
توێژەران ڕێگەیەکی سەرسوڕهێنەریان بۆ بنبڕکردنی مەلاریا پێشنیار کردووە. بۆیان دەرکەوت ئەگەر دەرمانی نیتیسینۆن (Nitisinone) کە بەردەستە لە بازاڕ، لە خوێنی مرۆڤدا بێت، مێشوولەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای خواردنی خوێنەکە دەمرن.
لە ئێستادا چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی مێشوولە و مەترسی تووشبوون بە مەلاریا. یەکێک لەوانە بەکارهێنانی دەرمانێکی دژە مشەخۆرە بە ناوی Ivermectin. کاتێک مێشوولە خوێنی ئالوودە بە ئەو دەرمانە دەخوات، تەمەنی کورت دەبێتەوە. بەڵام توێژەران دەڵێن دەرمانەکە ژەهراوی دەبێت بۆ ژینگە. هەروەها کاریگەرییەکەی لەدەست دەدات ئەگەر زۆر بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی مرۆڤ و ئاژەڵانی تووشبوو بە هەوکردنی مشەخۆر.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری “ساینس“دا بڵاوکراوەتەوە، توێژەرانی زانکۆی لیڤەرپوول دەرمانێکی دیکەیان دەستنیشانکردووە بەناوی نیتیسینۆن کە توانای سەرکوتکردنی مێشوولە و کۆنترۆڵکردن و بنبڕکردنی “مەلاریا”ی هەیە.
هیوایەکی نوێ بۆ بنبڕکردنی مەلاریا
توێژەران دەڵێن: “یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان لەلایەن مێشوولەکانەوە ئەوەیە کە خوێنی ئاژەڵ و مرۆڤەکان ژەهراوی بکەن بۆ ئەم مێشوولانە. دۆزینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە بەکارهێنانی نیتیسینۆن دەتوانێت ئامرازێکی تەواوکەری بەڵێندەر بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا.
نیتیسینۆن بە شێوەیەکی باو لەلایەن ئەو کەسانەی کە نەخۆشییە بۆماوەییە دەگمەنەکانیان هەیە وەک میزی ڕەش (ئەلکاپتۆنوریا) و تایرۆسینۆمی جۆری یەکەم بەکاردێت بۆ یارمەتیدانی جەستەیان بۆ شیکردنەوەی ترشی ئەمینی تایرۆسین. ئەم دەرمانە ڕێگری دەکات لە ئەنزیمێک بەناوی HPPD لە جەستەی نەخۆشەکاندا. بەڵام کاتێک مێشوولەیەک لە خوێنێک دەخوات کە ئەم دەرمانەی تێدایە، ئەنزیمی HPPD بە هەمان شێوە لە جەستەیاندا سەرکوت دەکرێت و مێشوولەکە چیتر ناتوانێت خوێنەکە هەرس بکات و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەمرێت.
چوار کەس کە تووشی ئەلکاپتۆنوریا بوون خوێنیان بۆ ئەم توێژینەوەیە بەخشی. توێژەران ئەم خوێنەیان گواستەوە بۆ مێشوولەی مێینەی Anopheles gambiae (جۆرێک کە بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی مەلاریا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا). دواتر پشکنینیان کرد کە چ چڕییەکی ئەم دەرمانە پێویستە بۆ کوشتنی مێشوولەکان. هەروەها کاریگەرییەکەی بەراورد کرا بە دەرمانی دژە مشەخۆری ivermectin.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە نیتیسینۆن لە خوێنی مرۆڤدا زیاتر دەمێنێتەوە لە چاو ئیڤەرمێکتین و دەتوانێت مێشوولە لە هەموو تەمەنێکدا بکوژێت و ئەو مێشوولانەی کە بەرگریان هەیە بەرامبەر بە مێرووکوژە تەقلیدییەکان. توێژەران دەڵێن، ئەو مێشوولانەی کە ئەم دەرمانەیان خواردووە سەرەتا توانای فڕینیان لەدەستداوە، دواتر یەکسەر بەتەواوی ئیفلیج بوون و گیانیان لەدەستداوە.