
پووکانەوەی ئێسک نەخۆشییەکە پەیوەندی بە ئێسک و جومگەکانەوە هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان و وایان لێدەکات تووشی شکانی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو بن. زۆرجار نەخۆشییەکە بەبێ هیچ نیشانە و ئازارێک بەرەوپێش دەچێت و تا ئێسکەکان دەشکێن دەستنیشان ناکرێت. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی پووکانەوەی ئێسک و ڕێگاکانی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە و چارەسەرەکەی، بەردەوام بە لە خوێندنەوەی ئەم بابەتە.
پووکانەوەی ئێسک چییە؟
پووکانەوەی ئێسک (Osteoporosis) نەخۆشییەکە بەهۆی لاوازبوونی ئێسکەکانەوە دروست دەبێت. نەخۆشییەکە کە دواجار دەبێتە هۆی شکانی کتوپڕی جومگەکان و ئێسکەکانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین پووکانەوەی ئێسک نیشانەی کەمبوونەوەی چڕی و بەهێزی ئێسکەکانە. زۆرجار نەخۆشییەکە بەبێ هیچ نیشانە و ئازارێک دروست دەبێت و بەزۆری هەستی پێناکرێت تا ئێسکە لاوازبووەکان بەهۆی بچووکترین کاریگەرییەوە دەشکێن. بەپێی توێژینەوەکان زۆربەی ئەو شکانانەی بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دروست دەبن لە شان و مەچەک و بڕبڕەی پشتدا ڕوودەدەن.
کێ تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبێت؟
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست پووکانەوەی ئێسکەوە دەناڵێنن. هەرچەندە پووکانەوەی ئێسک لە پیاوان و ئافرەتاندا ڕوودەدات، بەڵام ژنان چوار هێندە زیاتر لە پیاوان تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن. بەپێی پشکنینەکان، دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی، لە هەر دوو ژن یەکێکیان و لە هەر چوار پیاو یەکێکیان تووشی شکان دەبن بەهۆی پووکانەوەی ئێسکەوە لە ماوەی تەمەنیاندا. لە کۆی ئەو دانیشتووانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لەسەدا ٣٠یان چڕی ئێسکیان کەمە، ئەمەش مەترسی تووشبوونیان بە پووکانەوەی ئێسکیان لەسەرە. ئەم حاڵەتە پێی دەوترێت کەمبوونەوەی چڕی ئێسک. بەداخەوە ئەم پشکنینانە دەریدەخەن کە زیاتر لە دوو ملیۆن شکانی ئێسک بەهۆی پووکانەوەی ئێسکەوە ڕوودەدات. بەڵام پێویست بە نیگەرانی ناکات، چونکە بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێنی دیاریکراو دەتوانرێت ڕێگری لە ڕوودانی ئەم نەخۆشییە و لەدەستدانی خێرای چڕی ئێسک بکرێت.
هۆکاری پووکانەوەی ئێسک چییە؟
وەک ڕەنگە بزانن ئێسکەکان لە شانە زیندوو و گەشەسەندووەکان دروستبوون. بە شێوەیەک دەتوانرێت ناوەوەی ئێسکە تەندروستەکان بە ئیسفەنج بچوێنین. ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت ئێسکی ترابیکولار؛ توێکڵێکی دەرەوەی ئێسکی چڕ کە بە دەوری ئێسکی ئیسفەنجیدا دەپێچێتەوە. توێکڵی ڕەقی ئێسک پێی دەوترێت توێکڵی مێشکی ئێسک. کاتێک پووکانەوەی ئێسک ڕوودەدات، ژمارەی کونیلەکانی ناو بەشە ئیسفەنجییەکەی ئێسک گەورەتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ناوەوەی ئێسک. ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە قەبارەی ئەندامەکانی لەش، چونکە ئێسکەکان بەرپرسن لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی ئەو ئەندامانە.

ئێسکەکان سەرچاوەی سەرەکی کالیسیۆم و کانزاکانی ترن. کاتێک جەستە پێویستی بە کالیسیۆم دەبێت، ئەوا پێکهاتەی ئێسکەکان دەشکێن و دووبارە دروست دەبنەوە. ئەم پرۆسەیە کە پێی دەوترێت نۆژەنکردنەوەی ئێسک، ئەو کالیسیۆمە بۆ جەستە دابین دەکات کە پێویستی پێیەتی لە هەمان کاتدا ئێسکەکان بەهێز دەهێڵێتەوە. تا نزیکەی تەمەنی ٣٠ ساڵی، بە شێوەیەکی گشتی ئێسکی زیاتر دروست دەکەیت لەوەی لەدەستی دەدەیت. دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی، تێکچوونی ئێسک خێراتر لە دروستبوونی ئێسک ڕوودەدات، ئەمەش وردە وردە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بارستەی ئێسک. بۆیە ئەگەر تووشی پووکانەوەی ئێسک بوویت، ئەوا بارستەی ئێسکەکانت بە ڕێژەیەکی خێراتر لەدەست دەدەیت. بۆ نموونە دوای وەستانی سوڕی مانگانە ڕێژەی تێکچوونی ئێسک بە ڕێژەیەکی خێراتر ڕوودەدات.
نیشانەکانی پووکانەوەی ئێسک چین؟
بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەم نەخۆشییە هیچ نیشانەیەکی تایبەتی نییە. هەر بۆیە هەندێک جار پێی دەوترێت نەخۆشی بێدەنگ. بەڵام هەندێک نیشانە کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ پووکانەوەی ئێسک بریتین لە:
- کورتبوونەوەی باڵا بە تێپەڕبوونی کات (بەزۆری نزیکەی ٣ سم لە باڵای کەسێکەوە لەدەست دەچێت).
- گۆڕانی دۆخی جەستە (چەمانەوەی بۆ پێشەوە)
- تەنگەنەفەسی (کەمبوونەوەی توانای سییەکان بەهۆی پاڵەپەستۆی دیسک)
- شکانی ئێسک
- هەستکردن بە ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت
کام کەسانە مەترسی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسکیان لەسەرە؟
ڕەگەز و تەمەن لە گرنگترین هۆکارەکانن کە ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ژنانی سەروو ٥٠ ساڵ یان ژنانی دوای وەستانی سوڕی مانگانە ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە لە چاو ئەوانی تر. خانمان لە 10 ساڵی یەکەمی دوای وەستانی سوڕی مانگانەدا تووشی لەدەستدانی خێرای ئێسک دەبن چونکە وەستانی سوڕی مانگانە بەرهەمهێنانی ئیسترۆجین خاو دەکاتەوە. هۆرمۆنێکە لە زیادەڕەوی لە لەدەستدانی ئێسکەکان دەتپارێزێت. بەڵام ڕەنگە سەرت سوڕمێ کە بزانیت پیاوانی سەروو ٥٠ ساڵ زیاتر تووشی شکانی ئێسک دەبن بەهۆی پووکانەوەی ئێسکەوە وەک لە شێرپەنجەی پرۆستات!.
بەپێی توێژینەوەکان ساڵانە نزیکەی ٨٠ هەزار پیاو بەهۆی پووکانەوەی ئێسکەوە تووشی شکانی شان دەبن. بەداخەوە ژمارەی ئەو پیاوانەی بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە لەژمارەی ژنان.
جگە لەم هۆکارانە، مەترسی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک پەیوەستە بە نەتەوەی کەسێکەوە. ژنانی قەوقاز و ئاسیا زیاتر تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ژنانی ئەفریقی-ئەمریکی ئەگەری مردنیان زیاترە لە ژنانی سپی پێست دوای شکانی شان.
پێکهاتەی ئێسک و کێشی مرۆڤ لەو شتانەن کە ئەگەری تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکەن. ئەو کەسانەی کە بچووک و کزن، مەترسی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە، چونکە ئێسکیان کەمترە بۆ لەدەستدان بە بەراورد بەو کەسانەی کە قورسترن و جەستەیان گەورەترە.
هەروەها مێژووی خێزانی ڕۆڵی هەیە لە مەترسی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک. ئەگەر دایک و باوکت یان باپیرت و داپیرەت نیشانەکانی پووکانەوەی ئێسکیان هەبووە، وەک شکانی شان دوای کەوتنێکی سووک، لەوانەیە مەترسی تووشبوونت بەو حاڵەتە هەبێت.
خواردنی هەندێک دەرمان دەبێتە هۆی کاریگەری لاوەکی کە لە کۆتاییدا ڕەنگە زیان بە ئێسکەکان بگەیەنێت و ببێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک. بۆ نموونە ستیرۆید، ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمک بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری گرژبوون بەکاردەهێنرێن. بۆیە ئەگەر ئەم دەرمانانە دەخۆیت دڵنیابە لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکە دەربارەی مەترسی تووشبوونت بە پووکانەوەی ئێسک.
ئەم نەخۆشییە چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
پشکنینی چڕی کانزاکانی ئێسک (BMD) باوترین پشکنینن بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە. ئەم پشکنینە تیشکی ئێکس بەکاردەهێنرێت کە بڕێکی زۆر کەم وزەی تیشکی تێدایە بۆ ئەوەی بزانرێت ئێسکی بڕبڕەی پشت، شان، یان مەچەک چەند بەهێزە. تیشکی ئێکس بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەتوانێت پووکانەوەی ئێسکەکان دەستنیشان بکات کاتێک نەخۆشییەکە زۆر پێشکەوتووە. پێویستە هەموو ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە پشکنینی چڕی ئێسکیان بۆ بکرێت.
پووکانەوەی ئێسک چۆن چارەسەر دەکرێت؟
بە شێوەیەکی ئاسایی پووکانەوەی ئێسک بە ڕێگەی چارەسەری وەک وەرزشکردن و تەواوکەری ڤیتامین و کانزاکان و هەندێک دەرمانی تایبەت چارەسەر دەکرێت. زۆرجار چارەسەری وەک وەرزشکردن و تەواوکەرەکان پێشنیار دەکرێن بۆ یارمەتیدانی ڕێگریکردن لە ئەم نەخۆشییە.
پۆلە جیاوازەکانی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی پووکانەوەی ئێسک بەکاردەهێنرێن. باشترین شێوازی چارەسەرکردن بەپێی باری جەستەیی هەر کەسێک دەگۆڕێت، هەروەها ناتوانرێت چارەسەرێکی گشتی دیاری بکرێت کە باشترین بێت بۆ هەموو کەسێک. باوترین ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییەی ئێسک بەکاردەهێنرێن پێیان دەوترێت بیسفۆسفۆنات. ئەم دەرمانانە بەزۆری بە شێوەی زارەکی یان بە دەرزی دەخورێن. هەندێک لەو دەرمانانە بریتین لە:
- فۆساماکس
- بۆنیڤا
- ئەکتۆنێل
بەو پێیەی دەرمان دەتوانێت کاریگەری لاوەکی هەبێت، هەڵبژاردنی تۆ بۆ چارەسەرکردنی پووکانەوەی ئێسک بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێگەی نادەرمان و سروشتی دەبێت. خواردنی چەند تەواوکەرێک، وەکو شەوەری سوور(سێ وەڕێ) و سۆیا و کۆهۆشی ڕەش، ڕەنگە سوودی هەبێت بۆ یارمەتیدانی باری جەستەیی و تەندروستیت.
بۆ ئەوەی ئێسکێکی تەندروست و بەهێزت هەبێت، پێویستت بە خۆراکی دەوڵەمەندە بە کالیسیۆم. یەک کوپ شیری بێ چەوری یان %1 چەوری ٣٠٠ میلیگرام کالیسیۆمی تێدایە. جگە لە بەرهەمە شیرەمەنیەکان، سەرچاوە باشەکانی تری کالیسیۆم بریتین لە ماسی سەلەمون، ساردین، برۆکلی، شەربەت و نانی پڕ کالیسیۆم، هەنجیری وشککراوە، تەواوکەری کالیسیۆم. بەگشتی باشترە خواردن و خواردنەوە سروشتییەکان بخۆیت بۆ ئەوەی ئەو کالیسیۆمەی کە پێویستت پێیانە بەدەست بهێنیت.
جگە لە خواردنی تەواوکەری کالیسیۆم، دڵنیابە لە خواردنی ڤیتامین D. چونکە ئەم ڤیتامینە توانای لەش بۆ هەڵمژینی کالیسیۆم زیاد دەکات. ڤیتامین D دەتوانرێت لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر چەند جارێک لە هەفتەیەکدا یان بە خواردنەوەی شیری بەهێزکراو بەدەستبهێنرێت.
هەروەها بە ژیانێکی تەندروست، دەتوانیت ڕێژەی لەدەستدانی ئێسک خاو بکەیتەوە. بۆ دەستپێکردن باشتر وایە خشتەی وەرزشی ئاسایی بۆ خۆت دابنێیت. ئەو ڕاهێنانانەی وا لە ماسولکەکانت دەکەن دژی هێزی کێشکردن کاربکەن (وەک ڕاکردن، ئایرۆبیک و بەرزکردنەوەی قورسایی) باشترینن بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان. هەروەها دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوە کحولیەکان و کێشانی جگەرە.