ناساندنی کۆمپانیای ئەپڵ (Apple)؛ بەرهەم و خزمەتگوزاریەکان و مێژووی ئەپڵ
کۆمپانیای ئەپڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ئەمریکییە و دیزاین و بەبازاڕکردنی نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵای کۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێر و ئامرازە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە دەکات.
کۆمپانیای ئەپڵ یەکێکە لە کۆمپانیا کاریگەرەکانی جیهان. ناوی ئەم کۆمپانیایە بەستراوەتەوە بە ناوی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە، ستیڤ جۆبس. لە ساڵی ٢٠٢١ بەهای کۆمپانیای ئەپڵ گەیشتە زیاتر لە ٢ ترلیۆن دۆلار. زۆر کەس ئەپڵ بە هەندێک لە بەرهەمە ڕەقەکاڵاکانی وەک ماکینتۆش و ئایفۆن و ئایپاد دەناسن.
بەڵام ئەم کۆمپانیایە بەرهەمی گرنگی لە پیشەسازی نەرمەکاڵادا بەرهەم هێناوە. سیستەمی کارپێکردنی ماک ئۆ ئێس ئێکس و وێبگەڕی میدیای ئایتونز و سویتی نەرمەکاڵاکانی ئایلایف هەندێک لەو بەرهەمە نەرمەکاڵایانەن. سیستەمی کارپێکردنی iOS بۆ تەکنەلۆژیاکانی مۆبایل دەتوانرێت بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە نەرمەکاڵاکانی کۆمپانیای ئەپڵ هەژمار بکرێت. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی دارایی ٢٠٢٢ وەک شەشەم کۆمپانیای پڕقازانج لە جیهاندا بە زیاتر لە ٣٨٧.٥٣ ملیار دۆلار ڕاگەیەندرا. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٥٢%ی داهاتی کۆمپانیای ئەپڵ لە فرۆشتنی مۆبایلەکانی ئایفۆنەوە دێت. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپانیای ئەپڵ زیاتر سەرنجی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە، بەتایبەتی خزمەتگوزارییە هەورییەکان.
جێگای سەرنجە بزانین بە گشتی 40%ی داهاتی ئەپڵ لە فرۆشتنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانییەوەیە لە ئەمریکا و ئەوەی دیکەش لە فرۆشتنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی وڵاتانی دیکەی جیهانە. لە ئێستادا کۆمپانیای ئەپڵ دووەم پڕداهاترین کۆمپانیای جیهانە لە پیشەسازی تەکنەلۆژیادا. و دوای کۆمپانیای ئەمازۆن وەک پڕداهاترین کۆمپانیا لە بواری تەکنەلۆژیادا لەم ڕیزبەندییەدا پۆلێنکراوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٢، کۆمپانیای ئەپڵ لە ئێستادا زیاتر لە ١٦٤ هەزار کارمەندی هەیە.
مێژووی کۆمپانیای ئەپڵ و بەرهەمەکانی
کۆمپانیای ئەپڵ لە یەکەمی نیسانی ١٩٧٦ لەلایەن ستیڤ جۆبس و ستیڤ وۆزنیاک و ڕۆناڵد واین دامەزراوە. کۆمپانیاکە لە سەرەتادا بۆ فرۆشتنی کیتی کۆمپیوتەر دامەزراوە کە ستیڤ جۆبس لەگەڵ هاوڕێکانی لە گەراجەکەیدا دروستی کردووە. کیتی کۆمپیوتەرەکەیان ناویان ناوە ئەپڵ ئای.
ئەپڵ بە فەرمی لە ٣ی ژانویەی ١٩٧٧ وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی دەستی بە کارەکانی کرد. لەم کاتەدا ڕۆناڵد واین پشکەکەی بە ٨٠٠ دۆلار فرۆشت و لە هاوڕێکانی جیابووەوە. ئەم کۆمپانیایە لە سەرەتاوە بە “کۆمپانیای کۆمپیوتەری ئەپڵ” ناسرابوو کە ساڵی ٢٠٠٧ وشەی “کۆمپیوتەر”ی لێ لابرا و ئێستا تەنها بە ئەپڵ ناودەبرێت.
