بابەتەکانتەندروستیزانست

سوودەکانی شیردان بۆ کۆرپەڵە و دایک

دنیای ئەوڕۆ دنیای بانگەشەیە، دنیای مارکێتینگ و فرۆشتنی بەرهەمی کۆمپانیاکان و زۆرجار بە بێ ڕەچاوکردن و هەڵسەنگاندی سوود و زیانی بەرهەمەکان، ئاراستەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکرێت. ئەگەر کۆمەڵگا خاوەنی زانیارییەکی گشتی سەبارەت بە شێوەژیانێکی تەندروست و کاریگەری بەرهەمەکانی بازاڕ نەبێ ڕەنگە بەرەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە و ببێتە هۆی گۆڕانێکی بنەڕەتی و تەنانەت مەترسیداریش لە شێوەژیان و تەندروستی کۆمەڵگا.

ڕەنگە هەموومان بیرمان لەوە کردبێتەوە کە سەردەمی نوێ وای کردووە شێوەژیان لە فۆڕمێکی ئۆرگانیک و سروشتییەوە بێتە دەرەوە و چوارچێوەیەکی ماشینی بە خۆیەوە بگرێت. ئەمەیش سەرەڕای ئاسانکاری، زیانێکی بەرچاویشی لێکەوتۆتەوە.

شیری وشک یان شیری دایک؟

یەکێک لەو بانگەشانەی کە ئەگەر دایک بین و لەگەڵ کۆمەڵگا و ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا بەرکەوتەمان ببێ، بانگەشەی پێدانی شیری وشکە بە کۆرپەڵە. لە ژێر ناو و ڕەنگ و براندی جۆراوجۆر کە هەرکام دروشمێکیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیار هەیە. لە لایەکی تریشەوە ئەو کەسانەی کە چالاکییان لە بواری جوانکاری و تەجمیلات هەیە بە جۆرێکی تر لەم پرسە دەڕوانن و ئەم هەلە بە سوودی بازاڕەکانی شیری وشک دەقۆزنەوە و بە بیانووی تێکدانی فۆڕمی لەشی دایک، دایک لە پێدانی شیری خۆی بە کۆرپەڵە پاشگەز دەکەنەوە. هەڵبەت ئەم پاساوە بۆ جۆری منداڵبوون(سێزارییەن یان سروشتی)ـیش دەکرێ ببینرێت. هەندێ دایک بە بیانووی ئەوەیکە پاش منداڵبوونییان سروشتی فۆڕمی دڵخوازی لەشی خۆیان لە دەست دەدەن پەنا دەبەنە بەر سێزارییەن کە ئەویش دەتوانێ پێشهاتی نەرێنی لێ بکەوێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر دەردانی دوو هۆرمۆنی ئۆکسی تۆسین و پڕۆلاکتین کەم بکاتەوە. لە درێژەدا ڕۆڵی ئەم دوو هۆرمۆنە لە سەر دایک و کۆرپەڵەشدا باس دەکەین.

بانگەشەی شیری وشک کە زۆر جار لە دروشمی “باشترین جێگرەوەی شیری دایک” کەڵک وەردەگیرێ ،باس لەوە دەکات کە خاوەنی جۆرەها ڤیتامین و کانزایە. ئەم پرسیارە لای بەردەنگ دروست دەکا ئەگەر پێکهاتەی شیری وشک ئەو ڤیتامین و کانزایانە لە خۆ بگرێت  ئایا دەتوانین بە ڕاشکاوانە بڵێین باشترین جێگرەوەی شیری دایکە؟ بە چاوپۆشیکردن لەو دایکانەی کە بە هۆی کێشەی جەستەیی و دەروونییەوە شیردانیان لێ قەدەغە کراوە و ئەم پرسە لەو دایکانەدا دەورووژێنین کە خاوەنی هەڵبژاردنن!

پێکهاتەکانی شیری دایک

سەرەتا پێویستە چاو لە پێکهاتەی شیری دایک بکەین و ئەوجار لەگەڵ پێکهاتەی شیری وشکدا هەڵیسەنگێنین.

شیری دایک خاوەنی ئەو پێکهاتانەیە:

  • ئاو.
  • لاکتالبۆمین.
  • کازێئین.
  • ئیمۆنۆگلۆبینەکان(IgA، IgG، IgE، IgD، IgM).
  • کاربۆهیدراتەکان(لاکتۆز).
  • ڤیتامینەکان(کا، ئی، دی، ئەی، بییەکان).
  • کانزاکان(کالیسیۆم، فۆسفۆر، مانیەزیۆم، ئاسن، زینک، سۆدیۆم و پۆتاسیۆم) و هتد.

