
لەم بابەتەدا لە پێگەی چاوگە باس لە بوومەلەرزە و چۆنیەتی ڕوودانی دەکەین. بوومەلەرزە (earthquake) هەر جۆرە لەرزینێکی کتوپڕی زەوییە کە بەهۆی تێپەڕبوونی شەپۆلی بومەلەرزەیی بەناو بەردەکانی زەویدا دروست دەبێت. شەپۆلی بومەلەرزەیی، یان بوومەلەرزە، کاتێک دروست دەبێت کە جۆرێک لە وزەی هەڵگیراو لە توێکڵی زەویدا لەناکاو دەربچێت. بەزۆری بومەلەرزە کاتێک ڕوودەدات کە بارستە بەردەکان کە فشاریان لەسەر یەکترە، دەشکێن و دەخلیسکن.
چۆن بوومەلەرزە ڕوودەدات؟
زۆرجار بوومەلەرزە بەدرێژایی لێکترازاوە (Fault) جیۆلۆجیەکان ڕوودەدات. هێڵە لێکترازاوە سەرەکییەکانی جیهان لە لێوارەکانی پلێتە تەکتۆنیکییە گەورەکاندا هەڵکەوتوون کە توێکڵی زەوی پێکدەهێنن. تا هاتنی زانستی بومەلەرزەزانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا زانیارییەکی کەم لەبارەی بوومەلەرزەوە هەبوو. ئەم زانستە کە لێکۆڵینەوەی زانستی لە هەموو لایەنەکانی بوومەلەرزە لەخۆدەگرێت، وەڵامی پرسیارە دێرینەکان دەداتەوە کە بۆچی و چۆن بوومەلەرزە ڕوودەدات.
ساڵانە نزیکەی ٥٠ هەزار بوومەلەرزەی گەورە و بچووک لە سەرانسەری جیهان ڕوودەدەن. لەم بوومەلەرزە ساڵانەیانە، نزیکەی ١٠٠ بوومەلەرزە زیانێکی بەرچاو دەگەیەنن ئەگەر ناوەندی بومەلەرزەکەیان لە ناوچەی نیشتەجێبوون نزیک بێت. بوومەلەرزەی زۆر گەورە، کە زیانێکی زۆر بەرزی هەیە، بە تێکڕا نزیکەی ساڵانە جارێک ڕوودەدات. بۆ چەندین سەدە ئەم بوومەلەرزانە بەرپرسیارن لە لەدەستدانی گیانی زۆرێک و زیانێکی قەرەبوو نەکراوە لە شوێنە جیاجیاکان.
هۆکارەکانی بومەلەرزە چین؟
بوومەلەرزە گەورەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە پشتێنەکاندا ڕوودەدەن کە هاوشوێنن لەگەڵ لێوارەکانی پلاکی تەکتۆنیکی. ئەمەش لە مێژە لە کەتەلۆگ و نەخشە سەرەتاییەکانی بوومەلەرزە هەستیارەکانەوە دیارە و تەنانەت لە نەخشە بومەلەرزەییەکانی مۆدێرن کە ناوەندی بوومەلەرزەکان نیشان دەدەن. گرنگترین پشتێنەی بوومەلەرزە پشتێنەی زەریای هێمنە، کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ناوچە چڕەکانی کەنار دەریاکانی دەوروبەری زەریای هێمن هەیە، وەک نیوزلەندا، نیوگینیا، ژاپۆن، دوورگەکانی ئەلیوتیان، ئەلاسکا و کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور و باشوور. بەپێی خەمڵاندنەکان لە ئێستادا لەسەدا ٨٠ی وزەی بوومەلەرزە لە ئەو خاڵانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناوەندەکانیان لەسەر ئەم پشتێنەیە.
چالاکیی بومەلەرزەیی بە هیچ شێوەیەک لە سەرانسەری پشتێنەکاندا یەکسان نیین و لە شوێنی جیاوازدا لقی جیاوازی چالاکیی هەیە. لەبەر ئەوەی زۆرێک لە بەشەکانی پشتێنەی زەریای هێمن پەیوەندییان بە چالاکیی گڕکانەکانەوە هەیە، ئەم پشتێنە لەنێو خەڵکدا بە ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمنیش ناسراوە.