هەر لەو ساڵەدا دووەم بەرهەمی ئەپڵیان خستە بازاڕەوە بە ناوی ئەپڵ II، کە بەشێکی باشی لێ فرۆشرا. لە ساڵی ١٩٨٠دا وەشانی سێیەمی ئەم کۆمپیوتەرە هاتە بازاڕەوە. ئەم بەرهەمانە متمانە و ناوبانگێکی وایان بە ئەپڵ بەخشی کە کۆمپانیاکە توانی لە پێشکەشکردنی سەرەتایی گشتیدا ژمارەی پێوانەیی نرخی پشکی گشتی بشکێنێت.
گرنگترین بەرهەمی داهاتووی ئەپڵ لەو کاتەدا کۆمپیوتەری ماکینتۆش بوو کە لە ساڵی ١٩٨٤ بەرهەم هێنرا. ئەم بەرهەمە بۆ یەکەمجار لەگەڵ ڕیکلامێکی تەلەفزیۆنی 5.1 ملیۆن دۆلار بە ناوی “1984” کە لەلایەن ڕیدلی سکۆتەوە دروستکراوە، خرایە بازاڕەوە. فرۆشی ماکینتۆش هەوراز و نشێوی زۆری هەبوو. فرۆشی سەرەتایی سەرکەوتوو بوو بەڵام وردە وردە دابەزی بەهۆی بەرزی نرخەکەی و سنوورداربوونی نەرمەکاڵا گونجاوەکانی.
ڕۆیشتنی ستیڤ جۆبس و پاشەکشەی کۆمپانیای ئەپڵ
لە ساڵی ١٩٨٥ ململانێیەکی تەواوەتی دەسەڵات لە نێوان جۆن سکولی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ و ستیڤ جۆبس ڕوویدا. دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەپڵ داوای لە سکالی کرد کە کۆنترۆڵی ستیڤ جۆبس بکات و ڕێگەی پێنەدات تێچووی زۆر بخاتە سەر کۆمپانیاکە بە بەرهەمهێنان و دیزاینکردنی ئامێرە تاقینەکراوە و نوێیەکان. لە لایەکی دیکەوە ستیڤ جۆبس فەرمانەکانی سکولی پشتگوێ خست و بە بەکارهێنانی کاریگەرییەکانی هەوڵیدا سکولی لاببات. لەم نێوەندەدا ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکە لایەنگری سکولی بوون و ستیڤ جۆبسیان لە ئەرکی بەڕێوەبردنی بێبەش کرد. دوابەدوای ئەم بڕیارە جۆبس دەستی لەکارکێشایەوە لە کۆمپانیای ئەپڵ و لە هەمان ساڵدا کۆمپانیای نێکستی دامەزراند.
دوای چەند ساڵێک کۆمپانیای ئەپڵ وەشانێکی پێشکەوتووتری ماکینتۆشی دروستکرد کە بە پاوەربووک ناسرا. پاوەربووک و هەندێک بەرهەمی تری ئەپڵ لەم ساڵانەدا سەرکەوتنیان بۆ ئەم کۆمپانیایە هێناوە. بەڵام دواتر بەرهەمەکانی ئەپڵ سەرکەوتنی ئەوتۆیان بەدەست نەهێنا.
دوای ئەوەی چەندین شکستی یەک لە دوای یەکیان بەسەردا هات، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە بڕیاریان دا بچنە بازاڕی کەرەستەی ناکۆمپیوتەر وەک کامێرای دیجیتاڵی، سی دی پلەیەری پۆرتەبڵ، بڵندگۆ و هتد، بەڵام ئەپڵ بەم شێوەیەش سەرکەوتوو نەبوو و نرخی پشکەکانی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ دابەزینی بەخۆیەوە بینی. زۆرێک پێیان وابوو پێشبینییە هەڵەکانی سکالی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بازاڕ هۆکاری شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەپڵ بووە. بۆیە دوای ماوەیەک مایکل سلێندەر لە شوێنی سکولی جێگیرکرا.
دوای ساڵێک یان دوو ساڵ، سلێندەر جێگەی خۆی بە جیل ئەمێلیۆ دا. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێی کۆمپانیای ئەپڵ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کۆمپانیاکەدا هێنایە ئاراوە. لە نێوان شتەکانی تردا هەوڵیدا سیستەمی کارپێکردنی ماک باشتر بکات، کە لەم بوارەدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. زۆری نەخایاند شکستەکانی کۆمپانیاکە تووشی ئەمێلیۆ بوون و دەستەی کارگێڕی ستیڤ جۆبسیان هێنایەوە و ئەمەش سەرەتای بزووتنەوەیەک بوو بۆ گەشەپێدانی دووبارەی ئەپڵ.
گەڕانەوەی ستیڤ جۆبس و کۆتایی هاتنی شکستەکانی ئەپڵ
هاتنی ستیڤ جۆبس بەڵێنی داهاتوویەکی گەش بۆ ئەپڵ دا. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ١٩٩٨ هێڵی دروستکردنی کۆمپیوتەری ئای ماکی بنیادنا. ئایماک لەلایەن جۆناسان ئایڤەوە دیزاین کرابوو، هەمان ئەو کەسەی دواتر دیزاینی ئایپەد و ئایفۆنی کردووە. ئەپڵ توانی لە ماوەی ٥ مانگدا نزیکەی ٨٠٠ هەزار ئامێری ئای ماک بفرۆشێت. فرۆشتنی ئەم بەرهەمە قازانجێکی گەورەی بۆ ئەم کۆمپانیایە هێنا.
لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیای ئەپڵ توانی چەندین کۆمپانیا بکڕێتەوە. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠٠١ سیستەمی کارپێکردنی ماک ئۆ ئێس ئێکسی دیزاین کردووە و لە ساڵانی دواتردا پەرەی پێدا. لە هەمان ساڵدا بەرهەمێکی دیکەی ئەپڵ بە فرۆشتنێکی سەرسوڕهێنەر هاتە بازاڕەوە کە بریتی بوو لە پلەیەری مۆسیقای پۆرتەبڵی ئایپاد. لە ماوەی ٦ ساڵدا نزیکەی ١٠٠ ملیۆن لەو ئامێرە فرۆشران.
لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمپانیای ئەپڵ دەستپێشخەرییەکی دیکەی کرد و فرۆشگایەکی ئۆنلاین بە ناوی (ئایتونز ستۆر) دامەزراند. بەکارهێنەران دەیانتوانی مۆسیقای دڵخوازی خۆیان دابەزێنن بە ٩٩ سەنت بۆ هەر گۆرانییەک. ئەم فرۆشگایە بە خێرایی پێگەیەکی پێشەنگی لە بواری فرۆشتنی مۆسیقای ئۆنلاین بەدەستهێنا، بەجۆرێک تا ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ زیاتر لە ٥ ملیار گۆرانی لێ دابەزێنرا.
گەشەی بەرچاوی پشکەکانی ئەپڵ لە ساڵی ٢٠٠٧
لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمپانیای ئەپڵ یەکەم لاپتۆپی خۆی بەناوی ماکبۆک پرۆ بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای ئینتل خستە بازاڕەوە. لە چەند ساڵی داهاتوودا کۆمپانیای ئەپڵ چەندین بەرهەمی بە بەکارهێنانی چیپ و پرۆسێسەرەکانی ئینتێل ناساند. گەشەی ڕێژەیی بەهای پشکەکانی ئەپڵ لەم ساڵانەدا نیشانەی سەرکەوتنە بێشومارەکان بوو کە کۆمپانیاکە لەگەڵ ستیڤ جۆبسدا هەیبوو.
