بابەتەکانزانیاری گشتی

دیواری گەورەی چین؛ یەکێک لە ٧ سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان

دیواری گەورەی چین بە درێژایی نزیکەی ٢١ هەزار و ١٩٦ کیلۆمەتر درێژترین پێکهاتەیە لەسەر زەوی و بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکانی دوژمن لە ناوچەکانی باکوورەوە دروستکراوە کە هەڕەشەیان لە ئیمپراتۆریەتەکانی چین دەکرد. ئەوەی جێگای سەرنجە، هەندێک لە مێژوونووسان باسیان لەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکی دروستکردنی دیواری گەورە ڕێگریکردن بووە لە چوونە ژوورەوەی بیانییەکان. ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە ڕوویدا و چین ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیاری بیانی دەکات.

ئەوەی ئەمڕۆ لەبارەی دیواری گەورەی چین دەزانین، کۆمەڵه بینای جیاوازه که به ملیۆنان کرێکار بۆ دروستکردنی گیانی خۆیان لەدەست دا. لە کاتێکدا ئەم دیوارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە لە پێشگرتن لە هێرشی داگیرکەران. و ئەمڕۆ تەنها وەک هێمای دەسەڵاتی هەمیشەیی شارستانیەتی چینی دادەنرێت. دیواری گەورەی چین لە ساڵی ١٩٨٧ وەک میراتی جیهانی یونسکۆ تۆمارکراوە. و بە یەکێک لە باوەڕپێنەکراوترین کارە ئەندازیارییەکان دادەنرێت کە جیهان بینیویەتی.

دیواری گەورەی چین چۆن دروستکرا؟

دیواری گەورەی چین لە ماوەی دوو هەزار ساڵدا لەلایەن خانەدانی جیاوازەوە دروستکراوە. و بەدرێژایی سەدەکان، تەکنیکەکانی دروستکردنی وردە وردە باشتر بووە. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە مێژووی دیواری گەورەی چین دەریدەخات کە ئەم پێکهاتە چۆن دروست بووە و مرۆڤ دەتوانێت لە پەرەسەندنی دیزاین و شێوازی بیناسازی چینی تێبگات.

شێوازی بیناسازی چینی

دیواری گەورەی مۆدێرنی چین: وێنەی زۆربەی خەڵک لەسەر دیواری گەورەی چین پەیوەستە بەو دیوارەی نزیک لە پەکین کە لە سەردەمی شانشینی مینگ لە ماوەی سەدەی ١٥ و ١٦دا دروستکراون و ڕەنگدانەوەی تەکنیک و کەرەستەی بیناسازی بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووترە.

دیواری سەرەتایی چین: بەشە سەرەتاییەکانی دیوارەکە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروستکراون و لە ئەنجامدا تەکنیک و هێزی کەمتریان هەبووە. زۆربەی ئەم بەشانە دوای چەندین سەدە لە وەرینی زەوی لەدەستچوون؛ بەڵام بەشێکی هێشتا ماونەتەوە دوای هەزاران ساڵ لە کەشوهەوا. بەهۆی بەردەستبوونی خاکی ناوخۆیی، زۆربەی دیواری گەورەی چین بە خاکی دەوڵەمەند بە ڕوس بە بەکارهێنانی تەکنیکی “هەنگتو” دروستکراوە. بۆ ئەم مەبەستەش خاکە چەقێنراوەکەیان لەسەر چینەکانی دارەکان دەڕژاند و دواتر لێیان دەدا و هەمان شێواز بۆ باقی چینەکان دووبارە دەکردەوە. هەر چینێک بەرزییەکەی ١٨ سانتی مەتر بوو، کە کاتێک لێدەدرا دەگەیشتە ١٣ سانتی مەتر.