دووەم پشتێنەی بەناوبانگ پشتێنەی ئەلپیدە (Alpide Belt)، کە لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بەناو ئاسیادا تێدەپەڕێت و دەچێتە پاڵ پشتێنەی زەریای هێمن لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان. ئەو وزەیەی لە بوومەلەرزەدا لەم پشتێنە دەردەچێت، نزیکەی لەسەدا ١٥ی کۆی وزەی دەردانی بوومەلەرزەیە لە جیهاندا. پشتێنە دیارەکانی دیکەی چالاکییە بومەلەرزەییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بەدرێژایی پەراوێزی زەریاکان هەڵکەوتوون، لەوانە لە زەریای جەمسەری باکوور، زەریای ئەتڵەسی، ڕۆژئاوای زەریای هیندی و بەدرێژایی دۆڵی قووڵی درزەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.
ئەو بوومەلەرزانەی بەهۆی هێزی سروشتییەوە ڕوودەدەن چۆنە؟
بوومەلەرزە بەهۆی دەردانی لەناکاوی وزە لە هەندێک ناوچەی سنووردار بە بەردەکانی زەویدا دروست دەبێت. ئەم وزەیە دەتوانرێت بە کشانی لاستیکی، کێشکردن، کارلێکی کیمیایی، یان تەنانەت جوڵەی تەنە گەورەکان دەربچێت. لە هەموو ئەو هۆکارانەی باسکراون، گرژی لاستیکی گرنگترین هۆکاری بوومەلەرزەیە، چونکە ئەم جۆرە وزەیە تاکە هۆکارە کە دەتوانرێت لە زەویدا هەڵبگیرێت بە ڕێژەیەکی پێویست بۆ ئەوەی ببێتە هۆی تێکچوونی گەورە. ئەو بوومەلەرزانەی کە بەهۆی ئەم جۆرە دەردانی وزەیەوە ڕوودەدەن پێی دەوترێت بوومەلەرزەی تەکتۆنی. بوومەلەرزە تەکتۆنیکیەکان بە تیۆری گەڕانەوەی لاستیکی ڕوون دەکرێنەوە، کە لەلایەن جیۆلۆجی ئەمریکی هاری فیڵدینگ ڕیدەوە پێشنیار کراوە دوای ئەوەی لێکترازاوی سان ئەندرێس لە ساڵی ١٩٠٦دا ترازا و بوومەلەرزەی گەورەی سانفرانسیسکۆی لێ بەرهەم هات.
بەپێی ئەم تیۆرییە، بوومەلەرزەی تەکتۆنی کاتێک ڕوودەدات کە گرژی لە بارستە بەردەکاندا ئەوەندە چڕ دەبێتەوە کە لە فشارەکان تێپەڕێت کە بەهۆی بەرگریی بەردەکانەوە دروست دەبێت و شکانێکی لەناکاو ڕووبدات. ئەم شکانانە بە خێرایی لە ڕێگەی بەردەکانەوە بڵاودەبنەوە و بەزۆری بە هەمان ئاراستە بەردەوام دەبن. بەڵام هەندێک جار بە درێژایی ناوچەیەکی ناوخۆیی بۆ چەندین کیلۆمەتر بە لاوازی پێشدەکەون. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٠٦ لێکترازاوی سان ئەندرێاس بە درێژایی پلێتێک درێژ بووەوە کە درێژییەکەی ٤٣٠ کم بوو. بە درێژایی ئەم هێڵ و پچڕانە، زەوی نزیکەی ٦ مەتر بە شێوەیەکی ئاسۆیی جووڵاوە.
لە هەر خاڵێکدا ڕەنگە ئەم جوڵەیە نەک جارێک بەڵکو چەندین جار و لە ماوەیەکی ناڕێکدا ڕووبدات. جووڵەی خاوی لێکترازاوەکە و دەستپێکردنەوەی لەناکاوی دەبێتە هۆی لەرزین کە وەک شەپۆلی بومەلەرزە دەگوازرێتەوە و هەستی پێدەکرێت. ئەم جۆرە تایبەتمەندییە ناڕێکانە ئێستا لە ڕووی فیزیکی و بیرکارییەوە لە مۆدێلکردنی بوومەلەرزەدا جێگیرکراون. پچڕانی لێکترازاوەکان لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە دەست پێدەکات، خاڵێک کە لە زۆر حاڵەتدا نزیکەی ٥ بۆ ١٥ کیلۆمەتر لە ژێر ڕووی زەویدایە. پچڕان بە یەک یان هەردوو ئاراستە بە درێژایی تەختەی لێکترازاوەکە بڵاودەبێتەوە تاوەکو بەهۆی بەربەستێکەوە دەوستێت یان خاو دەبێتەوە. هەندێک جار پچڕانی لێکترازاوەکە بەهۆی بەربەستەکەوە دەوەستێت، بەڵام لێکترازاوەکە لە دیوەکەی ترەوە دەست بە بڵاوبوونەوە دەکاتەوە. لە کاتەکانی تردا هێزەکانی ناو بەردەکان بەربەستەکانی لێکترازاوەکە دەشکێنن و بەردەوام دەبێت لە جووڵان.
ئەو بوومەلەرزانەی کە بەهۆی چالاکیی گڕکانەکانەوە ڕوودەدەن
جۆرێکی جیا لە بوومەلەرزە پەیوەندی بە چالاکیی گڕکانەکانەوە هەیە و پێی دەوترێت بوومەلەرزەی گڕکان. بەڵام تەنانەت لەم جۆرە حاڵەتانەشدا، ڕەنگە بوومەلەرزەکە لە ئەنجامی خلیسکانی لەناکاوی بارستە بەردەکانی تەنیشت گڕکانەکەوە بێت، کە لە ئەنجامدا وزەی کێشکردنی لاستیکی دەردەچێت.
بەڵام ڕەنگە وزەی هەڵگیراو بەهۆی ئەو گەرمیەی کە لەلایەن ماگما یان دەردانی گازی پەستاندارەوە کە سەرچاوەی هایدرۆداینامیکییە، بوونی هەبێت. ماگما لە چین و کۆگاکانی ژێر گڕکانەکەدا دەجووڵێت.
پەیوەندییەکی تەواو لە نێوان دابەشبوونی جوگرافیای گڕکانەکان و بوومەلەرزە گەورەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە پشتێنەی زەریای هێمن و بەدرێژایی ڕیزەکانی زەریاکان. بەڵام شاخە گڕکانەکان بە گشتی چەند سەد کیلۆمەترێک لە ناوەندی گەورەترین بوومەلەرزە قووڵەکانەوە دوورن و زۆرێک لە سەرچاوەکانی بوومەلەرزە لە هیچ شوێنێک نزیک نین لە گڕکانە چالاکەکان.
تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە ناوەندی بوومەلەرزە ڕاستەوخۆ لە ژێر پێکهاتەکاندا ڕوودەدات کە بە دەرچەی گڕکانەکان دیاریکراون، هیچ پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان ئەو دوو چالاکییەدا نییە و هەردووکیان بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەرئەنجامی هەمان پرۆسەی تەکتۆنیکی بن.
ئەو بوومەلەرزانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبن
بومەلەرزە هەندێک جار بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ لە ژینگەدا دروست دەبێت. لەوانە پەمبکردنی شلەمەنی بۆ ناو بیرە قووڵەکان، تەقینەوەی ئەتۆمی گەورە لە ژێر زەوی، هەڵکۆڵینی کان و دروستکردنی بەنداو.
لە نێو ئەو چالاکییە بومەلەرزەزانییە جۆراوجۆرانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، پڕکردنەوەی بەنداوە گەورەکان یەکێکە لە گرنگترینەکان. زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی دیار بەڵگەدار کراوە کە تێیدا بومەلەرزەیی ناوخۆیی زیادی کردووە دوای هەڵگرتنی ئاو لە پشت بەنداوە بەرزەکانەوە. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکاری ئەمە ناتوانرێت بسەلمێنرێت چونکە هیچ داتایەک نییە بۆ بەراوردکردنی ڕوودانی بوومەلەرزە پێش و دوای پڕکردنەوەی بەنداوەکە.
مەترسی دروستکردنی بوومەلەرزەی ئەو بەنداوانەی کە قووڵییان زیاترە لە ١٠٠ مەتر و قەبارەیان ١ کیلۆمەتر سێجا زیاترە. سێ شوێن کە ئەگەری ئەوە هەیە دروستکردنی بەنداو بووەتە هۆی بوومەلەرزە، بریتین لە بەنداوی هوڤەر لە ئەمریکا، بەنداوی بەرزی ئەسوان لە میسر و بەنداوی کاریبا لەسەر سنووری نێوان زیمبابۆی و زامبیا.

پەسەندکراوترین ڕوونکردنەوە بۆ ڕوودانی بوومەلەرزە لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەوەیە کە بەردەکانی نزیک بەنداوەکە پێشتر تا خاڵێک بەهۆی هێزە تەکتۆنیکی ناوچەکەوە پەستانیان خستووە و نزیکە لە ئامادەبوون بۆ خزین. ئاوی ناو بەنداوەکە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەستان و دەبێتە هۆی جووڵانی لێکترازاوەکە. سەرەڕای ئەم هۆکارانە، زۆربەی بەنداوە گەورەکان نەبووەتە هۆی بوومەلەرزە کە مەترسی دروست بکەن.
بومەلەرزەزانی و تەقینەوەی ئەتۆمی
لە ساڵی ١٩٥٨دا نوێنەرانی چەند وڵاتێک لەوانە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەمای تەکنیکی پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان. لە نێو ئەو بابەتانەی لەم کۆبوونەوەیەدا باس کران، ئەگەری پەرەپێدانی ئامرازی کاریگەر بوو بۆ دەستنیشانکردنی تەقینەوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکان و جیاکردنەوەیان لە بوومەلەرزە. دوابەدوای ئەو کۆنفرانسە، لێکۆڵینەوەیەکی زۆر تایبەت لە بواری بومەلەرزەزانیدا ئەنجامدرا. ئەمەش بووە هۆی پێشکەوتنی گەورە لە دۆزینەوە و شیکردنەوە و لێکدانەوەی سیگناڵی بومەلەرزەکان.
کارەکانی ئەم دواییە کە لەلایەن پەیماننامەکەوە پەسەندکراون بریتین لە بەکارهێنانی ئامێری بومەلەرزەگرافی وردبینی بەرز لە تۆڕێکی جیهانیدا، خەمڵاندنی ئەدای تەقینەوەکان، لێکۆڵینەوە لە لاوازبوونی شەپۆلەکان لە زەویدا، دیاریکردنی جیاکەرەوەی گەورەیی شەپۆل و فرێکوێنسی و بەکارهێنانی ڕیزبەندی بومەلەرزەزانی. دۆزینەوەکانی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیانە دەریانخستووە کە بە بەراورد لەگەڵ بوومەلەرزە سروشتییەکان، تەقینەوەی ئەتۆمی ژێر زەوی بە شێوەیەکی گشتی شەپۆلی بومەلەرزەیی لە پێکهاتەی زەویدا دروست دەکات کە گەورەیی زۆر زیاترە لە شەپۆلەکانی سەر ڕووی زەوی. ئەم جیاوازییە ڕواڵەتییە، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی دیکەی بەڵگەی بومەلەرزەزانی، وایکردووە تۆڕێکی چاودێری نێودەوڵەتی لە ٢٧٠ وێستگەی چاودێری بوومەلەرزە بتوانێت هەموو بومەلەرزەکان لەسەر زەوی دەستنیشان بکات و شوێنی بدۆزێتەوە کە قەبارەی ٤ و سەرووترە.
