
بوومەلەرزەکەی ڕووسیا بە گوڕی ٨.٨ پلەی ڕێختەر کە یەکێک بوو لە بەهێزترین بوومەلەرزەکان کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردودا بووە هۆی دروستبوونی تسونامییەکی وێرانکەر لە زەریای هێمن. ئەم ڕووداوە کە بە بەهێزترین بوومەلەرزە لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠١١ەوە و بەگوڕترین بوومەلەرزە لە ناوچەکە لە ساڵی ١٩٥٢ەوە وەسف کراوە، بووە هۆی ئەوەی کە بە ملیۆنان کەس لە کەناراوەکانی ژاپۆن و هاواییەوە و ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست فەرمانی چۆڵکردنیان بۆ دەربکرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەکاتی ناوخۆی ڕووسیا، بوومەلەرزەیەک بە قوڵایی نزیکەی 20 کم بە گوڕی 8.8 بە پێوەری ڕێختەر، نیمچە دورگەی کامچاتکای لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا هەژاند. ناوەندی بوومەلەرزەکە ١١٩ کیلۆمەتر لە شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکییەوە دوورە و هەروەها پاش بوومەلەرزە تا گوڕی ٦.٩ بە پێوەرەکانی ڕێختەر تۆمارکراوە. پارێزگاری کامچاتکا ئەم بوومەلەرزەیەی بە “جددیترین و بەهێزترین بوومەلەرزە لە دەیەکانی ڕابردوودا” ناوبرد. بەپێی وتەی دانیشتوانی ناوچەکە، ئەو بوومەلەرزانە لانی کەم سێ خولەکی خایاندووە.

ڕاستەوخۆ دوای بوومەلەرزەکە شەپۆلی تسونامی بە بەرزی ٤ مەتر گەیشتە کەناراوەکانی کامچاتکا و دوورگەکانی کوریل. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەندەرەکە و کارگەیەکی پرۆسێسکردنی ماسی لە شاری سێڤێرۆ-کوریلسک ژێرئاوکەوتوون. لە شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی، بیناکان زیانیان بەرکەوتووە و کارەبا و پەیوەندییەکانی مۆبایل پچڕاون. بەرپرسانی تەندروستی ڕایانگەیاند، چەند کەسێک سەردانی ناوەندە پزیشکییەکانیان کردووە. بەشێکیان بەهۆی ڕاکردن برینداربوون و کەسێکیش بەهۆی بازدان لە پەنجەرەوە بریندار بووە.
بوومەلەرزەکەی ڕووسیا وهۆشدارییەکان لە سەرانسەری زەریای هێمن
بەگوڕیی ئەم بوومەلەرزەیە لە هەموو وڵاتانی بەدرێژایی زەریای هێمن زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا. لە ژاپۆن ئاگادارکەرەوەی تسونامی لە سەرانسەری کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەنگی دایەوە و بە دەیان هەزار کەس فەرمانیان پێکرا دەستبەجێ شوێنەکانیان چۆڵ بکەن. هەروەها کرێکارانی وێستگەی ئەتۆمی پەککەوتووی فۆکۆشیما وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی گواسترانەوە بۆ شوێنی بەرزتر. شەپۆلەکان بە بەرزی ٦٠ سانتیمەتر لە کەناراوەکانی هۆکایدۆ و ئیواتێ تۆمارکراون. سەرەڕای پچڕانی گواستنەوەی دەریایی و شەمەندەفەر، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن ڕایانگەیاندووە، تا ئێستا هیچ زیانێکی گەورە و زیانی گیانی نەبووە و سەرجەم وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی سەلامەتن.
لە هاوایی دۆخی ئاگادارکردنەوە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. دانیشتوانی ناوچە کەنارییەکان فەرمانیان پێکرا کە لە شوێنە بەرزەکان یان لە نهۆمی چوارەمی بیناکان و سەرووتردا پەنا بگرن. پارێزگاری هاوایی ڕایگەیاند کە شەپۆلەکان بە بەرزی ١.٨ مەتر لە دوورگەی مید وەی تۆمار کراوە. هۆشداری تسونامی بە پلەی جیاواز بۆ تەواوی کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور دەرکرا، لە ئەلاسکا و بریتیش کۆڵۆمبیا لە کەنەدا تا واشنتۆن و ئۆریگۆن و کالیفۆرنیا لە ئەمریکا.

شارەزایان لە ناوەندی نیشتمانیی ئاگادارکردنەوەی تسونامی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تسونامی یەک شەپۆل نییە، بەڵکو “زنجیرە شەپۆلێکی بەهێزە لە ماوەی درێژخایەندا” کە دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە ڕۆژێک جەریانی مەترسیدار و شەپۆلی پێشبینینەکراو لە کەناراوەکاندا دروست بکات. هۆشداری هاوشێوە بۆ وڵاتانی دیکەش دەرچووە، لەوانە فلیپین، مەکسیک و نیوزلەندا.
زانایانی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا پشتڕاستیان کردەوە کە ئەمە بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لە ناوچەکەدا لە ساڵی ١٩٥٢ەوە.