
توێژینەوە نوێیەکانی زاناکان دەریانخستووە کە خۆراکە ئامادەکراوەکان و پرۆسێس کراوەکان کە تێرکراون بە چەوری، وەکو خواردنی خێرا، دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوونی بیرەوەری و گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی دەمار کە بەشدارن لە بیرەوەریدا تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا.
ڕێڕەوی مێشک بەزۆری جێگیر نین و بە درێژایی ژیانی مرۆڤ گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا دێت. خۆراک یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەم ڕێڕەوانە هەیە و دەتوانێت بەشداربێت لە باشترکردن یان تێکدانی کارە دەروونییەکانی کەسەکە. لەم ڕووەوە توێژەرانی زانکۆی کارۆلینای باکوور لەم دواییانەدا بۆیان دەرکەوتووە کە تەنانەت خواردنی کورتخایەنی خۆراکی ئامادەکراو و پرۆسێس کراو کە دەوڵەمەندن بە چەوری دەتوانێت ڕێڕەوەکانی پەیوەست بە بیرەوەری لە مێشکدا بگۆڕێت و ئەرکی مەعریفی مرۆڤ لاواز بکات.
پێشتر پەیوەندی نێوان خواردنی خۆراکی چەور و پرۆسێس کراو و کەمبوونەوەی چالاکی مێشک و یادەوەری دەستنیشان کرابوو، بەڵام میکانیزمی وردی ئەم پرۆسەیە نەدۆزرابووەوە. توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە چەوری ناو خۆراک کاریگەری لەسەر دەمارەکانی پەیوەست بە CCK هەیە کە ڕۆڵێکی ڕێگریکەر دەگێڕن لە پرۆسەی دروستبوونی بیرەوەریدا. بە دەردانی ماددەیەک کە پێی دەوترێت کۆلیسیستۆکینین لەم دەمارانە، دەمارەکانی تر کە پەیوەندییان بە دروستبوونی بیرەوەرییەوە هەیە دەکوژێنەوە یان چالاکییەکانیان کەم دەبێتەوە. ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بیرەوەری. لە ئەنجامدا کەسەکە لە کاتی بیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوودا تووشی گومان دەبێت.
لاوازبوونی بیرەوەری بەهۆی خۆراکە پرۆسێس کراوەکان

لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە بوونی چەوری زیادە لە مێشکدا دەتوانێت گۆڕانکاری لە میکانیزمی چالاکییەکانی مێشکدا بکات و تەنانەت شێوازی بەکارهێنانی گلوکۆز وەک سەرچاوەی سەرەکی وزەی دەمارەکان بگۆڕێت. کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گلوکۆز نەک تەنها دەتوانێت دروستبوون و چەسپاندنی بیرەوەری تێکبدات، بەڵکو دەتوانێت بەشداربێت لە گەشەکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک خەمۆکی و ئەلزەهایمەر. خۆشبەختانە توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە بە بڕینی خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و کەمکردنەوەی وەرگرتنی چەوری، دەمارەکان دەتوانن دووبارە دروستببنەوە و مێشک بگەڕێتەوە بۆ کارکردنی ئاسایی. مۆدێلی ئاژەڵان باشتربوونی بیرەوەری کورتخایەنیان نیشانداوە دوای بڕینی چەوری. هەروەها ئەم دۆزینەوانە دەتوانن دەرگای نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە تایبەتەکانی وەک خەمۆکی و دۆزینەوەی دەرمانی نوێ بکەنەوە.