توندی و هێزی بوومەلەرزە چۆن حیسابی بۆ دەکرێت؟
توندی لەرزینەکانی بوومەلەرزە لە ناوچە جیاوازەکاندا جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. لەبەر ئەوەی مەودای کاریگەرییە چاودێرکراوەکان ناتوانرێت بە شێوەیەکی چەندایەتی دەرببڕدرێت، هێزی لەرزینی بوومەلەرزە بەزۆری بە ئاماژەدان بە پێوەرەکانی توندی کە کاریگەرییەکان بە شێوەیەکی چۆنایەتی وەسف دەکەن، دەخەمڵێندرێت. پێناسەی پێوەرەکانی توندی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەستی پێکردووە، پێش بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بومەلەرزەگرافییەکان کە توانای پێوانەکردنی وردی جووڵەی زەوییان هەبێت.
لەو کاتەوە، دابەشبوونەکان لەسەر ئەم پێوەرە پەیوەندییان بە خێراییە پێوانەکراوەکانی لەرزینی زەوی ناوخۆییەوە هەیە. بەڵام توندی بوومەلەرزە بە شێوەیەکی ئاڵۆز نەک تەنها بە خێرایی زەوی بەڵکو بەندە بە ماوەی و تایبەتمەندیەکانی تری شەپۆلە بومەلەرزەییەکان و دووری خاڵی پێوانەکردن لە سەرچاوەکە و پێکهاتەی جیۆلۆجی ناوخۆیی. سەرەڕای ئەوەش، توندی یان هێزی بوومەلەرزە جیاوازە لە قەبارەی بوومەلەرزە، کە پێوەرێکە بۆ گەورەیی یان قەبارەی شەپۆلە بومەلەرزەییەکان وەک لە خوێندنەوەی بومەلەرزەزانیدا دیاری دەکرێت.
ژمارەیەک پێوەری جیاواز بۆ توندی بوومەلەرزە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پەرەی پێدراوە، کە بۆ هەردوو بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی ئێستا و مێژوو بەکاردەهێنرێن. بۆ چەندین ساڵ زۆرترین پێوەر بۆ پێوانەکردنی توندی بوومەلەرزە بەکارهێنرا، پێوەرێکی ١٠ خاڵی بوو، کە لە ساڵی ١٨٧٨ لەلایەن میشێل ستیفانۆ دی ڕۆسی و فرانسوا ئەلفۆنس فۆرێلەوە داهێنرا. ئەو پێوەرەی کە ئێستا لە ئەمریکای باکووردا بە شێوەیەکی باو بەکاردەهێنرێت، پێوەرەکەی مێرکالییە، کە لەلایەن هاری ئۆ وود و فرانک نیومانەوە لە ساڵی ١٩٣١ دەستکاری کراوە، کە بە پلەبەندییەکی گونجاوتر دادەنرێت.
پێوەری مێرکالی بۆ خەمڵاندنی توندی بوومەلەرزە
- لەم ئاستەدا بوومەلەرزە هەست پێناکرێت و زۆرتر کاریگەریی پەراوێز و درێژخایەنی بوومەلەرزە گەورەکانە.
- ئەم پلەیە لە بوومەلەرزە لەلایەن ئەو کەسانەوە هەست پێدەکرێت کە لە نهۆمەکانی سەرەوەی بینایەکدا پشوو دەدەن.
- ئەم پلەیە بوومەلەرزە لەناو ماڵەکەدا هەست پێدەکرێت. لەم ئاستەدا شتە هەڵواسراوەکان دەسوڕێنەوە و هەست بە لەرزین و دەنگە هاوشێوەکانی ئەوانە دەکرێت کە بەهۆی تێپەڕبوونی بارهەڵگرە سووکەکانەوە دروست دەبن. ماوەی ئەم جۆرە بوومەلەرزە دەتوانرێت بخەمڵێندرێت.
