
دەیان ساڵە زانایان پێیان وایە هۆکاری سەرەکی توشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر کۆبونەوەی پلاکی پڕۆتینی چەسپاوە لە مێشکدا. بەڵام ئێستا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە چەوریش ڕۆڵی هەیە لە نەخۆشییەکەدا. توێژینەوە نوێیەکە دەریدەخات کە چەوری دەتوانێت خانەکانی بەرگری مێشک دابخات، بەجۆرێک لاوازیان دەکات کە چیتر ناتوانن بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر ببنەوە.
نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر پزیشکی دەروونی ئەڵمانی ئالۆیس ئەلزەهایمەر تێبینی ئەوەی کرد کە جگە لە پلاکی پرۆتین، گەردیلەی چەوریش لە مێشکی نەخۆشانی ئەلزەهایمەردا هەیە. بەڵام بۆ دەیان ساڵ ئەم چەوریانە وەک بەرهەمێکی لاوەکی ناگرنگ پشتگوێ خران و هەموو سەرنجی دەرمانسازییەکان لەسەر بە ئامانجگرتنی پلاکی پڕۆتینی بێتا ئامیلۆید و ئاڵۆزییەکانی پڕۆتینی تاو بوو. بەڵام توێژینەوە نوێیەکانی زانکۆی پوردۆ لە ئەمریکا دەریدەخەن کە ئەم پلاکە چەورییانە ڕەنگە یاریزانێکی سەرەکی بن لە پێشکەوتنی نەخۆشییەکەدا.
بەپێی هەواڵێکی ScienceDaily مێشکمان خانەی بەرگری تایبەتی هەیە کە پێی دەوترێت مایکرۆگلیا (microglia). وەک تیمێکی پاککەرەوە، ئەم خانانە ئەرکی پاککردنەوەی پاشماوەیان لەسەرە، لەنێویاندا پلاکی پڕۆتینی زیانبەخش. بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کاتێک مایکرۆگلیا لە پلاکی ئامیلۆید نزیک دەبێتەوە، شتێک بەسەریاندا دێت و دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر چەوری.
کاریگەری چەوری مێشک لەسەر نەخۆشی ئەلزەهایمەر
ئەم خانە بەرگریانە کە بەهۆی چەورییەوە خنکێنراون، بە شێوەیەکی کاریگەر ئیفلیج دەبن. توانای پاککردنەوەی پلاکەکانیان لەدەست دەدەن و لەبری ئەوەی سەربازی هێڵی پێشەوەی مێشک بن، دەبنە خانەیەکی بێکاریگەر و ئیفلیج.

نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: “بە بۆچوونی ئێمە، بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی پلاک یان ئاڵۆزییەکان کێشەکە چارەسەر ناکات، پێویستە کارکردنی خانەکانی بەرگری مێشک بگەڕێنینەوە”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆمان دەرکەوت کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی چەوری لە مێشکی نەخۆشەکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە”.
بە پەیڕەوکردنی ڕێڕەوی ئاڵۆزی میتابۆلیزمی چەوری لەم خانانەدا، توێژەران تاوانباری سەرەکییان دۆزیەوە کە ئەنزیمێکە بە ناوی DGAT2. ئەم ئەنزیمە بەرپرسە لە گۆڕینی ترشە چەورییە ئازادەکان بۆ چەوری هەڵگیراو (تریاسیل گلیسیرۆل). لە مێشکێکی تەندروستدا چالاکیی ئەم ئەنزیمە هاوسەنگە. بەڵام لە بوونی پلاکی ئامیلۆیددا ئەم ئەنزیمە بە باشی تێکناچێت و لە خانەکەدا دەمێنێتەوە.
ئەم کەڵەکەبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی مایکرۆگلیا بەردەوام ترشە چەوریەکان بگۆڕێت بۆ چەوری هەڵگیراو، نەک بەکاریبهێنێت بۆ وزە و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی، تاوەکو بە تەواوی تێر دەبن بەم کۆگا چەورییانە و بێ جووڵە دەبن.
هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەتوانرێت ئەم پرۆسەیە پێچەوانە بکرێتەوە. دوای ئەوەی ئەم میکانیزمەیان دەستنیشان کرد، تیمی توێژینەوەکە دوو مۆلیکولی تاقیکردەوە: یەکێکیان ڕێگری لە کارکردنی ئەنزیمی DGAT2 دەکات و ئەوی دیکەیان یارمەتی شیبوونەوەی دەدات. هەردوو ڕێگاکە سەرکەوتوو بوون. بە کەمکردنەوەی چالاکیی ئەم ئەنزیمە، کەڵەکەبوونی چەوری لە مایکرۆگلیادا وەستا و ئەم خانە بەرگریانە توانای خواردن و پاککردنەوەی پلاکی ئامیلۆیدیان وەرگرتەوە. ئەمەش لە کۆتاییدا بووە هۆی باشتربوونی تەندروستی دەمارەکان لە مۆدێلە ئاژەڵییەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەردا.