بابەتەکانتەندروستی

سوود و زیانەکانی دژەخۆر

بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پێست و پیربوونی پێشوەختە، بەکارهێنانی ڕۆژانەی دژەخۆر بۆ دەیان ساڵە پێشنیار کراوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی ماددە کیمیاییەکانی ناو ئەم بەرهەمانە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە وایکردووە ئەم ئامۆژگارییە سادەیە ببێتە بابەتێکی مشتومڕاوی. بەڵام ڕاستی پشت ئەو مشتومڕە چییە؟

لە کاتێکدا ڕێکخراوە بەناوبانگەکانی وەک ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پێست (AAD) بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەکارهێنانی دژەخۆری ڕۆژانەی هەموو کەسێک، گومان لەسەر سەلامەتی ئەم بەرهەمانە لەنێو بەکارهێنەران و کاریگەرەکان و تەنانەت هەندێک لە زاناکانیشدا گەشە دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی تایم، مشتومڕی سەرەکی لە دەوری دوو جۆر دژەخۆر دەسوڕێتەوە کە بریتین لە کیمیایی و کانزایی (فیزیکی). دژەخۆری کیمیایی فلتەری وەک ئۆکسیبێنزۆن و ئەڤۆبێنزۆن بەکاردەهێنن بۆ هەڵمژینی تیشکی سەروو بنەوشەیی. دژەخۆری کانزاییەکان لە پێکهاتەکانی وەک ئۆکسیدی زینک و دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم کەڵک وەردەگرن بۆ دروستکردنی بەربەستێکی فیزیایی لەسەر پێست.

مشتومڕ لەسەر بەکارهێنانی دژەخۆر

پریشکی سەرەتایی ئەم مشتومڕە لە ساڵی ٢٠١٩دا هات. کاتێک بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) ڕایگەیاند کە تەنها دژەخۆری کانزایی وەک “بەگشتی سەلامەت و کاریگەر” ناساندووە و پێویستی بە زانیاری زیاترە لە بەرهەمهێنەران بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەلامەتی زۆرێک لە فلتەرە کیمیاییە باوەکان. ئەم نیگەرانیانە کاتێک توندتر بوون کە لێکۆڵینەوەکانی دواتری FDA خۆی دەریانخست کە دەتوانرێت هەندێک لەو ماددە کیمیاییانە لە ڕێگەی پێستەوە بخرێنە ناو خوێنەوە. لە ساڵی ٢٠٢١ دۆزینەوەی ماددەی بەنزینی شێرپەنجەیی لە هەندێک بەرهەمی گەورەی مارکەدا، هەروەها قەدەغەکردنی فرۆشتنی دژەخۆر کە ئۆکسیبێنزۆنی تێدایە لە هاوایی بەهۆی زیانگەیاندن بە بەردی مەرجانی، مشتومڕەکەی زیاتر گەرمتر کرد.

دژەخۆر

لە کاتێکدا سەلمێنراوە کە ماددە کیمیاییەکانی دژە خۆر لە جەستەدا هەڵدەمژرێن، ئایا بەڕاستی ئەمە مەترسیدارە؟

ڤیکتۆریا وێرس، پزیشکی پسپۆڕی پێست لە زانکۆی پێنسیلڤانیا دەڵێت: “تەنها لەبەر ئەوەی دەتوانیت شتێک لە جەستەدا بدۆزیتەوە و بیپێویت، مانای ئەوە نییە کێشەیەک هەبێت”. هەروەها ئارچانا سادو، پزیشکی پسپۆڕی هێلکەدان ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتێکدا هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانی تاقیگە و ئاژەڵان پەیوەندییەکیان لە نێوان ئەم ماددە کیمیاییانە و تێکچوونی هۆرمۆن یان گورچیلەدا نیشانداوە، “بەڕاستی سەختە بڵێین ئایا ئەمە لە مرۆڤدا ڕوودەدات یان نا.” بارودۆخی تاقیگە جیاوازە لە ژیانی ڕاستەقینە.

ئایا پێویستە دژەخۆر بەکاربهێنین؟

سەرەڕای هەموو ئەم نادڵنیاییانە، هەموو دامەزراوە پزیشکییە بەناوبانگەکانی جیهان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە سوودە ناسراو و سەلمێنراوەکانی دژەخۆر لە خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پێست زۆر زیاترە لە مەترسییە نەناسراو و نەسەلمێنراوەکانی ماددە کیمیاییەکانی. لە هەر پێنج کەس لە ئەمریکا یەکێکیان لە تەمەنیدا تووشی شێرپەنجەی پێست دەبێت. دژە خۆر یەکێکە لە ئامرازە کاریگەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئامارە.

بەڵام ئەگەر نیگەرانی دژەخۆر بیت، شارەزایان چەند پێشنیارێکتان هەیە:

  1. بەکارهێنانی دژەخۆری کانزایی: ئەم بەرهەمانە کە هەروەها لەلایەن دەزگاکانی ڕێکخستنی وەک گروپی کاری ژینگەییەوە وەک بژاردەی سەلامەتتر پێشنیار دەکرێن، باشترین بەدیلن بۆ ئەو کەسانەی کە نیگەرانن لە ماددە کیمیاییەکان.
  2. پاراستنی فرە چین: تەنها پشت بە دژەخۆر مەبەستە. لەبەرکردنی جل و بەرگی پارێزەر و کڵاو و چاویلکەی خۆر و گەڕان بەدوای سێبەردا لە کاتی لوتکەی خۆردا هەموویان دەتوانن جیاوازی دروست بکەن.

بە گشتی پەیامی پسپۆڕان ڕوونە: واز لە بەکارهێنانی دژەخۆر مەهێنە، بەڵکو پێستت بپارێزە بە هۆشیاری و ڕێگەی تەواوکەر.

Mohammad Sharifi

خوێندکاری زەوی ناسی زانکۆی تاران

پۆستی هاوشێوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button