نیورالینک چییە و ئامانجەکانی چین؟
کۆمپانیای نیورالینک لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ئیلۆن ماسکەوە دامەزراوە و ئامانجی دروستکردن و پەرەپێدانی ئەو ئامێرانەیە کە مێشک و کۆمپیوتەر پێکەوە دەبەستنەوە. ئەم ئامێرانە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات پەیوەندی بە کۆمپیوتەرەوە بکات تەنها بە بیرکردنەوە.
ئەم ئامێرانە دەتوانن ڕێگەت پێبدەن ئەرکی سادە وەک گەڕان بەدوای زانیاریدا یان ئەنجامدانی حیساباتی ئاڵۆز بە کۆمپیوتەر ئەنجام بدەیت. هەروەها دەتوانن لە ڕووی تیۆریەوە تەلەپاتی تەکنەلۆژی دروست بکەن، بینین بۆ ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە کوێرن و ئەو کەسانی ئیفلیج بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەندامە دەستکردەکان بکەن و جوڵەکانیان بەدەستبهێننەوە. ماسک لە ڕابردوودا ڕایگەیاندووە کە تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکەیان دەتوانێت ڕێگە بە مرۆڤ بدات “جۆرێک لە هاوژیانی” لەگەڵ AI پێکبهێنێت.
چیپی مێشکی نیورالینک چییە؟
ئەم چیپە بە نەشتەرگەری لە مێشکدا دادەنرێت و لە ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئامێرە جیاوازەکان بکات و تەنانەت کۆنتڕۆڵی بکات. هاوکات ئەم چیپە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە سیگناڵە کارەباییەکانی مێشک و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و کێشەکانی مێشک.
بەپێی ئەو تیۆرییە پێشنیار کراوە، ئەم ئەلکترۆدانە دەتوانن چاودێری چالاکییەکانی مێشک بکەن و بە شێوەیەکی کارەبایی هانی بدەن. داتاکانی ئەم چیپە بە بێ وایەر دەنێردرێت بۆ کۆمپیوتەر یان هەر ئامێرێکی تر کە بەکارهێنەر بیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات. چیپی مێشک لە کاتی نەشتەرگەریدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە لایەن ڕۆبۆتێکەوە دەخرێتە ناو کەللەسەرەوە. بەگوێرەی ئەو بەرهەمهێنەرە، وایەرەکانی ئەم چیپە تەنها ئەستووری 100 مایکرۆمەترە کە دەکاتە یەک لەسەر بیست ئەستووری قژی مرۆڤ.
تا ئێستا Neuralink چی بەدەست هێناوە؟
ئامێرەکەی نیورالینک قەبارەی دراوێکە و بە شێوەیەک دروستکراوە کە لە ژێر کەلەسەردا بچێنرێت، وایەری بچووکی تێدایە کە دەگەنە مەودایەکی کورت بۆ ناو مێشک بۆ خوێندنەوەی چالاکییەکانی دەمارەکان. کۆمپانیاکە پێشتر تاقیکردنەوەی لەسەر بەراز ئەنجامداوە و دەریخستووە کە مەیموونێک دەتوانێت بە بەکارهێنانی ئامێرەکە یارییە ڤیدیۆییە کلاسیکییەکەی پۆنگ بکات. لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ کۆمپانیای Neuralink ڕایگەیاند کە ڕەزامەندی وەرگرتووە بۆ پشکنینی مرۆڤ.
بەپێی تویتێکی ماسک، کەسێکی خۆبەخش لە ٢٨ی کانونی دووەم چاندنەکەی وەرگرتووە و چارەسەر وەردەگرێت و بەرەو باشی دەڕووات. تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی دیکەی تاقیکردنەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
ئایا پێشتر ئەمە کراوە؟
زۆرێک لە گروپە ئەکادیمییەکان و کۆمپانیا بازرگانییە دەستپێشخەرەکان پێشتر تاقیکردنەوەکانی مرۆڤیان ئەنجامداوە و سەرکەوتوو بوون لە لێکدانەوەی دروستی سیگناڵەکانی مێشک بۆ جۆرێک لە بەرهەم.
تیمێک لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا دوو هەستەوەری بچووکیان دانا تەنها لە ژێر ڕووی مێشکی پیاوێک کە ژێر ملی ئیفلیج بوو. توێژەران توانیان سیگناڵەکانی مێشکی پیاوەکە لێکبدەنەوە کاتێک بیری لەوە کردەوە بە قەڵەم وشەکان لەسەر کاغەز بنووسێت، و بیگۆڕن بۆ دەقێکی خوێنەرەوە لەسەر کۆمپیوتەر.
ئایا ئەم تەکنەلۆژیایە سەلامەتە؟
لە ساڵی ٢٠٢٢ لیژنەی پزیشکان بۆ پزیشکی بەرپرسیار، کە ڕێکخراوێکی داکۆکیکارە، نامەیەکی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا نارد. لەم نامەیەدا داوای لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کرد کە ناوی لێنابوو “پێشێلکارییە بەرچاوەکانی یاسای خۆشگوزەرانی ئاژەڵان کە پەیوەندی بە چارەسەرکردنی مەیموونەکانەوە هەیە کە لە تاقیکردنەوە داگیرکەرەکانی مێشکدا بەکاردەهێنرێن”.
ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز لە هەمان ساڵدا بەڵگەنامە و سەرچاوەی هێنایەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاقیکردنەوەکانی نیورالینک ١٥٠٠ ئاژەڵیان کوشتووە. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی “ئازار و مردنی بێ پێویست”.
مە گشتی هەر ئامێرێک کە بۆ چاندنی مرۆڤ بێت پێویستی بە بڕینی کۆمەڵێک بەربەستی ڕێکخراوەیی دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئامێرەکە سەلامەتە یان نا.
کەی نیورالینک بەردەست دەبێت و تێچووی چەند دەبێت؟
ئێمە بەدوورین لەوەی کە ئەمە بەرهەمێکی بازرگانی بێت. تاقیکردنەوەی زۆر لە پێشە. بۆیە زۆر زووە بۆ ئەوەی ئەوە بڵێین. بەڵام ماسک بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە بەنیازە ئەو تەکنەلۆژیایە بە بازرگانی بکات. یەکەم بەرهەمی پلان بۆ داڕێژراو ناوی “تەلەپاتی”یە. کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیان کۆنترۆڵ بکەن.
وەرگێڕان: یاد عادڵ