
“پووکانەوەی مێشک” وەک “لاوازبوونی گریمانەیی بارودۆخی زەینی یان بیرکردنەوەی تاک بە هۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری بابەتەکان(بە تایبەت بابەتی ئۆنڵاین) پێناسە دەکرێت کە زۆربەیان بێبایەخ و بێسوود هەژمار دەکرێن.
پسپۆڕان بەوە گەیشتن کە ئەمساڵ چەمکی “پووکانەوەی مێشک” وەک دەستەواژەیەک بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکان لە هەمبەر کاریگەری بەکارهێنانی زێدەی بابەتی بێبایەخی ئۆنڵاین بە تایبەت لە بەستێنی سۆشیاڵ مێدیا، ڕەنگدانەوەیەکی زیاتری هەبووە. ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیەیە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ٢٣٠ لەسەد زیادی کردووە.
یەکەمین جار ئەم دەستەواژەیە(پووکانەوەی مێشک) لە ساڵی ١٨٥٤ لە کتێبی “والدێن” نووسینی “هێنری دەیڤد سۆرۆ” ئاماژەی پێکراوە. ئەم کتێبە باس لە ئەزموونەکانی ژیانێکی سادە لە نێو سروشتدا دەکات. سۆرۆ لە بەشێک لە بەرەنجامەکانی، خواستی کۆمەڵگا بۆ بێبایەخکردنی بیرۆکە ئاڵۆزەکان یان ئەو بیرۆکانەی کە دەتوانرێت لە ڕێگای دیکەوە شیکردنەوەی بۆ بکرێت بەڵام بە ڕوانینێکی سادەوە چاوی لێدەکرێت، دەخاتە ژێر ڕەخنەوە.
پووکانەوەی مێشک چییە؟
پووکانەوەی مێشک دەستەواژەیەکی پزیشکی یان دیاریکردنی نەخۆشییەک نییە بەڵکوو چەمکێکی باوە، کە بۆ ڕاڤەکردنی ماندوێتی مێشک و توانەوەی هێزی مەعریفی لەو کەسانەی کە کاتێکی زۆر سەرفی ناوەرۆکێکی بێ کوالێتی دەکەن، بەکاردەهێنرێت. هەروەها ئەم دەستەواژەیە دەتوانێت ئاماژەیەک بێ بۆ ئەو ناوەرۆکانەی کە هیچ بنەمایەکی فکرییان نییە یان دووبارە و ڕووکەشن کە دەتوانن بە سەر زۆربەی سۆشیاڵ مێدیادا زاڵ بن. ئەم پۆستانە جۆرێک دیزاین کراون کە تەنانەت بە سەر بێبنەمابوونیشیاندا، سەرنجڕاکێش بێنە بەرچاو.
هیچ لێکۆڵینەوەیەک بە تایبەتی لە سەر پووکانەوەی مێشک چڕ نەبووەتەوە بەڵام بە پێی ئەزموونەکان کاتێک ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەنجام دەدەیت، زیاتر ئەگەری تووشبوونت هەیە:
- سکڕۆڵکردنی بەردەوام( سەیرکردنی بەردەوامی هەواڵە نەرێنییەکان یان بابەتەکانی سۆشیاڵ مێدیا)
- سکرۆڵکردن وەک زۆمبییەکان( گەڕانی بێ بنەما و بێ ئامانج).
- سەیرکردنی ژمارەیەکی زۆر ڤیدۆیکورت وەک: ڕیڵزی ئینستاگرام و تیکتۆک.
- بەدواداچوون بە چەندین هەژماری سۆشیاڵ مێدیا کە بابەتی هاوشێوە بڵاو دەکەنەوە.
- هاتوچۆ کردن نێوان چەندین بەرنامە یان پەنجەرە.
هەرچەن کە پووکانەوەی مێشک زیاتر لەگەڵ سۆشیال مێدیا لە پەیوەندیایە بەڵام دەتوانێ بە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری هەر مێدیایەکی دیکە ساز ببێ.
ئەمانەی خوارەوە دەتوانن وەک سەرچاوەی ناوەرۆکی بێبنەما بێنە ئەژمار:
- ڤیدیۆ گەیمەکان
- فیلم و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان(بە تایبەت سەیرکردنی یەک لە دوای یەک)
- بەرنامەی دۆزینەوەی هاوڕێ
- هەندێ کاناڵی هەواڵ
- ماڵپەڕەکانی کڕینی ئۆنڵاین
- بەرنامەکانی ناردنی نامە و ئیمێڵ
چ شتێک وەک ناوەرۆکی لاواز هەژمار دەکرێت؟
ناوەرۆکی لاواز جۆرێك ناوەرۆکە کە هەڵگری واتایەک یان بەهایەکی تایبەت نەبێت. هەروەها نەتوانێک بیری ڕەخنەگرانە لە مێشکی بەردەنگدا ببزوێنێت. تۆ دەتوانیت کاتێکی زۆری بۆ تەرخان کەی بە بێ ئەوەی زانیارییەک بە تۆ بگەیەنێت. بەکارهێنانی لە ڕادەبەدەری ئەم بابەتانە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ پووکانەوەی مێشک.
