژانی بەردەکاندا. نەوتی خاو بە چینەکانی بەردی لمدا تێدەپەڕێت بەڵام لە ژێر “چینەکانی شیل”دا گیر دەخوات.

دەرهێنانی نەوت
بڕی نەوت لە کۆگایەکی نەوتدا پێی دەوترێت “نەوت لە شوێنی خۆیدا” یان (Oil in Place). هەموو نەوتی ناو کۆگاکان ناتوانرێت دەربهێنرێت. بۆ دەرهێنانی نەوت لە خەزنەی نەوت پێویستە کون بکرێتە ناو چینەکانی زەوی. ئەم کونکردنە دەتوانێت بۆ گەشەپێدان یان گەڕان بێت. بیری گەشەپێدان بۆ زیاتر پەرەپێدانی کێڵگەیەکی نەوت هەڵدەکەنرێت، بەڵام بیری گەڕان کە هەندێکجار بە بیری Wild Cat ناسراوە، لە سەرەتای کونکردن بۆ ناو کێڵگەیەکی نەوت هەڵدەکەنرێت.

کونکردنی شێوە لار (Directional Drilling) کاتێک بەکاردەهێنرێت کە دەستگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بە خەزنەی نەوتەکە گونجاو نەبێت. بەکارهێنانی کونکردن بە شیوەی لار لە ساڵی ١٩٩١ بووە هۆی شەڕی کەنداو. عێراق کوێتى تۆمەتبار کرد بەوەى بە شێوەیەکى نایاسایى لە ڕێگەى کونکردنى لارەوە نەوتى وڵاتەکەى دەدزێت.
پێکهاتەی نەوتی خاو
نەوتی خاو و پێکهاتەکانی بریتین لە هایدرۆکاربۆنی ڕەق و شل و گازی. لە پەستان و پلەی گەرمی ڕووی زەویدا، هایدرۆکاربۆنە سووکەکان، لەوانە میتان، ئیتان، پرۆپان و بوتان، لە دۆخی گازیدا بوونیان هەیە، لەکاتێکدا هایدرۆکاربۆنە قورسەکان بە شێوەی شلە یان ڕەق بوونیان هەیە. لە ژێر ڕووی زەویدا، دۆخی ڕەق، شلە، یان گازی هایدرۆکاربۆنەکان پەیوەندییان بە دیاگرامی قۆناغەکانیانەوە هەیە.
کاتێک بیرێکی نەوت، نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت، هەروەها بڕێکی زۆر گازی تواوەتەوە لە نەوتی خاودا بەرهەم دەهێنێت کاتێک دەگاتە ڕووی زەوی، ئەم گازە بەهۆی کەمبوونەوەی پەستانەوە لە گیراوە دێتە دەرەوە. ئەم جۆرە گازە پێی دەوترێت “گازی پەیوەندیدار” یان (Associated Gas). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە بیرە گازەکاندا بەرهەمی سەرەکی گازی سروشتییە. لە ژێر زەوی و لە ژێر پەستان و پلەی گەرمی بەرزدا، گازی سروشتی هایدرۆکاربۆنی قورستری تێدایە وەک پێنتان، هێکسان و هێپتان. لەسەر ڕووی زەوی ئەم پێکهاتە قورسانە بە شێوەی شلە لە گازەکە جیا دەبنەوە و پێیان دەوترێت “کۆندێنسات”(Condensate).
ڕێژەی هایدرۆکاربۆنە سووکەکان لە نەوتی خاودا لە کێڵگە نەوتییەکانەوە بۆ کێڵگەیەکی تر دەگۆڕێت. ئەم ڕێژەیە لە کۆگاکانی نەوتی سووکدا نزیکەی لەسەدا ٩٧ و لە کۆگاکانی نەوتی قورسدا لەسەدا ٥٠ یان کەمترە. نەوت زیاتر لە ئەلکان و سایکلۆئەلکان و پێکهاتە ئارۆماتیکەکان پێکدێت. پێکهاتەی دیکە لە پێکهاتەی نەوتدا هەن، لەوانە نایترۆجین، ئۆکسجین، گۆگرد و کانزاکان، کە بڕی ئەوانە لە هەر “پێکهاتووێکدا”(Formation) دەگۆڕێت.

پێکهاتەکانی نەوتی خاو دەگۆڕدرێن بۆ بەرهەمی جۆراوجۆر، لەوانە سووتەمەنی گازۆیل، سووتەمەنی جێت، نەوتی سپی و ئاوێتەی دیکە، لە ڕێگەی پرۆسەی “بەهەڵمبوونی بەشەکی” لە پاڵاوگەکاندا. ژمارەی مۆلیکولەکانی نەوت لە نمونەیەکی نەوتی خاودا لە تاقیگەدا دیاری دەکرێت. ئەم بڕە دەتوانرێت بە بەکارهێنانی کرۆماتۆگرافی گازی، دۆزەرەوەی ئایۆنیزەکردنی بڵێسە، یان شێوازەکانی سپێکترۆمێتری بارستەیی دیاری بکرێت. بێگومان بە بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی سەرەوە ناتوانرێت هەموو پێکهاتە نەوتییەکان دەستنیشان بکرێن.
بەکارهێنانی نەوتی خاو لە پیشەسازیدا
پیشەسازی نەوت پرۆسەکانی گەڕان و کونکردن و دەرهێنان، پاڵاوتن و گواستنەوە لەخۆدەگرێت، کە بەکۆمەڵ بە پیشەسازییەکانی نەوتی خاو ناسراون. بەنزین و گازۆیل گەورەترین قەبارەی بەرهەمە نەوتییەکان پێکدەهێنن. هەروەها نەوتی خاو مادەی خاو بۆ زۆرێک لە بەرهەمەکانی پیشەسازی کیمیاییە، وەک دەرمان، توێنەر، پێوانەی کیمیایی، قڕکەر و پلاستیک.
نەوتی خاو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پیشەسازیدا و ڕێژەیەکی بەرزی بەکارهێنانی وزە لە جیهاندا پێکدەهێنێت و ساڵانە نزیکەی ٣٠ ملیار بەرمیل بەکاردەهێنرێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا نزیکەی لەسەدا ٢٤ی هەموو نەوتی بەکارهێنراو بۆ ئەمریکا تەرخانکراوە؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧دا ئەم ڕێژەیە بۆ ٢١% دابەزی. بە سەرنجدان بە زیادبوونی بەکارهێنانی ئەم سەرچاوە نوێنەبووەوە، دەبێت پێشبینی سەرچاوەی بەدیل بکرێت لە ئەگەری بەکارهێنان و تەواوبوونی ئەم یەدەگانە. ئەو سەرچاوانەی کە دەتوانن جێگەی سووتەمەنی بەردینی و پلاستیک و بێگومان سووتەمەنی جێت بگرنەوە.