- لەم پلەیەدا لەرزینەکان هاوشێوەی ئەوانەن کە بەهۆی تێپەڕبوونی بارهەڵگرە قورسەکانەوە دروست دەبن. لەم حاڵەتەدا ئۆتۆمبێلە وەستاوەکان دەلەرزن و پەنجەرە و قاپ و دەرگاکان دەلەرزن. هەروەها قاپەکانی ناو کابینەکان دەڕژێنە دەرەوە و دەجووڵێن.
- ئەم پلەیە لە بوومەلەرزە لە دەرەوە هەست پێدەکرێت و ڕەنگە ئاراستەکەی بخەمڵێندرێت.
- لەم پلەیەی بوومەلەرزەدا ئەو کەسانەی کە خەوتوون لە خەو هەڵدەستن. شلەمەنیەکان شێواون و هەندێکیان دەڕژێن. شتە بچووکەکان وەرگەڕێن. دەرگاکان دەکرێنەوە و دادەخرێن.
- سەختە لەم پلەیە بوومەلەرزەدا بوەستیت. شۆفێرانی ئۆتۆمبێل سەرنجی دەدەن. شتە هەڵواسراوەکان دەلەرزن و ڕەنگە مۆبیلیاتەکان بشکێن. بینا لاوازەکان لەوانەیە زیانیان پێ بگات. شووشە کۆنەکانی سەقفی بیناکان دەشکێنن. لەوانەیە کەوتنی خشت و بەرد و کاشی و کۆرنیش ڕووبدات.
- لەم پلەیەی بوومەلەرزەدا ئۆتۆمبێلەکان لادەدەن. هەروەها ڕەنگە زیان بە بینا لاوازەکان بگات. هەروەها ڕەنگە لەم گەورەییەی بوومەلەرزەدا زیانێکی بچووک بە هەندێک بینای بەهێز بەدی بکرێت.
- لەم ئاستەی بوومەلەرزەدا، ترس و دڵەڕاوکێی گشتی هەیە. بینا لاوازەکان وێران دەبن، بینا ئاساییەکان زیانێکی زۆریان پێدەگات.
- زۆربەی بیناکان و خانووە پێش دروستکراوەکان و پێکهاتەکان و پردی دار کە بە باشی دروستکراون لەم گەورەییەی بوومەلەرزەدا لەناو دەچن. لەم حاڵەتەدا زیانێکی گەورە بە بەنداوەکان و کەناراوەکان دەگات و زەوی لەرزینێکی گەورە دروست دەبێت.
- لە پلەی ١١دا هێڵەکانی شەمەندەفەر بە تەواوی دەچەمێنەوە و بۆری ژێرزەوی بە تەواوی لە کار دەکەون.
- لە پلەی دوانزەدا نزیکەی لەناوچوونێکی تەواو ڕوودەدات.
چۆن قەبارەی بوومەلەرزە حیساب دەکرێت؟
گەورەیی بوومەلەرزە پێوەرێکە بۆ قەبارە یان گەورەیی شەپۆلە بومەلەرزەییەکان کە لەلایەن سەرچاوەی بوومەلەرزەکەوە دروست دەبن و لەلایەن بومەلەرزەگرەوە تۆمار دەکرێن. بەو پێیەی قەبارەی بوومەلەرزەکان زۆر جیاوازە، پێویستە بە بەکارهێنانی پەیوەندییە بیرکارییەکان بۆ بەراوردکردن، قەبارەی ئەو شەپۆلانەی کە لەسەر بومەلەرزەگرافەکان پێوراون بپشکنرێت. لە ساڵی ١٩٣٥دا، زانای بومەلەرزەزانی ئەمریکی چارڵز ئێف ڕیختەر، پێوەرەکانی گەورەیی بوومەلەرزەکانی وەک لۆگاریتمێک پێناسە کرد کە لەسەر بنەمای ١٠ لە زۆرترین گەورەیی شەپۆلی بومەلەرزەزانی تۆمارکراوە کە لەسەر بومەلەرزەگرافی ستاندارد (وود ئەندەرسۆن پێندۆلم سیسمۆگراف) لە دووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بومەلەرزە. کەمبوونەوەی گەورەیی چاودێرکراو لە مەودای جیاوازدا بۆ گەورەیی چاوەڕوانکراو لە مەودای ستانداردی 100 کم بنەمای خشتەی ئەزموونی پێکدەهێنێت.