ئەم پێکهاتانە هەرکام بە شێوەیەک لە سەر گەشەی منداڵ کاریگەری دادەنێن و پێویستیی کۆرپەڵە بەو پێکهاتانە دابین دەکەن. بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو کە لە نێوان شیری دایک و شیری وشک دەبینرێ ئەوەیە کە لە شیری وشکدا هیچ خانەیەکی زیندوو، ئانتی بادی، ئەنزیم و هۆرمۆن نابینرێن. چونکە لە پرۆسەی سازکردنی شیری وشک گەرما بەو شیرە دەدرێت و ئەو گەرماش دەبێتە هۆی لە ناوچوون یان ناچالاککردنی ئەو خانە زیندووانە؛ بۆیە هیچ جۆرە شیری وشکێک ناتوانێ هێندەی شیری دایک بۆ سیستمی بەرگری لەشی کۆرپەڵە بەسوود بێ.

پێکهاتەکانی شیری دایک
پێکهاتەکانی شیری دایک

سوودە دەروونییەکانی شیری دایک چییە؟

ئەگەرچی سوودە فیزیکییەکانی شیری دایک بە ڕوونی سەلمێندراوە لەم ساڵانەی دواییدا جەختێکی زیاتر لە سەر سوودە دەروونییەکانی کراوەتەوە. بۆیە ئەگەر تەنانەت لە ڕووی کانزا و ویتامینیشەوە هاوسەنگ بن هێشتا ناتوانین ئەم دوو پێکهاتە هاوشێوەی یەک بزانین. چونکە تەنیا کارکردی شیری کۆرپەڵە تێرکردن و دابینکردنی کانزا و ڤیتامینەکان نییە و بەشێکی هەرەگرنگی کاریگەری شیری دایک، دەروونی و سایکۆلۆجیکاڵە و سازبوون و پتەوبوونی پەیوەندی سۆزداری نێوان کۆرپەڵە و دایکە. ئامانجی سەرەکی ئەم بابەتە، جەخت کردنە سەر سوودە دەروونییەکانی شیری دایک و برەودان بەم فەرهەنگە و ئاشناکردنی دایکانە لەگەڵ سوودەکانی شیردان. هەرچەن ئەمەیش پێویستی بە جێگایەکی هێمن و ژینگەیەکی گونجاوە لە نێو کۆمەڵگا و شوێنەگشتییەکان تاکوو دایکان بێ هیچ سنوورێ و لە هەر کات و ساتێکدا بتوانن شیر بە کۆرپەڵەکەیان بدەن.

هۆرموونی “ئۆکسی تۆسین” کە زۆرجار وەک هۆرمۆنی”خۆشەویستی” دەناسرێت ڕۆڵێکی گرنگ لە سوودەکانی شیری دایک دەگێڕێت. ئەم هۆرمۆنە لە پرۆسەی منداڵبوون و هەروەها لە کاتی شیردان بە کۆرپەڵە لە ڕێگەی پەیوەندی پێستییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو لەشی دایکدا زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندییەکی سۆزداری قووڵ لە نێوان دایک و کۆرپەڵەدا دروست ببێت.

سوودە دەروونییەکانی شیردان چین؟

سوودەکانی شیری دایک بۆ دایکان

کەمکردنەوەی ئەگەری خەمۆکی دوای منداڵبوون

یەکێک لە جۆرەکانی خەمۆکی(Depression) خەمۆکی دوای منداڵبوونە لە نێو دایکان. بە شێوەیەک پەیوەندی دایک لەگەڵ کۆرپەڵەدا لاواز دەبێت و دایک هیچ خواستێکی بۆ نزیک بوونەوە لە کۆرپەڵە نامێنێت. دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسی تۆسین جگە لەوەی پەیوەندی سۆزداری دایک لەگەڵ کۆرپەڵەدا بەهێز دەکا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری خەمۆکی و هەروەها ترس و نیگەرانی دایک. وا دەکات دایک حاڵەتێکی هاوشێوەی مێدیتەیشن ئەزموون بکات.

بردنەسەرەوەی باوەڕبەخۆبوون

ئەو کاتەی دایکێک دەیەوێ شیر بە کۆرپەڵەکەی بدات بە هۆی ئەوەی خەریکە بەشێک لە بوونی خۆی دەخاتە جەستەی کۆرپەڵەکەیەوە هەستێکی باوەڕبەخۆبوونی تێدا درووس دەکات. بەتایبەت کاتێک ئاگادارە بە هۆی بوونی ئەوەوە، منداڵەکەشی بەهێز دەبێ و زیاتر گەشە دەکات.

هەستی سەرکەوتن و بوونی توانایی

بێ گومان کاریگەربوون لە سەر گەشەی منداڵێک هەستێکی شیرین بە دایک دەبەخشێت. دەبێتە هۆی ئەوەی دایک خۆی بە کەسێکی سەرکەوتوو و کاریگەر بزانێت و لە سەر ڕەهەندەکانی دیکەی ژیانیشی کاریگەرییەکی ئەرێنی دابنێت و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵنگارییەکان چاونەترسانە و بە زیرەکییەوە بجووڵێتەوە.