لە ساڵی ٢٠٠٧ ستیڤ جۆبس لە پێشانگای ماک وۆرلددا ڕایگەیاند کە لەمەودوا وشەی “کۆمپیوتەر” لە ناونیشانی “کۆمپیوتەری ئەپڵ” لادەبرێت، چونکە چیتر بازاڕی کۆمپیوتەر تاکە ئامانجی چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیایە نابێت. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکات بوو لەگەڵ پەردەلادان لەسەر بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ: ئایفۆن و ئەپڵ تیڤی!. ڕۆژی دواتر بەهای پشکەکانی ئەپڵ گەشەیەکی بەرچاوی کرد و سات بە سات زیادی کرد.
هەر لەو ساڵەدا کۆمپانیای ئەپڵ فرۆشگایەکی ئۆنلاین بەناوی “App Store” دامەزراند کە بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد تاچ دەتوانن نەرمەکاڵا و بەرنامە دڵخوازەکانیان دابەزێنن. لە ماوەی مانگێکدا ئەم فرۆشگایە ٦٠ ملیۆن ئەپ و نەرمەکاڵای فرۆشت و بە تێکڕا ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە. بەڵام ئاواتەکانی ستیڤ جۆبس بە چەند ملیۆن دۆلارێک تێر نەبوون و پێشبینیشی کرد کە ئەم فرۆشگایە ببێتە بزنسێکی ملیار دۆلاری. دوای سێ مانگ لە خستنەبازاڕی ئەم فرۆشگایە، ڕاگەیەندرا کە بەناوبانگبوونی ئایفۆن وایکردووە ئەپڵ ببێتە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری مۆبایل.
لە ساڵی ٢٠١٠ ئەپڵ بۆ یەکەمجار تابلێتی ئایپادی بەرهەم هێنا. کاتێک ئەم بەرهەمە هاتە ناو بازاڕی ئەمریکا، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٥٠٠ هەزار ئامێری لێ فرۆشرا.
ئەپڵ دوای جۆبس
ستیڤ جۆبس کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە بوونی لە کۆمپانیای ئەپڵ کەم بووەوە، لە ١٧ی ١ی ٢٠١١ ڕایگەیاند کە بەهۆی چارەسەری بۆ ماوەیەک لە کۆمپانیای ئەپڵ نابێت. لەو ماوەیەی کە جۆبس لە ئەپڵ ئامادە نەبوو، تیم کوک کارەکانی ئەنجام دەدا، بەڵام لە بڕیارە ستراتیژییەکانی کۆمپانیاکەدا داوای بۆچوونی جۆبس دەکرا. لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، ستیڤ جۆبس، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، جارێکی دیکە دەستی بەسەر کۆمپانیای ئەپڵدا گرت و پلانی کۆمپانیاکە لە بواری کۆمپیوتەری هەوریدا بە ناوی ئایکلاود لادا.
لە ٢٤ی ئابی ٢٠١١ ستیڤ جۆبس دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە کێشایەوە و تیم کوک جێگەی گرتەوە. بێگومان جۆبس لە ئەم کاتەدا هێشتا سەرۆکی کۆمپانیاکە بوو. ئەم کۆمپانیایە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ خستنەبازاڕی ئایفۆن ئێس ٤ی خۆی ڕاگەیاند کە تایبەتمەندی ناوازەی هەبوو. یاریدەدەری زیرەکی نەرمەکاڵا ناسراو بە سیری یەکێک بوو لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم بەرهەمە. ئەپڵ لە ١٤ی ئۆکتۆبەر بە فەرمی مۆبایلەکەی خستە بازاڕەوە و لە سێ ڕۆژی یەکەمدا زیاتر لە ٤ ملیۆن یەکەی فرۆشرا. ئایفۆن S4 نەک هەر ڕیکۆردی فرۆشی بەرهەمەکانی ئەپڵی شکاند، بەڵکو ژمارەی پێوانەیی فرۆشی سەرجەم مۆبایلەکانیشی شکاند.