گەورەترین بوومەلەرزە لە جیهاندا لە کوێ ڕوویداوە؟
گەورەترین بوومەلەرزە لە جیهاندا لە ڕووی قەبارەوە تا ئێستا بوومەلەرزەی گەورەی شیلی بوو. ئەم بوومەلەرزەیە لە لایەن دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریکاوە بە گوڕی ٩.٥ تۆمار کراوە و بە بوومەلەرزەی گەورەی شیلی و بوومەلەرزەی ڤاڵدیڤیا لە ساڵی ١٩٦٠ ناسراوە.
ڕووپێوی جیۆلۆجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم ڕووداوەی بە گەورەترین بوومەلەرزە لە سەدەی بیستەمدا ڕاگەیاندووە. لەوانەیە بوومەلەرزەی گەورەتر لە مێژوودا هەبووبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە گەورەترین بوومەلەرزەیە کە ڕووبدات لەو کاتەوەی کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠دا توانیویەتی بە وردی قەبارەی بوومەلەرزەکان بخەمڵێندرێت. دوانزە بوومەلەرزە گەورەکەی تری جیهان کە لە ساڵی ١٩٠٠ەوە پێوانە کراون، بە ڕێکوپێکی هێزی بومەلەرزەیی، بەم شێوەیەن:

ئایا پێشبینی بوومەلەرزە دەکرێت؟
نەخێر، ئەمە مومکین نییە و هیچ زانایەک پێشبینی بوومەلەرزەیەکی گەورەی نەکردووە. ئێمە لە ئێستادا نازانین چۆن، چاوەڕوانیش ناکەین بزانین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمە چۆن دەکرێت. لە ئێستادا زانایان تەنها دەتوانن ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی بەرچاو و گەورە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا لە ماوەی ژمارەیەکی دیاریکراوی ساڵدا حیساب بکەن. لە پێشبینیکردنی بوومەلەرزەیەکدا، زاناکان دەبێت سێ توخم دیاری بکەن: ١) بەروار و کاتی بوومەلەرزەکە، ٢) شوێنی بوومەلەرزەکە و ٣) قەبارەی بوومەلەرزەکە.
بەڵام هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن پێشبینی بوومەلەرزە بکەن. بەڵام لە خوارەوە لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانە دەکەین کە بۆچی ئیدیعا و لێدوانەکانیان درۆیە:
- ئەم ئیدیعا و لێدوانانە لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی نین و بوومەلەرزە بەشێکە لە پرۆسەیەکی زانستی. بۆ نموونە بوومەلەرزە هیچ پەیوەندییەکی بە هەور و ئازار و هەستکردن لە جەستەی مرۆڤ یان مارمێلکەدا نییە.
- ئەم کەسانە ناتوانن ئەو سێ پارامێتەرە دیاری بکەن کە لە سەرەوە بۆ پێشبینیکردنی بوومەلەرزە پێناسەمان کردووە.
- پێشبینی ئەم کەسانە ئەوەندە گشتین کە هەمیشە ئەگەری بوومەلەرزە لە ئارادایە. هەندێک لەو پێشبینیانە بریتین لە: ١) لە ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا بوومەلەرزەیەکی M4 لە ئەمریکا ڕوودەدات. ٢) ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی M2 لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکا ڕوودەدات.
لەم حاڵەتەدا ئەگەر بوومەلەرزەیەک ڕووبدات کە بە نزیکەیی یان تەنانەت کەمێک لەگەڵ پێشبینییەکەیاندا بگونجێت، ئەم کەسانە ئیدیعای سەرکەوتن دەکەن. هەرچەندە توخمە پێشبینیکراوەکانیان زۆر جیاوازن لەوەی کە لە ڕاستیدا ڕوویداوە. لە ڕاستیدا ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زانستی و ڕاشکاوانە سەیری پێشبینی ئەم کەسانە بکەین پێشبینیەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.