هەندێ لە بابەتە بێ بنەماکان:
- بابەتەکانی clickbite بە تایتڵێکی سەرلێشێوێن.
- میم(Meem)ـه ترێندەکان کە دووبارەن و بە شێوەی ڤایرۆسی بڵاو دەبنەوە.
- ئەو ناوەرۆکانەی کە بانگەشەی شێوەژیانێکی بە دوور لە ڕاستی دەکەن.
- ئەو زانیاریانەی کە لەڕادەبەدەر سادە کراون.
- ئەو پۆستانەی کە بۆ بانگەشەی بەرهەمەکان ساز دەکرێن.
- ئەو پۆستانەی کە بە بێ هیچ پاشخانێک، کاردانەوەی عاتیفی لای بەردەنگ دروست دەکەن.
- دەنگۆ و هەواڵی کەسانی ناسراو(celebrity).
- ئەو کورتەڤیدیۆیانەی کە فۆڕمێکی هاوشێوەی یەک بۆ گاڵتەکردن دووبارە دەکەنەوە.
ئەم ناوەرۆکانە ڕەنگە بە هۆی شێوازی پڕۆسێسکردنی مێشک زیاتر سەرنجمان ڕابکێشن. پلەتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان لە هونەری وەجووڵەخستنی دەردانی دۆپامین، دەستێکی باڵایان پەیدا کردووە. ئەلگۆریتمەکان تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن کە بابەتەکان، تایبەتکراو و بە تێگەیشتنێکی ئاسانەوە دەرخواردی بەردەنگی بدەن.بۆیە شتێکی سەیر نییە بکەوینە داوی کۆمەڵە بابەتێکەوە کە بە سکرۆڵ کردنێک دوایی نایەن!
بزواندنی بەردەوامی دۆپامین دەتوانێ بەرگری مێشک لە هەمبەر دۆپامین بباتە سەرێ و وا دەکات کە مێشک کاردانەوەیەکی کەمتری ببێت و بۆ بەدەستهێنانی هەمان کارایی پێویستی بە ناوەرۆکێکی ورووژێنەرتر هەیە، ئەمە دەتوانێ ئێوە ڕابکێشێ بە بەکارهێنانی زیاتری ئەم ناوەرۆکانە سەرەڕای ئەوەی دەزانن پووچەڵ و بێ سوودن.
پووکانەوەی مێشک هەستێکی چۆنی هەیە؟
هیچ نیشانەیەک بۆ پووکانەوەی مێشک نییە چونکە نەخۆشییەکی ناسراو نییە، بەڵام بە شێوەی نافەرمی خەڵک وەک “تەمتومانی مێشک”، “کێشەی چڕبوونەوە”(خەیاڵپەرتی) یان “کەمبوونەوەی توانایی بۆ بیرکرنەوەیەکی قوڵ” ـی دەبینن.
ئەو کردار و هەستانەی تر کە بە گشتی وەک هۆکار بۆ “پووکانەوەی مێشک” بە هەژمار دێن بریتین لە:
- دابەزینی پانتایی سەرنج.
- کێشە لە لەبەرکردنی زانیارییەکان.
کەمبوونەوەی داهێنان. - زۆربوونی شڵەژان و بێ ئۆقرەیی.
- هەستکردن بە نوقم بوون لە نێو بڕیارە سادەکاندا.
- بێ هیوایی.
- دابەزینی کوالێتی خەو.
- دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی لە وتووێژێکی قووڵدا.
- هەستکردن بە ماندوێتی مێشک.
- هەڵچوون و هەستکردن بە بێتاقەتی لەکاتی سەرهێڵنەبوون.
- خواستی بەردەوام بۆ چاودێری سۆشیال مێدیا.
زانستێک لە پشت “پووکانەوەی مێشک” هەیە؟
“پووکانەوەی مێشک” نەخۆشییەکی ناسراو نییە و بەڵگەیەکی ئەوتۆ کە نیشانی بدات بەکارهێنانی زێدەی میدیا ئاسەواری مەعریفی هەیە، لە بەردەستدا نییە. بەم حاڵەشەوە هەندێک توێژینەوە دەریخستووە کە بەکارهێنانی سۆشیال مێدیا لەوانەیە کۆنترۆڵی کردارەکان و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی مێشک سنووردار بکات(هاوشێوەی کاریگەری مادەی هۆشبەر بۆ سەر مێشك). لە حاڵێکدا کە هێشتا ئاسەواری مەعریفی بەکارهێنانی سۆشیال مێدیا نەخراوەتە بەر توێژینەوە، ئاسەوارە عاتیفییەکانی بە ڕوونی سەلمێندراوە. لە توێژینەوەیەکی تایبەتدا لێکۆڵەرەکان دەیانویست بزانن کە ئایا پێش لە بەکارهێنانی سۆشیال مێدیا و پاش بەکارهێنانی، هەستی ئێمە گۆڕانکاری بەسەردا دێ یان نا؟ ئەم توێژینەوە دەریخست کە چۆنییەتی هەستی ئێمە پێش سکرۆڵکردنی سۆشیال مێدیا ڕەنگە کاریگەری لە سەر ئەزموونەکانمان دابنێ و لەوە گرنگتر پێدەچێت بەکارهێنانی زێدەی سۆشیال مێدیا ببێتە هۆی کەمکردنەوەی چڕی هەستەکان.
