بابەتەکانزانست

ATP یان ئەدینۆسین ترای فۆسفات چییە؟

ئەدینۆسین ترای فۆسفات ناسراو بە ATP ، مۆلیکولێکە کە وزە لە ناو خانەکاندا هەڵدەگرێت. لە ڕاستیدا ئەم مۆلیکولە یەکەی سەرەکی وزەی خانەکانی لەش و بەرهەمی کۆتایی پرۆسەکانی فۆتۆفۆسفۆڕیلاسیۆن (زیادکردنی گروپێکی فۆسفات بۆ مۆلیکولێک بە بەکارهێنانی وزەی ڕووناکی)، هەناسەدانی خانەیی و تەخمیرکردنە. هەموو زیندەوەران ئەم مۆلیکولە بەکاردەهێنن. جگە لەوەی وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکاردەهێنرێت، ATP لە ڕێڕەوی گواستنەوەی سیگناڵیشدا بەکاردەهێنرێت بۆ پەیوەندی نێوان خانەکان و لە کاتی دروستکردنی DNAدا دەخرێتە ناو ترشی دیۆکسی ڕیبۆنۆکلیک (DNA).

پێکهاتەی ATP

ATP هەڵگری سەرەکی وزەیە کە بۆ هەموو چالاکییە خانەییەکان بەکاردێت. کاتێک ئەدینۆسین ترای فۆسفات هایدرۆلیزە دەکرێت و دەگۆڕێت بۆ ئەدینۆسین دی فۆسفات (ADP)، وزە ئازاد دەکات. لابردنی گروپێکی فۆسفات وزە ئازاد دەکات کە یەکسانە بە 7.3 کیلۆ کالۆری بۆ هەر مۆڵێک، یان 30.6 کیلۆجۆل بۆ هەر مۆڵێک لە بارودۆخی ستاندارددا. ئەم بڕە وزەیە دەتوانێت وزەی پێویست بۆ هەموو ئەو کارلێکانە دابین بکات کە لە ناو خانەکەدا ڕوودەدەن. هەروەها دەتوانرێت ADP بگۆڕدرێتەوە بۆ ATP بۆ ئەوەی وزە بۆ کارلێکە خانەییەکانی تر بەردەست بکرێتەوە.

ئەدینۆسین ترای فۆسفات لە خانەکانی لەشدا لە ڕێگەی چەند ڕێگایەکی جیاوازەوە بەرهەم دێت. فۆتۆفۆسفۆڕیلاسیۆن ڕێگەیەکی تایبەتە بە ڕووەک و بەکتریا سیانییەکان. لەم شێوازەدا دروستکردنی ATP لە ADP بە بەکارهێنانی وزەی تیشکی خۆر ئەنجام دەدرێت و لە کاتی پرۆسەی فۆتۆسێنتێزدا ڕوودەدات.

پرۆسەی فۆتۆفۆسفۆڕیلاسیۆن و بەرهەمهێنانی وزە لە شێوەی ATP
پرۆسەی فۆتۆفۆسفۆڕیلاسیۆن و بەرهەمهێنانی وزە لە شێوەی ATP

هەروەها ئەدینۆسین ترای فۆسفات لە پرۆسەی “هەناسەدانی خانەیی” لە مایتۆکۆندریای خانەیەکدا دروست دەبێت. ئەم شێوازە بۆ بەرهەمهێنانی ATP دەتوانێت لە ڕێگەی هەناسەدانی ئایرۆبیکەوە بێت کە لە بوونی ئۆکسجین ڕوودەدات، یان هەناسەدانی بێ هەوا کە پێویستی بە ئۆکسجین نییە.

لە هەناسەدانی ئایرۆبیدا، ئەدینۆسین ترای فۆسفات (لەگەڵ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو) لە گلوکۆز و ئۆکسجین بەرهەم دێت. هەناسەدانی بێهەوا مادەی کیمیایی جگە لە ئۆکسجین بەکاردەهێنێت و پرۆسەکە بە پلەی یەکەم لەلایەن ئارکیا و بەکتریاکانەوە بەکاردەهێنرێت کە لە ژینگە بێهەواکاندا دەژین. تەخمیرکردن یەکێکی ترە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی ئەدینۆسین ترای فۆسفات کە پێویستی بە ئۆکسجین نییە. پرۆسەی تەخمیرکردن جیاوازە لە هەناسەدانی بێهەوا چونکە زنجیرەی گواستنەوەی ئەلکترۆنەکان بەکارناهێنێت. ترشێنەر و بەکتریا نموونەی ئەو زیندەوەرانن کە تەخمیرکردن بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی ATP.

گواستنەوەی پەیام و سیگناڵ

ATP گەردیلەیەکی ئاماژەدەرە کە لە جەستەدا بۆ پەیوەندی نێوان خانەکان بەکاردێت. کینازەکان (Kinases) ئەنزیمگەلێکن کە مۆلیکولەکان فۆسفۆریلات دەکەن، بە بەکارهێنانی ATP وەک سەرچاوەی گروپەکانی فۆسفات. کینازەکان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە بۆ پرۆسەکانی گواستنەوەی سیگناڵ، کە تێیدا ئەم ئەنزیمانە سیگناڵێکی فیزیایی یان کیمیایی دەگوازنەوە بۆ ناو خانەکە لە ڕێگەی وەرگرێکی دەرەوەی خانەیی یان وەرگرەکانەوە. کاتێک سیگناڵەکە لە ناو خانەکەدایە، خانەکە دەتوانێت وەڵامی گونجاوی پەیامی هاتوو بداتەوە. لەوانەیە خانەکان سیگناڵ بنێرن بۆ گەشەکردن، میتابۆلیزم، جیابوونەوە بۆ جۆری تایبەت، یان تەنانەت مردنی خانەیەکی تر.