سوودەکانی شیری دایک بۆ کۆرپەڵە

گەشەی زەین و جسمی منداڵ

شیری دایک کە بە “تەڵای شل” بەناوبانگە. کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر گەشەی دۆخی زەینی و خانەکانی مێشک هەیە. بە هۆی ئەوەی خاوەنی کانزا، ڤیتامین، کاربۆهیدرات، پرۆتۆئین و چەورییە گەشەی منداڵ چ لە ڕووی زەینی و چ لە ڕووی جسمییەوە خێرا دەکات. هەروەها دوو پێکهاتەی گرنگی شیری دایک (DHA)، (ARA) کە بە ئۆمێگا ٣و٤ ناسراون. ڕۆڵی سەرەکییان لە گەشەی مەعریفی و هەوەها بینایی کۆرپەڵەدا هەیە. بە تایبەت DHA ماددەیەکی سەرەکییە لە پێکهاتەی مێشک و چاودا کە بۆ گەشە و پاراستنی ڕێرەوەکانی دەمار و سیناپس و توێکڵی خانەی مێشک پێویستە.

گەشەی مەعریفی کۆرپەڵە

پەیوەندی دایک و کۆرپەڵە لە کاتی شیردان، ئەزموونێکی چەندهەستییە کە بریتییە لە، پەیوەندی چاو، پەیوەندی پێست و پەیوەندی سۆزداری. ئەم پەیوەندییانە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسی تۆسین و پرۆلاکتین کە بۆ گەشەی مێشک و هاوسەنگی سۆزداریی کۆرپەڵە پێویستە.

کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی لە درێژماوەدا

توێژینەوەکان دەردیدەخەن، شیردان مەترسی قەڵەوبوون، شەکرە و نەخۆشینەکانی دڵ لە تەمەنی سەرتردا کەمدەکاتەوە. ئەم کاریگەرییانە لە ڕێگەی مێکانیسمی وەک: بەرنامەڕشتنی مێتابۆلیک و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش دروستر دەبێت.

گەشەی پەیوەندی تەندروست و ڕێکخستنی پەیوەندی خۆشەویستی

شیردان پاشخانێک بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و سۆزداری تەندروست چێ دەکات کە لە داهاتوودا یارمەتی کەسەکە دەدات پەیوەندییەکی تەندروستتر لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگادا بگرێت.

کێشە و ڕێکارەکان

هەڵسەنگاندنی کێشە باوەکانی شیردان

کێشەگەلی وەک ئێشی نووکی مەمک یان کەمبوونی شیر دەتوانێ ئەزموونێکی ناخۆش بۆ دایک دروست بکات بەڵام بە پاڵپشتی و ڕێکاری گونجاو دەتوانرێت بە ئاسانی ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. مەمکگیران کە لە ڕۆژانی سەرەتای منداڵبووندا دەبینرێت کێشەیەکە کە ڕووبەڕووی دایکان دەبێتەوە. لەم دیاردە مەمک ڕەق دەبێت و ئێشێکی زۆر دروست دەکات. ئەم کێشە بە شیردانی بەردەوام و هەروەها دانانی کۆمپرێسێکی گەرم پێش لە شیردان دەتوانێت چارەسەر ببێت. هەڵاوسانی مەمک و گیرانی ڕێڕەوی شیر و هەروەها ماندووبوون و زەختی دەروونی لەو چاڵنجانەن کە بۆ شیردان ڕووبەڕووی دایکان دەبنەوە.

گرنگیی پەروەردە بۆ شیردان

بوونی ناوەندێک بۆ فێرکردنی شیردان و هەروەها ناسینی سوودەکانی شیردان بۆ دایکان وادەکات کە ئەزموونێکی سەرکەوتووترمان هەبێت.

ڕوانینی فەرهەنگە جیاوازەکان بۆ شیردان

لە نێو هەندێ فەرهەنگدا ڕەنگە شیردان ئەمرێکی سروشتی و ئاسایی بێت بەڵام بە پێچەوانە ڕەنگە لە نێو هەندێ فەرهەنگدا لەگەڵ کێشە و ئاڵنگاریدا ڕووبەڕوو ببێتەوە.
>ئاشناکردنی فەرهەنگە جیاوازەکان لەگەڵ ئەم ئەمرە یارمەتی دایکان دەدات کە کە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا ئاسان تر جێ بۆ ئەم فەرهەنگە خۆش بکەن.

بەرەنجام

سوودە دەروونییەکانی شیردان بۆ دایک و کۆرپەڵە بەربڵاوە. ئەم کارە نەک تەنیا تەندروستی جەستەیی دەباتە سەرەوە بەڵکوو دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی سۆزداری، باوەڕبەخۆبوون و گەشەی مەعریفیش. پەروەردە، ڕێکاری گونجاو و قبووڵکردنی کۆمەڵگا دەتوانێ ڕێگای گەیشتن بەم خاڵانە خۆش بکات و بە برەوپێدان بەم فەرهەنگە دەتوانین کۆمەڵگایەکی تەندروستتر بۆ خۆمان و بەرەی داهاتوویش چێ بکەین!

سەرچاوە:(NIH)

 

Hemin Sharifnia

خوێندکاری بەشی فریاکەوتنی پزیشکیی زانکۆی کوردستان

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای بکە
Close
Back to top button