بەڵام لە ٥ی تشرینی یەکەمدا ئەپڵ زیاتر لە جاران بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان، ئەمجارەیان بەهۆی خستنەبازاڕی بەرهەمێکی نوێ یان بڕیارێکی ستراتیژی ترەوە نەبووە. ئەمجارەیان هەواڵێک لەم کۆمپانیایە بڵاوکرایەوە کە زۆر کەسی تووشی شۆک کرد؛ ستیڤ جۆبس کۆچی دوایی کرد.
زۆر کەس مردنی ستیڤ جۆبسیان بە کۆتایی سەردەمێکی گرنگ لە ئەپڵ زانی. بوونی ستیڤ جۆبس ئەوەندە متمانەی بە ئەپڵ بەخشی کە هەواڵی مردنەکەی بووە هۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە. زۆر کەس پێیان وایە کە شوێنی جۆبس هەمیشە لە ئەپڵ چۆڵ دەبێت، هەرچەندە لە ماوەی ژیانیدا کۆمەڵێک بەڕێوەبەری بەهێز و بە ئەزموونی چاندووە. زۆر کەس گەشبینن بە تیم کوک کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵە و پێیان وایە ئەم کۆمپانیایە سیاسەت و ستراتیجی درێژخایەنی هەیە و مردنی یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی هیچ زیانێکی گەورە بەو کۆمپانیایە ناگەیەنێت. تیم کوک تا ئێستاش بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵە و لەگەڵ تیمەکەی بەرهەمی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات.
بەرهەمەکانی ئەپڵ
بەرهەمەکانی ئەپڵ بە کوالێتی بەرز و مانەوەیان ناسراون. لە خوارەوە لیستی تەواوی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ دەخەینەڕوو. لە نێو بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ئەپڵدا دەتوانرێت ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکرێت:
- ماکینتۆش
- ئایپاد
- مۆبایلی زیرەک
- کاتژمێری زیرەک
- کۆمپیوتەری کەسی ماک
- سیستەمی کارپێکردنی ئای ئۆ ئێس
- Ilife
- Iwork
- Final cut pro (بەرنامەی نەرمەکاڵای دەستکاریکردنی ڤیدیۆ)
خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ:
- Apple pay (جزدانی دیجیتاڵی بۆ ئەنجامدانی مامەڵە لەسەر سیستەمی کارپێکردنی iOS)
- Apple store (فرۆشگای ئۆنلاین بۆ کڕینی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵ)
- iTunes store
- Mac App store
- iBook store
- iCloud
- Apple Music
ڕکابەرەکانی کۆمپانیای ئەپڵ:
تا ئەو کاتەی ئەپڵ تەنها سەرنجی لەسەر دروستکردنی بەرهەمی کۆمپیوتەر بوو، ئەوا کێبڕکێی لەگەڵ کۆمپانیا ناسراوەکانی نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵای کۆمپیوتەر دەکرد. دێل، گەیت وەی و ئەلیێن وێر، مایکرۆسۆفت و ئینتل لە گرنگترین ڕکابەرەکانی ئەپڵ بوون لەم بوارەدا. ئەپڵ لە پیشەسازی کۆمپیوتەردا لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمپانیای ئینتل کاریان کردووە و زۆربەی پرۆسێسەر و چیپەکانی لەم کۆمپانیایەی بەکارهێناوە.
کۆمپانیاکانی ئای بی ئێم، گووگڵ، مایکرۆسۆفت، ئەمازۆن گرنگترین ڕکابەری ئەپڵن لە بازاڕی سێرڤەر و پرۆسێسی هەوریدا. هەروەها سامسۆنگ یەکێکە لە ڕکابەرە گرنگەکانی ئەپڵ لە بواری مۆبایلدا.