ئەنتیڤایرۆس چییە و چۆن کاردەکات؟

ئەنتیڤایرۆس نەرمەکاڵایەکە ئاسایشی کۆمپیوتەرەکان زیاد دەکات و هەمیشە چالاکە. زۆربەی بەکارهێنەران ئەنتیڤایرۆسیان لەسەر سیستەمەکەیان هەیە و بۆ سکانکردنی ڤایرۆس بەکاریدەهێنن. بەڵام زانیاری وردیان لەسەر کاری ئەم نەرمەکاڵایە نییە و نازانن چۆن کارەکانی ئەنجام دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە کە ئەم نەرمەکاڵایە چۆن کاردەکات.
بەزۆری ڤایرۆسەکان لە کوێ خۆیان دەشارنەوە؟
ڤایرۆسەکان لە زۆر شوێن دەدۆزرێتەوە، لە بەڵگەنامەکانەوە تا دەگاتە ئەو فایلانەی کە لە بەشە جیاوازەکانی سیستەمەکەدا هەڵکەوتوون. تەنانەت دەتوانن لە فایل و فۆڵدەری گرنگی سیستەم یان تەنانەت بایۆسی کۆمپیوتەریشدا خۆیان بشارنەوە. تەنانەت کەرتی بووتکردنی هارد دیسکەکەش سەلامەت نییە لە ڤایرۆسەکان، هەروەها ڤایرۆسەکان دەتوانن لە کاتی دەستپێکردنی سیستەمدا دەستیان پێ بگات.
ڤایرۆسەکان ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر کۆمپیوتەرەکەت. بۆ نموونە هەندێکیان ڕۆڵی فایلە گرنگەکانی سیستەم دەگێڕن، هەندێکیشیان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک سیستەمەکەت قفڵ دەکەن. هەروەها هەندێک لە ڤایرۆسەکان تا ئەو شوێنەی کە دەتوانرێت لە سیستەمەکەدا بڵاودەبنەوە پێش ئەوەی دەستنیشان بکرێن.
ئەم شێوازە جیاوازانە وایکردووە بەکارهێنەران بیر لە بەکارهێنانی ئەنتیڤایرۆس بکەنەوە و بێگومان کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانیش لەم بوارەدا چالاکن. بۆیە هەڵبژاردنی سکانەری ڤایرۆسی گونجاو گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی لەکاتی گەڕان بە ئینتەرنێتدا سەلامەت بمێنیتەوە.
ئەنتیڤایرۆس چۆن کاردەکات؟
پێش ئەوەی بەرنامەیەکی ئەنتیڤایرۆس دەست بکات بە سکانکردنی سیستەمەکەت، پێویستە بزانێت بەدوای چیدا دەگەڕێت. هەموو سکانەرێک کتێبخانەیەکی فراوانی ڤایرۆسە ناسراوەکانی هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات گەشە دەکات. لە ڕاستیدا تا کات زیاتر تێپەڕێت کتێبخانەکە گەورەتر دەبێت.
بۆ پاراستنی بەکارهێنەران، ئەنتیڤایرۆسێک دەبێت کتێبخانەیەکی گەورەی هەبێت و بە بەردەوامی نوێی بکاتەوە بۆ ئەوەی نوێترین ڤایرۆسەکان بگرێتەوە. هەر بۆیە پێویستە سکانەرەکەت نوێ بکەیتەوە، چونکە ئەگەر کتێبخانەکەی نوێ نەبێت، ناتوانێت زۆر شت بکات.
لە ساڵانی سەرەتای ئینتەرنێتدا ئەم بەرنامانە پارەیان پێدەدرا. هەرچەندە هێشتا نەرمەکاڵای پارەدارمان هەیە، بەڵام چەندین بەرنامەی دژەڤایرۆسی بێبەرامبەر لە بازاڕدا هەیە، تەنانەت هەندێکیان بەهەمان شێوەی پارەدار کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
کاتێک داوای لە دژەڤایرۆسێک دەکەیت سیستەمەکەت سکان بکات، ئەوا بەدوای کۆدی گوماناویدا دەگەڕێت لە فایلەکاندا. کاتێک دژەڤایرۆسێک فایلێک سکان دەکات، کۆدی ناو فایلەکە شی دەکاتەوە و بەراورد دەکات بە کتێبخانە فراوانەکەی. ئەگەر کۆدی ناو فایلەکە لەگەڵ کۆدی ڤایرۆسی ناو کتێبخانەکەدا بگونجێت، ئەوا بە فایلێکی تووشبوو دادەنرێت.
جیاوازی نێوان سکانێکی خێرا و سکانێکی تەواو
زۆربەی دژەڤایرۆسەکان ڕێگەت پێدەدەن لە نێوان Quick Scan و Full Scan هەڵبژێریت. هەرچەندە ڕەنگە ناوەکانیان بەپێی دژەڤایرۆسەکە جیاواز بێت، بەڵام کاراییەکانیان هاوشێوەیە.
وەک پێشبینی دەکەیت، Quick Scan لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی پشکنینی فایلە باوەکانی تووشبووە. بەداخەوە هەرچەندە ئەم جۆرە سکانە بۆ بەکارهێنەران گونجاوترە و کاتێکی کەمتری دەوێت، بەڵام زۆر کارا نییە و بە وردی سکان بۆ هەموو ڤایرۆسەکان ناکات.
لەبەرامبەردا Full Scan وەک ناوەکەی دەردەکەوێت هەموو فایلەکانی ناو کۆمپیوتەرەکە لە بەرامبەر کتێبخانەکەیدا دەپشکنێت بۆ ئەوەی بزانێت تووشی ڤایرۆس بوون یان نا. هەرچەندە فول سکان کاتێکی زیاتری دەوێت، بەڵام پشکنینی ڤایرۆسی ئەگەری لە هەموو فایلە گرنگەکاندا دەکات و پارێزراوترە.
ئەنتیڤایرۆس چۆن مامەڵە لەگەڵ فایلە تووشبووەکان دەکات؟
کاتێک نەرمەکاڵاکە فایلێک بە تووشبوو دەناسێتەوە، یەکێک لەو سێ شتەی خوارەوە دەکات:
سڕینەوی ڤایرۆسەکە
ئەگەر بەرنامەکە ڤایرۆسێک لە فایلێکدا دەستنیشان بکات و بتوانێت ڤایرۆسەکە لاببات بەبێ ئەوەی زیان بە خودی فایلەکە بگەیەنێت، ئەوا دەیسڕێتەوە. لەم حاڵەتەدا ڤایرۆسەکە لە فایلەکە لادەبرێت و فایلەکە هاوشێوەی دۆخی سەرەتایی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.
کەرەنتینەکردنی ڤایرۆسەکە
بەرنامەکان پێویستیان بە کارلێککردن لەگەڵ فایلە جۆراوجۆرەکان هەیە بۆ ئەوەی بە باشی لەسەر سیستەمەکەت کاربکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. بەڵام ئەگەر فایلێکی تووشبوو کەرەنتینە و جیاکرایەوە، دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت بۆ ئەوەی کۆمپیوتەرەکە نەتوانێت چیتر دەستی پێ بگات. لە بنەڕەتدا فایلەکە لە باقی سیستەمی کارپێکردنەکە دابڕاوە بۆ ئەوەی زیانێکی زیاتر بە سیستەمەکەت نەگەیەنێت.
سڕینەوەی فایلەکە
دوا ڕێگا بۆ لابردنی ڤایرۆس، سڕینەوەی فایلە تووشبووەکەیە. بێگومان هیچ کام لە ئێمە نامانەوێت فایلێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک جار ڕێگەیەکی لەو شێوەیە پێویستە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە زیانی زیاتر بە سیستەمەکە نەگەیەنێت. هەندێک ڤایرۆس ناتوانرێت بسڕدرێتەوە بەبێ ئەوەی زیان بە فایلەکە بگەیەنێت یان جیا بکرێتەوە لە بەشەکانی تری سیستەمەکە، بۆیە دژەڤایرۆسەکە خۆی فایلەکە دەسڕێتەوە.
لە بازاڕدا دژەڤایرۆسی جیاواز هەیە، هەریەکەیان هەڵگری مارکەی جیاوازن و قەبارەی جیاوازیان هەیە. هەندێکیان کاریگەری نەرێنی بەرچاویان لەسەر کارایی سیستەمەکەت هەیە و خاوی دەکاتەوە، هەندێکی تریان سووکترن.