شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە کە ساڵانی ڕابردوو شایەتی زیادبوونی بەرچاوی چڕیی زریانی خۆڵ بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا بووینەتەوە. ئەمەش ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون.
ئەم دیاردە سروشتییە کە لە گەشەکردندایە، بووەتە سەرچاوەی مەترسی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە خۆراکییەکان و تەندروستی مرۆڤ لە ژمارەیەک ناوچەی جیهان. بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کە بە سەرچاوەی بەشێکی بەرچاو لەو زریانانە دادەنرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بڵاوکراوەتەوە. ساڵانە زریانەکانی خۆڵ نزیکەی دوو ملیار تۆن خۆڵ دەگوازنەوە بۆ بەرگەهەوا، کە یەکسانە بە 350 هێندەی کێشی هەرەمی گەورەی جیزە. لە هەندێک ناوچەدا ژمارەی گەردیلەکانی خۆڵ و تۆز لە بەرگەهەواوە لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠٠٠ دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەم ڕەوتە بەردەوام بووە لەگەڵ خراپتربوونی گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە. بە گوتەی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانی کەم 25%ی دەردانی تۆز و خۆڵ لە جیهاندا لە چالاکییەکانی مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات. لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ هۆکاری سروشتی دەگەڕێتەوە. بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، بووەتە هۆی زیادبوونی فرێکوێنسی و توندی زریانی خۆڵ و تۆز.
مەترسیەکانی زیاد بوونی زریانی خۆڵ:
زریانی خۆڵ و تۆز لە ناوچە وشکەکاندا ڕوودەدات کە ٤١%ی ڕووی زەوی دەگرێتەوە و هەندێک لە ناسکترین ئیکۆسیستەمەکان پێکدەهێنن کە زۆرترین بەرکەوتەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانییە. هەرچەندە گەردیلە گەورەکانی زریانی خۆڵ بە شێوەیەکی گشتی لە چەند کیلۆمەترێک زیاتر نابڕن. بەڵام گەردیلەکانی زریانی تۆز کە تیرەکەیان کەمترە لە 0.05 ملیمەتر دەتوانن هەزاران کیلۆمەتر ببڕن.
بۆیە کاریگەری زریانی خۆڵ بۆ هەموو ناوچەکانی جیهان درێژدەبێتەوە. بەڵام شوێنە سەرەکییەکانی زریانی خۆڵ بە تایبەتی لە بیابانی سەحارا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ڕۆژئاوای چین و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوەڕاستی ئوسترالیا هەڵکەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون، زریانی خۆڵ دەبێتە هۆی زیادبوونی بە بیابانبوون و تێکچوونی زەوی و لەناوچوونی بەروبووم. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕ و کوالێتی خۆراک دەبێت. هەروەها ئەم زریانانە کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالێتی هەوا هەیە و دەبنە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستی لە سەرانسەری جیهان.
هەڵمژینی ئەو تەنۆلکە وردانەی کە ئەم زریانانە هەڵیدەگرن، دەبێتە هۆی کێشەی هەناسەدان و هەستیاری و کێشەی تەندروستی دیکە. پێداچوونەوەیەکی زانستی جیهانی کە لە مانگی ئازاری 2023 بڵاوکرایەوە، بەڵگەی بەرفراوانی لەسەر کاریگەرییە تەندروستییەکانی تۆزی بیابان و زریانی خۆڵ بە تایبەت لەسەر نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵ و هۆکارەکانی مردن دۆزیەوە.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە دڵی زریانەکان:
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا یەکێکە لە تۆزاویترین ناوچەکان بەهۆی نزیکی لە بیابانی سەحارا کە گەورەترین سەرچاوەی خۆڵە لە جیهاندا، بەو پێیەی دەردانی تۆزەکەی نزیکەی چوار هێندەی بیابانەکانی عەرەبیە. ئەم خۆڵ و تۆزە بۆ شوێنە دوورەکانی وەک دارستانەکانی ئەمازۆن و ئەمریکای باکوور و ئەوروپا و چین دەڕوات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٩ سەبارەت بە زریانی خۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بڵاوکراوەتەوە، زۆرترین چڕی سەرچاوەی خۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە باکوری عێراق لە نێوان ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و بەدرێژایی سنووری سوریا و عێراقە. سەرچاوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچەکەدا بەگشتی لەو ناوچانەدا دەبینرێت کە ڕووپۆشی بیابانی بەرفراوانیان هەیە و چڕی دانیشتووانیان کەمە. لە ڕووی چڕی زریانی خۆڵەوە، سودان، عێراق، سعودیە و کەنداو زۆرترین ژمارەی زریانی تۆزیان بە گشتی تۆمارکردووە.
هەرچەندە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک بیابانی سەحارا بەشدارێکی سەرەکین لە زریانی تۆز لە جیهاندا. بەڵام گۆڕانکارییەکانی بەکارهێنانی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، سەرچاوەی مرۆیی زیادکردووە.
خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار لە بەرهەمی گشتیی ناوخۆ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەهۆی زریانی تۆز و خۆڵەوە لەدەست دەچێت.
لاوازی کردار، مەترسییەکە گەورەتر دەکات:
پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زریانەکانی خۆڵ توندتر بن. وەک کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاسیا و زەریای هێمن لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە زریانی خۆڵ لەم ناوچەیە ڕایگەیاندووە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ڕوودانی وشکەساڵی، کەمبوونەوەی شێی خاک بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی توندی و فرێکوێنسیی زریانی خۆڵ لە باشوور و ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان.
ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی زریانی خۆڵ پێویستی بە ڕێبازێکی یەکگرتوو هەیە. کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی زەوی، کەمکردنەوە و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان، لەوانەش سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و هاوکاری نێودەوڵەتی.