ماوەی دروستکردنی دیواری گەورەی چین:

دیواری گەورەی چین لە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵدا لەلایەن ١٩ خانەدانی جیاوازەوە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین تا سەدەی ١٦ی زایینی دروستکراوە. چوار کەس ڕۆڵی گرنگیان لە دروستکردنیدا بینی: دوکێک لە شانشینی ژۆو، ئیمپراتۆری یەکەمی شانشینی چین، ئیمپراتۆر وو لە شانشینی هان و ژەنەڕاڵ چی جیگوانگ لە شانشینی مینگ.

هۆکاری دروستکردنی دیواری گەورەی چین:

ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەم دیوارە گەورەیە پاراستنی ئیمپراتۆریەتی چین بوو لە داگیرکارییەکانی کۆچەرییەکانی باکوور. بەڵام بە دەگمەن ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی داگیرکەرانی چین دەکرد. لەبری ئەوە زیاتر بەربەستێکی دەروونی بوو لە نێوان شارستانیەتی باکوور و باشوور و هێمای خۆڕاگری چینی بوو.

دیواری چین

ئامانجێکی دیکەی دروستکردنی ئەم پێکهاتە زەبەلاحە بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بوو. ئەم بابەتە بریتی بوو لە سەپاندنی باج لەسەر کاڵای هاوردە. و هەناردەکراو لە ڕێگای ئاوریشمەوە، کۆنترۆڵکردنی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی و کۆچبەری لە سنوورەکانەوە.

دیواری گەورەی چین لە بۆشایی ئاسمانەوە:

ڕەنگە بیستبێتتان دیواری گەورەی چین تاکە پێکهاتەی دروستکراوی مرۆڤە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە بە چاوی ڕووت ببینرێت. ئەمە ڕاست نییە و ناتوانرێت لە مانگەوە دیواری گەورەی چین ببینرێت.

دیواری گەورەی چین لە بۆشایی ئاسمانەوە

لە ڕاستیدا سەرچاوەی ئەم ئەفسانەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٢؛ کە جارێک لە کاریکاتۆڕیستێک ئیدیعای کرد، کە دیواری گەورەی چین بە بەهێزترین بەرهەمی دروستکراوی مرۆڤ دادەنرێت و تاکە پێکهاتە کە لە مانگەوە ببینرێت.

جگە لەوەی کە ئەم دیوارە تەنها حەوت مەتر پانە، بەدڵنیاییەوە پیسبوونی هەوای ئەو وڵاتە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم بینینی لە بۆشایی ئاسمانەوە. تەنانەت ئەگەر دیواری گەورەی چین لە خولگەی نزیک زەویەوە ببینرێت، ئەوە ڕاست نییە کە ئەو دیوارەی باسکراوە تاکە پێکهاتەی دروستکراوی مرۆڤە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە ببینرێت. کەشتیوانانی ناسا نەک هەر دەتوانن شارەکان لە شەودا ببینن، بەڵکو لە ڕۆژدا پێکهاتەی گەورەیان بینیوە کە بریتین لە فڕۆکەخانە و پرد و بەنداو و زۆر شتی تر.

بەرزی دیواری گەورەی چین:

بەرزی ئەم دیوارە بە تێکڕا دەگاتە ٧.٨ مەتر؛ بەڵام هەندێک بەش کورتتر یان بەرزترن، لە بەرزترین شوێنی ئەم دیوارە دەگاتە ١٤ مەتر.

تەلارسازی دیواری گەورەی چین:

دیواری گەورەی چین بە یەکێک لە گەورەترین پێکهاتە دروستکراوەکانی مرۆڤ دادەنرێت. و تەکنیکی جۆراوجۆر بۆ دروستکردنی بەکارهێنراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دروستکردنی دیوارەکە ماوەیەکی زۆرە ئەنجامدراوە، ئەو کەرەستانەی تێیدا بەکارهێنراون پەیوەندییان بە قۆناغی مێژوویی و شێوازی باوی بیناسازی لەو قۆناغەدا هەیە.