دروستکردنی DNA و RNA

بنەمای نیوکلیۆتایدی ئۆرگانیکی ئەدینین بەشێکە لە ئەدینۆسین، کە مۆلیکولێکە لە پێکهاتەی ATPدا هەیە و ڕاستەوخۆ دەخرێتە ناو تاڵەکانی مۆلیکولی RNA. بنەما ئۆرگانییەکانی تر کە لە RNA، cytosine، guanine و uracilدا دەبینرێن، بە هەمان شێوە لە CTP، GTP و UTP دروست دەبن. هەروەها ئەدینین لە DNA دا هەیە و پێکهاتەکەی زۆر لە RNA دەچێت، تاکە جیاوازی لە نێوان ئەو دوو پێکهاتەدا ئەوەیە کە ATP دەبێت بگۆڕدرێت بۆ شێوەی deoxyadenosine triphosphate (dATP) پێش ئەوەی بتوانرێت وەک بەشێک لە ڕیشاڵی DNA جێگیر بکرێت.

بوونی مۆلیکولی ATP لە پێکهاتەی مۆلیکولی DNA
بوونی مۆلیکولی ATP لە پێکهاتەی مۆلیکولی DNA

ئەو مۆلیکولانەی کە لە ATP وەرگیراون

ADP ،AMP، و cAMP لەنێو ئەو مۆلیکولانەدان کە لە مۆلیکولی ئەدینۆسین ترای فۆسفات وەرگیراون و ناوی هاوشێوەیان هەیە وەکو ئەدینۆسین دیفۆسفات (ADP)، ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات (AMP)، و ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفاتی خولیی (cAMP). بۆ ئەوەی سەرلێشێواوی دروست نەبێت، گرنگە جیاوازی نێوان ئەم مۆلیکولانە بزانین. دواتر پێکهاتە و کارکردی هەریەکێک لەم مۆلیکولانە دەناسێنین.

ADP:

ئەدینۆسین دیفۆسفات (ADP) کە هەندێک جار بە ئەدینۆسین پیرۆفۆسفات (APP) ناسراوە، جیاوازە لە ATP چونکە دوو گروپی فۆسفات لە پێکهاتەکەیدا هەیە. ATP بە لەدەستدانی گروپێکی فۆسفات دەگۆڕێت بۆ ADP و ئەمەش لە کاتی کارلێکی شکاندنی پەیوەندی لە نێوان گروپەکانی فۆسفاتدا ڕوودەدات، وزە ئازاد دەکات. مۆلیکولی ADP خۆی لە مۆلیکولی AMP پێکهاتووە. خولی کارلێکەکانی نێوان ADP و ATP لە کاتی هەناسەدانی خانەیی وزەی پێویست بۆ ئەنجامدانی چالاکییە خانەییەکان دەدات بە خانەکان.

خولی ADP-ATP
خولی ADP-ATP

AMP:

ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات (AMP) کە بە ترشی ئەدینیلیک ناسراوە، تەنها یەک گروپی فۆسفاتی لە پێکهاتەی گەردیلەی خۆیدا هەیە. ئەم مۆلیکولە لە RNA دا هەیە و بنەمای ئۆرگانیکی ئەدینینی تێدایە کە بەشێک لە کۆدی بۆماوەیی پێکدەهێنێت. دەتوانرێت ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات لە کاتی کارلێکی دروستکردنی ATP لە دوو مۆلیکولی ADP یان لە ڕێگەی هایدرۆلیسی ATP بەرهەم بهێنرێت. هەروەها AMP لە کاتی تێکچوونی RNA دروست دەبێت. ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات بە ڕێژەیەکی زۆر دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ ترشی یوریک کە پێکهاتەیەکی میزە و لە ڕێگەی میزەوە دەردەدرێت.

cAMP:

مۆنۆفۆسفاتی خولیی ئەدینۆسین (cAMP) لە ATP وەرگیراوە و نێرەرێکی دیکەیە کە بەکاردێت بۆ گواستنەوەی سیگناڵەکان و چالاککردنی پرۆتینی کینازە تایبەتەکان. ئەم مۆلیکولە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ AMP. ڕێڕەوی سیگلیکی ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات لەوانەیە لە هەندێک شێرپەنجەدا بەشدار بێت، وەک جۆرەکانی کارسینۆما.

بەراوردکردنی پێکهاتەی مۆلیکولی ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات و ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفاتی خولیی
بەراوردکردنی پێکهاتەی مۆلیکولی ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفات و ئەدینۆسین مۆنۆفۆسفاتی خولیی

مۆنۆفۆسفاتی ئەدینۆسینی خولیی ڕۆڵی هەیە لە کارلێکەکانی گۆڕانکاری خۆراک لە بەکتریادا. کاتێک خانەیەکی بەکتریا وزەی پێویست بەرهەم ناهێنێت (بەهۆی کەمی گلوکۆزی پێویست)، ئاستی بەرزی cAMP لە خانەکەدا بەرهەم دێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک جین کە ڕێڕەو بۆ سەرچاوەی وزە جگە لە گلوکۆز بەکاردەهێنن، داگیرسێنرێن و لە خانەکەدا دەرببڕن.

 

سەرچاوەکان:

  1. Deranged Physiology
  2. biology dictionary

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button