
یەکێک لە نەخۆشییە باو و بەربڵاوەکان کە تووشی زۆر کەس دەبێت لە سەرانسەری جیهان شێرپەنجەیە. نەخۆشییەکی تاڕادەیەک کوشندە کە دەتوانێت بە بێدەنگی لە جەستەی مرۆڤدا پێشبکەوێت و کاریگەری لەسەر ڕەوتی ئاسایی ژیانی کەسەکە هەبێت بە تێوەگلانی ئەندامە جۆراوجۆرەکان. توێژینەوەیەکی زۆر کراوە بۆ تێگەیشتن لە جۆرەکانی شێرپەنجە و هۆکار و ئاڵۆزییەکانی نەخۆشییەکە و دۆزینەوەی باشترین و کاریگەرترین چارەسەرەکان. لەم بابەتەدا، پێمان خۆشە بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆمان ئاشنا بکەین لەگەڵ ئەم نەخۆشییە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی.
شێرپەنجە چییە؟
شێرپەنجە (Cancer) بریتییە لە گەشەی بێکۆنتڕۆڵی خانە نائاساییەکانی لەش. لە ڕاستیدا وەرەمی شێرپەنجەیی نەخۆشییەکە کە هەندێک خانەکانی لەش بەبێ کۆنترۆڵ گەشە دەکەن و بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاودەبنەوە.
شێرپەنجە چۆن دروست دەبێت؟
ئەم نەخۆشییە بەهۆی گۆڕانی تایبەت لە جینەکاندا دروست دەبێت. جینەکان لە ڕیشاڵی درێژدا هەڵکەوتوون کە پێیان دەوترێت DNA، کە ئەگەر گۆڕانی بەسەردا بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ تووشی خانەی شێرپەنجەیی ببێت.
لە ئەنجامدا ئەم نەخۆشیە نەخۆشییەکی بۆماوەییە کە تیایدا ئەو جینانەی کۆنتڕۆڵی چۆنیەتی کارکردنی خانەکانی لەش دەکەن، بەتایبەتی چۆنیەتی گەشەکردن و دابەشبوونیان. ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانن بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕوو بدەن.
جۆرەکانی شێرپەنجە
بە گشتی زیاتر لە ١٠٠ جۆری شێرپەنجە هەیە. جۆرەکانی شێرپەنجە بەزۆری بە ناوی ئەو ئەندامانە یان شانانە ناونراوە کە تێیدا دروست دەبن. بۆ نموونە شێرپەنجەی سییەکان لە سییەکان دەست پێدەکات، شێرپەنجەی مێشکیش لە مێشکەوە دەست پێدەکات. هەروەها ڕەنگە شێرپەنجەکان بە جۆری ئەو خانەیەی کە دروستی دەکەن وەسف بکرێت. شێرپەنجەی مێشک، شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەی گورچیلە، شێرپەنجەی خوێن، شێرپەنجەی قۆڵۆن، شێرپەنجەی گەدە، شێرپەنجەی لیمفەگرێکان، شێرپەنجەی میزڵدان، شێرپەنجەی قوڕگ، شێرپەنجەی سورێنچک، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی دەم و هتد لە باوترین شێرپەنجەکانی جیهانن.
لێرەدا چەند پۆلێک لە شێرپەنجە باوەکان دەناسێنین:
شێرپەنجەی کارسینۆما
کارسینۆما یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە. لەم جۆرە نەخۆشییەدا خانەکانی پۆششی لەش کە ڕووی ناوەوە و دەرەوەی جەستە دادەپۆشن بەشدارن. کارسینۆما لە جۆرە جیاوازەکانی خانەکانی پۆششی لەشەوە دەست پێدەکات. ئەم خانانە زیاتر لە شانەکانی مەمک و قۆڵۆن و پرۆستاتدا دەبینرێن.
شێرپەنجەی سارکۆما
سارکۆما کاریگەری لەسەر شانە نەرمەکانی لەش هەیە، لەوانە ماسولکە، ڕیشاڵەکان، چەوری، بۆری خوێن، بۆری لیمفە، دەمارەکان و شانەکانی دەوروبەری جومگەکان. لە ئەنجامدا شێرپەنجەی سارکۆما زۆرترین جار کاریگەری لەسەر ئێسک و شانە نەرمەکان دەبێت، لەوانە ماسولکەکان، شانە چەورەکان، خوێنبەرەکان، بۆرییە لیمفییەکان و شانە ڕیشاڵیەکانی وەک ڕیشاڵ و بەستەرەکان. ئۆستیۆسارکۆما باوترین جۆری شێرپەنجەی ئێسکە.
شێرپەنجەی خوێن
ئەو شێرپەنجانەی کە لە شانە دروستکەرەکانی خوێنی مۆخی ئێسکەوە دەست پێدەکەن پێیان دەوترێت شێرپەنجەی خوێن. ئەم شێرپەنجانە وەرەمی ڕەق دروست ناکەن. لەبری ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە خڕۆکە سپییە نائاساییەکان لە خوێن و مۆخی ئێسکدا کۆدەبنەوە و خڕۆکە ئاساییەکانی خوێن لەناو دەبەن. کەمی ئاستی خڕۆکە ئاساییەکانی خوێن دەبێتە هۆی کەمی گەیاندنی ئۆکسجین بۆ شانەکانی لەش، کۆنتڕۆڵکردنی خوێنبەربوون، یان بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان.
چوار جۆری باوی شێرپەنجەی خوێن هەیە، بەپێی ئەوەی کە نەخۆشییەکە چەندە خێرا خراپتر دەبێت (توند یان درێژخایەن) و جۆری ئەو خانە خوێنەی کە شێرپەنجەکە تێیدا دەست پێدەکات (لیمفۆبلاستیک یان مایلۆید). جۆرە توندەکانی شێرپەنجەی خوێن بە خێرایی گەشە دەکەن، لەکاتێکدا جۆرە درێژخایەنەکان بە هێواشی گەشە دەکەن.
شێرپەنجەی لیمفۆما
لیمفۆما شێرپەنجەیەکە کە لە لیمفۆسایدەکان (T cells یان B cells) دەست پێدەکات. ئەمانە خڕۆکە سپییەکانی خوێنن کە بەرەنگاری نەخۆشی دەبنەوە و بەشێکن لە سیستەمی بەرگری لەش. لە لیمفۆمادا لیمفۆسایتی نائاسایی لە گرێ لیمفاویەکان و بۆرییە لیمفاوییەکاندا کۆدەبێتەوە، هەروەها لە ئەندامەکانی تری لەشدا.
شێرپەنجەی مایلۆمای فرەیی
مایلۆمای فرەیی شێرپەنجەیەکە کە لە خانەکانی پلازما دەست پێدەکات کە جۆرێکی ترە لە خانەکانی بەرگری. خانە پلازما نائاساییەکان کە پێیان دەوترێت خانەکانی مایلۆما، لە مۆخی ئێسکدا کۆدەبنەوە و وەرەم لە ئێسکەکاندا دروست دەکەن لە سەرتاسەری لەشدا. هەروەها بەم جۆرە مایلۆمای خانەکانی پلازما و نەخۆشی کاهلەریش دەوترێت.
شێرپەنجەی میلانۆما
میلانۆما شێرپەنجەیەکە لە خانەکانەوە دەست پێدەکات کە گەشە دەکەن و دەبنە میلانۆسایت، خانەیەکی تایبەتمەند کە میلانین (ئەو ڕەنگەی کە ڕەنگ بە پێست دەبەخشێت) دروست دەکات. زۆربەی میلانۆمەکان لەسەر پێست گەشە دەکەن، بەڵام میلانۆما دەتوانێت لە شانە ڕەنگاوڕەنگەکانی تریشدا گەشە بکات، وەک چاو. شێرپەنجەی پێست یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا.
وەرەمی مێشک و بڕبڕەی پشت
جۆری جیاوازی وەرەمی مێشک و بڕبڕەی پشت هەیە، بە پشتبەستن بە جۆری ئەو خانەیەی کە یەکەمجار تێیدا دەست پێدەکات ناویان لێنراوە. وەرەمەکانی مێشک یان سووکن یان کوشندەن.
هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە
دەکرێت زۆر هۆکار وەک هۆکاری ئەم نەخۆشییە هەژمار بکرێت. گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی شێرپەنجە بریتین لەمانەی خوارەوە:
- خواردنەوەی کحول
- ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان
- جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان
- بەرکەوتنی درێژخایەن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر
- بەرکەوتن بە تیشکە پڕوزەکان
- زیاد لە پێویست بەکارهێنانی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان
- کارکردن لە ژینگە پیسبووەکاندا، وەک ژینگەی پیسبوو بە ئاسبێستۆس یان پێکهاتەی کیمیایی زیانبەخش وەک قڕکەر و ڕادۆن
- جۆری خۆراک و بڕی چالاکیی جەستەیی
- ناچالاکی و قەڵەوی
- خواردنی خۆراکی چەور و فاست فوودەکان
- زۆر خواردنی دوکەڵاوی و لە قوتونراودا
- زۆر خواردنی خۆراکی بەستوو
- هەندێک هەوکردنی ڤایرۆسی، وەک ڤایرۆسی پاپیلۆما
نیشانەکانی شێرپەنجە
چەندین نیشانە هەیە کە دەتوانرێت بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکە بەکاربهێنرێت. نیشانەکانی خانە شێرپەنجەییەکان پەیوەستە بەوەی کە شێرپەنجەکە لە کوێیە و چەندە گەورەیە و تا چەند کاریگەری لەسەر ئەندامەکان یان شانەکانی نزیک داناوە. ئەگەر خانە شێرپەنجەییەکان بڵاوبوونەتەوە، لەوانەیە نیشانەکانی لە بەشە جیاوازەکانی جەستەدا دەربکەون.
نیشانەکانی وەک تا و ماندوێتی زۆر و دابەزینی کێشی نائاسایی دەتوانرێت وەک نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە هەژمار بکرێت. هۆکاری ئەم ماندوێتی و دابەزاندنی کێش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خانە شێرپەنجەییەکان بڕێکی زۆر لە وزەی لەش بەکاردەهێنن. تەنانەت لە شێرپەنجەشدا کۆمەڵێک ماددە دەردەچن کە شێوازی بەرهەمهێنانی وزەی جەستە دەگۆڕن. هەروەها هەندێک جار سیستەمی بەرگری لەش زنجیرەیەک کاردانەوە لە ژێر کاریگەری خانە شێرپەنجەییەکان نیشان دەدات.
لە شێرپەنجەدا ماندوێتی چارەسەر نابێت تەنانەت بە پشوودان. هەروەها کێشە لە خواردن هەیە، کەسەکە تووشی کەمی برسێتی و قووتدانی قورس و ئازاری سکی و سکچوون و ڕشانەوە و هتد دەبێت. هەروەها بوونی ئاوسان یان هەر جۆرە گرێیەک لە هەر بەشێکی جەستەدا دەتوانێت نیشانەی ئەم نەخۆشییە بێت. (بێگومان ئەمە هەمیشە وا نییە).
نیشانەکانی تر لەوانەیە بریتی بن لە:
- ئەستووربوونی بەشێک لە شانەکانی لەش
- ئازار، بە تایبەت ئازاری نوێ کە هیچ هۆکارێکی ناسراوی نییە کە چاک نابێت یان خراپتر دەبێت
- گۆڕانی پێست، وەکو گرێ یان برین کە خوێنی لێدێت
- توێکڵکردن یان دروستبوونی خاڵی نوێ
- کۆکە یان گیرانی دەنگ کە باشتر نابێت
- قەبزی نائاسایی و بەردەوام یان سکچوون کە چاک نابێت
- گۆڕان لە دەرکەوتنی پیسایی یان بوونی خوێن لە پیساییدا
- ئازار لە کاتی میزکردن یان خوێن لە میزدا
- تا یان ئارەقەی شەوانە کە بەردەوام دەبێت
- سەرئێشەی نائاسایی کە باشتر نابێت
- کێشەی بینین و بیستن
- گۆڕانکاری لە دەمدا، وەکو برین و خوێنبەربوون
- ئازار یان بێهێزی لە بەشێکی جەستەدا
ڕێگاکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجە
هەرچەندە شێرپەنجە پێشبینی نەکراوە و ناتوانرێت 100% ڕێگری لێبکرێت، بەڵام هەندێک ڕێگە و پێشنیار دەتوانێت کاریگەر بێت بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە. تەنانەت هەندێکیان دەتوانن ڕێگری بکەن لە پێشکەوتنی نەخۆشییەکە. گرنگترین شتەکان کە دەتوانرێت لەم ڕووەوە ئەنجام بدرێت بریتین لەمانەی خوارەوە:
- وازهێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلە و مەی
- دوورکەوتنەوە لە خواردنی بەستوو و خێرا
- کەمکردنەوەی چەوری و شەکر لە خۆراکدا
- زیادکردنی خواردنی سەوزە و میوەی تەندروست
- ئەنجامدانی پشکنین و بە جددی وەرگرتنی بچووکترین نیشانەکان کە تازە و نائاسایی دەردەکەون.
- وەرزشکردن و چالاکی جەستەیی
- دابەزاندنی کێش
شێوازەکانی چارەسەری شێرپەنجە
بژاردەکانی چارەسەرکردن بەندە بە جۆری شێرپەنجەکە و قۆناغەکەی و بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە و تەندروستی گشتی کەسی تووشبوو. ئامانجی چارەسەرکردن بریتییە لە کوشتنی زۆرترین خانە شێرپەنجەییەکان لە هەمان کاتدا کەمترین زیان بە خانە ئاساییەکانی نزیکیەوە. پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان وا دەکات ئەم کارە بتوانرێت و ئەمڕۆش ڕێگەی زۆر کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە پەرەی پێدراوە. چارەسەرە بەردەستەکان بۆ شێرپەنجە دابەش دەکرێن بەسەر سێ جۆردا: چارەسەری سەرەکی و چارەسەری تایبەتتر یان تەواوکەر.
سێ چارەسەری سەرەکی بۆ ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
- چارەسەرکردنی شێرپەنجە بە نەشتەرگەری: کە بریتیە لە نەشتەرگەری و لابردنی ڕاستەوخۆی وەرەمەکە یان شانەکانی دەوروبەری.
- چارەسەری کیمیایی: بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ کوشتنی خانە شێرپەنجەییەکان و خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە (کەمکردنەوەی میتاستازیس)، و بچووککردنەوەی وەرەمەکان.
- چارەسەری تیشکی: بەکارهێنانی تیشکی ئێکس بۆ لەناوبردن یان بچووککردنەوەی خانە شێرپەنجەییەکان و کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە.