
پاتری لە بەرهەمە بەکارهێنراوەکانە لە جیهاندا. ڕۆژانە بە ملیۆنان پاتری لە ئامێرە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنرێن، بەڵام ڕێژەی بەرزی بەکارهێنانی پاترییەکان و سروشتە کیمیاییەکەیان چەندین مەترسی دروست دەکەن. شیبوونەوەی خاوی پاترییەکان لە سروشتدا یەکێکە لەو مەترسیانە. لەم بابەتەدا لە چاوگە دەمانەوێت باسێکی کورت دەربارەی ڕیسایکلکردنی پاتری بکەین.
یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی پاتری، بوونی کانزا قورسەکانە تێیدا، کە خاک و ئاو و هەوا پیس دەکەن. بۆ نموونە کادمیۆم لەبەرچاو بگرن کە کانزایەکی قورسە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دروستکردنی پاتریدا بەکاردەهێنرێت. کاتێک پاتریەکان لە ژینگەدا شی دەبنەوە، ئەم کانزایە دەچێتە ناو خاکەوە و لە ڕێگەی ئەمەوە ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە بۆ ناو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. خواردنی درێژخایەنی ئەو بەرهەمانەی کە بە کادمیۆم ئالودە بوون دەبێتە هۆی نەخۆشی گورچیلە و جگەر و تێکچوونی میتابۆلیزم و پووکانەوەی ئێسک.
هەروەها هاتنە ناوەوەی ئەو پیسکەرانەی کە لە پاتریەکاندا هەن بۆ ناو سەرچاوە ئاوییەکان کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر سووڕی ژیانی ئاژەڵە ئاوییەکان هەیە. هەروەها ئەگەر پاترییەکان لەگەڵ پاشماوەی ماڵەوە بسوتێنرێن، سووتانی ئەو کانزایانەی تێیدا بوون دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا.
ڕیسایکلکردنی پاتری
جگە لە پاراستنی ژینگە لە مەترسییەکانی، ڕیسایکلکردنی پاتری سەرچاوەی دەوڵەمەندی کانزا بەنرخەکان بۆ پیشەسازییەکە دابین دەکات. ئەو کانزایانەی کە دەرهێنانیان لە کانەکاندا تێچووی زۆر بەرز بەسەر یەکەکانی بەرهەمهێناندا دەسەپێنێت. ئەم فاکتەرە لەگەڵ ئەو زیانانەی کە باسمانکرد وا دەکات ڕیسایکلکردنی پاتری زۆر گرنگ بێت. لە خوارەوە فێر دەبین چۆن سێ پۆلی سەرەکی پاتری ڕیسایکل بکەین: پاتری وشکی یەکجار بەکارهێنراو، پاتری وشک بە توانای بارگاویکردنەوە و پاتری تەڕ.
پاتری خانە وشکی یەکجار بەکارهێنراو (Disposable Dry-Cell Batteries)
پاتری وشکی یەکجار بەکارهێنراو خێزانێکی فراوانن، گرنگترین ئەندامەکانیان بریتین لە:
- پاتری زینک-کاربۆن (Zinc-Carbon) و زینک-کلۆرید (Zinc-Chloride): لەو ئامێرانەدا بەکاردێت کە وزەی کەمیان پێویستە، وەک کاتژمێر و ڕادیۆ.
- پاتری ئەلکالی (Alkaline): لەو ئامێرانەدا بەکاردێت کە پێویستیان بە وزە و هێزی زیاترە، وەکو ئامێری میوزیک و چرای دەستی و یاری. بەبەراورد لەگەڵ گروپی یەکەم، ئەم پاترییانە تەمەنیان درێژترە و کەمتر مادەی قورس و مەترسیدار دزە دەکەنە ناو ژینگەوە.
- پاتری قۆمچەیی (Button Cells): لە جیوە، زیو، لیتیۆم، یان کانزا قورسە بەنرخەکانی تر دروستکراون، لە ئامێری بیستن، ئامێری پەیسمەیکەر، یان ئامێری وێنەگرتن بەکاردەهێنرێن.
- پاتری قۆمچەیی زینک-هەوا (Zinc–Air): لە ئامێری بیستن و پەیجەری ڕادیۆدا بەکاردەهێنرێن.
- پاتری قۆمچەیی Silver-Oxide: جۆرێکە لە پاتری ئەلکالی کە لە کاتژمێر و ژمێرەردا بەکاردێت.
- پاتری قۆمچەیی لیتیۆمی: لە کاتژمێر و ئامێری وێنەگرتن بەکاردێت.
ڕیسایکلکردنی پاتری یەکجار بەکارهێنراو
یەکەم هەنگاو پاترییەکان بەپێی ماددە کیمیاییەکانیان جیا دەکرێنەوە. پاترییەکانی زینک-کاربۆن و مەنگەنیزی ئەلکالی بە پرۆسەی هایدرۆمیتالۆرژیکی و پیزۆمێتالۆژیکی تێدەپەڕێندرێن بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی وەک زینک، ستیل و ئاسن-مەنگەنیز. پاترییە قۆمچەییەکان، کاتێک ڕیسایکل دەکرێن، کانزاکانی وەک جیوە، زینک، پۆڵا و زیو (لە دۆخی ئۆکسایدا) بەجێدەهێڵن.
پاتری خانەی وشک کە دەتوانرێت بارگاوی بکرێتەوە (Rechargeable Dry-Cell Batteries)
تەکنەلۆژیای پاتری بارگاویکەرەوە بە خێرایی گەشە دەکات و بەکارهێنانیان لە ئەلیکترۆنیاتی بەکاربەردا بە خێرایی زیاد دەکات. هەرچەندە ئەم پاترییانە تەمەنێکی درێژیان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بچنە ناو تەنەکەی ڕیسایکلکردنەوە. گرنگترین جۆرەکانی پاتری بارگاویکەرەوە بریتین لە:
- پاتری نیکل-کادمیۆم (NiCd): لە ئامێرە بێ وایەرەکان و ئامێرەکانی تاقیگەی پزیشکی و سیستەمی زەنگی ئاگادارکردنەوەدا بەکاردەهێنرێن. یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی پاتری نیکل-کادمیۆمی بۆ کارەکانی تر قەدەغە کردووە، چونکە کادمیۆم زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە و جێگرەوەی دیکەی گونجاو بۆ ئەم جۆرە پاترییە هەیە.
- پاتری نیکل-میتال هایدرید (NiMH): کەمترین مەترسی لەسەر ژینگە دروست دەکات و دەتوانرێت وەک بەدیلێک بۆ پاتری NiCd بەکاربهێنرێت، جگە لەوەش تەمەنیان درێژترە.
- پاتری لیتیۆم ئایۆن (Li-ion): توانای هەڵگرتنی وزەی زیاتریان هەیە لە پاتری نیکل-کادمیۆم و نیکل-میتال هایدرید. ئەم جۆرە پاتریانە لە کامێرا و لاپتۆپ و مۆبایلدا بەکاردەهێنرێن.
ڕیسایکلکردنی ئەو پاترییانەی کە توانای بارگاویکردنەوەیان هەیە
کاتێک ئەم جۆرە پاتریانە دەگەنە کۆتایی تەمەنیان، دەبێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە. پاترییەکانی نیکل-کانزا هایدرید بە بەکارهێنانی ڕێگەی میکانیکی دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە. پلاستیک و هایدرۆجین و نیکل لە ژوورێکی مژێنەر جیا دەکرێنەوە (بۆ ئەوەی هایدرۆجین دەرنەچێت). بەرهەمی ئەم پرۆسەیە بڕێکی زۆر نیکلی تێدایە، کە دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ دروستکردنی پۆڵای دژە ژەنگ.
پاترییەکانی نیکل-کادمیۆم بە بەکارهێنانی پرۆسەی کانزاسازی گەرمی دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە. ئەو کادمیۆمەی لەم پرۆسەیە دەردەهێنرێت 99.9% پاکە، کە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی پاتری نوێ بەکاربهێنرێت. ئاسن و نیکلەکەی لە دروستکردنی پۆڵاشدا بەکاردەهێنرێت.
پاترییەکانی لیتیۆم ئایۆن بە بەکارهێنانی ڕێگەی شیبوونەوەی گەرمی (پیرۆلیسیس) دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە، کە ئامانجی وەرگرتنەوەی زۆرترین کۆبالت و ئاسن و مسە. ئەو بەرهەمانەی کە لەم پرۆسەیەدا دەمێننەوە لە پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و کارگەی چیمەنتۆ و دروستکردنی ڕێگاوبان بەکاردەهێنرێن.
پاتری خانە تەڕ (Wet-Cell Batteries)
بەکارهێنانی سەرەکی ئەم جۆرە پاترییانە لە ئۆتۆمبێلەکان و ئامێری هەڵگرتنی وزەدایە. باوترین جۆری پاتری تەڕ بریتییە لە پاتری ترشی لید. جۆرێکی تری ئەم پاترییانە بریتین لەو پاتریانەی کە ترشی سولفوریکیان تێدایە، کە جگە لەوەی زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە هەیە، کارکردن لەگەڵیاندا مەترسی هەیە.

ڕیسایکلکردنی پاتری تەڕ
ئەم جۆرە پاتریانە لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕیسایکل دەکرێن. هەرچەندە لە کوردستان تەنیا چەند یەکەیەک هەن کە پاترییە تەڕەکان ڕیسایکل دەکەن، بەڵام ساڵانێکە ڕیسایکلکردنی ئەو پاتریانە لە ئەوروپا بەردەوامە؛ ڕێژەی ڕیسایکلکردنی ئەم پاتریانە لە یەکێتی ئەوروپا نزیکەی ٩٠%یە.
توخمی لید، پلاستیک (بەزۆری پۆلیپرۆپیلین) و ترش پێش دووبارە بەکارهێنانەوە جیا دەکرێنەوە. لید لە ژێر گەرمی جیادەکرێتەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ دروستکردنی پاتری نوێ. پلاستیکەکان دوای شۆردن و زیادکردنی هەندێک کەرەستە دەگۆڕدرێن بۆ دانەوێڵەی کۆن. هەروەها مادەی لید دوای پاککردنەوە دەگەڕێنەوە بۆ خولی بەکارهێنان.
کام مادانە ڕیسایکل دەکرێن؟
وەک باس کرا، ڕیسایکلکردنی پاتری دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاوی جۆراوجۆر کە هەم لە دووبارە دروستکردنەوەی پاتری و هەم لە پیشەسازییەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن. گرنگترین ئەو مادانەی کە لە ڕیسایکلکردنی پاترییەوە بەدەست دەهێنرێن بریتین لە:
- کۆنسێنترەیتی فیرۆ-مەنگینیز کە لە پاترییەوە ڕیسایکل دەکرێت، خاوێنیەکی زۆر بەرزی هەیە و دەتوانرێت لە بەرهەمهێنانی پۆڵادا بەکاربهێنرێت. یەک تۆن لەم بەرهەمە دەتوانێت جێگەی سێ تۆن کانزای ئاسنی مەنگەنیز بگرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بڕێکی بەرچاو لە وزە کە بۆ دەرهێنانی کانزای ئاسن بەکاردەهێنرێت پاشەکەوت دەکرێت.
- کۆنسێنترەیتی زینک کە بەلایەنی کەمەوە لەسەدا چل زینکی تێدایە، بۆ پیشەسازی توانەوەی ئاسن و ئەلکترۆلیسیس بەکاردێت.
- دەتوانرێت جیوەی پاترییەکان لە لامپەکانی فلۆرۆسەنتدا بەکاربهێنرێت.
- زیوی ڕیسایکلکراو لە زێڕینگەریدا بەکاردەهێنرێت.
- دەتوانرێت نیکلی ڕیسایکلکراو لە دروستکردنی پۆڵادا بەکاربهێنرێت.
- لە دووبارە دروستکردنەوەی پاترییەکاندا لید بەکاردەهێنرێت.
- کادمیۆم لە دووبارە دروستکردنەوەی پاترییەکان بەکاردێت.