ڤایرۆسی هەڵامەت باوترین ڤایرۆسە کە بە درێژایی ساڵ تووشی کەسانی جیاواز دەبێت. لەوانەیە پێت وابێت ئەم نەخۆشییە تەنها لە وەرزی سەرمادا بوونی هەیە، بەڵام دەبێت بڵێین ڤایرۆسەکان وەرزەکان ناناسن و دەتوانن لە هەر کاتێکی ساڵدا تووشتان بکەن.
هەڵامەت نەخۆشییەکی بە ڕوواڵەت سادەیە کە زیاتر تووشی لووت و قوڕگ دەبێت. ئەم نەخۆشیە لە ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا نامێنێت، بەڵام ئەگەر دوای ئەم ماوەیە هەستت بە باشی نەکرد، بە دڵنیاییەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت. لەم بابەتە لەگەڵمان بمێنەرەوە بۆ ناساندنی هەڵامەت و شێوازی چارەسەرکردن و خۆپاراستن لە ئەم نەخۆشیە.
هەڵامەت چییە؟
هەڵامەت هەوکردنێکی درمییە کە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان دەبێت لەوانە لووت، قوڕگ، جیوبەکان و بۆری هەناسەدان. زیاتر لە ٢٠٠ جۆر ڤایرۆس هەیە کە دەبنە هۆی هەڵامەت، بەڵام باوترین ڤایرۆس کە دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسی ڕینۆڤایرۆسە.
سەرمابوون بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا هەیە و هەر بۆیە بە ڤایرۆسێکی باو ناسراوە. هەموو مرۆڤێک لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە هەموو نەخۆشییەکی تر تووشی هەڵامەت دەبێت. گەورەساڵان لە ساڵێکدا دوو بۆ سێ جار تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن، بەڵام منداڵە بچووکەکان لەوانەیە لە ساڵێکدا زیاتر لە چوار تووشی ببن.
نیشانەکانی هەڵامەت
بەزۆری نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە خۆیان دەردەخەن دوای 1 تا 3 ڕۆژ دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو لەشەوە. نیشانەکانی هەر کەسێک جیاوازن. دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە بریتین لە:
- ئاوی لووت یان گیرانی لووت
- ئاوسانی گەروو
- کۆکە
- پژمین
- هەستکردن بە ناخۆشی
- ئازاری جەستە یان سەرئێشەی سووک
- تا
هۆکاری پەتای هەڵامەت چییە؟
ڤایرۆسەکان هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیەن. ڤایرۆسی هەڵامەت لە ڕێگەی دەم، چاو یان لووتەوە دەچێتە ناو جەستە.
بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک کەس بیری لێدەکەنەوە، سەرما نابێتە هۆی هەڵامەت، بەڵکو ئەوە ڤایرۆسەکانن کە نەخۆشت دەخەن. بێگومان ڤایرۆسی هەڵامەت لە سەرمای زۆردا دەمێنێتەوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە وەرزی زستاندا چالاکتر دەبن و بڵاوبوونەوەیان زۆرە. ڤایرۆسەکان هەمیشە هەن و ئەگەر ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ نەکەیت لەوانەیە بەم زووانە تووشی ئەم نەخۆشییە ببیت.
دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشیە
کاتێک دەچیتە لای پزیشک دکتۆر پرسیارت لێدەکات دەربارەی نیشانەکانت. پشکنینی پێویست ئەنجام دەدات و پشکنینی قورگ و هەناسەدان و تا دەکات. پزیشکی گشتی بە ئاسانی دەتوانێت لە نیشانەکانی دەستنیشان بکات، بەڵام ئەگەر نیشانەکانت زۆر توند بوون و گومانت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبوو، لەوانەیە پێویست بە پشکنینی PCR بکرێت. لەم پشکنینەدا بەڵغەم لە قوڕگت یان لووتت وەردەگرن و پشکنینی بۆ دەکەن کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوویت یان نا.
جیاوازی نێوان هەڵامەت و ئەنفلۆنزا
جیاکردنەوەی هەڵامەت لە ئەنفلۆنزا ئەستەمە، چونکە ئەو دوو نەخۆشییە زۆر لەیەک دەچن و نیشانەکانیان نزیکە لە یەک. هەردوو نەخۆشییەکە لە مانگەکانی سەرمادا زیاتر دەردەکەون و کاریگەرییان لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان هەیە. بەڵام ڤایرۆسی جیاواز دەبێتە هۆی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا. ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا، بەڵام ڤایرۆسەکانی تر، وەک ڤایرۆسی ڕینۆ، دەبنە هۆی هەڵامەت.
جیاوازی سەرەکی نێوان هەڵامەت و ئەنفلۆنزا ئەو تا و لەرزەیە کە لەگەڵ ئەنفلۆنزادا تووشی دەبیت. لە سەرمابووندا ئەم حاڵەتە بە دەگمەن و زۆرتر لە منداڵاندا ڕوودەدات.
نیشانەکانی تری ئەنفلۆنزا بریتین لە ئازاری جەستە، ئاوی لووت یان گیرانی لووت، ئاوسانی گەروو، کۆکە، پژمین، هەستکردن بە ناخۆشی، ئازاری جەستە یان سەرئێشەی سووک و تا بە شێوەیەکی قورستر. لە هەندێک حاڵەتدا ئەنفلۆنزا دەتوانێت توند بێت و مەترسی لەسەر ژیان دروست بکات.
چارەسەری هەڵامەت
ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە جیاوازە و بەپێی تەمەنی نەخۆشەکە دەگۆڕدرێت:
چارەسەری ئەم نەخۆشیە لە کەسانی پێگەیشتوودا:
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستە ڕێگە بدەیت ڤایرۆسەکان ڕێڕەوی خۆیان بەڕێوەببەن. لەم حاڵەتەدا دەتوانیت چارەسەری نیشانەکانی هەوکردنەکە بکەیت، بەڵام لە ڕاستیدا ناتوانیت خودی هەوکردنەکە چارەسەر بکەیت. گەورەساڵان دەتوانن هەم دەرمان و هەم چارەسەری ماڵەوە بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە.
چارەسەری ئەم نەخۆشیە لە منداڵان:
بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان (FDA) پێشنیاری دەرمانی هەڵامەت بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ٢ ساڵ ناکات چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی کاریگەری لاوەکی جددی و ئەگەری کوشندە. بەرهەمهێنەرانی زۆربەی ئەم دەرمانانە و دژە کۆکە باس لەوە دەکەن کە “بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ٤ ساڵ بەکارناهێنن”. هەر بۆیە باشترە چارەسەری ماڵەوە تاقیبکرێتەوە بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی سەرمابوون لە منداڵاندا. ئەگەر لە پزیشکی مناڵان بپرسن چی باشە بۆ ئەم نەخۆشیە لە منداڵدا، یەکێک لەو شتانەی جەختی لەسەر دەکەنەوە پشوودانە.
چارەسەرەکانی ماڵەوە:
دەتوانیت ئەم شتانەی خوارەوە بەکاربهێنیت بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە لە ماڵەوە:
خواردنی شلەمەنی:
خواردنی شلەمەنی وەک ئاو و شەربەت یان ئاوی لیمۆی گەرم لەگەڵ هەنگوین یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی و ڕێگری لە وشکبوونەوەی لەش. دوور بکەوەرەوە لە قاوە و خواردنەوە کافاینییەکان چونکە ئەم خواردنەوانە دەتوانن وشکبوونەوەی لەش زیاتر بکەن.
پشوودانی پێویست:
جەستەت پێویستی بە پشوو هەیە بۆ ئەوەی لە ڤایرۆسی هەڵامەت چاک بێتەوە. پشوودانی پێویست یارمەتیت دەدات وزەت بپارێزیت و ڤایرۆسەکە لە جەستەت دەربهێنیت.
خواردنی هەنگوین:
خواردنی هەنگوین لەگەڵ چا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کۆکە لە کەسانی پێگەیشتوو و منداڵانی سەروو ساڵێک. هەنگوین چەندین تایبەتمەندی دژە بەکتریا و دژە میکرۆبی هەیە کە زۆر کاریگەرە لە نەهێشتنی کۆکە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بە پێدانی تەنها 10 گرام هەنگوین بە منداڵان پێش خەوتن، توندی کۆکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە و خەوێکی ئاسوودەتر ئەزموون دەکەن.
بەکارهێنانی شێدارکەرەوە:
ئامێری شێدارکەرەوە دەتوانێت شێ بۆ هەوای ماڵەکەت زیاد بکات و یارمەتی کەمکردنەوەی کۆکە بدات.
بەکارهێنانی ئیچیناسیا:
بە پشتبەستن بە هەندێک لێکۆڵینەوە، ئیچیناسیا کاریگەرە لە کەمکردنەوەی ڕەوتی ئەم نەخۆشییە. یەکێک لە پێکهاتە چالاکەکانی ئیچیناسیا فلاڤۆنۆیدەکانی تێدایە (فلاڤۆنۆیدەکان ماددە کیمیاییەکانن کە چەندین تایبەتمەندی چاککەرەوەیان هەیە بۆ لەش). خواردنی ئیچیناسیا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە بە ڕێژەی زیاتر لە 50% کەم بکاتەوە.
خواردنی چەرەسات و سەوزە و بەهارات:
خواردنی بیبەری سوور و برۆکلی نموونەی ئەو سەوزانەن کە سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەکەن. هەروەها بەهاراتەکانی وەک کاری و سیر زۆر کاریگەرن لە چارەسەرکردنی هەوکردندا. باشتر وایە بەدوای جۆرە جیاوازەکانی خۆراکدا بگەڕێیت بۆ هەڵامەت و قورگ ئێشە بۆ نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە بە بەکارهێنانی خۆراکی بەهێزکەر.
یەکێک لە باشترین بژاردەکان کە پێشنیار کراوە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە بەکارهێنانی هەندێک چای گیاییە. ئەم چایانە چەندین تایبەتمەندی دەرمانییان هەیە کە نیشانەکانی هەڵامەت باشتر دەکات. هەروەها خواردنی ئایسکرێمی میوە، شۆربای مریشک، ئاوی سەوزەوات، زەنجەفیل و سیر یارمەتیدەرن بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە. هەروەها دەتوانین بە دەستشۆردنی بەردەوام و هەبوونی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە کەسانی نەخۆش لەم نەخۆشیە خۆمان بپارێزین.