ماوەی ٢٠٠ ساڵە زاناکان شکستیان هێناوە لە گەشەپێدانی کانزایەکی باو لە تاقیگەدا لە ژێر ئەو بارودۆخەی کە پێدەچێت بە شێوەیەکی سروشتی دروستی کردبێت. ئێستا تیمێکی توێژەرانی زانکۆی میشیگان و زانکۆی هۆکایدۆ لە شاری ساپۆرۆ لە ژاپۆن دواجار سەرکەوتوو بوون. ئەمەش بەهۆی ڕێبازێکی نوێ کە لە ھاوشێوەکردنی ئەتۆمیەوە پەرەی پێدراوە. ئەم زانایانە توانیان لە دوای دوو سەدە هەوڵدان دۆلۆمیت لە تاقیگە دروست بکەن.
سەرکەوتنەکانیان نهێنیەکی جیۆلۆجی لەمێژینە چارەسەر دەکات و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی مادەی بلوری نوێ.
بۆ یەکەمجار دۆلۆمیت وەک کانزایەک لە ساڵی ١٧٩٢ لەلایەن سروشتناسێکی سویسری نیکۆلاس دی ساوسۆرەوە وەسفکرا دوای شیکردنەوەی هەندێک نمونەی بەرد کە لەلایەن سەرکێشیکاری فەرەنسی دیۆدات سیلڤاین گای دی تانکرید گریت دی دۆلۆمیۆ لە چیای ئیتاڵیا و نەمسا کۆکرابوونەوە.
دۆلۆمیت کە کالیسیۆم-مەگنیسیۆم-کاربۆناتێکە، شاخەکانی دۆلۆمیت لە ئیتاڵیا، بەرزایی نیاگارا لە نێوان ئەمریکا و کەنەدا، بەردەکانی سپی دۆڤەر لە بەریتانیا پێکدەهێنێت و لە نیشتووەکانی دەریادا زۆر زۆرە کە کۆنترن لە ١٠٠ ملیۆن ساڵ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لەم سەردەمەدا تەنها بە شێوەیەکی وردە وردە دروست دەبێت کاتێک ئاوی خوێ بەهەڵم دەبێت. و نزیکە لە مەحاڵەوە لە ژێر بارودۆخی تاقیگەدا دروست بکرێت.
نهێنی گەشەکردنی دۆلۆمیت، دواجار بە بەکارهێنانی نەرمەکاڵایەکی پێشکەوتوو چارەسەر کرا. کە دەتوانێت ھاوشێوە بکات کە چۆن ئەتۆمەکان تۆڕێکی بلوری جێگیر پێکدەھێنن. بە پێچەوانەی ھاوشێوەکردنی پێشوو، ئەم ڕێبازە نوێیە گۆڕانکارییەکانی لە پێکهاتەی ئەتۆمیدا بە تێپەڕبوونی کات لەبەرچاو گرتووە.
برایان پوچالا، یەکێک لە گەشەپێدەرانی سەرەکی نەرمەکاڵاکە و زانای هاوبەشی توێژینەوە لە بەشی U-M لە زانستی کەرەستە و ئەندازیاری دەڵێت: “نەرمەکاڵاکەمان وزە بۆ هەندێک ڕێکخستنی ئەتۆمی حیساب دەکات. پاشان دەرهێنان دەکات بۆ پێشبینیکردنی وزەکانی ڕێکخستنەکانی دیکە بە پشتبەستن بە سیمیتری پێکهاتەی بلوری”.
چۆنیەتی دروست کردنی دۆلۆمیت لە تاقیگە:
دوای دانانی کریستاڵێکی بچووکی دۆلۆمیت کە وەک تۆوێک کاردەکات بۆ گەشەکردنی زیاتری کریستاڵەکان، لە گیراوەیەکی کالیسیۆم و مەگنیسیۆمدا، توێژەران بە بەکارهێنانی تیشکێکی ئەلکترۆنی کە کریستاڵەکە ٤٠٠٠ جار زاپ دەکات لە ماوەی دوو کاتژمێردا، بارودۆخی خولیی پێویستیان دروستکردەوە. تیشکەکە گیراوەکە دابەش دەکات. ئەمەش ترشەڵۆک دروست دەکات کە پەڵە ناجێگیرەکان لا دەبات بەڵام پەڵە جێگیرەکان وەک خۆی دەهێڵێتەوە. شوێنە بەتاڵەکانی ناو پێکهاتەی بلوری بە خێرایی پڕ دەکرێنەوە بە ئەتۆمی مەگنیسیۆم و کالیسیۆم کە لە گیراوەکەوە دەڕژێن و ڕیزەکانی ئەتۆم دروست دەکەن کە پێویستن بۆ دروستکردنی دۆلۆمیت.
بلوری دۆلۆمیت بینرا کە نزیکەی ١٠٠ نانۆمەتر گەشە دەکات، نزیکەی ٢٥٠ هەزار جار بچووکترە لە تیرەی دراوێک. هەرچەندە ئەمە تەنها ٣٠٠ چین دۆلۆمایت بوو، بەڵام پێشتر هەرگیز زیاتر لە پێنج چین دۆلۆمایت لە تاقیگەدا دروست نەکرابوو.
لە ژێر بارودۆخی سروشتیدا، کالیسیۆم و مەگنیسیۆم بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە کریستاڵە گەشەسەندووەکەی دۆلۆمیتەوە دەلکێت. زۆرجار لە شوێنی هەڵەدا جێگیر دەبن و کەموکوڕی دروست دەکەن کە ڕێگری دەکات لە دروستبوونی چینە زیادەکانی دۆلۆمایت. ئەم تێکچوونە گەشەی دۆلۆمیت خاو دەکاتەوە. واتە ١٠ ملیۆن ساڵ دەخایەنێت بۆ دروستکردنی تەنها یەک چین لە دۆلۆمیتێکی ڕێکخراو.
ئەم چارەسەرە ئەگەرییە بۆ کێشەی دۆلۆمیت، ڕێبازێکی نوێ بۆ ئەندازیاری و دروستکردنی ماددە بلوریەکان دابین دەکات. کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی وەک نیمچە گەیەنەر، پانێڵی خۆر، پاتری و تەکنەلۆژیاکانی تردا بەکاردەهێنرێت.
توێژینەوەکانی “چارەسەرێکی هەڵاوسان بۆ کێشەی دۆلۆمیت” و “تواندنەوە کە ڕێگە بە گەشەکردنی بلوری دۆلۆمایت دەدات لە نزیک بارودۆخی دەوروبەر” لە گۆڤاری زانست (2023)دا بڵاوکراونەتەوە.