یەکەم دیوارەکان کە پێش شانشینی سوی دروستکراون لە زەوی و گڵ و بەردی چڕکراوە لە نێوان تەختەی داردا دروستکراون. بیناکاران بە شێوەیەکی سیستماتیکی سادەترین و باوترین سەرچاوەی بەردەستیان بەکارهێنا. لە ڕاستیدا ئەو شوێنەی کە دیوارەکەی لێ دروستکرابوو، دیاری دەکرد کە چ کەرەستەیەک بۆی بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ درێژبوونەوەی دیوارەکە بەسەر زنجیرە شاخەکەدا، ئەو بەردانەی لە شاخەکەدا دۆزرایەوە بۆ بیناسازی بەکاردەهێنران. بەو پێیەی ئەم کەرەستانە قورس بوون و دەبوو چوارگۆشە بکرێن، درووستکردنی ئەم دیوارە بە هێواشی پێشدەکەوت.

تەلارسازی دیواری گەورەی چین

لە دەشت و زەوییە تەختەکاندا خاکی چڕکراوە دەکرایە قاڵبی ڕەق. لە کاتێکدا لە ژینگە بیابانەکاندا، لقەکانی کانی و بیی سوور بە خۆڵ چین چین دادەڕێژران. هەروەها لە زۆر شوێنی دیوارەکەدا تەختەی دار وەک چوارچێوەی پێکهاتەکە بەکاردەهێنرا. بەشێک لە دیواری گەورەی چین کە لە سەردەمی مێژووی چین لە پارێزگای هێبی دروستکراوە، لە خاک دروستکراوە. و ئەمڕۆ بەهۆی کەمی بەرگرییەکەی بەرامبەر با و باران بوونی نەماوە.

لە سەردەمی شانشینی تانگ و سۆنگ، تەکنەلۆژیای دروستکردنی خشت پەرەی سەند و بەهۆی ئەوەی خشت لە بەرد بچووکتر و سووکتر بوو، بووە جێگەی بایەخ. لە سەرەتای شانشینی تانگدا، خشت لە شوێنە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرا؛ بەڵام تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیان جێگەی تەحەدا بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەکارهێنانی خشت تەنها لە دیواری بەرگری و دیواری دەرەوەی دەوری ڕێڕەوەکان سنووردار بوو و قوڕی زەرد بۆ پڕکردنەوەی جەستەی دیوارەکە بەکاردەهێنرا.

بەشەکانی ئەم دیوارە:

دیواری گەورەی چین زۆر درێژە و چەندین شوێنی هەیە کە دەتوانیت سەردانی بکەیت. بەناوبانگترین بەشی ئەم دیوارە گەورەیە بۆ پیاسەکردن لە نێوان سیماتای ​​و جینشانلینگدایە کە نزیکەی چوار کاتژمێری دەوێت تا مەودای ١٠ کیلۆمەتر دەبڕێت. هەندێک بەشی ئەم دیوارە بەرزە و ماوەیەکی دەوێت تا تێیاندا تێدەپەڕێت. لە خوارەوەدا باس لە بەناوبانگترین بەشەکانی ئەم دیوارە دەکەین.

بەدالینگ:

بەدالینگ

“بەدالینگ” بەناوبانگترین و قەرەباڵغترین بەشی دیواری گەورەیە، کە بە وردی نۆژەن کراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە بازرگانیترین بەشی دیوارەکەیە کە زۆربەی گەشتیاران سەردانی دەکەن. ڕێڕەوی باکوور ئاوەدانکردنەوەی بەرفراوانی بۆ کراوە و یەکەم بەش بووە کە لە ساڵی ١٩٥٧ بۆ گەشتیاری کرایەوە. دیوارەکانی بادالینگ لە سەردەمی شانشینی مینگ وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی لە باکووری پەکین دروستکراون و بەو پێیەی لە بەرزاییە شاخاوییەکاندا هەڵکەوتوون، دیمەنێکی نائاسایی پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن.