سەرەڕای ئەمە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە بەکارهێنانی زێدەی سۆشیال مێدیا بارودۆخی تەندروستیی دەروونی وەک خەمۆکی و شڵەژان بەرەو خراپتربوون دەبات.
ئاسەواری پووکانەوەی مێشک بۆ سەر بەرەی Z چییە؟
هەنووکە بەرەی زێد(Z) بە ڕێژەی مامناوەند ٦.٦ کاتژمێر لە ڕۆژدا مۆبایل و ئامێری ئەلەکترۆنی بەکار دەهێنن کە زیاتر لە هەر بەرەیەکی دیکەیە.
هیچ بەڵگەیەک نییە دەریبخات بەکارهێنانی زێدەی سۆشیال مێدیا کێشەی مەعریفی ساز بکات بەڵام بەرکەوتنی بەردەوامی ئامێری ئەلەکترۆنی و ناوەرۆکەکان لە ماوەی ساڵەکانی گەشەکردندا، نیگەرانی دروست دەکەن. ئێمە هێشتا نازانین کە ئەم چەمکە تا چەند دەتوانێت کاریگەری لە سەر توانایی گەنجەکان بۆ ڕێکخستنی زانیاری و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەیان هەبێت.
ئەو کێشە باوانەی کە گەنجەکان وەک پووکانەوەی مێشک نێوی لێ دەبەن:
- کێشە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە بێ پشکنینی مۆبایل.
- هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی وتار و کتێبی دوور و درێژ.
- کێشەی چڕبوونەوە لە کاتی وتووێژی ڕووبەڕوو.
- تێگەیشتنێکی پرژ و بڵاو و ڕووکەشبوونی بۆچوونەکانیان.
چۆن بە سەر پووکانەوەی مێشکدا زاڵ بین؟
چاوەڕوانیی ئەوەی کە کەسێک سۆشیال مێدیا بە تەواوی لە ژیانی خۆی بسڕێتەوە، شتێکی واقیعبینانە نییە. بەڵام ئەگەر نیگەرانی ئەوەن کە تووشی پووکانەوەی مێشک ببن، ڕێگەی دروست هەیە بۆ پاککردنەوەی ژەهری دیجیتاڵئەم ڕێگایانە تاقی بکەوە:
- بۆ سنووردارکردنی مۆبایلەکەت تایمێر بەکار بێنە.
- بۆ کەمکردنەوەی کاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکەت، ئامانجێکی تایبەت دیاری بکە.
- مێدیتەیشن یان ڕاهێنانی وشیارکردنەوەی زەین ئەنجام بدە.
- ئەو چالاکییانە ئەنجام بدە کە پێویستیان بە سەرنج و چڕبوونەوەیە.
- کتێبی فیزیکی بخوێنەوە یان ئەو بەرنامانە(بۆ کتێب خوێندن) بەکار بێنە کە ئاگادارکەرەوەیان لە سەر نییە.
- ڕۆتینی شەو و ڕۆژت دیاری بکە کە بەکارهێنانی مۆبایلی تێدا نەبێت.
- بۆ ڕێکخستنی بۆچوونەکانت، یادداشتی ڕۆژانەت هەبێ(کە بریتییە لە بیرۆکە، هەستەکان،هتد).
- جێگەیەکی بێ تەکنەلۆجیا لە نێو ماڵکەت دەستنیشان بکە.
- پێوەندی ڕووبەڕوو لە پێشدا دابنێ.
بیرتان نەچێت کە گۆڕانکاری بچووک دەتوانێ ببێتە هۆی پێشکەوتنی گەورە بۆ چڕبوونەوە و زەینێکی تیژ.لە سەرەتادا دەبێ بە یەک یان دوو گۆڕانکارییەوە دەست پێبکەن و بەرە بەرە هی دیکەی پێ زیاد بکەن تا پێی ڕادێن. خاڵی سەرەکی بەردەوامبوونە نەک گۆڕانکارییەکی گەورە کە ڕاگرتنی زەحمەت بێ.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕی تڕاپیست(therapist.co)