جیۆنگوان:

جیۆنگوان

“جیۆنگوان” دەکەوێتە نزیک دیواری بادالینگ و بە کارێکی سەردەمی مینگ دادەنرێت، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان نۆژەن کراوەتەوە. ئەم بەشە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای پەکین بە دووری ٥٠ کیلۆمەتر بە نزیکترین بەشی دیوارەکە لە پەکین دادەنرێت و هەرچەندە دیمەنی دەوروبەری وەک بادالینگ سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی قەرەباڵغی گەشتیارانەوە شایەنی سەردانکردنە. لەم شوێنەدا قەڵایەک دەبینیت کە دەکەوێتە نێوان تاوەرە بەرزەکان و بۆ چەندین سەدە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوەی بۆ پەکین دەکرد. جگە لەوەش پێکهاتەیەکی دەگمەن بە ناوی “یون تای” یان “پلاتفۆرمی هەور” لەم شوێنەدا هەیە. ئەم سەکۆیە کە لە بەردی گڕانایت و مەڕمەڕی چیای فەنگشان دروستکراوە، کەوانەیەکی جوانی هەیە کە بە ڕیلیف ڕازاوەتەوە.

جینشانلینگ:

جینشانلینگ

جینشانلینگ دەکەوێتە دووری ١٥٠ کیلۆمەتر لە پەکین و ڕۆژئاوای سیماتای، و گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەشە تاڕادەیەک گەشەنەکردووەکانی ئەم دیوارە ببینن. سەرەڕای ئەوەی کە جینشانلینگ بە شێوەیەکی بەرچاو نۆژەن نەکراوەتەوە، بەڵام دووەم بەشی تەواوترین دیواری گەورەی چینە لە دوای بادالینگ. ئەم بەشە ١٠ کیلۆمەترییە چەندین پێکهاتەی وەستاوی وەک تاوەری چاودێری و دیوارەکانی تێدایە کە شێوازی تەلارسازی تاوەرەکانی مینگ پیشان دەدەن. لەم شوێنەدا زۆرترین تاوەر ٦٧ تاوەر هەیە، زۆربەیان دوو نهۆمن و بە شێوەی جیاوازی چوارگۆشە و گۆڕ و تەنانەت گۆشەی سەیر و سەمەرە.

تاوەرێکی گەورەی نائاسایی بە ناوی “تاوەری کۆگا” دەکەوێتە ناوچەی جینشانلینگ، بە دیوارێک لە پێشەوە و بەربەستی بەرگری و دیوارێکی ٦٠ مەتری لە خوارەوە پارێزراوە و لە سەردەمی مینگدا وەک بارەگای گاریسۆن بەکاردەهێنرا. هەندێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم بەشە بریتین لە کونە تەقە و ئەشکەوت و تاوەرەکان کە چوارچێوەی پەنجەرەیان لە مەڕمەڕ و گڕانایت دروستکراوە.

هوانگ هواچێنگ:

هوانگ هواچێنگ

“هوانگواچێنگ” دەکەوێتە نێوان بادالینگ و موتیانیو و شێوەی مانگی هیلالی وایە. دەریاچەی هوامینگ ئەم دیوارە دەکاتە سێ بەش؛ بەجۆرێک کە بەشە سەرەکییەکانی دیوارەکە لەناو ئاوەکەدان. ئەم ناوچەیە زۆر جوان دەبێت بە تایبەت لە مانگەکانی بەهاردا لەگەڵ دەرکەوتنی گوڵە زەردەکان. هەرچەندە هوانگواچێنگ شوێنێکی ناوازەی هەیە، بەڵام یەکێکە لەو ناوچانەی کەمتر سەردانی دەکرێت لە دیوارەکەدا و هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە ئەگەر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێیت لە قەرەباڵغی دوور بکەویتەوە.

 

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button